بەکاربەریت یان دۆستی ژینگەیت؟

ئەو هەڵمەتی پاککردنەوانەی ئەمڕۆ ئەنجام ئەدرێت مایەی دەستخۆشی و رێزێکی زۆرە و خەڵک لەگەڵ ناوەندی خوێندن، گروپی شاخەوانی، رێکخراو دام و دەزگای حکومی و پێکەوە لە خەمی پاراستنی ژینگەدان.ئەوەی زۆر مایەی خۆشحاڵییە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجانە لەم هەڵمەتانەدا...ئەو دوو وێنەیەی لێرە دامناوە دوو هەڵمەتی پاککردنەوەیە لە دوو رۆژی جیاوازدا لە سنوری دەربەندیخان ئەنجامدراوە.







لێرەدا پرسیارێک دروست ئەبێت دوای هەوڵ و ماندوو بوونیئەم بەرێزانە، دوای کۆکردنەوەی ئەو هەموو خۆڵ و خاشاکە، چی لێ ئەکرێت؟ هەر رێگەیەکی کۆن و نوێ و پێشکەوتوو بەکاربهێنرێت چارەنوسەکەی هەر گەڕانەوەیە بۆ ناو خاک و ئاو و زەوی ئێمە. باشە ئەی من و تۆ چی بکەین کاتێک ئەڕۆین بۆ سەیران و گەشت؟

١-کەمکردنەوە یان بەکارنەهێنانی پێداویستی سەفەری، هەر جۆرێکیان بەکارئەهێنیت بە بیانووی ئەوەی زوو شی ئەبێتەوە، بە بیانووی ئەوەی دۆستی ژینگەیە دادمان نایات چونکە لەگەڵ برنج و فاسۆلیا، لەگەڵ یاپراخ و کەبابەکەدا لەسەر سفرە سەفەرییەکە تێکەڵ ئەبێت و هیچ سەلەیەکی خۆڵ لە تەنیشتەوە نییە کە ئەو ماددانەی جیا کردبێتەوە. جارێکی کە ئەیڵێمەوە کە هیچ جۆرێک لەو پێداویستییە سەفەرییانە جیاوازی نییە چونکە لێرە هیچ رێگەیەک نییە بۆ دووبارە بەکارهێنانەوە یان ریسایکلین.

٢-هەوڵبدە لەگەل هاورێ و خێزانەکەت بە ناو سروشتا پیاسە بکە و بگەرێ، هەڵپەڕە و سەما بکە کەمتر کات بۆ خواردن دابنێ کە ئەمە کاری ٣ ژەمەی ئێمەیە لە ماڵەوە...باشە نابێت جیاوازییەک هەبێت لە نێوان گەشت و ماڵەوە؟؟

٣-ئەگەر ئەو دوو خاڵەی سەرەوەش جێبەجێ ناکەیت لانی کەم پاشماوەکەت لەگەڵ خۆت بەرەوە، من دانیشتووی گوند و ئەو ناوچە گەشتیارانە بم ناهێڵم یەک کەس بێت لەو سروشتە جوانەی ئێمەدا گەشت بکات و بە پیسی بەجێیبهێڵێت..

با تۆزێک جدیتر قسە بکەین، سیستەمی ئەمرۆ پێویستی بەوەیە من و تۆ بەردەوام بەکاربەر بین، بەردوام بکڕین، بەردەوام بخۆین، سێ ژەم نان بخۆین، لانی کەم کێک و شیرینیش لە عەسرا، لە کاتێکدا ئەمە پێوویستی جەستە نییە بەڵکو بازار بۆی دروست کردوین.. زۆر خێزان هەیە ٥ کەسن بەشی ١٠ کەس بەس پێداویستی و خواردن، شیرینی و چەرەسات لەگەڵ خۆی ئەبات...ئەمە نیشانەی ئەوەیە ئێمە بووین بە سەرچاوەیەکی باشی کەڵەکەکردنی سەرمایە بۆ سیستەم، لە خۆشی و ناخۆشی، لە کاتی پەتا و کەرەنتین، لە کاتی ئاشتی و جەنگ بە راست و چەپا پارە پەیدا ئەکات لە بەرامبەردا ئێمە  و ژینگەکەمان لە ناو ئەبات، لەم دۆخەشدا ئێمە بووینەتەوە بە بەکاربەرێکی دڵسۆز بۆ سیستەم.🌻

بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...