پێگەی ژن لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی خۆسەری دیموکراسی هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا

 ئەم بابەتە هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی پێگەی ژن لە گرێبەستی کۆمەڵایەتی خۆسەری دیموکراسی هەرێمی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. بۆ ئەوەی قسە لەسەر پێگەی ژن لەم پەیمانە کۆمەڵایەتییەدا بکەم پێویستە بە کوورتی ئاماژە بەو ریشە مێژوییەی خەبات و تێکۆشانی ژنان بدەم کە پێش داڕشتنی ئەم پەیمانە کۆمەڵایەتییە تێکۆشانیان بۆ کردووە و هەر لەو مێژەوە هەنگاوەکانی بنیاتنانی ژێرخانێک نرا کە لە ئێستەدا هاوئاهەنگ بوو بۆ ئەوەی ئەم دەستورە بنوسرێتەوە و خەبات و تێکۆشانی ژنی کورد ببێت بە سروش و رێگە نیشاندەرێک تا ژنانی گەلان و ناوچەکەش سودی لێ وەربگرن. سەرەتاکانی نوسینەوەی دەستور/ یان ریشەی گفتوگۆکردن دەربارەی خۆسەری ژن ئەتوانین بڵیین ئەگەرێتەوە بۆ کۆنفرانسی ژن لە سالی ١٩٩٣ لە زەڵێ ئەنجام دراوە و نزیکەی ٤٠٠ ژن بەشداری تێدا کردووە پاشان و لە سالی ٢٠٠٠ بزوتنەوەی ژنی کورد هەنگاوی بۆ کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک ناوە لەو ستراکتۆرەی کە ژنی تێدا بووە، بناغەکەی ئەو خۆسەرییە تا رادەیەک جێگیر بوو. دواتر لە رۆژئاواى کوردستان  یاسای ژماره‌ ٢٢ له‌ ساڵى ٢٠١٤  تایبه‌ت به‌ ژنان پەسەند کرا و لە سالی ٢٠٢١ یاساکە گۆرا بە یاسای خێزان. یاسای ژمارە ٢٢‌ پێک هاتبوو لە ٤٠ مادە و ٢٦ بنەما ‌ بە ئامانجی چەسپاندنی‌ مافه‌ بنه‌ڕه‌تیه‌کانى ژنان و پاراستنی ژنان لە توندوتیژی. پێویستە لێرەدا بە کورتی ئاماژە بەهەندێ لەو بنەما و ماددانە بدەم.


له‌ یاساکه‌دا یه‌کسانى له‌ نیوان ژن و پیاو له‌ ھه‌موو بواره‌کانى ژیانى گشتى و تایبه‌تی جێگیرکرا، پابه‌ندبوون به‌ پره‌نسیپى ھاوسه‌رۆکى له‌ به‌رێوه‌بردنى ھه‌موو ده‌زگاکان دا چەسپا، یه‌کسانى له‌ نێوان شایه‌تى ژن و شایه‌تى پیاو له‌ ڕووى به‌ھاى یاساییه‌وه جێگیرکرا‌، ھاوسه‌گیر بەزۆر بە کچان قەده‌غه‌کرا، بەتاڵکردنەوەی ماره‌یى بەو تێگەیشتنەی ئامانج لە مارەیی به‌ موڵک کردنى ژنه‌ و له‌ بری ئه‌وه‌ به‌شدارى ھه‌ردوو لایەن لە بەرێوبرنی خێزان لە ئەرک و بەرپرسیارێتی یەکسان، لەسەر بنەمای هاوژیانی ئازاد و یەکسان‌ له‌ دابین کردنى ژیانێکى ھاوبه‌ش، وه‌ قه‌ده‌غه‌ کردنى فره‌ ژنی، یه‌کسانى له‌ نێوان ژن و پیاو له‌ ھه‌موو پرسه‌کانى میرات، قەدەغەکردنی کوشتن به‌ پاساوى شه‌ره‌ف (لەو یاسایەدا کوشتن بە پاساوی شەرەف بە تاوان دانراو و ئه‌نجامده‌رى سزا ده‌درێ به‌پێى ئه‌و ده‌قه‌ یاسایانه‌ى که‌ له‌ یاساى سزاکانى تایبه‌ت به‌ کوشتنى به‌ ئه‌نقه‌ست دا ھه‌یه، سه‌پاندنى سزاى توند له‌سه‌ر ئه‌نجامده‌رانى خیانه‌تى ھاوسه‌رى به‌ یه‌کسانى بۆ ھه‌ردوولا نەک تەنیا بۆ ژن، بازرگانى کردن به‌ منداڵ و ژنانه‌وه‌ به‌ ھه‌موو جۆره‌کانیانه‌وه‌ تاوانه‌ و ئه‌نجامده‌رانى سزاى توند ده‌درێن ھه‌موو جۆرەکانی بازرگانى سێکسی، کارکردن به‌ مندالان و بازرگانى کردن به‌ ئۆرگانه‌کانى جه‌سته‌ قەدەغەکراوە.

ئەتوانین بلێین ئەم یاسایە وەرچەرخانێکی گەورە بوو بۆ ژنی کورد و ناوچەکەش کە لە ماوەیەکی زۆر کەم لە بەرێوبردن لە کانتۆنی جزیرە ئەم ئیرادەیە لە یاسایەکدا خۆی نمایش کرد بۆ چەسپاندن و جێگیرکردنی مافەکانی ژن کە نموونەی نییە.


ئەگەر زۆر بەخێرایی راگوزەرێک بکەین بە گرێبەستی کۆمەڵایەتی بۆ بەرێوبەری خۆسەری دیموکراسی هەرێمی باکور و رۆژهەلاتی سوریا، ئەتوانین بڵێین ئەم دەستوورە، کار بۆ بنیاتنان و گەشەپێدانی چەند دیاردەیەک دەکات لە نێو گەلانی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. بەتایبەت:

*ئاشتی و پێکەوە ژیانی گەلان.

*خەلک مافی بەشداریکردنی دەسەڵاتی هەبێت، واتە بەشداریکردنی سیاسییانە و بەرێوبردن لە بنکەی کۆمەلگەوە دەست پێ ئەکات.

*شەفافیەت و دابەشکردنی سەرچاوە و داهات بۆ خەڵک بە شێوەیەکی یەکسان واتە سەرچاوەکان موڵکی گشتین و هی خەڵکن.

*یەکسانی نێوان ژن و پیاو جێگیرکراوە.

*ئەرزشدانان بۆ رۆڵی گەورەی ژنان و بەشداریکردنی چالاکانەی ژنان (بە بەشداری ٥٠ بە ٥٠ جێگیرکراوە).

*ئەرزشدانان بۆ خێزان کە لە بچوکترین یەکەی بەشدارییەوە واتە کۆمۆنە بوونی هەیە.

*بەشداریپێکردنی رۆلی چالاکانەی گەنجان، پاراستنی شکۆیان.

*رێزگرتن لە شەهیدان و بنەماڵەی شەهیدان لە ماددەی ١٠٠ ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان و برینداران و دیلەکانی جەنگ، باسی لێوە کراوە.

*بە سەروەریکردنی یاسا و بێ لایەن بونی دادگاکان.

*رێزگرتن لە ژینگە لە ماددەی ١٠١ ئەنجومەنی ژینگە بۆ ئەم مەبەستە دامەزراوە.

*کەرتەکانی حکومەت و دابینیکردنی خزمەتگوزاری بۆ خەڵک بە شێوەیەکی یەکسان.

*ریزگرتن لە زمانی دایک بۆ هەموو گەلانی ناوچەکە، زمانی فەرمی عەرەبی، کوردی و سریانییە.

*خەلک ئازادانە مافی پەراوەکردنی ئاینی خۆی هەیە و ماددەی ١٠٧ ئەنجومەنی ئایین و بیروباوەر کار بۆ ئەو ئازادییە دەکات.


با لێرەدا بێینە سەر بابەتە سەرەکییەکەی ئەم نوسینە کە قسەکردنە لەسەر پێگەی ژن لە گرێبەستی کۆمەڵایەتیەکەدا. لە دەستپێکی گرێبەستەکەدا و لە پێشەکییەکەدا چەند دێرێک زۆر سەرنجی راکێشام و وەک ژنێکی کورد زۆر دلخۆش بووم و لێرەدا وەک خۆی ئەینوسمەوە (ئەو شۆڕشە کۆمەڵایەتییەی کە بە سەرکردایەتی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەدیهات، ڕێگەی بۆ ڕێنێسانسێکی فیکری و کۆمەڵایەتی کردەوە و ژنیش بوو بە پایەی بنەڕەتی سیستەمی دیموکراتی ئێمە.)

لە کاتێکدا لە مێژوی شۆرش، راپەرین و جەنگ لە سەر ئاستی دنیا ژنان بەشداریان کردووە لە رۆڵەکانی برین پێچی، سەربازی تا قورسترین پر زەحمەتریین کار کە هێزی بازوو و جەستە، ئەقل و فکریی ژنی تێدا خراوەتە کار بەڵام دەستەکەوتەکانی جەنگ و شۆرش شانازیی بە باڵای پیاواندا بڕیووە و رۆل و پێگەی ژن لە حکومرانی و هەر پێگەیەکی دیکەدا بوبێت نەبووە یان روکەشانە و ناچالاکانە بووە. هەر بۆیە پێش ئەوەی دەروازە و ماددەکانی ئەم گرێبەستە بخوێنمەوە دلنیا بوم ئەم گرێبەستە جاڕنامای گەردونی مافەکانی مرۆڤی تێپەڕاندوو و لەسەر بنەمای تێکۆشانی ژن لەو بەشەی نیشتمان نوسراوەتەوە کە تا ئاستی ئەفسانە لە سەر ئاستی جیهان پێگەی خۆی جێگیرکرد. 

لێرەوە دێم قسە لەسەر هەندێک ماددەی پەیوەندیدار بە ناونیشانی بابەتەکەم ئەکەم.

یەکەم/ دیدی فیمینیزمی ژینگەیی

لە دەروازەی یەکەم و لە ماددەکانی ٢، ١٤، ١٩ و ٢٠ لە لێرەدا وەک خۆی نوسراوەتەوە

ماددەی ٢/ بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پشت دەبەستێت بە سیستەمی: دیموکراتی ، ژینگەیی، وکۆمەڵگەیی و، ئازادی ژن.

مادەی ١٤ /ژیانی دیموکراتیانەی ئیکۆلۆژیی و کۆمەڵگەیی وەک بنەما وەربگیرێت و، کارکردن لە پێناو بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتانەی ئیکۆلۆژیی و ڕێگری کردن لە هەڵسوکەوتی ناڕەوای تێکدەرانە و تاڵانکارانە دژبە سروشت.

مادەی ١٩/ بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا گەشە دەدات بە ئابوری کۆمەڵایەتی بۆ ژنان و دژایەتی هەموو جۆرە بەکاڵاکردنێکی ژنان و بەکارهێنانیان دەکات.

مادە – ٢٠ سامان و کانزا سروشتیەکان هی کۆمەڵگان، بەرهەمهێنان و بەکارهێنانیان بەپێی پێویستیەکانی دەبێت لەکانتۆنەکان وبەشێوەیەکی دادپەروەرانە دەبێت و، ئەم بابەتەش بەیاسا ڕێکدەخرێت.

ئەگەر بە دیدیی ئیکۆ فیمینیزم خوێندنەوە بۆ ئەو چوار ماددەیە لە دەروازەی یەکەم بکەین ئەبینین ژن و ژینگە پایەی سەرەکی ئەم گرێبەستەن و تیروانینی بۆ ئازادی ژن و ژینگە هاوبەشە. واتە ئەو دنیابینییەی ئەم گرێبەستەی لەسەر نوسراوەتەوە ئازادی ژن و ژینگە پێکەوە پەیوەست دەکات. سەرچاوەکانی سروشت دەگەرێنیتەوە بۆ کۆمەلگە/تاکەکان بە بێ جیاوازی و لە ژێر هەیمەنەی تاک و گروپەکان دەریدەکات و لە هەمان کاتدا ژن لە بەکالاکردن دور دەخاتەوە و ئابوری کۆمەڵایەتی بۆ ژنان گەشە پی دەدات. هەر لێرەوە پرسی ئابوری ژن و ئازادی ژن پێکەوە گرێدەدرێت و ژن لە پاشکۆی پیاو دور دەخاتەوە. 

دووەم/توندوتیژی:

لە ماددەکانی ٢١، ٢٢ ئاماژە بەوەدەدرێت کە دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی، پەروەردە و فێرکرن بێ بەرامبەر بن و رێگری لە قۆرخکاری ئەو کەرتانە ئەکرێت. ئەمانە هۆکار ئەبن کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان کەم ببێتەوە یان لە ئاستێکی زۆر نزمدا بن. بەتایبەت ئەو کاتەی ژنان ئابوری سەربەخۆیان نییە بۆیە دابین کردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندن هۆکارە تا ژنان کەمتر پشت بە پیاوان ببەستن و نەبن بە پاشکۆی پیاو. هەردو مادەکە لێرەدا وەک خۆی نوسراوەتەوە:

مادە – ٢١ گەشەپێدانی دڵنیایی تەندروسی بۆ هەموو تاکەکانی کۆمەڵکا، وە خزمەتگوزارییە تەندورستیە گشتییەکان بەبێ بەرامبەر دەبن.

مادە – ٢٢ ڕێگریکردن لە قۆڕخکاری لە بوارەکانی فێرکردن و تەندروستی.

هەر بۆیە لە دەروازەی دووەم تایبەت بە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان مادەی ٥٠ ئەنجامدانی هەموو جۆرە توندوتیژییەک دژی ژنان و بەکاربردنیان یان سەپاندنی جیاکاری نەرێنی بەسەریاندا  تاوانێکن بەپێی یاسا سزا دەدرێت.

سێیەم/ رۆڵ و نوێنەرایەتی/بەشداری ژن:

*ژن لە بچوکترین یەکەی کۆمەلایەتی و بەرێوبردن کە کۆمیۆنە تا ئەنجومەنی بەرێوبەرایەتی خۆسەری مافی هاوسەرۆکیان هەیە. ئەزموونی هاوسەرۆکی نمونەیەکی ناوازەیە لە جیهاندا. لەگەل ئەوەشدا لە پەیکەری ئەنجومەنەکانی گەلدا بەشداری ژن بە رێژەی لە ٥٠٪ جێگیرکراوە بۆ ئەنجومەنەکانی گەرەک، شارۆچکە، شار، کانتۆن.

چوارەم/ پاراستنی ژن لە رێی یاساوە:

لە بەشی دووەم ماددەی ١٠٣ ئەنجومەنی مافەکان لە دامەزراوەکانی مافپەروەری پێکدێت لە نوێنەرانی سەندیکای پارێزەران، نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی پەیوەندیدار بە مافەکانی مرۆڤ و مافەکانی ژنان، نوێنەرانی ئەنجومەنی داد و کۆلێژە پەیوەندیدارەکان. یاسا و ڕێساکان لەسەربنەمای ئەخلاق و بنەما دیموکراسیەکانی مافەکان لە بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراسیدا پەرەپێدەدات . بۆئەوەی ئەو یاسایانەی دەردەچن لەگەڵ گرێبەستی کۆمەڵایەتیدا بگونجێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ لێژنەکانی ئەنجومەنی دیموکراتی گەلان کاردەکات، هەڵدەستێ بە چاودێریکردن و بەڵگەنامەکردن و بەدواداچوون بۆ پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ کە دژی دەڤەرەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ناوچە داگیرکراوەکان ئەنجام دەدرێت. لەگەڵ دامەزراوەکانی پەیوەندیدار بە مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەکانی مافپەروەریی کاردەکات. هەڵدەستێ بە ئەنجامدانی چالاکییەکان بۆ گەیشتن بە شەرعییەتی یاسایی بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراسی. لێرەوە تێ دەگەین هیچ یاسایەک رەوایەتی خۆی وەرناگرێت ئەگەر لە گەڵ ناوەرۆک و دەقی ئەم گرێبەستە کۆمەلایەتیەدا ناکۆک بێت. 

پێنجەم/ خۆرێکخستنی ژن لە رێی ئەنجومەنی ژنەوە:

بەشی چوارەم مادەی ١١٠ ، ئەنجوومەنی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خۆی ڕێکدەخات لە کۆمۆن، شارۆچکە، شار، کانتۆن و هەرێم دەست پێدەکات. ئەم ئەنجومەنە لە ١٣ خاڵدا ستراتیژ و رێگەکانی خۆرێکخستن، خۆسەری، پاراستن و نوێنەرایەتی کارای ژنانی جێگیکردووە و ئەوەی کە زۆر مایەی دلخۆشییە ئەوەیە کە ژنان کار لەسەر داڕشتنی گرێبەستی کۆمەڵایەتی بۆ ژنان دەکەن. وردەکاریی ماددەی ١١٠ وەک خۆی بەم شێوەیە  نوسراوەتەوە:

ئەنجوومەنی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا خۆی ڕێکدەخات لە کۆمۆن، شارۆچکە، شار، کانتۆن و هەرێم دەست پێدەکات. لەسەر ئەم بنەمایە:

١-ئەو ئەنجومەنەیە کە نوێنەرایەتی ژنان دەکات لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ژنان لە مەجلیسی گەلانی دیموکراتی نوێنەرایەتیان هەیە.

٢-سیاسەت و پلانی ستراتیژی تایبەت بە ژنان دادەڕێژێت.

٣-کار بۆ بنیاتنانی سیستمێکی کۆنفیدراڵی بۆ ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەکات.

٤-دەستکەوتەکانی شۆڕشی ژنان بەردەوامی پێدەدات و دەیپارێزێت و پەرەی پێدەدات.

٥-بڕیار سەبارەت بە ژنان دەدات.

٦-یاساکانی پەیوەست بە ژنان و خێزان ڕێکدەخات و دەیانخاتە بەردەم مەجلیسی گەلانی دیموکرات بۆ دەرچوواندنی.

٧-کار بۆ پەروەردەکردن و ڕێکخستنی ژنان و بنیاتنانی خێزانی دیموکراسی و پاراستنی مافەکانی ژنان لە هەموو بوارەکاندا دەکات.

٨-کار بۆ چەسپاندنی پرەنسیپە دیموکراسیەکان دەکات لە بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

٩-کار لەسەر داڕشتنی گرێبەستی کۆمەڵایەتی بۆ ئافرەتان دەکات.

١٠ -ئەنجومەن دوو ساڵ جارێک هەڵدەبژێردرێت، بە دەنگدانی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

١١ -ئەنجومەنی جێبەجێکار یا راپەراندنی ئەنجومەنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا هەڵدەبژێردرێت.

١٢-کۆمیتەی هەماهەنگی ژنان کە کار بۆ ڕێکخستنی کاروباری ژنان لە بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراتی دەکات، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانە بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا.

١٣ -ئەنجومەنی ژنان بەپێی ڕێسا وپەیڕەو ناوخۆییەکان کارەکانی ڕێکدەخات.

شەشەم/ پاراستنی هەرێم، خەلک و ژن لە رێی سوپای سەربازی:

بەشی پێنجەم مادەی  ١١١ باس لە پاراستن و بەرگریکردن لە خۆپارێزیی لە رێێ سوپای سەربازیی دەکات:

لەم مادەیەدا بە رونی باس لە ئەو هێزانە و ئەرک و لێپرسراوێتییان دەکات لە پاراستنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و دەستەبەرکردنی پاراستنی گیان و ماڵی هاوڵاتیانن بەبێ جیاوازیی لە بەرامبەر هەموو هێرش و داگیرکارییەک. ئەم هێزانە لە هاولاتیان پێک ئەهێنرێن و بۆ پاراستنی هاولاتیانن بە بێ جیاوازی ئاین، نەتەوە و مەزهەب ئەوانیش ( هێزەکانی پاراستنی کۆمەڵگا، هێزەکانی سوریای دیموکرات، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ 

لە گەل ئەم سێ  هێزەشدا ئێمە یەکینەکانی پاراستنی ژنانمان هەیە وەک ئەوەی بەم شێوەیە باس کراوە:

١- بەرگریکردن لە خۆ ماف و ئەرکێکە بۆ ژنان، و مافی خۆیانە لەناو پێکهاتەکانیدا خۆیان ڕێکبخەن.

٢- یەکینەکانی پاراستنی ژنان هێزی پاراستنی رەوان بۆ ژنان و کۆمەڵگا و خۆیان بە تایبەتی لەناو هێزەکانی سوریای دیموکراتدا ڕێکدەخەن.

د- دەزگای هەواڵگری نیشتمانی زانیاری کۆدەکاتەوە و بەرەنگاری مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نەتەوەیی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەبێتەوە، وەک دامەزراوەیەکی سەر بە هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی راپەڕاندن یا جێبەجێکردن لە باکور وڕۆژهەڵاتی سوریا یان جێگرەکانی، کاردەکات.

لە هەموو ئەو وڵاتانەی ژنان لە سوپادا بەشدارییان هەیە ژنان و تەنانەت پیاوانیش روبەڕوی دەستدرێژی سێکسی و گێچەڵی سێکسی دەبنەوە، داتای هێزە سەربازییەکان کە ژن تێیدا بەشدارییان هەیە و رێژەی توندوتیژی و دەستدرێژی سێکسی لە ئاستێکی بەرزدایە. بە پێی راپرسی شوێنی کار و پەیوەندییە جێندەرییەکانی کە لە لایەن WGRA ئەنجام دراوە ئاماژە بەوە دەدات کە لە ساڵی ٢٠١٤ لە  ٢٠،٣٠٠ کەس واتە (١٠،٦٠٠ پیاو و ٩،٨٠٠ ژن) لە ساڵی  2014دا دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر. لە ساڵی ٢٠١٨دا،  ٢٠،٥٠٠ کەس واتە (ژن ١٣،٠٠٠ و پیاو ٧،٥٠٠ دەستدرێژییان کراوەتە سەر)، واتە %6.2  ژنان و %0.7پیاوان  دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر. ئەم داتایانە ئەوە دەلێن نەک ژن بەلکو پیاویش پارێزراو نییە واتە مرۆڤ لەو شوێنەی کە پیویستە پارێزگاری لە ژیانی خودی ئەو کەسانە و مرۆڤەکانی کە بکرێت هیج پارێزراو نییە لە کاتێکدا یەکەم ئامانج و کاری سوپا پاراستنی هاوڵاتیانی خۆیەتی بەڵام لە ناو سوپایانە دەستدرێژی دەکرێنە سەر ژنان و پیاوانی کارمەند و سەرباز. 

لە سەر ئاستی جیهان لە کاتی جەنگ، کارەساتی سروشتی، جەنگی تیرۆستی و داگیرکاری، هێرشی میلیشا لە ناوخۆی وڵات و هەرێمەکاندا هەمیشە ژنان و منداڵان قوربانی یەکەم بوون بە تایبەت ژنان و کچان دەستدرێژی سێکسی کراوەتە سەریان و زۆر جار بە کۆمەڵ دەستدرێکی سێکسی کراوەتە سەر ژنان. نزیکترین نمونە کچانی ئێزدییە کە ئێستەش بە هەزاران ژنی ئێزدی لە ژێر دەستی داعشدان و وەک کۆیلەی سێکسی کرین و فرۆشیان پیدەکرێت.. لە ٤٠ سالی رابوردودا  ژنان بە کۆمەل دەستدریژیان کراوەتە سەر لە رواندا لە سالی ١٩٩٤ ٢٥٠،٠٠٠ ژن لە لیبریا ٤٠،٠٠٠ ژن لە کۆنگۆ ٢٠٠،٠٠٠ ژن بە کۆمەڵ دەستدرێژیین کراوەتە سەر. لە بەرامبەردا ژنان لە یەکینەکانی پارستنی ژن ناسراو بە (یەپەژە)، ئەم هاوکێشەیەیان پێچەوانە کردوە بەرگیریان لە خۆیان و لە خاکەکەشیان کرد و جیهان سروشی لە ئازایەتی و جوامێری ئەو ژنانە وەرگرت. 

حەوتەم/ پاراستنی بنەماکانی دادپەروەریی:

بەشی شەشەم لە گرێبەست و مادەی ١١٥، بنەماکانی دادپەروەری ژنان ئەنجوومەنی دادپەروەری تایبەتیان هەیە کە کار لەسەر بڕیارەکانی تایبەت بەخۆیان دەکات. واتە ژنان لە رێی بنەماکانی دادپەروەرییەوە هەولی بەدەستهێنانی داد پەروەردی دەدەن.

مادەی ١١٧ ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی بۆ ژنان پێکدێت لە نوێنەرانی ماڵەکانی ژنان و نوێنەری لێژنەکانی ئاشتەوایی و دیوانەکانی داد و ئەندامە ژنەکانی ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی، بەرپرسیارە لە ڕێکخستن و سەرپەرشتیکردنی ئەنجومەنی دادپەروەری ژنان و ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەگێڕێت لە چەسپاندن و پتەوکردنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی.

١- ماڵی ژنان: دامەزراوەیەکی کۆمەڵایەتییە کە کار بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دادپەروەری کۆمەڵایەتی و چارەسەرکردنی

کێشەکانی پەیوەست بە ژنان و خێزان دەکات، لە هەموو لایەنەکانی ژیانەوە و لەسەر بنەمای ئاشتەوایی. بە هەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی ژنان، تێکۆشان لە هەمبەر هەموو کارێکی نامرۆڤانە دەکات، کە دژی ژنان دەکرێت .

٢- ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ژنان لە شار وکانتۆن: سەرپەرشتی کاری ژنان دەکات لەناو دەزگای دادپەروەری ژنان لە شار و کانتۆندا، بەدواداچوون بۆ دۆزەکانی پەیوەست بە ژنان دەکات، ژنان لە سیستەمی داددا ڕێکدەخات، کار بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانی ژنان دەکات. پێکدێت لە نوێنەرانی دامەزراوەکانی ژنان کە پەیوەندییان بە دادپەروەرییەوە هەیە لە ڕێگەی هەڵبژاردنی دیموکراتیەوە. لە ئەنجومەنی ژنانی کانتۆندا نوێنەرایەتی خۆی دەکات.

٣- ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا: پێکدێت لە نوێنەرانی ئەنجومەنی ژنان لە کانتۆنەکان، و ئەندامە ژنەکانی ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا. ڕۆڵی هەماهەنگی لە نێوان ئەنجومەنەکانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ژنان دەگێڕیت، لە نێوان ئەنجومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی ژنان و ئەنجومەنی دادپەروەری گشتی. هەروەها بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان کاردەکات. نوێنەرایەتی خۆی لە ئەنجومەنی دادپەروەری گشتی بۆ باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و لە ئەنجومەنی هەماهەنگی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەکات.

بەشی دەیەم/ مادەی ١١٩، دادگای پاراستنی گرێبەستی کۆمەڵایەتی

ئەم دادگایە پێکدێت لە ژمارەیەک دادوەری شارەزای یاسای و مافناسەکان کە بە یەکسانی لەلایەن هەردوو ئەنجوومەنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئەنجومەنی گەلان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پێشنیار کراوە، بە رەچاوکردنی نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان، نوێنەرایەتی کانتۆنەکان، و ژنان. ئەرکەکانی دادگای پاراستنی گرێبەستی کۆمەڵایەتی رەچاوکردنی ئەوەی کە ئایا ئەو یاسایانەی کە لەلایەن ئەنجومەنی گەلەوە دەردەچن، ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی جێبەجێکردن دەردەچن، و یاسا و بڕیارەکانی ئەنجومەنی کانتۆنەکان ناکۆک نین لەگەڵ گرێبەستی کۆمەڵایەتیدا لە ئەگەری بوونی ناڕەزایەتی لە بەرامبەریاندا.

بوونی ئەم دادگایە رۆلێکی گەورە دەگێرێت بۆ پاراستنی بنەما بنچیینەییەکانی مافی ژن و جەخت کردنەوە کە هەر ماددە و یاسایەک پیشنیار ئەکرێت لە هەر پلەیەکی بەرێوبەری بێت گرنگە لەگەل ناواخن و ماددەکانی ئەم گرێبەستەدا پێچەوانە نەبنەوە.


لە کۆتاییدا ئەمەوێت بڵێم خەبات و تێکۆشانی ژن لە رۆژئاوا و ئەم گرێبەستە کۆمەڵایەتییە شۆڕشێکی گەورەی بەرپا کردووە بۆ بەرەنگاریی زیهنیەتی پیاوسالارانەی تەمەن ٥٠٠٠ ساڵ و سیستەمی سەرمایەداری تەمەن ٥٠٠ ساڵ. ئەوە ژنانن دەتوانن ئازادی و ژیانێکی دادپەروەرانە بۆ کۆمەڵگە فەراهەم بکەن.



سەرچاوە:

  *گرێبەستی کۆمەڵایەتی بۆ بەڕێوەبەری خۆسەری دیموکراسی هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەستورێکی ١٣٤ مادەییە بۆ چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ڕۆژئاوا و ئەو بەشە لە سووریا.  لە رۆژی ١٢ /١٢/ ٢٠٢٣  لە لایەن ئەنجومەنی گشتیی ئیدارەی خۆسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا  پەسەند کرد کرا. لە لایەن بەرێز نیاز حامید برایم وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی.

*      پیاوسالاری لە نێوان ئایدۆلۆژیا و دەسەڵاتدا، دارا مەحمود.

      2018 Workplace and Gender Relations Survey of Active Duty Members (WGRA) (Breslin et al., 2019)

 

 


خۆژێنی، سەربەخۆییە!

پرسی خۆژێنی 

ئەگەر لە روی ئابورییەوە پێناسەی خۆژێنی یان خۆبژێوی بکەین، مەبەست لەوەیە سەرچاوە ئابوورییەکانی وڵاتێک/ماڵێک بەس بێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوان یان هەمو ئەندامانی خێزانەکە.  ئەگەر رونتر قسە بکەین واتە ماڵێک/وڵاتێک توانای بەدەست هێنانی پێداویستییەکانی هەبێت بەبێ یارمەتی دەرەکی بۆ نمونە لەسەر ئاستی خێزانی خۆت بوونی کێڵگەی کشتوکاڵی یان زەوییەکی بچوک کە پێداویستییەکانی خۆتی تێدا دەستەبەر دەکەیەت بەوە دەڵێن خۆبژێویی. ئەگەر گشتگیرتر قسە بکەین واتە لەسەر ئاستی هەرێم توانای بەرهەمێنانی خۆراک و پێداویستییەکانمان هەبێت بە بێ پەنابردن بۆ ڕەحمەتی وڵاتی دراوسێ/داگیرکەر. پشتگیریکردن لە ئابووریی ناوخۆیی مەبەست لەوەیە هەر شتێک لە ناوخۆدا بەرهەم بهێنرێت، لە ریی بەکارهێنانی سەرچاوە ناوخۆییەکان، پێویستە بۆ دابینی کردنی پێویستی بێت، بۆ ئەوەی هەم ژیانی خەڵک و هەم ژینگە بپارێزرێت.بۆیە خۆبژێوی واتە سەروەری خۆراک و  واتای سیستەمی خۆراکی هەمەچەشنە و بازنەیی و ناوخۆیی. کە مەبەست لێی پاراستنی مرۆڤ، ژینگە و هەمەچەشنى زیندەوەرانە دوور لە تەماحى داگیرکارى و پاوانکردنى سەرمایەدارانە.



خۆژێنی بەرانبەر بەرهەمهێنانی شتوومەک و زێدە بەهای بەرهەمهێنان دەوەستێتەوە. ئامانجی بەرهەمهێنانی خۆژێنی بریتییە لە ‘ژیان’، لە کاتێکدا ئامانجی بەرهەمهێنانی شتوومەک بریتییە لە ‘پارە’، واتە دەست کەوتنی پارەی زیاتر و کەڵەکەکردنی سەرمایە. بۆ ئەم جۆرەی بەرهەمهێنان ژیان تەنیا بوونێکی لاوەکییە و ئەم سیستەمە پیشەسازییە سەرمایەدارییە هەموو شتێک بەخۆڕایی بەکاردەهێنێت و قۆرخی دەکات. گرنگە ئەوە بزانین لە سەرانسەری جیهاندا خەڵک لە مێژە دەستیان کردووە بە ڕێکخستنی ژیانی خۆیان بەگوێرەی پرەنسیپەکانی ژیان و بەپێی پێویستی، بۆ نموونە ئەوەندەیان بەرهەمهێناوە کە پێویستیان بووە؛ واتە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ئەو کەرەستانەی کە لە ناوخۆ و لە ناوچەکەدا شیاو و پێویست بوون. ئەو جۆرە لە پرەنسیپی ژیان نەوەکانی داهاتووی لەبیر نەکردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش کەرەستە و سەرچاوەی تەواویان لەبەردەستدا بێت بۆ ژیانکردن.

دابینکردنی خواستی جیهانی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەبێ کەمکردنەوەی سەرچاوە سنووردارەکانی هەسارەکە، ئالنگارییەکی گەورەیە کە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی دەبێتەوە. سەرەرای بەردەوام بەرزبونەوەی رێژەی دانیشتوان، گۆرانکاریی کەش و هەواو بوونی قەیرانەکانی دیکە. کۆتاییهێنان بە برسێتی، گەیشتن بە ئاسایشی خۆراک و باشترکردنی خۆراک یەکێکە لە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵام پێشهاتەکان، گەیشتن بەو ئامانجە مەحاڵ دەرئەخەن. 

کشتوکاڵیی پیشەسازی کە پشت بە زانستی میکانیکی دەبەستێت، تەنها لە سەدا ٢٥ی خۆراکی جیهان بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا لە سەدا ٧٥ی سەرچاوەکانی زەویی خاک، ئاو و جۆری هەمەچەشن و جیاواز بەکار دەهێنێت و لەناو دەبات.

 


ستراتیژی شۆڕشی سەوز چارەسەرکرنی کەمیی خۆراک و بەرهەمهێنانی بڕی زۆر بوو بە ئامانجی چارەسەرکردنی برسێتی لە جیهاندا. تەکنەلۆژیای شۆڕشی سەوز پێویستی بە وەبەرهێنانی زۆر هەیە لە پێو، قڕکەر، تۆو، ئاو و وزە. ئەو کشتوکاڵەی وێرانکاریی ئیکۆلۆژی توندی لێکەوتەوە و تاوانبار دەکرێت بە لەناوبردنی خاک، بەفیڕۆدانی سەرچاوەکانی ئاو و جۆراوجۆری بەرهەمی کشتوکاڵی و سنووردارکردنی نوێی بۆ کشتوکاڵ هێنایە ئاراوە.

سیستەمی سەرمایەداری لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشەدا، قەناعەت بە بەشێکی زۆر لە خەڵکی جیهان کرد کە "پەرجۆیەکی تەکنەلۆژی ڕوویداوە".  لە بەرامبەردا ژنە بیرمەند و ئیکۆلۆژست ڤاندانا شیڤا دەڵێت: ئەو بڕە لە زیادبوونی بەرهەمی برنج و گەنم کە بەدەست هاتووە بەبێ بەکارهێنانی مادەی کیمیایش بەرهەم دەهێنرا. ڤاندانا بەردەوامە و دەڵێت ئەو بیرۆکەیەی کە داوای بەکارهێنانی زیاتری مادەی کیمیایی ئەوەی بەرهەمهێنان گەشە بکات، بۆ ئەوەی داهاتی گوندەکان گەشە بکات، درۆیەکی ئاشکرایە"، بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکەی ئەوە نیشان دەدەن ئەو کێڵگانەی کە زانیاری ئیکۆلۆژی و جۆراوجۆری بایۆلۆژییان هەیە دەتوانن بەرهەمهێنانی خۆراک دوو هێندە و سێ هێندە بکەن و داهات لە هەر جۆرە بەرهەمێک وەربگرن بە بێ بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی.

هەر بۆیە ڤاندانا وتی شۆڕشی سەوز نە شۆڕشگێڕانە بوو نە سەوز بوو. ئەو بانگەوازی پاراستن و پاشەکەوتکردنی تۆ و دەکات و دەڵێت، "پاراستنی تۆو دەبێت ئەرکی ئێمە بێت و پێویستە وەک دیارییەک لە ڕابردوو هاتووە و بۆ داهاتوش بپارێزرێت".

پاراستنی مافی زەوی بنەمای مافی ئازادی خۆراک، سەروەری خۆراک و خۆبژێوییە. سەروەری خۆراک بەدەست نایەت بەبێ بەدەستهێنانی سەروەری تۆو، واتە جوتیار و خەڵک مافی پاشەکەوتکردن و بەکارهێنانی تۆوی نەریتی، خۆڕاگر، ڕەسەنی هەبێت. کاتێک تۆڕی خۆراک بەهۆی ماددە کیمیاییەکان و ژەهرەکانەوە و یاساکانی "بازرگانی ئازاد" و جیهانگیری دەشکێنرێت، هەمەچەشنەیی بایۆلۆژی دەسڕدرێتەوە و جووتیاران دەچنە ژێر باری قەرزەوە و خەڵک بەهۆی برسێتی یان نەخۆشییە درێژخایەنە نەگوازراوەکانەوە دەمرن کە پەیوەندییان بە پیسبوونی ژینگە و خراپی کوالێتی خۆراکەوە هەیە. سەروەری خۆراک واتە گەشەکردنی خۆراک دوور لە ماددە کیمیاییەکان و دەستکارینەکردنی جینات و بۆماوەیی خواردن. سەروەری خۆراک واتە خۆراک و کشتوکاڵی بێ ژەهر.

ئەمرۆ لە جیهاندا بزوتنەوەی پاشەکەوتکردنی تۆو بزوتنەوەیەکی چالاکە و لە هەشتاکانی سەدەی رابوردوەوە دەستی پێکردوە بە ئامانجی پاراستنی تۆوی رەسەن لە دەست جوتیاراندا. پاراستن و پاشەکەوتکردنی تۆوی رەسەن یەکەم هەنگاوی خۆبژێوی و پاراستنی مافی زەویشە.  پاراستنی مافی زەوی بنەمای مافی ئازادی خۆراک و سەروەری خۆراکە. خۆ بژێوی بەدەست نایەت ئەگەر ئێمە خۆراکی خۆمان بەرهەم نەهێنین واتە سەروەری خۆراک بەدەست نایەت بەبێ بەدەستهێنانی سەروەری تۆو. سەروەری تۆو واتە جوتیار و خەڵک مافی پاشەکەوتکردن و بەکارهێنانی تۆوی نەریتی، خۆڕاگر، ڕەسەنی هەبێت، تۆوێک لە خاک وەرگیرابێت و ببەخشرێتەوە بە خاک. ئێمە ناتوانین ئاواتەخوازبین سەروەری خۆراکمان هەبێت ئەگەر زیندەوەرانی خاک نەپاریزین، چونکە جۆراوجۆری بایۆلۆژی ئیکۆسیستەم پشتگیری لە هەمەچەشنەیی زیندوو دەکات لەناو مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵەکانماندا. مەبەست لەوەیە تەندروستی هەسارەکە و تەندروستی ئێمە پێکەوەگرێدراون و لێک جیاناکرێتەوە. 















پەراوێز:

*مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵەکان لە تریلیۆن بەکتریا و قارچک و میکرۆبی تر پێکهاتووە. مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە تەندروستیتدا بە یارمەتیدانی کۆنترۆڵکردنی هەرسکردن و سوودگەیاندن بە سیستەمی بەرگری لەش و چەندین لایەنی تری تەندروستی

*مۆنۆکەڵچەر لە فەرگەنگی کامبرجدا ئەلێت چاندنی تەنها یەک بەرهەمیان یەک جۆر تۆو یان ڕاگرتنی تەنها یەک جۆر ئاژەڵ لەسەر ڕووبەرێکی زەوی کشتوکاڵی

*رۆژی ٢٠٢٤/٤/٢٢ لە پارکی ئازادی و لە میانی بەشداریمان لە ڤیستڤاڵی خۆژێنی سەربەخۆییە، ئەم بابەتەمان پێشکەش کرد دەربارەی پرسی خۆژێنی و جیاوازی کشتوکاڵی نەریتی/کشتوکاڵی ژینگەیی و کشتوکاڵی پیشەسازی و کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەو دوو شێوازە لە کشتوکاڵ کردن. ئاماژەدان بە رۆڵی ژنان و بەشداریی کاریگەرییانەی ژنان لە کشتوکاڵی نەریتی/ژینگەیی.

لە رۆژی  ٢٠٢٤/٤/٢٣، لە گوندی دێرێی خواروو لە ناوچەی شارباژێڕ، دووەم رۆژی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەچوو و ئەم چالاكییانە پێشكەشكران، نمایشی كورتەفیلمی توێژینەوەی مێژووی زارەكی، مێزگرد و شرۆڤەی جووتیارانی ناوچەكە، تامكردنی خواردنە خۆماڵییەكانی دێرێ، بازاڕی بەرهەمی خۆماڵی جووتیاران لە دێرێ، سەردانی مەیدانی بۆ دوو كێڵگە لە گوندەكە.

ئەم فیستیڤاڵە لە لایەن دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی، بەهاوبەشی لەگەڵ رێكخراوی رۆزە لۆكسمبۆرگ، ئەنجام دراو و ماوەی دوو رۆژی خایاند.


بابەتەکان

چیتر بەنداو لە میزۆپۆتامیا دروست نەکرێت

من ناوم هەڵوێستە، ئیکۆ-فێمینیستم و بەرێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوونم، لە باشوری کوردستانەوە بەشداریم کردووە. دوێنێ گروپێکمان دروست کرد بۆ کارکرن...