ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی بەشداری لە دووەمین کۆبوونەوەی جیهانیی "تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان" لە باندۆنگ دەکات

لە کاتێکدا جیهان لەبەردەم زنجیرەیەک قەیرانی پێکەوەبەستراودایە، لە تێکچوونی هاوسەنگیی ئیکۆلۆژی و گۆڕانکارییەکانى ئاووهەوا تا دەگاتە هەڵکشانی نایەکسانی، جەنگە بەردەوامەکان، ئیکۆساید و پچڕانی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، گەڕان بەدوای پانتاییەک بۆ هاودەنگی و بونیادنانی جێگرەوەیەک بۆ سیستەمی ئێستا، بووەتە پێویستییەکی مێژوویی.

لەو چوارچێوەیەدا، هەڵوێست کەریم، وەک هاوبەرێوەبەری گرووپی هاودەنگی ئابووری لە "تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان (GTA)" و ئەندامی "ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی"، بەشداری لە دووەمین کۆبوونەوەی گشتیی تۆڕەکەدا دەکات کە بڕیارە لە نێوان ١١ بۆ ١٤ی نیسانی ٢٠٢٦ لە شاری باندۆنگی وڵاتی ئەندەنووسیا بەڕێوەبچێت.




ئەم کۆبوونەوەیە نزیکەی ٧٠ ساڵ دوای کۆنفرانسی مێژوویی ئاسیا-ئەفریقای ساڵی ١٩٥٥ لە باندۆنگ دێت؛ ئەو کۆنفرانسەی کە تێیدا گەلانی تازە سەربەخۆی "باشووری جیهان" کۆبوونەوە بۆ جەختکردنەوە لە سەروەری و هاودەنگییان لە دەرەوەی هەژموونی زلهێزە داگیرکەرەکان. ئێستا، تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان دەگەڕێتەوە بۆ هەمان شوێن بۆ نوێکردنەوەی ئەو ڕۆحیەتە و بەهێزکردنی بەرگری لە بەرامبەر ئاڵنگارییەکانی سەدەی بیست و یەکەمدا.

تۆڕی جیهانیی جێگرەوەکان (GTA) چییە؟

تۆڕێکی جیهانیی دژە سیستەم و دژە داگیرکارییە، کە لە کۆمەڵێک ڕێکخراو، گرووپی دانیشتووانە ڕەسەنەکان، ئەکادیمییەکان، ناوەندەکانی توێژینەوە و دەستپێشخەرییە جیاوازەکان پێکهاتووە. ئەم تۆڕە کار لەسەر پەرەپێدانی میتۆدی دادپەروەرانە، پاراستنی سروشت و بونیادنانی ئابوورییەکی سەربەخۆ و بەردەوام دەکات بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگەکان.

ئامانجی بەشداریکردنەکە:

کۆبوونەوەکەی باندۆنگ پانتاییەکی گرنگە بۆ:

*دروستکردنی هاوپەیمانی و پاڵپشتیی نێودەوڵەتی.

*ئاڵوگۆڕکردنی بیرۆکە و بڕیاردانی بەکۆمەڵ لەسەر پرسە چارەنووسسازەکان.

*یارمەتیدانی جێگرەوە جۆراوجۆرەکان بۆ گەشەکردن لە دەرەوەی چوارچێوەی سیستەمی باڵادەست.

*بونیادنانی هاودەنگی لەسەر ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی.

*ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی وەک بەشێکی کارا لەم بزووتنەوە جیهانییە، بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ داڕشتنی دیدگایەکی نوێ بۆ ژیان و پاراستنی ژینگە، بەو ئاراستەیەی کە مرۆڤ و سروشت لە ناوەندیدا بن.

ئەکادیمیای ئیکۆلۆژی - ناوەندی میدیا

٨ / ٤ / ٢٠٢٦

https://t.me/EcologyAcademy2

بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...