ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت بۆ پابەندبوونی زیاتری ئێمەیە بۆ پاراستنی دارستان، ئاو و گیانلەبەران هاوکات بەرەنگاری ئەو سیستەمانەی کە سروشت، ژن و کۆمەڵگە دەخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و دەیانڕەتێنن. لە ڕوانگەی ئێمەوە، پیاوسالاری، سەرمایەداری و داگیرکاری پێکەوە بە هەمان لۆجیکی دەسەڵاتگەرایی و کۆنترۆڵکردن، زەوتکردن و قازانج، هەم جەستەی ژن و هەم سروشت دەکەنە سەرچاوەی سوود و قازانج.
لە کوردستان، ئەم رەتاندنە بە شێوەیەکی ڕوون دەبینرێت. کاتێک دارستانەکان دەسووتێندرێن، شاخەکان دەتەقەنرێنەوە یان تەخت دەکرێن، بەنداو لەسەر ڕووبارەکان دروست دەکرێت، کانەکان بەبێ پابەندبوونێکی ژینگەیی و مۆڕاڵی تاڵان دەکرێت، تەنیا ئیکۆسیستەمێک لەناو ناچێت بەڵکو ژیانی خەڵک، زانیاریی نەوەکان، شێوازی ژیانی گوند و پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ سروشتیش لاواز دەبێت. هەر بۆیە پاراستنی سروشت تەنیا ئەرکێکی ژینگەیی نییە بەڵکو بەرگرییە لە مافی خەڵک بۆ ژیانێکی دادپەروەرانە، لە پاراستنی سەرچاوە سروشتییە هاوبەشەکان و لە مافی نەوەکانی داهاتوو بۆ ژیان لە ژینگەیەکی تەندروستدا.
لە سەردەمێکدا کە ئیکۆساید واتە لەناوبردنی سیستەماتیکی ژینگە وەک ئامرازی جەنگ، داگیرکاری و دەسەڵاتگەرایی بەکاردێت. هەربۆیە بەرگری لە سروشت تەنیا بەرگری لە درەخت و ئاو نییە بەڵکو بەرگرییە لە ژیان لە شکۆی مرۆڤ لە مافی گەلان و مافی نەوەکانی داهاتوو. پاراستنی سروشت، لە بنەڕەتدا، پاراستنی ژیانە و ژیانیش بەبێ دادپەروەری ژینگەیی و ئازادی و هاوسەنگی بەردەوام نابێت.