خاک

1

ئەو کاتەی مامۆستاکان داوایان لە کاک سەنگەری برام دەکرد لە گۆرەپانی فێرگەدا پارچە شیعرێکی نیشتمانی پێشکەش بکات، من بە شانازییەوە گوێم لێ دەگرت و بە هاوڕێکانم دەوت ئەوە شیعری باوکمە کە سەنگەر دەیخوێنێتەوە. شیعرەکە دەڵێت:

 

دەم بنێ بە خۆڵی ئەم خاکەوە تا قوڵایی خۆین و لەشت هەڵیمژە

ئەم خاکەی تۆ خوێنی هەزار زەحەت کێشی پیا رژاوە

ئەم خاکەی تۆ مێژووی سەد چەپکە گوڵاڵە سورەی تیا رواوە

 

ئەم شیعرە و چەندان شیعری نیشتمانی دیکەش لە دوای راپەرینی بەهاری 1991رۆژانە لە لایەن سەنگەری برام لە گۆرەپانی فێرگەدا دەخوێنرایەوە.

هەڵبەت ئەو کات من لە مانای تەواوەتی ئەو شیعرە تێنەدەگەیشتم بە ڵام باوکم هەمیشە شیعرەکانی بۆ شیدەکردینەوە. من زیاتر سەرنجم لەسەر هەست و حەماسەتی باوکم بوو کاتێک شیکردنەوەی بۆ دەکردین کە لە خۆشەویستی نیشمان و گیانی شۆڕشگێڕانەی ئەوەوە سەرچاوەی گرتبوو.

 


2

دوای چەندین ساڵیش کە گوڵاڵە سورەم دەبینی وام دەزانی کە هەر گوڵاڵەیەك خوێنی زەحمەتکیش و پێشمەرگەیەکە، بۆیە بەهاران سەرم ئەسوڕما لە زۆری ئەو گوڵاڵە سورانەی کە لە دەشت و دەر دەردەکەوتن و بە خۆمم دەوت ئەو هەموو زەحمەت کێشە بۆ تەنیا لە بەهاردا دەردەکەون؟

باشە بۆ خۆینیان رژا و کێ خوێنی رشتن؟

پێش ئەوەی ئەو پرسیارانە لە باوکم بکەم یەکسەر وێنەی سەددام لەبەرچاوم بوو و ئەمەش ئاماژە بوو بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامەکەم.


3

خاک و خۆل ھەستێکی تایبەت بە مرۆڤ دەبەخشێت، ڕەنگ و شێوەی خاک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە تایبەتمەندی خۆی ھەیە. بەهاران هەمووان خۆشی لە شین بوونی زەوی و سەرتاپا سەوزبوونی دەشتاییەکان دەبینین و  پایزانیش لە چاوەڕێی بۆنکردنی خۆڵ لەگەڵ یەکەمین بارانی پایز شاگەشکە دەبین. لە هەمان کاتدا خاک یەکێکە لە سەرچاوە بەخشەرە بێسنورەکان بۆ مرۆڤ کە زۆربەی پێداویستییە سەرەکیەکانی خۆی لێوەردەگریت.

لە ئامێزی سروشتدا و ئەو کاتانەی کە بۆ چەندین خولەک لە خاک دەڕوانم چنگێك خۆل ھەڵدەگرم، هەستێكی سەیر دامدەگرێت، هەندێك جار موچوڕکەیەک بە لەشمدا دێت و لە خاک دەپرسم..چۆن دەتوانن تۆ بفرۆشن؟



واقیعی ژیانی ئەوان بە وروژاندن چێ‌ نابێت

ئەمڕۆ دوای نزیكەی ١٠ مانگ لە كاركردن لە ماڵەوە، "ۆركین فرەم هۆم" بۆ یەكەم جار سەردانی موسڵم كرد بۆ ئەنجامدانی سیمنارێك لە ١٦ ڕۆژەی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە بارەی توندوتیژی دژ بە ژنان و چۆنیەتی ڕەخساندنی ژینگەیەكی كاری تەندروست بۆ ئەو ژنانەی لە چوارچێوەی پرۆژەكانم كاردەكەن .




لە نزیكەوە گوێگرتن لەو ژنە كرێكارانە ئیلهام بەخشە، هەر یەكێكیان چیرۆكێكی ئازایانەی پڕ لە زاڵبوون بەسەر ئاستەنگی و ئالنگارییەكانی ژیانی پێیە . ئەو كاتەی پرسیارم لە ژنە كرێكارەكان كرد لە بارەی ئەوكاتەی ڕۆڵیان لە ژنێكی ناو ماڵ دەگۆڕێت بۆ بەخێوكەری خێزان:
یەكێك لە ژنەكان وتی بەهۆی ئەم پرۆژەیەوە بۆ یەكەم جار لە ژیانمدا بە تەنیا ڕۆشتمە دەرەوەی ماڵ، یەكەم جار بوو لە ژیانمدا هاوسەرەكەم ڕێگەی پێدام بە تەنیا سواری پاس ببم و كار بكەم.

كە پرسیم هۆكاری چی بو هاوسەرەكەت ڕێگەی پێدای؟
ئەو وتی: دۆخی دراییمان زۆر خراپە و هاوسەرەكەم چەندین مانگە هیچ كارێكی نییە.

ئەو بەردەوامبوو وتی: تەمەنم ٤٨ ساڵە كە یەكەمجار سواری پاس بوم هەموو گیانم دەلەرزی و چەندین ڕۆژی ویست تا زاڵ ببم بەسەر ترس و نیگەرانییەكانم. بەڵام دوای ٤٤ ڕۆژ لە كاركردن ئێستە هەست بە شانازی دەكەم و بەسەر بەرزیی و شانازییەوە بۆ دوور ئەڕوانم.
بەردەوام بوولە قسەكردن :
كاركردنم وەك دایكێك و خەرجكردنی پارە بۆ منداڵەكانم هۆكاربوو كە هەست بكەم مرۆڤم و رۆڵم هەیە لەم ژیانە.

ئەمڕۆ بۆ من ڕۆژێكی تایبەت بوو، جگە لەم پرۆژەیە لە پرۆژەكانی دیكەشمدا ژنانی زۆر بەهێز و ئیلهام بەخش هەبوون و هەن كە چیرۆكانیان شایەنی باس كردنن.
بەڵام ئەوەی زۆر جێگەی داخە ئەوەیە كە زۆربەی دام و دەزگا حكومی و تایبەتەكان، میدیا و تیڤییەكان باس و خواسیان ئەو بوكەڵ و مۆدێلانەیە كە ڕۆژانە ژەهر دەخەنە كۆمەڵگەوە.
كۆمەڵگەی هەرێم و عێراق دابەش بووە بە سەر ژینگەی جیاواز و زۆر پارادۆكس كە ڕۆڵ و پێگەی ژنی لە چەند وێنایەكدا قەتیس كردووە.

ژنانێك دەبینیت هەموو هەوڵی دابین كردنی بژێوی ژیانی خۆی و خێزانەكەیەتی، خەمی خوێندن و گەشەپێدانە و بەڵام پەراوێز دەخرێت.

ژنانێك هەن لە ماڵەوە دانیشتون و چاوەڕێی دەستی برا و هاوسەرەكانیانن.

لە بەرامبەردا ئەو ژنانە هەن كە وەك كاڵا خۆیان دەفرۆشن و بوون بە كەرەستەی میدیا و مافیای حزب و كۆمپانیاكان بەردەوام ڕەواجی پێ دەدرێت.

ڕۆڵ و پێگەی ژن لەمڕۆدا لە هەموو كات زیاتر پێویستە بخرێتە بەر باس و گفتوگۆكردن تا دەنگ و ڕەنگی ئەو ژنانەی كە بەشدارن لە پێگەیاندنی نەوەی داهاتوو، لە بنییاتنانی شارەكەیان لە هەوڵ و ماندوو بونیان بۆ بەدیهێنانی خەونەكانیان، كپ نەكرێت و بەلكو ببنە نمونە و پێشەنگ بۆ ژنانی دیكەش .
گۆرانكاری كۆمەڵایەتی دەبێت وەك پرۆسەیەكی دانەبڕاوبیبنین، گشەپێدان و رەخساندنی ژینگەی ژیانی هاوبەشی راستەقینە، بابەتیك نییە بە دروشم و هاتوو هاوار و وروژاندن بێتەدی، كە ئەوەی ئەمرۆ بەشێكی زۆری لەو بابەتەیە.

بابەتەکان

چیتر بەنداو لە میزۆپۆتامیا دروست نەکرێت

من ناوم هەڵوێستە، ئیکۆ-فێمینیستم و بەرێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوونم، لە باشوری کوردستانەوە بەشداریم کردووە. دوێنێ گروپێکمان دروست کرد بۆ کارکرن...