ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت🌻

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت بۆ پابەندبوونی زیاتری ئێمەیە بۆ پاراستنی دارستان، ئاو و گیانلەبەران هاوکات بەرەنگاری ئەو سیستەمانەی کە سروشت، ژن و کۆمەڵگە دەخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیان و دەیانڕەتێنن. لە ڕوانگەی ئێمەوە، پیاوسالاری، سەرمایەداری و داگیرکاری پێکەوە بە هەمان لۆجیکی دەسەڵاتگەرایی و کۆنترۆڵکردن، زەوتکردن و قازانج، هەم جەستەی ژن و هەم سروشت دەکەنە سەرچاوەی سوود و قازانج.




لە کوردستان، ئەم رەتاندنە بە شێوەیەکی ڕوون دەبینرێت. کاتێک دارستانەکان دەسووتێندرێن، شاخەکان دەتەقەنرێنەوە یان تەخت دەکرێن، بەنداو لەسەر ڕووبارەکان دروست دەکرێت، کانەکان بەبێ پابەندبوونێکی ژینگەیی و مۆڕاڵی تاڵان دەکرێت، تەنیا ئیکۆسیستەمێک لەناو ناچێت بەڵکو ژیانی خەڵک، زانیاریی نەوەکان، شێوازی ژیانی گوند و پەیوەندیی مرۆڤ لەگەڵ سروشتیش لاواز دەبێت. هەر بۆیە پاراستنی سروشت تەنیا ئەرکێکی ژینگەیی نییە بەڵکو بەرگرییە لە مافی خەڵک بۆ ژیانێکی دادپەروەرانە، لە پاراستنی سەرچاوە سروشتییە هاوبەشەکان و لە مافی نەوەکانی داهاتوو بۆ ژیان لە ژینگەیەکی تەندروستدا.

لە سەردەمێکدا کە ئیکۆساید واتە لەناوبردنی سیستەماتیکی ژینگە وەک ئامرازی جەنگ، داگیرکاری و دەسەڵاتگەرایی بەکاردێت. هەربۆیە بەرگری لە سروشت تەنیا بەرگری لە درەخت و ئاو نییە بەڵکو بەرگرییە لە ژیان لە شکۆی مرۆڤ لە مافی گەلان و مافی نەوەکانی داهاتوو.  پاراستنی سروشت، لە بنەڕەتدا، پاراستنی ژیانە و ژیانیش بەبێ دادپەروەری ژینگەیی و  ئازادی و هاوسەنگی بەردەوام نابێت. 

بۆ یادی گیانبەختکردوانی سروشت و دایکە زەوی!

 کاتێک باس لە گیانبەختکردوانی سروشت دەکەین باس لە ڕێگایەک دەکەین کە مرۆڤ لە پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵ زەوی، سروشت و ژیان هەڵیدەبژێرێت.




خەبات ئەمینی، حەمید مورادی و چیاکۆ یوسفی سێ چالاکی کوژاندنەوەی ئاگری شاخی ئاویەر و سێ چالاکی بزووتنەوەی ئازادی و ژینگەپارێزی کوردستانن. ژیان و گیانبەخشینی ئەوان بەشێکە لە خەباتێکی قوڵتر، خەباتێک دژ بە وێرانکردنی سروشت، دژ بە داگیرکاری و دژ بە ئیکۆساید. بۆیە یادی ئەوان هێمای بەرگریکردنە لە سروشت و لە ژیان.
ئەوان و هەموو گیانبەختکردوانی ژینگە، تەنیا بۆ پاراستنی دارستان و ژینگە خەباتیان نەکرد بەڵکو ئەوان بەرگرییان لە مافی نەوەکانی داهاتوو و لە مافی سروشت کرد.
لە کاتێکدا کە قەیرانەکانی ژینگە لە هەموو جیهاندا رۆژ بە رۆژ قووڵتر دەبێتەوە، ئەوان نیشانیان دا کە پاراستنی سروشت هاوکات پرسیێکی کۆمەڵایەتی، ئابووری و نیشتمانییە. ئەوان نیشانیان دا کە خۆشەویستی بۆ خاک و سروشت بەشێکە لە بەرپرسیارێتی هەموومان بەشێکە لە پاراستنی شوناسی کوردبوون.
یادی ئەوان بانگەوازێکە بۆ ئەوەی هەموومان زیاتر هەست بە بەرپرسیارێتیمان بەرامبەر بە سروشت بکەین. ئەو ڕێگەیەی ئەوان دەستیان پێکردووە بە تێکۆشان و خەباتی ئێمە بەردەوام دەبێت.
هەندێک مرۆڤ تەنیا ژیانێکی ئاسایی ناژین بەڵکوو مانایەک بە ژیان دەبەخشن. گیانبەختکردوانی سروشت و دایکە زەوی ئەو کەسانەن کە ژیانی خۆیان بەخشی بۆ پاراستنی ئەو خاک و سروشتەی کە هەموومان لەسەری دەژین.
هەڵوێست

بابەتەکان

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت🌻

ڕۆژی جیهانی پاراستنی سروشت بۆ پابەندبوونی زیاتری ئێمەیە بۆ پاراستنی دارستان، ئاو و گیانلەبەران هاوکات بەرەنگاری ئەو سیستەمانەی کە سروشت، ژن ...