خۆژێنی، سەربەخۆییە!

پرسی خۆژێنی 

ئەگەر لە روی ئابورییەوە پێناسەی خۆژێنی یان خۆبژێوی بکەین، مەبەست لەوەیە سەرچاوە ئابوورییەکانی وڵاتێک/ماڵێک بەس بێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی دانیشتوان یان هەمو ئەندامانی خێزانەکە.  ئەگەر رونتر قسە بکەین واتە ماڵێک/وڵاتێک توانای بەدەست هێنانی پێداویستییەکانی هەبێت بەبێ یارمەتی دەرەکی بۆ نمونە لەسەر ئاستی خێزانی خۆت بوونی کێڵگەی کشتوکاڵی یان زەوییەکی بچوک کە پێداویستییەکانی خۆتی تێدا دەستەبەر دەکەیەت بەوە دەڵێن خۆبژێویی. ئەگەر گشتگیرتر قسە بکەین واتە لەسەر ئاستی هەرێم توانای بەرهەمێنانی خۆراک و پێداویستییەکانمان هەبێت بە بێ پەنابردن بۆ ڕەحمەتی وڵاتی دراوسێ/داگیرکەر. پشتگیریکردن لە ئابووریی ناوخۆیی مەبەست لەوەیە هەر شتێک لە ناوخۆدا بەرهەم بهێنرێت، لە ریی بەکارهێنانی سەرچاوە ناوخۆییەکان، پێویستە بۆ دابینی کردنی پێویستی بێت، بۆ ئەوەی هەم ژیانی خەڵک و هەم ژینگە بپارێزرێت.بۆیە خۆبژێوی واتە سەروەری خۆراک و  واتای سیستەمی خۆراکی هەمەچەشنە و بازنەیی و ناوخۆیی. کە مەبەست لێی پاراستنی مرۆڤ، ژینگە و هەمەچەشنى زیندەوەرانە دوور لە تەماحى داگیرکارى و پاوانکردنى سەرمایەدارانە.



خۆژێنی بەرانبەر بەرهەمهێنانی شتوومەک و زێدە بەهای بەرهەمهێنان دەوەستێتەوە. ئامانجی بەرهەمهێنانی خۆژێنی بریتییە لە ‘ژیان’، لە کاتێکدا ئامانجی بەرهەمهێنانی شتوومەک بریتییە لە ‘پارە’، واتە دەست کەوتنی پارەی زیاتر و کەڵەکەکردنی سەرمایە. بۆ ئەم جۆرەی بەرهەمهێنان ژیان تەنیا بوونێکی لاوەکییە و ئەم سیستەمە پیشەسازییە سەرمایەدارییە هەموو شتێک بەخۆڕایی بەکاردەهێنێت و قۆرخی دەکات. گرنگە ئەوە بزانین لە سەرانسەری جیهاندا خەڵک لە مێژە دەستیان کردووە بە ڕێکخستنی ژیانی خۆیان بەگوێرەی پرەنسیپەکانی ژیان و بەپێی پێویستی، بۆ نموونە ئەوەندەیان بەرهەمهێناوە کە پێویستیان بووە؛ واتە بەرهەمهێنان و بەکارهێنانی ئەو کەرەستانەی کە لە ناوخۆ و لە ناوچەکەدا شیاو و پێویست بوون. ئەو جۆرە لە پرەنسیپی ژیان نەوەکانی داهاتووی لەبیر نەکردووە بۆ ئەوەی ئەوانیش کەرەستە و سەرچاوەی تەواویان لەبەردەستدا بێت بۆ ژیانکردن.

دابینکردنی خواستی جیهانی بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بەبێ کەمکردنەوەی سەرچاوە سنووردارەکانی هەسارەکە، ئالنگارییەکی گەورەیە کە مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی دەبێتەوە. سەرەرای بەردەوام بەرزبونەوەی رێژەی دانیشتوان، گۆرانکاریی کەش و هەواو بوونی قەیرانەکانی دیکە. کۆتاییهێنان بە برسێتی، گەیشتن بە ئاسایشی خۆراک و باشترکردنی خۆراک یەکێکە لە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان بەڵام پێشهاتەکان، گەیشتن بەو ئامانجە مەحاڵ دەرئەخەن. 

کشتوکاڵیی پیشەسازی کە پشت بە زانستی میکانیکی دەبەستێت، تەنها لە سەدا ٢٥ی خۆراکی جیهان بەرهەم دەهێنێت، لە کاتێکدا لە سەدا ٧٥ی سەرچاوەکانی زەویی خاک، ئاو و جۆری هەمەچەشن و جیاواز بەکار دەهێنێت و لەناو دەبات.

 


ستراتیژی شۆڕشی سەوز چارەسەرکرنی کەمیی خۆراک و بەرهەمهێنانی بڕی زۆر بوو بە ئامانجی چارەسەرکردنی برسێتی لە جیهاندا. تەکنەلۆژیای شۆڕشی سەوز پێویستی بە وەبەرهێنانی زۆر هەیە لە پێو، قڕکەر، تۆو، ئاو و وزە. ئەو کشتوکاڵەی وێرانکاریی ئیکۆلۆژی توندی لێکەوتەوە و تاوانبار دەکرێت بە لەناوبردنی خاک، بەفیڕۆدانی سەرچاوەکانی ئاو و جۆراوجۆری بەرهەمی کشتوکاڵی و سنووردارکردنی نوێی بۆ کشتوکاڵ هێنایە ئاراوە.

سیستەمی سەرمایەداری لە سەرەتاکانی سەرهەڵدانی ئەم شۆڕشەدا، قەناعەت بە بەشێکی زۆر لە خەڵکی جیهان کرد کە "پەرجۆیەکی تەکنەلۆژی ڕوویداوە".  لە بەرامبەردا ژنە بیرمەند و ئیکۆلۆژست ڤاندانا شیڤا دەڵێت: ئەو بڕە لە زیادبوونی بەرهەمی برنج و گەنم کە بەدەست هاتووە بەبێ بەکارهێنانی مادەی کیمیایش بەرهەم دەهێنرا. ڤاندانا بەردەوامە و دەڵێت ئەو بیرۆکەیەی کە داوای بەکارهێنانی زیاتری مادەی کیمیایی ئەوەی بەرهەمهێنان گەشە بکات، بۆ ئەوەی داهاتی گوندەکان گەشە بکات، درۆیەکی ئاشکرایە"، بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکەی ئەوە نیشان دەدەن ئەو کێڵگانەی کە زانیاری ئیکۆلۆژی و جۆراوجۆری بایۆلۆژییان هەیە دەتوانن بەرهەمهێنانی خۆراک دوو هێندە و سێ هێندە بکەن و داهات لە هەر جۆرە بەرهەمێک وەربگرن بە بێ بەکارهێنانی ماددەی کیمیایی.

هەر بۆیە ڤاندانا وتی شۆڕشی سەوز نە شۆڕشگێڕانە بوو نە سەوز بوو. ئەو بانگەوازی پاراستن و پاشەکەوتکردنی تۆ و دەکات و دەڵێت، "پاراستنی تۆو دەبێت ئەرکی ئێمە بێت و پێویستە وەک دیارییەک لە ڕابردوو هاتووە و بۆ داهاتوش بپارێزرێت".

پاراستنی مافی زەوی بنەمای مافی ئازادی خۆراک، سەروەری خۆراک و خۆبژێوییە. سەروەری خۆراک بەدەست نایەت بەبێ بەدەستهێنانی سەروەری تۆو، واتە جوتیار و خەڵک مافی پاشەکەوتکردن و بەکارهێنانی تۆوی نەریتی، خۆڕاگر، ڕەسەنی هەبێت. کاتێک تۆڕی خۆراک بەهۆی ماددە کیمیاییەکان و ژەهرەکانەوە و یاساکانی "بازرگانی ئازاد" و جیهانگیری دەشکێنرێت، هەمەچەشنەیی بایۆلۆژی دەسڕدرێتەوە و جووتیاران دەچنە ژێر باری قەرزەوە و خەڵک بەهۆی برسێتی یان نەخۆشییە درێژخایەنە نەگوازراوەکانەوە دەمرن کە پەیوەندییان بە پیسبوونی ژینگە و خراپی کوالێتی خۆراکەوە هەیە. سەروەری خۆراک واتە گەشەکردنی خۆراک دوور لە ماددە کیمیاییەکان و دەستکارینەکردنی جینات و بۆماوەیی خواردن. سەروەری خۆراک واتە خۆراک و کشتوکاڵی بێ ژەهر.

ئەمرۆ لە جیهاندا بزوتنەوەی پاشەکەوتکردنی تۆو بزوتنەوەیەکی چالاکە و لە هەشتاکانی سەدەی رابوردوەوە دەستی پێکردوە بە ئامانجی پاراستنی تۆوی رەسەن لە دەست جوتیاراندا. پاراستن و پاشەکەوتکردنی تۆوی رەسەن یەکەم هەنگاوی خۆبژێوی و پاراستنی مافی زەویشە.  پاراستنی مافی زەوی بنەمای مافی ئازادی خۆراک و سەروەری خۆراکە. خۆ بژێوی بەدەست نایەت ئەگەر ئێمە خۆراکی خۆمان بەرهەم نەهێنین واتە سەروەری خۆراک بەدەست نایەت بەبێ بەدەستهێنانی سەروەری تۆو. سەروەری تۆو واتە جوتیار و خەڵک مافی پاشەکەوتکردن و بەکارهێنانی تۆوی نەریتی، خۆڕاگر، ڕەسەنی هەبێت، تۆوێک لە خاک وەرگیرابێت و ببەخشرێتەوە بە خاک. ئێمە ناتوانین ئاواتەخوازبین سەروەری خۆراکمان هەبێت ئەگەر زیندەوەرانی خاک نەپاریزین، چونکە جۆراوجۆری بایۆلۆژی ئیکۆسیستەم پشتگیری لە هەمەچەشنەیی زیندوو دەکات لەناو مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵەکانماندا. مەبەست لەوەیە تەندروستی هەسارەکە و تەندروستی ئێمە پێکەوەگرێدراون و لێک جیاناکرێتەوە. 















پەراوێز:

*مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵەکان لە تریلیۆن بەکتریا و قارچک و میکرۆبی تر پێکهاتووە. مایکرۆبایۆمی ڕیخۆڵە ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕێت لە تەندروستیتدا بە یارمەتیدانی کۆنترۆڵکردنی هەرسکردن و سوودگەیاندن بە سیستەمی بەرگری لەش و چەندین لایەنی تری تەندروستی

*مۆنۆکەڵچەر لە فەرگەنگی کامبرجدا ئەلێت چاندنی تەنها یەک بەرهەمیان یەک جۆر تۆو یان ڕاگرتنی تەنها یەک جۆر ئاژەڵ لەسەر ڕووبەرێکی زەوی کشتوکاڵی

*رۆژی ٢٠٢٤/٤/٢٢ لە پارکی ئازادی و لە میانی بەشداریمان لە ڤیستڤاڵی خۆژێنی سەربەخۆییە، ئەم بابەتەمان پێشکەش کرد دەربارەی پرسی خۆژێنی و جیاوازی کشتوکاڵی نەریتی/کشتوکاڵی ژینگەیی و کشتوکاڵی پیشەسازی و کاریگەرییە ئەرێنی و نەرێنییەکانی ئەو دوو شێوازە لە کشتوکاڵ کردن. ئاماژەدان بە رۆڵی ژنان و بەشداریی کاریگەرییانەی ژنان لە کشتوکاڵی نەریتی/ژینگەیی.

لە رۆژی  ٢٠٢٤/٤/٢٣، لە گوندی دێرێی خواروو لە ناوچەی شارباژێڕ، دووەم رۆژی فێستیڤاڵەکە بەڕێوەچوو و ئەم چالاكییانە پێشكەشكران، نمایشی كورتەفیلمی توێژینەوەی مێژووی زارەكی، مێزگرد و شرۆڤەی جووتیارانی ناوچەكە، تامكردنی خواردنە خۆماڵییەكانی دێرێ، بازاڕی بەرهەمی خۆماڵی جووتیاران لە دێرێ، سەردانی مەیدانی بۆ دوو كێڵگە لە گوندەكە.

ئەم فیستیڤاڵە لە لایەن دەستەی كوردستانی بۆ دراساتی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی، بەهاوبەشی لەگەڵ رێكخراوی رۆزە لۆكسمبۆرگ، ئەنجام دراو و ماوەی دوو رۆژی خایاند.


بابەتەکان

چیتر بەنداو لە میزۆپۆتامیا دروست نەکرێت

من ناوم هەڵوێستە، ئیکۆ-فێمینیستم و بەرێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوونم، لە باشوری کوردستانەوە بەشداریم کردووە. دوێنێ گروپێکمان دروست کرد بۆ کارکرن...