زاگرۆسانە و درەختی بەڕوو، پەیامی ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی لە کۆبوونەوەی جیهانیی باندۆنگ

لە چوارچێوەی بەشدارییەکانی لە دووەمین کۆبوونەوەی گشتیی "تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان (GTA)" لە شاری باندۆنگی ئەندەنوسیا، ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی کارنامەیەکی چڕی دەربارەی دۆخی ژینگەی کوردستان و مۆدێلە جێگرەوەکان پێشکەش کرد.

دەستپێکێکی کولتووری و سروودی بەرخۆدان

ڕۆژی دووەمی کۆبوونەوەکە ٢٠٢٦/٤/١٣بە ئاهەنگێکی بەخێرهاتنی شکۆدار دەستی پێکرد، کە گوزارشتی لە کولتووری دەوڵەمەندی ناوچەی "تاتار پاسوندا" و گەلی "سوندان" دەکرد. لەو چوارچێوەیەدا، نمایشی میوزیکی "ئەنگکلۆنگ" لەلایەن ڕێکخراوی "سێریکاتی پێتانی پاسوندان (SPP)" بە پێشەنگایەتی ژنان و فێرخوازانی بزووتنەوەی چاکسازیی کشتوکاڵ پێشکەش کرا. یەکێک لە ساتە هەرە کاریگەرەکان، چڕینی گۆرانی "دارا جوانگ" (خوێنی خەبات) بوو، کە وەک ڕێزگرتنێک لە تێکۆشانی گەلان و ڕۆحی بەرخۆدانی جیهانی پێشکەش کرا.

ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان و گەڕان بەدوای جێگرەوەدا

لە بەشێکی تری چالاکییەکاندا، بەشداربووان لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەرێمی و نێودەوڵەتی گفتوگۆیان دەربارەی قەیرانە جیهانییەکان و کاریگەرییە وێرانکەرەکانیان لەسەر ژینگە و ژیانی مرۆڤ کرد. تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان تەرخانکرا بۆ دۆزینەوەی "ئەڵتەرناتیڤی ڕیشەیی" لە بەرامبەر سیستەمی هەژموونگەرایی و میلیتاریزەکراو، کە وەک هۆکاری سەرەکیی داڕمانی ئیکۆلۆژی و نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی ناسێنران.

ئابووریی هاوپشتی 

لە بەشی دووەمی ڕۆژەکەدا، هەڵوێست کەریم، وەک هاوبەرێوەبەری گرووپی هاودەنگی ئابووری لە (GTA) و ئەندامی ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی، بەشداری لە زنجیرەک کاری بەکۆمەڵدا کرد کە تایبەت بوون بە (دیموکراسیی ڕیشەیی، ڕۆڵی ژنان، پاراستنی ئیکۆلۆژی و ئابووریی هاوپشتی). لەم بەشەدا، جەخت لەسەر بونیادنانی "ئابووریی خەڵک" کرایەوە وەک جێگرەوەیەک بۆ سیستەمی سەرمایەداری، و ئەزموونە جیاوازەکانی جیهان لەم بوارەدا ئاڵوگۆڕ کران.

"زاگرۆسانە"؛ گێڕانەوەی بەرخۆدانی سروشتی کوردستان

لە کۆتایی ڕۆژەکەدا، هەڵوێست کەریم وەک نوێنەری ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی، سیمینارێکی بەناونیشانی "زاگرۆسانە" پێشکەش کرد. لەم پێشکەشکردنەدا تیشک خرایە سەر:

١. ڕۆڵی کۆمەڵگە: چۆنیەتی بەشداریی خەڵک بۆ نوێکردنەوە و پاراستنی ژینگەی چیاکانی زاگرۆس.

٢. پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان: ڕۆڵی کاریگەری ئەم دوو توێژە لە بزووتنەوە ئیکۆلۆژییەکانی کوردستاندا.

٣. داربەڕوو وەک سیمبۆل: ناساندنی پاشخانی مێژوویی زاگرۆس و داربەڕوو وەک نیشانەی خۆڕاگری، ژیان و ناسنامەی نەتەوەیی کورد.

ئەم بەشدارییەی ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی هەنگاوێکی گرنگە بۆ گەیاندنی دەنگی ژینگەی کوردستان بە ناوەندە جیهانییەکان و ئاوێتەکردنی خەباتی ئیکۆلۆژیی ناوخۆیی بە بزووتنەوە جیهانییە جێگرەوەکان.

ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی - ناوەندی میدیا

٢٠٢٦/٤/١٥

https://t.me/EcologyAcademy2

بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...