جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی دەکەن و گۆڕانکارییە بۆماوەییەکان لەناو جۆرەکاندا، ئەگرێتەوە. 

جۆراوجۆری زیندوو بۆ پاراستنی هاوسەنگی ئیکۆلۆژی، پێویستە. بوونی جۆراوجۆری زیندوو واتە گونجاندن و خۆڕاگری سروشت هەربۆیە ئەو ئیکۆسیستەمانەی کە جۆراوجۆری زیندوویان تەندروستە بەرگەی وشکەساڵی و نەخۆشی و گۆڕانی کەشوهەوا زیاتر ئەگرن. واتە بەبێ جۆراوجۆری زیندوو، ئیکۆسیستەمەکان لاواز دەبن و  رووبەڕووی لەناوچوون دەبنەوە.



جۆراوجۆری زیندوو لە سەرانسەری جیهاندا بە خێرایی قڕدەبن، بەپێی خەمڵاندنەکان نزیکەی یەک ملیۆن جۆر مەترسی قڕبوونیان لەسەرە. ئامارەکان دەریدەخەن کە ژمارەی گیانلەبەرە کێوییەکان لە سەرانسەری جیهاندا لە ساڵی ١٩٧٠ەوە بە نزیکەی ٧٣% لەناوچووە، جۆرەکانی ئاوی شیرین بە ڕێژەی نزیکەی ٨٥% کەمیکردووە، زۆرێک لە ئیکۆسیستەمەکان تێکچوون. هۆکاری سەرەکی ئەم لەدەستدانە بریتییە لە سیستەمی ئابوری و سیاسی کە تەمحکارانە شوێنی نیشتەجێبوونی جۆراوجۆری زیندوو لەناو ئەبات بۆ پەلهاویشتنی کشتوکاڵی پیشەسازیگەرایی، بنیاتنانی شاری مۆدێرن و لەناوبردنی گوندەکان، بڕینەوە و سوتاندنی دارستانەکان، شێوازەکانی کشتوکاڵی پیشەسازیگەرایی وەکو تاک کشتوکاڵ و بەکارهێنانی پێو و قڕکەری کیمیایی، زیادەڕۆیی لە دەرهێنان و بەتاڵانبردنی سەرچاوە سروشتییەکان، و بڵاوبوونەوەی جۆرە داگیرکەرەکان، دواجار هەموویان پێکەوە جۆراوجۆری زیندوو قڕئەکەن.

 لە ڕوانگەی ئیکۆفێمینیزمەوە، لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندوو تەنیا پرسێکی ژینگەیی نییە بەڵکو پرسێکی ئەخلاقی، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوریشە. 

بزووتنەوە بنەڕەتییەکان بۆ پاراستنی جۆراوجۆری زیندوو هەوڵگەلێکی کۆمەڵایەتین و خەڵک، جووتیاران، ژنان و دانیشتوانە ڕەسەنەکان ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕن لە زیندوو هێشتنەوە ئیکۆسیستەمەکان و بەرەنگاربوونەوەی پراکتیزە وێرانکەرەکانی ژینگە. ژنان لە ڕێگەی پاراستنی تۆو و بەردەوامبوونیان لە کشتوکاڵیی سروشتی و پاراستنی زانیارییە نەریتییەکانی تایبەت بە سروشت، بەشدارییەکی بەرچاویان کردووە. 

ڤاندانا شیڤا ئیکۆفیمینست و ژینگەپارێز جۆراوجۆری زیندوو وەک جۆراوجۆری فۆرمەکانی ژیان و تۆو و کولتوور و سیستەمی زانین سەیر دەکات کە پشتگیری سروشت و مانەوەی مرۆڤ دەکەن. لە ڕێگەی بزوتنەوەی ناڤدانیاوە، پاراستنی تۆو و پاراستنی جۆراوجۆری زیندوو  کشتوکاڵی نەریتی و سروشتی بەرەوپێش بردووە. هەروەها زانکۆی زەوی (بیجا ڤیدیاپیت)ی دامەزراندووە، کە پەروەردە و ڕاهێنانی تایبەت و بەردەوام بۆ پاراستنی جۆراوجۆری زیندوو پێشکەش دەکات

بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...