بەکاربەریت یان دۆستی ژینگەیت؟

ئەو هەڵمەتی پاککردنەوانەی ئەمڕۆ ئەنجام ئەدرێت مایەی دەستخۆشی و رێزێکی زۆرە و خەڵک لەگەڵ ناوەندی خوێندن، گروپی شاخەوانی، رێکخراو دام و دەزگای حکومی و پێکەوە لە خەمی پاراستنی ژینگەدان.ئەوەی زۆر مایەی خۆشحاڵییە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجانە لەم هەڵمەتانەدا...ئەو دوو وێنەیەی لێرە دامناوە دوو هەڵمەتی پاککردنەوەیە لە دوو رۆژی جیاوازدا لە سنوری دەربەندیخان ئەنجامدراوە.







لێرەدا پرسیارێک دروست ئەبێت دوای هەوڵ و ماندوو بوونیئەم بەرێزانە، دوای کۆکردنەوەی ئەو هەموو خۆڵ و خاشاکە، چی لێ ئەکرێت؟ هەر رێگەیەکی کۆن و نوێ و پێشکەوتوو بەکاربهێنرێت چارەنوسەکەی هەر گەڕانەوەیە بۆ ناو خاک و ئاو و زەوی ئێمە. باشە ئەی من و تۆ چی بکەین کاتێک ئەڕۆین بۆ سەیران و گەشت؟

١-کەمکردنەوە یان بەکارنەهێنانی پێداویستی سەفەری، هەر جۆرێکیان بەکارئەهێنیت بە بیانووی ئەوەی زوو شی ئەبێتەوە، بە بیانووی ئەوەی دۆستی ژینگەیە دادمان نایات چونکە لەگەڵ برنج و فاسۆلیا، لەگەڵ یاپراخ و کەبابەکەدا لەسەر سفرە سەفەرییەکە تێکەڵ ئەبێت و هیچ سەلەیەکی خۆڵ لە تەنیشتەوە نییە کە ئەو ماددانەی جیا کردبێتەوە. جارێکی کە ئەیڵێمەوە کە هیچ جۆرێک لەو پێداویستییە سەفەرییانە جیاوازی نییە چونکە لێرە هیچ رێگەیەک نییە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە یان ریسایکلین.

٢-هەوڵبدە لەگەل هاورێ و خێزانەکەت بە ناو سروشتا پیاسە بکە و بگەرێ، هەڵپەڕە و سەما بکە کەمتر کات بۆ خواردن دابنێ کە ئەمە کاری ٣ ژەمەی ئێمەیە لە ماڵەوە...باشە نابێت جیاوازییەک هەبێت لە نێوان گەشت و ماڵەوە؟؟

٣-ئەگەر ئەو دوو خاڵەی سەرەوەش جێبەجێ ناکەیت لانی کەم پاشماوەکەت لەگەڵ خۆت بەرەوە، من دانیشتووی گوند و ئەو ناوچە گەشتیارانە بم ناهێڵم یەک کەس بێت لەو سروشتە جوانەی ئێمەدا گەشت بکات و بە پیسی بەجێیبهێڵێت..

با تۆزێک جدیتر قسە بکەین، سیستەمی ئەمرۆ پێویستی بەوەیە من و تۆ بەردەوام بەکاربەر بین، بەردوام بکڕین، بەردەوام بخۆین، سێ ژەم نان بخۆین، لانی کەم کێک و شیرینیش لە عەسرا، لە کاتێکدا ئەمە پێوویستی جەستە نییە بەڵکو بازار بۆی دروست کردوین.. زۆر خێزان هەیە ٥ کەسن بەشی ١٠ کەس بەس پێداویستی و خواردن، شیرینی و چەرەسات لەگەڵ خۆی ئەبات...ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئێمە بووین بە سەرچاوەیەکی باشی کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ سیستەم، لە خۆشی و ناخۆشی، لە کاتی پەتا و کەرەنتین، لە کاتی ئاشتی و جەنگ بە راست و چەپا پارە پەیدا ئەکات لە بەرامبەردا ئێمە  و ژینگەکەمان لە ناو ئەبات، لەم دۆخەشدا ئێمە بووینەتەوە بە بەکاربەرێکی دڵسۆز بۆ سیستەم.🌻

زیندوکردنەوەی هەسارەکەمان، دووبارە بنیاتنانەوەی تەندروستیمانە

وەرگێڕانی لە ئینگلیزییەوە: هەڵوێست کەریم

تەندروستی هەسارەی زەوی و تەندروستی مرۆڤ پەیوەندیدارن بەیەکەوە، ئەم پەیوەندییە لە ڕێگەی سووڕی خۆراک و ژیان، دووبارە بونیادئەنرێت. ئێمە بەشێکین لە سروشت و لە پرۆسە ئاڵۆزەکانی ژیان. زەوی و خۆراک و جەستەمان تۆڕی زیندووی بەیەکەوە گرێدراون.

 

خۆراک دەرمانە کاتێک بەشێکە لە رەوتی سروشتی و ئاسایی ژیان، لە خاکەوە دەست پێئەکات، لە رێی تۆوێکەوە ئەبێت بە ڕووەک و گەشەئەکات پاشان ئەگاتە ڕیخۆڵەکانمان. جۆراوجۆری زیندوو سیستەمی پشتیوانی ژیان و تۆڕی خۆراکە، جۆراوجۆری زیندوو واتە ئێمە و هەسارەکەمان تەندروستین، جۆراوجۆری زیندوو ئەبێتە هۆی گەشە سەندنی جۆراوجۆری زیندوو.




 

لە دڵی داهاتوویەکی ئیکۆلۆژیدا زنجیرەیەکی بەردەوام و هاوسەنگ لە نێوان خواردن و گەشەکردندا هەیە. کاتێک ئەم هاوسەنگییە ناسکە تێکئەچێت، کاردانەوەکانی لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا رەنگ ئەداتەوە. ئەو خۆراکە پیشەسازیەی بە بەکارهێنانی سووتەمەنی بەردینی و ماددە کیمیاییە بەردینیەکان بەرهەم ئەهێنرێن، جۆراوجۆری زیندوو لەسەر زەوی و لە ناو ڕیخۆڵەکانماندا لەناوئەبات، هەمەجۆریی کولتووری و خۆراک کەمئەکاتەوە، ئەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی و نەخۆشییە درێژخایەنەکان.

 

لە بەکارهێنانی هەڕەمەکی ماددە کیمیاییەکانەوە تا بڵاوبوونەوەی *جینۆمۆدێرن و *تاک کشتوکاڵ (مۆنۆکەڵچەر)، بازرگانی بۆ بەدەستهێنانی قازانج لە پێشینە دانراوە کە وێرانکاریی بەسەر سیستەمی ئیکۆلۆژی و تەندروستی و بژێوی ژیانماندا هێناوە. جیهانگیری ئەم ڕەوتە وێرانکارییەی خێراتر کردووە، مۆدێلێکی بەرهەمهێنانی خۆراک هەناردە ئەکات کە بەدەستهێنانی قازانج لە مرۆڤ و هەسارەکەمان، لەپێشینە و گرنگترە.

 

کشتوکاڵی پیشەسازی و سیستەمەکانی بەرهەمێنانی خۆراک بەشێوەیەکی بنەمایی پشت بە سووتەمەنی بەردینی و پلاستیک ئەبەستێت.  بەو مانایەی سیستەمی خۆراکی پیشەسازی بە قووڵی بەستراوەتەوە بە پیشەسازی دەرهێنان و ژەهراوویبوون، نەک خولگەی سروشتی یان بەردەوام.لە سەرانسەری جیهاندا، پێوانە  و ماددە کیمیاییە کشتوکاڵییەکان و بەکارهێنانی پلاستیک کە لە سووتەمەنی بەردینی دروستکراون، بوونەتە هۆی وێرانکاری بۆ ئیکۆسیستەمەکان، بۆ تەندروستیمان بۆ تەندروستی خاک و بۆ جۆراوجۆری زیندوو. ئەو تاکە کشتوکاڵەی کە پێویستە بۆ کشتوکاڵی پیشەسازی بۆ سووتەمەنی بەردینی بەرەوپێش ئەچن، و ئەبێتە هۆی لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندوو و جۆراوجۆری بۆماوەیی، پیسبوونی ئاو و خاک، نەخۆشییە درێژخایەنەکان و لەناوچوونی جۆرە جیهانییەکان. لە ئێستا ناهاوسەنگی ڕیتم و خولگە سروشتییەکانی زەوی بووەتە هۆی تێکچوونی تەندروستی مرۆڤ و هەسارەکەمان، و گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا.

 

جۆراوجۆری زیندوو بەردی بناغەی خۆڕاگری کەشوهەوایە، پێکهاتەیەکی گرنگە لە هەموو ئاستەکانی ئیکۆسیستەمدا کە هاوسەنگی و خۆڕاگری ئەپارێزێت. ئەگەر ئێمە جۆراوجۆری سروشت بپارێزین، ئەوا تەندروستی خۆمان ئەپارێزین بەهۆی بوونی ئەو تابلۆ دەوڵەمەندەی ژیان کە بەردەوامی ئەدات بە ئێمە.  سەروەری ڕاستەقینە و خۆشگوزەرانیمان تەنیا بە دووبارە بنیاتنانەوە و کارکردن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەموو سەرچاوەکانی بژێووی، لە خۆراکەوە، تا ئاو، تا خاک، تا جۆراوجۆری زیندوو، بەدەست ئەهێنرێت.

 

ئێمە داوای پاراستنی زەوی ئەکەین بۆ داهاتوویەکی خۆڕاگرتر. مافەکانی دایکە زەوی ڕەگ و ڕیشەی قووڵی لە خودی ژیاندا هەیە کە تۆوە. تۆو جەوهەری سەروەری زەوی بەرجەستە ئەکات، نوێنەرایەتی مافی سروشتی خۆی ئەکات بۆ گەشەکردن و پەرەسەندن بەپێی ڕیتمەکانی خۆی. تەنیا لە سیستەمێکی خۆراکی بێ ژەهراویدا تۆو ئەتوانێت گەشە بکات، دوور لە کۆت و بەندەکانی پیسبوونی کیمیایی و تەماحی کۆمپانیاکان.

 

لە چوارچێوەی پراکتیکی جووتیارانی خاوەن زەوی بچووک بۆ بەرهەمهێنانی خۆراکی سروشتی لەگەڵ هەموو پارێزەرانی دیکەی زەویدا، ئەم مافانە ڕاستەقینەترین دەربڕینی خۆیان ئەدۆزنەوە، لە ڕێگەی پەروەردەکردنی خاک و جۆراوجۆری زیندوو و جۆراوجۆری کولتووری و تەندروستی بە هەموو شێوازەکانییەوە، رووئەدەن. گەڕانەوە بۆ خاک و زەوی، بۆ ئازادی و مانەوەی مرۆڤ زۆر گرنگە. پێوویستە تۆوی رەسەن و خاکمان بپارێزین و لێرەوە داهاتوومان دووبارە بنیات بنێینەوە.

لە ڕۆژەی زەویدا، نیشانەکانی هەسارە نەخۆشەکەمان زیاتر دەرکەوتووە. ئێمە ئەو رێگایانە ڕەتدەکەینەوە کە بەسەرماندا سەپێنراوە و  ئەبێتە هۆی زیاتر لە ناوچوونی هەسارەکەمان، چونکە لەناوچوون بژاردە نییە بەڵکو ئەوە سووکایەتیکردنە بە خودی جەوهەری ژیان. لە ڕۆژی زەویدا بانگەوازی ئەوە ئەکەین مرۆڤ دەست بە دووبارە بنیاتنانەوەی زەوی بکات. ئەو ڕێگایەی کە تێکچوونی زەوی، خۆراکی ئێمە، ئازادیمان پێچەوانە ئەکاتەوە. ئەو شێوازەی کە ڕێگا بۆ داهاتوویەکی گونجاو خۆش ئەکات، کە لەسەر ژیانی واقیعی فرە و هەمەچەشن و ئیکۆلۆژییەکان بنیات نراوە. ئەو ڕێگایەی کە سیستەمی خۆراک و کشتوکاڵ لە کولتوورە جۆراوجۆرەکاندا بە درێژایی هەزاران ساڵ پەیڕەوی کردووە و لە پەرەسەندن بەردەوام ئەبێت بۆ ئێستە و داهاتوو.

 

 لە کاتێکدا ئێمە لە بەردەم چوارڕێیانێکدا بەرەو داهاتوو ئەرۆین، با پابەندبوونمان بە زەوی و مافە سروشتییەکانی دووپات بکەینەوە. بەڵێنمان پابەندبوون بێت بۆ بەرگریکردن لە جۆراوجۆری زیندوو، پاراستنی تەندروستی، و بەهێزکردنی پارێزەرانی زەوی وەک پارێزەرانی داهاتووی هەسارەکەمان.

 

·      لە ڕۆژەی زەویدا بڕیار ئەدەین کۆتایی بە سەدەیەک لە نەوت و پترۆکیمیایی و ژەهر و پلاستیک و پیسبوونی خاک و ئاو و تۆو و خۆراک و جەستەمان بهێنین.

·      ئێمە پابەندبوونمان نوێ ئەکەینەوە بۆ گەشەپێدان و بڵاوکردنەوەی خۆراک و کشتوکاڵی بێ ژەهر.

·      ئێمە پابەندین بە پاراستن و دووبارە دروستکردنەوەی جۆراوجۆری زیندوومان، نوێکردنەوەی زەوی، بنیاتنانەوەی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، پاراستنی تەندروستی خۆمان و نەوەکانی داهاتوو.

·      تۆوەکانمان، خۆراکەکانمان، تەندروستیمان، زانیارییەکانمان، کە لێمان دزراون، وەرئەگرینەوە.

·      لە بنەڕەتەوە تا سیاسەتی گشتی، با پشتیوان و هاودەنگی ئەو کەسانە بین کە دووبارە خاکمان نوێئەکەنەوە و ئەوان پارێزەرانی ڕاستەقینەی زەویمانن. ئەوان پارێزەری تەندروستین. بەڕێوبەرانی جۆراوجۆری زیندوو و بەرجەستەکردنی مافەکانی زەوی و خەڵکن.

·      ئێمە کۆمەڵگا ئاوەدان ئەکەینەوە و پێکەوە هیوا ئەچێنین، بە هاوکاری و هاوبەشی لەگەڵ سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەمان لەسەر زەوی.

·      بە هاوبەشبوون لەگەڵ سروشت نەک ڕەتاندنی، ئێمە بە فراوانی گەشە ئەکەین. ژیان بۆ بە بیابانبوونی خاک، ڕیخۆڵەکانمان، عەقڵمان، دڵمان ئەگەڕێنینەوە. وەک یەک جەستە لەسەر یەک هەسارەی یەکگرتوو، ژیان و تەندروستی و خۆشگوزەرانی گەشە پێئەدەین.

·      لە خاکەوەیە کە جۆراوجۆری زیندوو، جۆراوجۆری کلتوری، تەندروستی و خۆڕاگری کەشوهەوا هەموویان سەرهەڵئەدەن. پاراستنی زەوی پاراستنی ژیانمانە، پاراستنی داهاتوو و ئازادیمانە.

 

ئێمە ئەندامی کۆمەڵگەی زەویین کە تێیدا هەموو جۆرەکان، گیانلەبەر و رووەک و  کلتور و گەلانی جیاواز بەهای ناوەکی و مافی ئازادی و بژێوییان هەیە.

 

 

پەراوێز:

-مەبەست لە Genetically Modified Organisms -ئەو ئۆرگان/زیندەوەرانەی جیناتیان دەستکاریکراوە، یان Genetically Modified Food-ئەو خۆراکانەی جیناتیان دەستکاریکراوە بەپێی پێناسەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO)، واتە دەستکاریکردنی جیناتی ڕووەک، ئاژەڵ و وردەزیندەوەران و تێیدا ماددەی بۆماوەیی (DNA) دەگۆڕدرێت، واتە بەشێوەیەکی سروشتی و بەهۆی جووتبوون و/یان پێکەوەگرێدانی سروشتی ڕوونادات. ئەم تەکنەلۆژیایە بە “بایۆتەکنەلۆژیای مۆدێرن” یان “تەکنەلۆژیای جین” ناودەبرێت، هەندێکجاریش بە “تەکنەلۆژیای DNAی پێکەوەلکاو” یان “ئەندازیاری جین” ناودەبرێت. ڕێگە دەدات جینە تاکەکەسییە هەڵبژێردراوەکان لە زیندەوەرییەکەوە بۆ زیندەوەرییەکی دیکە یان لە نێوان جۆرە ناپەیوەندیدارەکاندا، بگوازرێنەوە. ئەو خۆراکانەی کە لە زیندەوەری جینۆمۆدێرن بەرهەم ئەهێنرێن یان بەکاراەهێنرێن زۆرجار بە خۆراکی جینۆمۆدێرن ناوئەبرێن.

-مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵە: لە تریلیۆن بەکتریا و میکرۆبی دیکە پێکهاتووە و ڕۆڵێکی زۆر گرنگ ئەگێڕێن لە تەندروستیتدا بە یارمەتیدانی کۆنتڕۆڵکردنی هەرسکردن و سوودگەیاندن بە سیستەمی بەرگری لەش.

– لە فەرهەنگی کامبرجدا مۆنۆکەڵچەر واتە چاندنی تەنیا یەک جۆر تۆو یان ڕاگرتنی تەنیا یەک جۆر ئاژەڵ لەسەر ڕووبەرێکی زەوی کشتوکاڵی.

بۆچی زەوی ژنە؟

لە منداڵییەوە بە ئێمە وتراوە کە نیشتمان دایکمانە، پاراستنی خاک و نیشتمان پاراستنی دایکمانە. ئەم قسەیە رەنگدانەوەیەکی قوڵی بیرکردنەوەی کورد بووە کە بەشێکی پەیوەندیدارە بە ئامادەگیی و خۆشەویستی دایک لە ژیانی هەر یەکێکماندا و بەشێکیشی پەیوەندیدارە بە پاشخان و کلتوری پێکەوە ژیانی مرۆڤی کورد لە ناو سروشتدا. هەربۆیە پاراستنی خاک و پاراستنی دایکی وەک یەک بینیوە و ئەو پەیوەندییەش لە فەرهەنگ و ئەدەبیاتی کوردیدا رەنگیداوەتەوە. 



 

لە زمانی کوردیدا وشەی دایک و نیشتمان زۆر جار پێکەوە بەکاردێن. نیشتمان وەک دایکێک ئەبینرێت کە ڕۆڵەکانی لە ئامێز ئەگرێت و بەرگرییان لێ ئەکات. ژنی کورد ڕۆڵی سەرەکی هەبووە و هەیە لە پاراستنی زمان، جلوبەرگ و دابونەریتەکان. شاعیرانی کورد وەک هێمن، گۆران، و شێرکۆ بێکەس زۆر جار ژن و نیشتمانیان وەک یەک وێنا کردووە. جوانیی سروشتی کوردستان بە جوانیی ژن چوواندووە، و ئازاری نیشتمانیش بە ئازاری ژنێکی ستەملێکراو یان دایکێکی جگەرسوتاوو.

 

لە ڕوانگەی ئیکۆفێمینیزمەوە، ئەم پەیوەندییە تەنها کلتوری و فەرهەنگی نییە، بەڵکو سیاسیشە. چونکە سیستەمەکانی زاڵبوون وەک سەرمایەداری، پیاوسالاری و داگیرکاری ژن و سروشت ئەرەتێنن  وەک سەرچاوەیەک بۆ قازانج، ژن وەک بەرهەمهێنانی هێزی کاری هەرزان و سروشت وەک بەخشەر، بەکارئەهێنن. 

 

هەربۆیە وێناکردنی زەوی وەک دایک هێمای پەیوەندیی نێوان مرۆڤ و سروشتە و لە بنەڕەتدا پەیوەندییەکی هاوبەشیی و هاوسەنگیی بووە. کاتێک ئەم پەیوەندییە ئەشکێندرێت، قەیرانی کۆمەڵایەتی و سیاسیی دروست ئەبێت.

لە مێژووی هاوچەرخی کورددا، بەشداریی ژنان لە خەباتی چەکداری و سیاسی و شۆڕشەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی ژن وەک سیمبولی بەرخودان و ئازادیی نیشتمان بناسرێت. دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕەنگدانەوەی ئەم تێڕوانینەیە کە ئازادیی نیشتمان و ئازادیی ژن پێکەوە ئەبەستێتەوە. لە تێڕوانینی فەرهەنگیی کورددا، خاک پیرۆزیی مێینەی هەیە هەردووکیان بەخشندەن و ژیان ئەخوڵقێنن.  لە گوندەکانی کوردستاندا، ژن پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ زەوی هەبووە و پارێزەری هەمەجۆری زیندەوەر بوون. ژن هەمیشە دەستیان لەناو خاکدا بووە و پارێزەری تۆوی رەسەن و ژینگە بوون. لە بۆنە میتۆلۆژییەکانی وەک نەورۆز ژن ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە پیرۆزکردنی خاک و نووێبوونەوەی ژیان  و گەڕانەوە بۆ ناو سروشت.

لە کلتورەکانی جیهانیشدا، زەوی وەک دایک ناسێنراوە و وەک خوداوەند و خاوەن هێزی ژنان شوناسی پێدراوە. لێرەوە ئەو رۆڵانە زیاتر بەرجەستە ئەبێت کە پەیوەستن بە دایکایەتیەوە وەک چاودێری، بەخشندەیی، بنیاتنان، گەشەکردن و خۆڕاگری. ئەم تێگەیشتنانە لە چیرۆک و  کلتوورەکانی جیهاندا ڕەنگ ئەدەنەوە کە زەوی وەک ژنێک نیشان ئەدەن. لێرەدا هەندێکیان بەش ئەکەین:

خەڵکی ئیگبۆ لە نەیجیریا، ئەفریکا: بۆ خەڵکی ئیگبۆ، (ئالا) ناوێکەو بە واتای زەوی دێت، خوداوەندی هەموو بوونەوەرەکانە. ئەو خۆی زەوییە و حوکمڕانی جیهانی ژێرزەوی ئەکات و باوباپیرانی لە سکی خۆیدا هەڵئەگرێت. ئەو گرنگترین خوداوەندە و نوێنەرایەتی بەخێوکردن و مۆڕاڵ و دادپەروەری ئەکات. ئەو بەهۆکاری بەپیتی مرۆڤ و هەم بەپیتی زەویی دائەنرێت.

 

ئەفسانەی ئینکا: لە ئەفسانەی ئینکادا (پاچاماما)، وەک گەردوونی دایک ڕێزی لێئەگیرێت. لە زمانی کیچوادا (مامە) بە واتای "دایک" دێت و پاچا ئاماژەیە بۆ جیهان یان گەردوون. ئەو خوداوەندی بەپیتییە و بەرپرسە لە چاندن و دروێنەکردن. لەکۆنەوە لە ڕێگەی پێشکەشکردنی خۆراک و شەراب و گەڵاکانی کۆکاوە ڕێز لە پاچاماما ئەگیرێت بەو هیوایەی بەرهەمێکی زۆر ببەخشێت.

 

ئەفسانەی یۆنانی: لە ئەفسانەی یۆنانیدا، گایا وەک هێزێکی درووستکەر نوێنەرایەتی سەرچاوەی ژیان و هێزی قووڵ و بەردەوامی زەوی ئەکات.

کولتوری هاوایی: پاپاهاناومۆکو دایکی زەوییە لە گەردوونناسی ڕەسەنی هاواییدا،  باپیرەیەکیان لەگەڵ واکیا، باوکی ئاسمان، دوورگەکانی هاوایی و خەڵکەکەیان خولقاند. ئەو تەنیا هێمای ئاینا (زەوی) نییە، بەڵکو وەک خاک\زەوی لەخۆی ئەڕوانێت و ژیان لێیەوە سەرهەڵئەدات. وەک سەرچاوەیەکی سەرەتایی دروستکردن، بەخێوکردن و خۆراکدان و پەیوەندی قووڵی نێوان مرۆڤ و شوێن، بەرجەستە دەکات.

 

باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و گەردوونناسی بودایی: لە سەرانسەری باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و لە گەردوونناسی بوداییەکاندا، فرا مای تۆرانی خوداوەندێکی زەوی پیرۆزە. زۆرجار لە پەرستگاکاندا وێنا ئەکرێت کە ئاو لە قژە درێژەکەیەوە ئەرژێت و نوێنەرایەتی ژیان و بەخێوکردن و سەقامگیری ئەکات.

 

ژن و زەوی دوو بوون نین کە تەنیا بە وێنای جوانی پێکەوە ببەسترێن، بەڵکو هاوسەنگی بەیەک ئەبەخشن کە سیستەمی دەسەڵاتگەرایی ئەم پەیوەندییەی پچڕاندووە. بە نوێکردنەوەی ئەم پەیوەندییە، شێوازی ژیانێکی دادپەروەرانە و هاوسەنگ بۆ ژیان و هەسارەکەمان ئەنەخشێنین.

 


 

سەرچاوە:

  • Shiva, Vandana (1988). Staying Alive: Women, Ecology and Development. Zed Books.
  • Mies, Maria & Shiva, Vandana (1993). Ecofeminism. Zed Books.
  • Plumwood, Val (1993). Feminism and the Mastery of Nature. Routledge.

 

 


بابەتەکە لەم پێگانە بڵاوکراوەتەوە:


یەکەم: ژنۆلۆژی 

دووم:  نۆژنها

زاگرۆسانە و درەختی بەڕوو، پەیامی ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی لە کۆبوونەوەی جیهانیی باندۆنگ

لە چوارچێوەی بەشدارییەکانی لە دووەمین کۆبوونەوەی گشتیی "تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان (GTA)" لە شاری باندۆنگی ئەندەنوسیا، ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی کارنامەیەکی چڕی دەربارەی دۆخی ژینگەی کوردستان و مۆدێلە جێگرەوەکان پێشکەش کرد.

دەستپێکێکی کولتووری و سروودی بەرخۆدان

ڕۆژی دووەمی کۆبوونەوەکە ٢٠٢٦/٤/١٣بە ئاهەنگێکی بەخێرهاتنی شکۆدار دەستی پێکرد، کە گوزارشتی لە کولتووری دەوڵەمەندی ناوچەی "تاتار پاسوندا" و گەلی "سوندان" دەکرد. لەو چوارچێوەیەدا، نمایشی میوزیکی "ئەنگکلۆنگ" لەلایەن ڕێکخراوی "سێریکاتی پێتانی پاسوندان (SPP)" بە پێشەنگایەتی ژنان و فێرخوازانی بزووتنەوەی چاکسازیی کشتوکاڵ پێشکەش کرا. یەکێک لە ساتە هەرە کاریگەرەکان، چڕینی گۆرانی "دارا جوانگ" (خوێنی خەبات) بوو، کە وەک ڕێزگرتنێک لە تێکۆشانی گەلان و ڕۆحی بەرخۆدانی جیهانی پێشکەش کرا.

ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و گەڕان بەدوای جێگرەوەدا

لە بەشێکی تری چالاکییەکاندا، بەشداربووان لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی گفتوگۆیان دەربارەی قەیرانە جیهانییەکان و کاریگەرییە وێرانکەرەکانیان لەسەر ژینگە و ژیانی مرۆڤ کرد. تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان تەرخانکرا بۆ دۆزینەوەی "ئەڵتەرناتیڤی ڕیشەیی" لە بەرامبەر سیستەمی هەژموونگەرایی و میلیتاریزەکراو، کە وەک هۆکاری سەرەکیی داڕمانی ئیکۆلۆژی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی ناسێنران.

ئابووریی هاوپشتی 

لە بەشی دووەمی ڕۆژەکەدا، هەڵوێست کەریم، وەک هاوبەرێوەبەری گرووپی هاودەنگی ئابووری لە (GTA) و ئەندامی ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی، بەشداری لە زنجیرەک کاری بەکۆمەڵدا کرد کە تایبەت بوون بە (دیموکراسیی ڕیشەیی، ڕۆڵی ژنان، پاراستنی ئیکۆلۆژی و ئابووریی هاوپشتی). لەم بەشەدا، جەخت لەسەر بونیادنانی "ئابووریی خەڵک" کرایەوە وەک جێگرەوەیەک بۆ سیستەمی سەرمایەداری، و ئەزموونە جیاوازەکانی جیهان لەم بوارەدا ئاڵوگۆڕ کران.

"زاگرۆسانە"؛ گێڕانەوەی بەرخۆدانی سروشتی کوردستان

لە کۆتایی ڕۆژەکەدا، هەڵوێست کەریم وەک نوێنەری ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی، سیمینارێکی بەناونیشانی "زاگرۆسانە" پێشکەش کرد. لەم پێشکەشکردنەدا تیشک خرایە سەر:

١. ڕۆڵی کۆمەڵگە: چۆنیەتی بەشداریی خەڵک بۆ نوێکردنەوە و پاراستنی ژینگەی چیاکانی زاگرۆس.

٢. پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان: ڕۆڵی کاریگەری ئەم دوو توێژە لە بزووتنەوە ئیکۆلۆژییەکانی کوردستاندا.

٣. داربەڕوو وەک سیمبۆل: ناساندنی پاشخانی مێژوویی زاگرۆس و داربەڕوو وەک نیشانەی خۆڕاگری، ژیان و ناسنامەی نەتەوەیی کورد.

ئەم بەشدارییەی ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیاندنی دەنگی ژینگەی کوردستان بە ناوەندە جیهانییەکان و ئاوێتەکردنی خەباتی ئیکۆلۆژیی ناوخۆیی بە بزووتنەوە جیهانییە جێگرەوەکان.

ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی - ناوەندی میدیا

٢٠٢٦/٤/١٥

https://t.me/EcologyAcademy2

ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی بەشداری لە دووەمین کۆبوونەوەی جیهانیی "تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان" لە ئەندەنوسیا کرد

هەڵوێست کەریم، وەک ئەندامی "ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی" و هاوبەرێوەبەری گرووپی هاودەنگی ئابووری لە "تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان (GTA)" بەشداری لە چالاکییەکانی دووەمین کۆبوونەوەی گشتیی ئەم تۆڕە نێودەوڵەتییەدا کرد کە لە شاری باندۆنگی وڵاتی ئەندەنوسیا بەڕێوەدەچێت.

لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ١٢\٤\٢٠٢٦،  شاندی بەشداربوو سەردانی سێ ناوچەی ستراتیژییان لە بەشی ڕۆژئاوای دوورگەی "جاڤا" کرد. ئامانج لەم سەردانە، ئاشنابوون بوو بە شێوازی ژیانی کۆمەڵگە ڕەسەنەکان، گوندە کشتوکاڵییە دێرینەکان و تێڕوانینی قووڵی ئەوان بۆ پاراستنی هاوسەنگیی سروشت.

١.⁠ ⁠کاسێپوهان سیگوگور: مێژوویەکی زیندوو لە بەرگری

کۆمەڵگەی ڕەسەنی "سیگوگور" لە ناوچەی کونینگان، وەک ناوەندێکی گرنگی کولتووری "سوندان" ناسراوە کە توانیویانە دابونەریت و میراتی باو باپیرانیان بە زیندوویی ڕابگرن. دانیشتوانی ئەم گوندە لە سەردەمی داگیرکاریی هۆڵەنداوە، مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییان لە خەبات بۆ پاراستنی کولتووری کشتوکاڵی، پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و چیاکان تۆمار کردووە. تا ئەمڕۆش، بە هەماهەنگی لەگەڵ گەنجان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕاوەستانەوە بەرامبەر ئەو پڕۆژە بازرگانیانە بەردەوامن کە مەترسی بۆ سەر ژینگە و ژیانی گوندەکەیان دروست دەکەن.

لە پێشوازییەکی گەرمدا کە لەلایەن شا و شاژنی ناوچەکەوە ڕێکخرابوو، گفتوگۆیەکی چڕ دەربارەی خەباتی هاوبەشی گەلانی ڕەسەن بۆ پاراستنی خاک و "دایکە زەوی" لە ڕابردوو و ئێستادا ئەنجامدرا.

٢.⁠ ⁠ساگاراهیانگ: ئاوێتەبوونی مێژوو و سروشت

گوندی "ساگاراهیانگ" لە قەزای دارما، ناوچەیەکی گەشتیاریی کشتوکاڵییە کە بە شوێنەوارە مێژووییە دێرینەکانی لە دامێنی چیای "گێگەرهالانگ" (کە ١٦٠٠-١٨٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە) ناوبانگی دەرکردووە. ئەم ناوچەیە شوێنی شوێنەواریی "مێگالیتیک"ـە و تێیدا چەندین پارچەی مێژوویی وەک (لینگایۆنی، مەنهیر و دۆڵمێن) دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ سەدەی ٧ و ٨ی زایینی دەگەڕێتەوە.

بوونی درەختگەلێک کە تەمەنیان لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٥٠٠ ساڵدایە، سیمایەکی تایبەتی بە ناوچەکە بەخشیوە. دانیشتوانی ناوچەکە تا ئێستاش کاریگەرن بە باوەڕی "ئەنیمیزم" (گیانگەرایی) و سروشت وەک دایک دەبینن، ئەمەش وای کردووە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پارێزگاری لە ژینگەکەیان بکەن.

٣.⁠ ⁠مۆزەخانەی پارکی شوێنەواریی سیپاری: پێشەنگیی ژنان لە مێژوودا

ئەم مۆزەخانەیە تێکەڵەیەکی ناوازە لە شوێنەوارەکانی سەردەمی بەردینی نوێ و مێگالیتیک نیشان دەدات. دۆزینەوەی کەرەستە برۆنزییەکان و بەردە زەبەلاحەکان ئاماژەیە بۆ پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و بوونی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕۆحیی ئاڵۆز لەو سەردەمەدا.

خاڵی سەرنجڕاکێش لەم شوێنەوارەدا ئەوەیە کە دیوارەکان و ڕێکخستنی ئەندازەیی بەردەکان لەلایەن "ژنان"ەوە دروست کراون. لە کۆتایی سەردانەکەدا، بەشداربووان لە ناوەندی پارکەکەدا کۆبوونەوە بۆ ئەنجامدانی ڕامان (مێدیتەیشن)، وەک هێمایەک بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندیی ڕۆحی لەگەڵ سروشتدا.

دەرەنجام:

ئەم سێ وێستگەیە، نموونەی زیندووی بەرخۆدانی کۆمەڵگەکانن لە بەرامبەر تێکدانی سروشت. ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی زەوی، ئاو و دارستانەکان لەسەر بنەمای "چاودێری و هاوسەنگی"، تەنها ڕێگەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ژینگەییە جیهانییەکان.

ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی - ناوەندی میدیا

٢٠٢٦\٤\١٥

https://t.me/EcologyAcademy2

ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی بەشداری لە دووەمین کۆبوونەوەی جیهانیی "تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان" لە باندۆنگ دەکات

لە کاتێکدا جیهان لەبەردەم زنجیرەیەک قەیرانی پێکەوەبەستراودایە، لە تێکچوونی هاوسەنگیی ئیکۆلۆژی و گۆڕانکارییەکانى ئاووهەوا تا دەگاتە هەڵکشانی نایەکسانی، جەنگە بەردەوامەکان، ئیکۆساید و پچڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، گەڕان بەدوای پانتاییەک بۆ هاودەنگی و بونیادنانی جێگرەوەیەک بۆ سیستەمی ئێستا، بووەتە پێویستییەکی مێژوویی.

لەو چوارچێوەیەدا، هەڵوێست کەریم، وەک هاوبەرێوەبەری گرووپی هاودەنگی ئابووری لە "تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان (GTA)" و ئەندامی "ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی"، بەشداری لە دووەمین کۆبوونەوەی گشتیی تۆڕەکەدا دەکات کە بڕیارە لە نێوان ١١ بۆ ١٤ی نیسانی ٢٠٢٦ لە شاری باندۆنگی وڵاتی ئەندەنووسیا بەڕێوەبچێت.




ئەم کۆبوونەوەیە نزیکەی ٧٠ ساڵ دوای کۆنفرانسی مێژوویی ئاسیا-ئەفریقای ساڵی ١٩٥٥ لە باندۆنگ دێت؛ ئەو کۆنفرانسەی کە تێیدا گەلانی تازە سەربەخۆی "باشووری جیهان" کۆبوونەوە بۆ جەختکردنەوە لە سەروەری و هاودەنگییان لە دەرەوەی هەژموونی زلهێزە داگیرکەرەکان. ئێستا، تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەمان شوێن بۆ نوێکردنەوەی ئەو ڕۆحیەتە و بەهێزکردنی بەرگری لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا.

تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان (GTA) چییە؟

تۆڕێکی جیهانیی دژە سیستەم و دژە داگیرکارییە، کە لە کۆمەڵێک ڕێکخراو، گرووپی دانیشتووانە ڕەسەنەکان، ئەکادیمییەکان، ناوەندەکانی توێژینەوە و دەستپێشخەرییە جیاوازەکان پێکهاتووە. ئەم تۆڕە کار لەسەر پەرەپێدانی میتۆدی دادپەروەرانە، پاراستنی سروشت و بونیادنانی ئابوورییەکی سەربەخۆ و بەردەوام دەکات بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەکان.

ئامانجی بەشداریکردنەکە:

کۆبوونەوەکەی باندۆنگ پانتاییەکی گرنگە بۆ:

*دروستکردنی هاوپەیمانی و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی.

*ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکە و بڕیاردانی بەکۆمەڵ لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان.

*یارمەتیدانی جێگرەوە جۆراوجۆرەکان بۆ گەشەکردن لە دەرەوەی چوارچێوەی سیستەمی باڵادەست.

*بونیادنانی هاودەنگی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی.

*ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی وەک بەشێکی کارا لەم بزووتنەوە جیهانییە، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ داڕشتنی دیدگایەکی نوێ بۆ ژیان و پاراستنی ژینگە، بەو ئاراستەیەی کە مرۆڤ و سروشت لە ناوەندیدا بن.

ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی - ناوەندی میدیا

٨ / ٤ / ٢٠٢٦

https://t.me/EcologyAcademy2

بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...