ئەو قەرزانەی هەرگیز توانای دانەوەیم نییە!

بە بۆنەی ٣٩ ساڵەی لەدایک بونم حەز ئەکەم ئەم بابەتە پێشکەش بە باوکم، دایکم و کاک جوتیار بکەم.


ساڵی ١٩٨٧ ئێمە ماڵمان لە گوندی قزلەر بوو لە بەر کیمیاباران ژیانی تیا نەما بوو هەربۆیە لەگەل چەند ماڵێک بۆ مێرگەپان، گوندەکانی دەوروبەر و قەدپاڵی چیاکان دەڕۆین بەو هیوایەی شوێنێکی ئارامتر بۆ ژیان بدۆزینەوە. ئێمە لە مێرگەپان گیرساینەوە و  کوخێکمان دروست کرد بۆ ئەوەی تێیدا بژین.

سوپای عیراق لە میانی ئەنفالدا و لە ١٩٨٨/٢/٢١ هێرشی کردە سەر ناوچە ئازادکراوەکان و قزلەر و شەدەڵەی گرت، ژیانی ئێمە کەوتە مەترسییەوە. هەربۆیە ئێمەو چەندان خانەوادە لە مێرگەپانەوە رووە و سنوورەکان کەوتینە رێ.  


لە لای ڕاستەوە عەبدوڵڵا کەریم، کاک جوتیار


لە کاتی ئەنفالدا بە گشتی گوندەکان خاپور دەکران، دانیشتوانەکەی زیندەبەچاڵ دەکران و هەندێکیشیان بۆ ئۆردوگای زۆرەمڵی رادەگوێزران. کانی و کانیاوەکان بە بەرد پر دەکرانەو، پەلەوەر و مەڕ و ماڵاتەکان دەدزران. لەو دەمەدا پێشمەرگە پەرتەوازە ببون و شەڕی پارتیزانیان دەکرد بەو هیوای بە رۆحی خۆیان کەمێک سوپای عێراق دوا بخەن تا دانیشتوانی ئەو گوندانەی نەکەوتۆتە بەر شاڵاوی ئەنفال فریای خۆیان بکەون و بۆ ئێران هەڵبێن. پێویستە ئاماژە بەوەبدەم کە جاشەکان دەستێکی باڵایان هەبووە لە ڕێنوێیکردنی سوپاسی بەعسدا.

لە گێڕانەوەی دایک و باوکمەوە/ 

لە دۆخێکی وادا کە بەفرێکی زۆر باریووە تەنیا بژاردەی بەردەوام رۆشتنت هەیە، جەنگی تۆ لەگەل زریان و بەفر لە ڕێگەی هەنگاوەکانتەوەیە و لەگەڵ ئەوەشدا جەستەت ئەرەقێکی زۆری کردۆتەوە بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناتوانیت هەنگاوەکانت خاوبکەیتەوە بۆ ئەوەی کەمێک پشوو بدەیت چونکە ئەوەندە ساردە ئەرەقەکەی جەستەت لە چەند خولەکێکدا ئەیبەستێت و توانای رۆشتن لە دەست ئەدەیت.

باوکم بریار ئەیات من بە باوەش هەلبگرێت، دایکم بە نەخۆشی و خوێن بەربونەوە بگەیەنێتە سەر سنور. برێک پارەی کەمی لە گیرفاندایە ئەوێت بەو پارەیە هێسترێک بە کرێ بگرێت تا برا گەورەکەم سەنگەری ٧ ساڵان بەپێ نەڕوات و ماندوو نەبێت. بەڵام دەستی ناکەوێت بۆیە کاک سەنگەر بەپێ دەڕوات.

دایکم ئەڵێت بەهۆی خوێن بەربونەوە توانای رۆشتنم نەمابوو چەندین جار بە باوکتم وتووە من بەجێبهێڵە سەنگەر و هەڵوێست رزگار بکە و با بەهۆی منەوە ئێوەش لە ناو بەفرەکەدا ڕەق نەبنەوە. بەڵام باوکم لەگەڵ خەمی بەپێ رۆشتنی سەنگەر هەمو جلەکانی تەڕ تەڕ بووە، بێهیزی و نەخۆشی دایکم و قورسی من لەسەر قەڵادۆشکان بریار دەدات تەسلیم نەبێت و جەنگی خۆی لەگەل بەفر و زریاندا درێژە پێبدات و هەرهەمومان پێکەوە رزگار بکات. 

هەربۆیە باوکم لە وەڵامدا بە دایکم ئەڵێت: یان هەمومان پێکەوە رزگار ئەبین یان پێکەوە ئەمرین من کەستان بەجێناهێڵم.


لە لای ڕاستەوە کاک جوتیار، هەڵوێست، عەبدوڵڵا کەریم

تێبینی/

( من ئەو کات تەمەنم چوار ساڵ بووە و زۆر قەڵەو بووم  حوکمی ئەوەم لە باوکم کردووە کە هەر ئەبێت بە قەڵادۆشکانی هەڵمبگرێت. هەرکاتێکیش باوکم ماندوو بووە و ویستویەتی لە ئامێزی هەڵمگرێت گریاوم و داوای قەڵادۆشکانیم کردۆتەوە نەمهێشتووە پشوو بدات) 

جگە لەو جەنگە قورسەی هەر تاکێکی کورد لەو کاتەدا هەیبوو و رۆشتن بە ناو دۆڵی بەفردا بەتایبەت رێگای دۆڵی شێخ محەمەد هات و نەهات بوو، بەفرێکی زۆر زۆر باریبوو. لەو ڕێگەیەدا ئێمە گەواهیدەری بینینی چەندان دیمەنی تراژیدی بووین. چەندان کەس توانای رۆشتنی نەماوە و بەفر دایپۆشی، چەندان خێزان توانای هەڵگرتن و گواستنەوەی منداڵ و پیر و پەکەوتەکانیان نەما و بە بەفرەکەیان سپاردن. هەرکاتێک دایکم ئەو دیمەنانەی بینیوە بە باوکمی وتووە تۆ برۆ و مناڵەکان ڕزگار بکە بەڵام ئەو دیمەنانە باوکمی زیاتر هانداوە هەنگاوەکانی پتەوتر بکات نەک تەنیا لەبەرخۆی بەڵکو لەبەر هاوسەر و سێ منداڵەکەی. پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەم لەو کاتەدا رەنجی برام لە سلێمانی لە ماڵی باپیرم ئەبێت. هۆکاری ئەوەش چیرۆکێکی دیکەیە لە دەرفەتێکی دیکەدا دەیگێڕمەوە.

ئەو کاتەی سەرم هەڵبڕیوە و شاخی بەرز و بە تەم دەورەراوم بینیوە زۆر ترساوم و گریاوم. تێنەگەیشتوم بۆ ڕائەکەین؟ ئێمە و ئەو خەڵکە بۆ کوێ ئەڕۆین؟ لەگەڵ ئەوەشدا دیمەنی بینینی جەستەی بەستووی خەڵک لە ژێر بەفر و لە ناو تەمەکەدا ترسی زیاتری خستۆتە دڵی من و زریکە و قیژەم دەنگی داوەتەوە.

لە و زریانی بەفرەدا مرۆڤ توانای بەرگەگرتنی نەبوو پێویستە باسی هەڵوێستی کاک تەها سەعید ناسراو بە جوتیار بکەم. باوکم ئەڵێت ئەو کاتەی لە شاخی کەرکەرەوە بەرەو گوندی گۆمەزەڵ لە ناو ئەو بەفرو زریانەدا، پێکەوە هەنگاومان دەنا، هەڵوێستم لە قەڵادۆشکان بوو زۆر ماندوو بووم بە زەحمەت هەنگاوەکانم بۆ دەنرا. لە دامێنی خوارەوە ی چیاکە داهەنگاوەکانم تێکەڵ بوون، خەریک بوو بە تەواوی بە لادا بێم و لە ناو بەفرەکەدا بکەوم. یەکسەر کاک جوتیار هەڵوێستی لێ وەرگرتم و جاڕێکی دیکە هەنگاوەکانم سەنگی خۆی وەرگرت. دوای ماوەیەکی دیاری کراو هەڵویستم لێ وەرگرتەوە و کردمەوە قەڵادۆشکانم، گەر بەڕیزیان ئەو هەڵویستەتان نەنواندایە، لە ناو ئەو بەفرو زریانەدا رەق دەبوینەوە.

تێبینی/ لێرەدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو پێشمەرگانە پارتیزانانە دائەنەوێنم و وەک پێشمەرگەیەکی ئەم خاکە ستایشیان دەکەم.






بوونی راستەقینەی تۆ بەستراوەتەوە بە هەموو شتێکەوە کە بوونی هەیە!


لەوانەیە وەک کتێبە بازارییەکانی دیکە چاو لە ناونیشانی ئەم کتێبە بکەیت بەڵام دکتۆر دیپاک چۆپرا دەیەوێت بڵێت ئامانجی سەرەکی ژیان بەختەوەرییە و لە ڕێی هەلگرتنی بەرپرسیارێتی ژیانی خۆمان دەگەینە ئەو بەختەوەرییە.

خۆشویستنی خۆت و چواردەورت، ڕێزگرتن لە جەستەی خۆت و چاودێریکردنی، دروستکردنی بوێری و ئازایەتی و ئیرادە، دورکەوتنەوە لە چێژی کاتی و دروستکراوی سەردەم، رزگارکردنی خود لەو قەیرانە دەرونی و دودڵییەی سیستەم بۆی دروست کردوین، بەخشین و بەخشندەیی و ڕێزگرتن لە سروشت ئەو کلیلانەن کە دیپاک چۆپرا بە وردی و ئاگاییەوە قسەیان لەسەر ئەکات و کلیلی بەختەوەری ژیانمان پێ نیشان دەدات کە تەنیا لە دەستی خۆماندایە.






هیوادارم خانمان زۆر زوو ئەم کتێبە وەدەست بخەن و بیخوێننەوە

بابەتەکان

چیتر بەنداو لە میزۆپۆتامیا دروست نەکرێت

من ناوم هەڵوێستە، ئیکۆ-فێمینیستم و بەرێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوونم، لە باشوری کوردستانەوە بەشداریم کردووە. دوێنێ گروپێکمان دروست کرد بۆ کارکرن...