ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی بەشداری لە دووەمین کۆبوونەوەی جیهانیی "تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان" لە ئەندەنوسیا کرد

هەڵوێست کەریم، وەک ئەندامی "ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی" و هاوبەرێوەبەری گرووپی هاودەنگی ئابووری لە "تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان (GTA)" بەشداری لە چالاکییەکانی دووەمین کۆبوونەوەی گشتیی ئەم تۆڕە نێودەوڵەتییەدا کرد کە لە شاری باندۆنگی وڵاتی ئەندەنوسیا بەڕێوەدەچێت.

لە یەکەم ڕۆژی دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا ١٢\٤\٢٠٢٦،  شاندی بەشداربوو سەردانی سێ ناوچەی ستراتیژییان لە بەشی ڕۆژئاوای دوورگەی "جاڤا" کرد. ئامانج لەم سەردانە، ئاشنابوون بوو بە شێوازی ژیانی کۆمەڵگە ڕەسەنەکان، گوندە کشتوکاڵییە دێرینەکان و تێڕوانینی قووڵی ئەوان بۆ پاراستنی هاوسەنگیی سروشت.

١.⁠ ⁠کاسێپوهان سیگوگور: مێژوویەکی زیندوو لە بەرگری

کۆمەڵگەی ڕەسەنی "سیگوگور" لە ناوچەی کونینگان، وەک ناوەندێکی گرنگی کولتووری "سوندان" ناسراوە کە توانیویانە دابونەریت و میراتی باو باپیرانیان بە زیندوویی ڕابگرن. دانیشتوانی ئەم گوندە لە سەردەمی داگیرکاریی هۆڵەنداوە، مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییان لە خەبات بۆ پاراستنی کولتووری کشتوکاڵی، پاراستنی سەرچاوە ئاوییەکان و چیاکان تۆمار کردووە. تا ئەمڕۆش، بە هەماهەنگی لەگەڵ گەنجان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان، لە ڕاوەستانەوە بەرامبەر ئەو پڕۆژە بازرگانیانە بەردەوامن کە مەترسی بۆ سەر ژینگە و ژیانی گوندەکەیان دروست دەکەن.

لە پێشوازییەکی گەرمدا کە لەلایەن شا و شاژنی ناوچەکەوە ڕێکخرابوو، گفتوگۆیەکی چڕ دەربارەی خەباتی هاوبەشی گەلانی ڕەسەن بۆ پاراستنی خاک و "دایکە زەوی" لە ڕابردوو و ئێستادا ئەنجامدرا.

٢.⁠ ⁠ساگاراهیانگ: ئاوێتەبوونی مێژوو و سروشت

گوندی "ساگاراهیانگ" لە قەزای دارما، ناوچەیەکی گەشتیاریی کشتوکاڵییە کە بە شوێنەوارە مێژووییە دێرینەکانی لە دامێنی چیای "گێگەرهالانگ" (کە ١٦٠٠-١٨٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە) ناوبانگی دەرکردووە. ئەم ناوچەیە شوێنی شوێنەواریی "مێگالیتیک"ـە و تێیدا چەندین پارچەی مێژوویی وەک (لینگایۆنی، مەنهیر و دۆڵمێن) دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ سەدەی ٧ و ٨ی زایینی دەگەڕێتەوە.

بوونی درەختگەلێک کە تەمەنیان لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٥٠٠ ساڵدایە، سیمایەکی تایبەتی بە ناوچەکە بەخشیوە. دانیشتوانی ناوچەکە تا ئێستاش کاریگەرن بە باوەڕی "ئەنیمیزم" (گیانگەرایی) و سروشت وەک دایک دەبینن، ئەمەش وای کردووە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە پارێزگاری لە ژینگەکەیان بکەن.

٣.⁠ ⁠مۆزەخانەی پارکی شوێنەواریی سیپاری: پێشەنگیی ژنان لە مێژوودا

ئەم مۆزەخانەیە تێکەڵەیەکی ناوازە لە شوێنەوارەکانی سەردەمی بەردینی نوێ و مێگالیتیک نیشان دەدات. دۆزینەوەی کەرەستە برۆنزییەکان و بەردە زەبەلاحەکان ئاماژەیە بۆ پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و بوونی پێکهاتەیەکی کۆمەڵایەتی و ڕۆحیی ئاڵۆز لەو سەردەمەدا.

خاڵی سەرنجڕاکێش لەم شوێنەوارەدا ئەوەیە کە دیوارەکان و ڕێکخستنی ئەندازەیی بەردەکان لەلایەن "ژنان"ەوە دروست کراون. لە کۆتایی سەردانەکەدا، بەشداربووان لە ناوەندی پارکەکەدا کۆبوونەوە بۆ ئەنجامدانی ڕامان (مێدیتەیشن)، وەک هێمایەک بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندیی ڕۆحی لەگەڵ سروشتدا.

دەرەنجام:

ئەم سێ وێستگەیە، نموونەی زیندووی بەرخۆدانی کۆمەڵگەکانن لە بەرامبەر تێکدانی سروشت. ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی جەخت دەکاتەوە کە پاراستنی زەوی، ئاو و دارستانەکان لەسەر بنەمای "چاودێری و هاوسەنگی"، تەنها ڕێگەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانە ژینگەییە جیهانییەکان.

ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی - ناوەندی میدیا

٢٠٢٦\٤\١٥

https://t.me/EcologyAcademy2

بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...