دوێنێ بەرواری ٢٠٢٠/٦/١٥ ژمارەیەک لەچالاکوان و کەسایەتی و خەڵكانی ئازادیخواز بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیای فاشیست و هاوکارەکانی و دژ بە پێشێلکردنی سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان، دژی بۆردومانکردنى شەنگال هەتا بنارى قەندیل و گوندەکانى دەوروبەرى ڕەواندوز و برادۆست و ئامێدى و ئاکرێ و بۆردومانى کەمپى ئاوارەنشینى ئێزیدیان و کەمپى مەخمور لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانى تورکیاوە ئامادەبووین لەبەردەم بارەگای سەرەکی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ بەشداریكردن لەو گردبەنەوەیەی کە بڕیاروابوو کاتژمێر شەش ئەنجام بدرێت، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی هەولێر کە تەواوی شەقامەکەیان بە ئاسایش، پۆلیس، سوات و نەجدە گەمارۆدابوو دەستیان کرد بە ڕەشبگیری و بەدەستگیرکردنی ئەو چالاکوانانە، ئێمە لە ناو ئوتومبێلەکەی خۆماندا بووین کە ئاسایش بە جلی مەدەنییەوە هەڵیانکوتایە سەرمان دواتر پۆلیس و سواتیش هاتن. واتە ئەوان ڕێگریان کرد لە ئێمە و لە هەموو ئەو خەڵکانەی کە لەوێ بوون بۆ ئەنجامدانی گردبونەوەکە. ئەوەبوو لە کاتژمێر شەشی ئێوارەوە تا یەکی شەو بە بێ بڕیاری دادوەر و دژی هەموو یاسا و مافیکی مرۆڤ ئیمە دەستگیر کراین. ئێمە زۆر پێداگرانە داوامان كرد كە كەیسەكەمان ببرێتە دادگا و بەردەم حاكم قسەی خۆمان بكەین بەلام ئەوان ئەوەیان نەكرد. لە هەمان بنکەی پۆلیس پەیتا پەیتا چالاكوانیان ئەهێنا کە لە کۆدا ژمارەی گیراوەکان گەیشتینە ٤٣کەس و زیاد لە دە خاتوونی چالاكوانی تێدا بوو.
تۆبارانکردنی خاکی هەرێم شکاندنی سەروەری هەرێم و پێشێلکردنی هەموو مافەکانی مرۆڤە و بە ئاشکراش قڕکردنی کوردە لەم هەرێمە. لە کاتێکدا کە حکومەتی هەرێم خۆی هەڵویستی بەرچاویان نییە کەچی ڕێگریش لە خەڵک ئەکەن کە دەنگی خۆیان دژ بەو داگیرکارییە ھەڵببڕن و کاتێک لەسەر شەقامی سەتی ئێمە بە ئاسایش و پۆلیس دەورە درابوین بە ئاشکرا بە ئێمەیان ئەوت کە هیچ خۆپیشاندانێک و گردبونەوەیەک نابێت ئەنجام بدرێت.
ئاشکرایە کە ڕێگریکردن لە هەر چالاکی و خۆپیشاندانێکی مەدەنی ئاماژەیەکی ئاشکرای سیستەمی دیکتاتۆری و دەسەڵاتە کە یەت لە رێگەی یاساوە و بە یاسا ڕێگری لە تۆ و دەنگە ئازادەکان دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا کە پێش دەرچونی یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان کە ئێمە و تەواوی خەڵکانی ئازادیخواز و مەدەنی دژی بوین و چالاکی و خۆپیشاندانی زۆرمان ئەنجام دا کە خۆپیشاندان مافێكی مەدەنییە و پێویستە کە مۆلەتی بۆ وەرنەگیریت بەڵکو لایەنی پەیوەندیدار ئاگاداربکریتەوە و بۆ ئەوەی پۆلیسی مەدەنی پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بکات.
ئەوەی ئێمە و خەڵكانی ئازادیخواز پێشبینیمان كرد ڕۆژانە ڕوئەدات ھەر بۆیە دوێنێ لە ھەولێر ھەموو سلكی سەربازی و ئاسایش و پۆلیس بۆ چل و سێ دەنگی ئازاد ھاتبونە لەرزە.
ئێمە زۆر سوپاس پێزانینمان هەیە بۆ پشتگیری و هاوهەڵویستی هەموو هاوڕێ، چالاکوان، حزبەكان، خانەوادەكانمان ئەو کەسایەتییانەی کە رۆلی بەرچاویان هەبوو بۆ فشارخستنە سەر دەسەڵات، پاڵپشتی ئیوە بەرز ئەنرخینین.

