خاک
1
ئەو کاتەی مامۆستاکان داوایان لە کاک سەنگەری برام دەکرد لە گۆرەپانی فێرگەدا پارچە شیعرێکی نیشتمانی پێشکەش بکات، من بە شانازییەوە گوێم لێ دەگرت و بە هاوڕێکانم دەوت ئەوە شیعری باوکمە کە سەنگەر دەیخوێنێتەوە. شیعرەکە دەڵێت:
دەم بنێ بە خۆڵی ئەم خاکەوە تا قوڵایی خۆین و لەشت هەڵیمژە
ئەم خاکەی تۆ خوێنی هەزار زەحەت کێشی پیا رژاوە
ئەم خاکەی تۆ مێژووی سەد چەپکە گوڵاڵە سورەی تیا رواوە
ئەم شیعرە و چەندان شیعری نیشتمانی دیکەش لە دوای راپەرینی بەهاری 1991رۆژانە لە لایەن سەنگەری برام لە گۆرەپانی فێرگەدا دەخوێنرایەوە.
هەڵبەت ئەو کات من لە مانای تەواوەتی ئەو شیعرە تێنەدەگەیشتم بە ڵام باوکم هەمیشە شیعرەکانی بۆ شیدەکردینەوە. من زیاتر سەرنجم لەسەر هەست و حەماسەتی باوکم بوو کاتێک شیکردنەوەی بۆ دەکردین کە لە خۆشەویستی نیشمان و گیانی شۆڕشگێڕانەی ئەوەوە سەرچاوەی گرتبوو.
2
دوای چەندین ساڵیش کە گوڵاڵە سورەم دەبینی وام دەزانی کە هەر گوڵاڵەیەك خوێنی زەحمەتکیش و پێشمەرگەیەکە، بۆیە بەهاران سەرم ئەسوڕما لە زۆری ئەو گوڵاڵە سورانەی کە لە دەشت و دەر دەردەکەوتن و بە خۆمم دەوت ئەو هەموو زەحمەت کێشە بۆ تەنیا لە بەهاردا دەردەکەون؟
باشە بۆ خۆینیان رژا و کێ خوێنی رشتن؟
پێش ئەوەی ئەو پرسیارانە لە باوکم بکەم یەکسەر وێنەی سەددام لەبەرچاوم بوو و ئەمەش ئاماژە بوو بۆ وەرگرتنەوەی وەڵامەکەم.
3
خاک و خۆل ھەستێکی تایبەت بە مرۆڤ دەبەخشێت، ڕەنگ و شێوەی خاک لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە تایبەتمەندی خۆی ھەیە. بەهاران هەمووان خۆشی لە شین بوونی زەوی و سەرتاپا سەوزبوونی دەشتاییەکان دەبینین و پایزانیش لە چاوەڕێی بۆنکردنی خۆڵ لەگەڵ یەکەمین بارانی پایز شاگەشکە دەبین. لە هەمان کاتدا خاک یەکێکە لە سەرچاوە بەخشەرە بێسنورەکان بۆ مرۆڤ کە زۆربەی پێداویستییە سەرەکیەکانی خۆی لێوەردەگریت.
لە ئامێزی سروشتدا و ئەو کاتانەی کە بۆ چەندین خولەک لە خاک دەڕوانم چنگێك خۆل ھەڵدەگرم، هەستێكی سەیر دامدەگرێت، هەندێك جار موچوڕکەیەک بە لەشمدا دێت و لە خاک دەپرسم..چۆن دەتوانن تۆ بفرۆشن؟