*پەرستگای کەک لۆک سی گەورەترین پەرستگای بوداییە لە مالیزیا و یەکێکە لە گرنگترین شوێنە پیرۆزەکانی بودا لە باشوری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، هەموو ساڵێک هەزاران بودایی و گەشتیار سەردانی ئەکەن.
پەرستگاکە لەسەر گردێکی بەرز لە شاری ئایرئیتام لە ویلایەتی پینانگ دروست کراوە. بنیاتنانی لە ساڵی ١٨٩١ دەستی پێکرد و قۆناغ بە قۆناغ تەواو کرا. پانتایی هەموو پەرستگاکە نزیکەی ١٢ هێکتارە و لە چەندین پەرستگای گەورە و بچووک پێک هاتووە، کە لە چەندین ئاست و پلەی جیاوازدا لەگەڵ سروشتی گردەکە یەکیگرتووە. پەرستگای سەرەکی لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠٥، دوای نزیکەی ١٤ ساڵ تەواو بوو. دواتر بەردەوام فراوان کراوە و پەیکەری مەزنی کوان یینی لە ساڵی ٢٠٠٢ بۆ زیاد کراوە.
پەرستگای کەک لۆک سی بە ئاوێتەبوونی تەلارسازی چینی، تایلەندی و بۆرمایی، (پاگۆدای دە هەزار بودا)، باخچە جوانەکانی و دیمەنی پانۆرامایی شاری پینانگ رازاوەتەوە.
*بودا ناسراوە بە Siddhartha Gautama، لە نزیکەی سەدەی شەشەم پێش زایین لە باکووری هندستان (نێپالی ئێستا) لەدایک بوو. ئەو شازادە بوو، بەڵام ژیانی شاهانەی بەجێهێشت بۆ ئەوەی لە هۆکاری ئازار و ناخۆشیی مرۆڤ تێبگات. ئامانجی بودا ئەوە بوو مرۆڤ فێر بکات چۆن لە ئازار، تامەزرۆیی و پەیوەستبوون بە شتە ماددییەکان ڕزگاریببێت و بگات بە ئارامی و ڕووناکیی دەروونی، کە لە بودیزمدا پێی ئەوترێت نێرڤانا.
*لە گەشتەکانمدا و لە وڵاتی جیاواز سەردانی پەرستگەی بوداییەکانم کردووە، ئەو پەیکەرانەی بۆ بودا دروست کراون جیاواز ئەبینم لەگەڵ ئامانج و شێوە ژیان و خواستی ئەو. بودا وازی لە ژیانی مادی هێنا بەڵام پەرستگەی بوودییەکان بە زیوو و هەندێک جار بە ئاڵتوون دروست کراون یان زاخاو دراون. ئەو پەرستگەیەی ئەمرۆ سەردانم کرد لەسەر گردێکی زۆر جوان و بەرز بنیات نراوە و بەشێکی سروشتەکەی تێکدراوە، ماڵی هەمەچەشنەی زیندەوەر لە ناوبراوە کەئەمەش لەگەڵ هزری نا-توندوتیژی ئاهیـمسا یەک ناگرێتەوە کە بودا ژیانی بۆ تەرخانکرد.
*لە نزیکەی ٢٥٠٠ پەیکەر کە هەموو پیاو بوون تەنیا یەک پەیکەری ژن هەبوو، ئەمەش جارێکی دیکە خستیمەوە بیری ئەو پرسیارەی، چۆن هەموو پەیامبەرە زەمینی و ئاسمانییەکان پیاو بوون؟!
*پەیکەری مێینە لە پەرستگای کێک لۆک سی بریتییە لە کوان یین (گوانین) کە خوداوەندی میهرەبانی و بەزەییە لە ئایینی بودای چینیدا. بەرزییەکەی لە ٣٠ مەتر زیاترە، هێمای بەزەیی و میهرەبانیی و پاراستنە. لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، کوان یین بە شێوەیەکی نەریتی وەک ژنێک وێنا ئەکرێت.
هەڵوێست