گوینەی لە زیندان و سینەماوە ئەزمونی بەرەنگاریی چەپ دەكات
ناساندن و خوێندنەوە: هەڵوێست عبداللە کەریم
بەشى دووەم/لە ژمارە 1182 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە 2019/7/30 بڵاو بۆتەوە...
ساکتاری کەسایەتی گوینەی:
لە سەرەتاکانی تەمەنیدا حەمیدی باوک بە گوینەی ئەڵێت: "تۆ لە ڕەگی خۆت هەڵکەندراویت"، ئەتوانین لە دوو گۆشەی جیاوازەوە سەیری ئەم قسەیەی باوکی گوینەی بکەین، یەکەمیان ئەوەیە کە کوردبونی ئەو هۆکارە بۆ ئاوارەیی، دابەشبونی خاک و پەرتەوازەیی. لەهەمان کاتدا گۆشە نیگایەکی دیکەیە کە کە گوینەی خۆی خوڵقێنەری خۆیەتی. لەبەرامبەردا کاردۆزی ئەم قسەیە وەک پێناسەیەک بۆ کارەکتەری فیلمەکانی گوینەی وەسف ئەکات کە بە گشتی ئەو کەسانەن کە لە زیدی خۆیان هەڵئەکەنرێن و دواجاریش هەر بە دوای دۆزینەوەی ئەو رەگەوەن و ئەیانەوێت ئارامی و خۆشەویستی بدۆزنەوە کە بۆ کەسایەتییەکی چەپی شۆرشگێڕ، زۆر زەحمەتە. بەڵام پێچەوانەی رەگەکەی گوینەی لەسەرەتای تەمەنی گەنجێتیدا دەست ئەکات بە قومارکردن و چەندین جار پارەی زۆر ئەدۆرێنیت و بەهۆی ئەو دۆرانانەوە لە تورەییدا شەرەچەقۆ ئەکات، یان تەقە بەسەر قومارخانە و گازینۆکاندا ئەکات. گوینەی سەرکێشییەکی سەیری هەبووە لە لێخورینی ئوتومبێل تەنانەت زۆربەی هاورێکانی ناوێرن لەگەڵی سەربکەون، هەربۆیە بۆ ماوەی چەندان ساڵ سەرکێشییەکانی گوینەی ئەبێتە سەردێر و مانشێتی میدیاکانی تورکیا. گوینەی سەرەتا وەک کوڕە جوتیارێکی هەژار ئەرواتە ئەدەنە و ئەستەنبۆل، دواتر دەبێتە دەرهێنەر و لەڕێی داهاتی فیلمەکانیەوە دەوڵەمەند ئەبێت و ژیانیکی بۆرژواییانە ئەژی . تەنانەت ئەگاتە قۆناغێک کە کەسایەتی خۆی کە کەسایەتیەکی چەپە لەگەڵ کارەکتەرە توندوتیژەکانی ناو فیلمەکەی تێکەڵ ئەبن. بەڵام دواتر لە زینداندا جارێکی دیکە خۆی دروست ئەکاتەوە و سینەماکەی ئەبێتە سینەمایەکی شۆرشگیرانە و بەتەواوەتی فکری چەپ لە ژیانی تایبەتی و سینەماکەشیدا رەنگدانەوەی دیار و کاریگەری ئەبێت.
خوێندن و کتێب لە ژیانی گوینەیدا
گوینەی لەگەڵ کارکردنی لە کێڵگەکاندا ئەبێتە قوتابی و تا پۆلی سێی سەرەتای لە قوتابخانەیەکی گوندەکەی خۆیان ئەخوێنێت. ئەو خوێندکارێکی چالاک و زیرەک ئەبێت. حەمیدی باوک هەمیشە هانی کورەکەی ئەدات کە قۆناخەکانی خوێندن تەواو بکات تا وەک باوکی جوتیار و خزمەتکاری ئاغاکان نەبێت. دوای ئەوەی کە لەگەڵ دایک و خوشکەکەی لە ئەدەنە جێگیر ئەبن، لەپاڵ خوێندنەکەیدا دەست ئەکات بە کارکردن وەک بۆیاغچی، فرۆشتنی شیرینی لەسەر شەقامەکان، دەستگێڕی، شاگردی، کرێکاری و جوتیاری لە کێڵگە پەمووەکانی دەرەوەی شاردا. لەگەڵ ئەوەشدا گوینەی هەفتانە بەبەردەوامی سەردانی سینەما ئەکات و بەگشتی ئارەزوی فیلمەکانی کاوبۆیی و ویسترنی ئەمریکی، چەتەیی و جەنگ و توندوتیژ ئەکات. لەبەر ئەوەی بەردەوام سەردانی سینەماکان ئەکات لەوی کارمەندانەکان ئەناسێت و بەو هۆیەوە کاری دەست ئەکەوێت و لەتەمەنی ١٤ ساڵیدا گوینەی وەک پرۆجەکشنسیتێک دەبیتە بەرپرسی بەشی کۆنترۆل و نمایشکردنی فیلم. لەگەڵ کارەکەیدا بەردەوام ئەبێت لە خوێندن و لەهەمان کاتدا هەمیشە خوێنەرێکی باش بووە و کتێبخانەیەکی بچوکی لە ماڵەوە بۆ خۆی دروست کردووە. لەرێگەی هۆنراوە شۆڕشگێڕییەکانی نازم حیکمەت بە ئەدەبیاتى چەپ و شۆڕشگێڕیی ئاشنا ئەبێت. بەجۆرێک عاشقی کتێب ئەبێت کە دوای کوژانەی چرای ژورەکەیان لەبەردەم ڕوناکی گلۆپی کۆڵانەکەیاندا یان لە ژێر روناکی تیشکی مانگە شەودا لە خوێندنەوە و نوسین، بەردەوام ئەبێت. (بەهۆی بی پارەییەوە نەیانتوانیووە کارەبا ڕابکێشن). گوینەی بەهۆی خوێندنەوەوە ئەبێتە نوسەرێکی زۆر باش و سیناریۆی هەموو فیلمەکانی خۆی و دەیان سیناریۆی دەرهینەرانی دیکەش ئەنوسێت، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین کورتە چیرۆک و رۆمان ئەنوسێت. تەنانەت گوینەی ئەو خەونەی هەبووە کە ببێت بە چیرۆک نوس و ئەو چیرۆکانەی ئەینوسێت دەربارەی ژیانی منداڵی خۆی، ژیانی خێزانەکەی و نەهامەتی ژیانی جوتیاران و گوندنشینان و جیاوازی چینایەتی، کۆچی جوتیاران بۆ شارەکان و ئەو کارەسات و نەهامەتییانەی کە توشیان ئەبێت لە شارەکاندا. گوینەی لەو چیرۆکانەیدا کۆمەلێک کەسایەتی دروست ئەکات کە ئەبێتە سەرچاوەی کارەکتەری نێو فیلمەکانی لە داهاتودا. دوای ئەوەی کە خویندنی ناوەندی لە ئەدەنە تەواو ئەکات لەساڵی ١٩٥٦ ئەچێتە ئەنکەرە بۆ خویندنی یاسا. ئەو چەندین هۆکاری هەیە لە هەڵبژاردنی کۆلیژی یاسا لەوانەش شارەزا بوون لەو یاسایانەی کە وڵاتی تورکیا بەرێوە ئەبەن بۆ ئەوەی بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات بەڵام بەهۆی خراپی دۆخی ئابوری تەنیا دومانگ ئەخایەنێت. بۆ جاری دووەم لەساڵی ١٩٥٧ ئەرواتە ئەستەنبۆڵ و لە کۆلیژی ئابوری زانکۆی ئەستەنبۆڵ دەست بە خوێندن ئەکات ئەمجارەش لە هەڵبژاردنی کۆلیژی ئابوریدا چەند ئامانجێکی هەیە. بەوهۆیەی کە گوینەی لاوێکی چەپ ئەبێت و ئەیەوێت زانیاری زیاتر لەسەر ئابوری تورکیا هەبێت کە لەژیر سیستەمی سەرمایەداریدایە. بەڵام ئەمجارەش خوێندنەکەی چەند مانگێک ئەخایەنێت و دەست ئەکاتەوە بەکارکردن کە نیوەی پارەکەی مانگانە بۆ دایک و خوشکەکەی ئەنێرێت. بەهۆی بارودۆخی ئابوری و هەڵگرتنی بەرپرسیارەتى ئەوان دوجار گوینەی وازی لە خویندنی ئەکادیمی هێنا بەڵام لە بەرامبەردا لە بواری نوسیندا
سەرکەوتنی گەورەی بەدەست هینا.
یەکەم چیرۆک و خەیاڵی فراوانی گوینەی.....
ئەو کاتەی گوینەی تەمەنی چواردەساڵە یەکەم چیرۆکی خۆی ئەنوسێت، چیرۆکەکەی باس لە جوتیارێک ئەکات کە هاوژینەکەی نەخۆشە و پارەی نییە بیبات بۆ لای پزیشک. هەربۆیە بڕیار ئەیات کە بروات بۆ شار و هاوسەرەکەی ببات بۆ لای پزیشک و لە بێ پارەییدا کەڵەشێرێک لەگەڵ خۆی ئەبات. کە ئەچیتە بەردەم پزیشکەکە پێی ئەڵێت هێندەی نرخی ئەم کەڵەشێرە پشکنین بۆ هاوژینەکەم بکە. لە بەرامبەردا پزیشکەکە هەموویان ئەکاتە دەرەوە. لێرەدا گوینەی پێشبینی و بێ هیوای خۆی لە کۆمەڵگەی تورکیا نیشان ئەدات و کارەکتەری ئەم چیرۆکە وەک کەسێکی شکستخواردو لەهەمان کاتدا سیستەمێکی دڵ رەق بەرامبەر بە مرۆڤەکان، نیشان ئەیات. لە تەمەنی هەژدەساڵی و لە ناوەراستی پەنجاکاندا گوینەی وەک چیرۆکنوسێکی ریالیزمی ناوبانگ دەرئەکات و چیرۆکەکانی هۆکار ئەبن کە لە سالی ١٩٥٦ دا بۆ یەکەم جار لەگەڵ دەسەڵاتدا بکەوێتە کێشەوە و لەلایەن دادگاوە تۆمەتی پروپاگەندەی بۆ کۆمۆنیزمی دەخرێتە پاڵ و گوایە گوینەی ئەیەوێت لە داهاتودا شۆڕشێکی کۆمۆنیستی هەڵبگیرسێنێت. خۆشبەختانە ئەمجارە لەرێگەی هاورییەکی گوینەی کە لە دەسەڵاتەوە نزیک ئەبێت بۆ ماوەیەک گوینەی ئەپارێزێت و ناخریتە زیندانەوە بەڵام بەهەمان تۆمەت لەساڵی ١٩٦١ دا گوینەی بۆیەکەم جار ئەخرێتە زیندان.
ڕۆڵی ژن لە فیلمەکانی گوینەیدا
گرفتی ناسنامەی باوکی گوینەی کەکوردێکی هەژار بووە و ژیانێکی زەحمەت ژیاوە کاریگەری خراپی لەسەر دائەنێت و بەردەوام رق و تورەی خۆی بەسەر ژنەکەیدا دائەباریت. بەجۆرێک کە چەندین شەو لە ماڵەوە دەری ئەکات یان دایکی گوینەی لە ماَل هەڵدێت و هەندی جار شەو تا بەیانی لەگەڵ گوینەیدا لە ژیر درەختێکدا ئەخەون. کار ئەگاتە سەر ئەوەی کە گوینەی و دایکی و خوشکەکەی ماڵ بەجێ بهێڵن و هەندێ جار بیست کیلۆمەتر بەپێ ئەرۆن بۆ ماڵی خزمانی دایکیان لە ئەدەنە. بەدریژای ریگەکەیان دایکی گوینەی بەدەم گریانەوە گۆرانی ئەچرێت و ئەلاوێتەوە بۆ ئەو ژیانە پرحەسرەتەی کە هەیەتی. ئەم دیمەنەی دایکی بۆ هەمیشە لە رۆحی گوینەیدا جێگیر ئەبێت و لە زۆربەی فیملەکانیدا ژن وەک کارەکتەری چەوساوە، بێ ماف و قوربانی بەرجەستە ئەکات. بەو هۆکارەی کاتێک کە گوینەی تەمەنی ٩ ساڵە و باوکی گوینەی ژنی دووەم ئەهێنێتەوە و مامەڵەی لەگەڵ هاوسەرەکەیدا توندوتیژتر ئەبێت. دواتر خوشکەکەی گوینەی کە تەمەنی ئەگاتە ٨ ساڵان باوکی بریار ئەدات بیدات بە شو بە مەلای گوندەکەیان کە تەمەنی چل و هەشت ساڵە. گوینەی و دایکی بەم بریارە رازی نابن و هەربۆیە گوینەی لەگەڵ خوشکەکەی و دایکیدا ئەرۆن بۆ ماڵی خاڵەکانی لە ئەدەنە و بریار ئەیەن هەر لەوێ بمێننەوە. ئەتوانم بڵێم ئەمە یەکەم هەڵوێستی مرۆڤانەی گوینەیە بەرامبەر بە ژن کاتێک لەبەرامبەر داب و نەریت و بڕیاری باوکیدا ئەوەستێت و لەگەڵ دایک و خوشکەکەیدا ڕائەکەن و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی ئەوان ئەگرێتە ئەستۆ. لەگەڵ ئەوەشدا کە گوینەی پەیوەندی لەگەڵ باوکیدا هەمیشە هەبووە و تا کۆتای تەمەنی باوکی، پەیوەندی لەگەڵدا باش بووە. لە فیلمەکانی گوینەیدا ژن هەمیشە ئامادەیی هەبووە و گوینەی ڕۆڵی ژنی لەپینج فۆرمی جیوازدا نمایش کردووە.
لە فۆرمی یەکەمدا، ژیانی ژنی چینی هەژار نیشان ئەدات کە هەمیشە ئەچەوسێنرێنەوە لە بەرئەوەی کوردن و نەخوێندەوارن، لە گوندەکاندا لە ژێر هەژمونی توندرەوی ئاینی و پیاوسالاریدان، کۆیلەی دەسەڵاتی خێڵ و عەشیرەتن لە شاریشدا لە ژیر سیستەمی سەرمایەداریدا ئەچەوسێنرێتەوە. لە نمونەی ئەم ژنانە کارەکتەری بیریڤانە لە فیلمی مێگەل و کارەکتەری زینی لە فیلمی ریگە. فۆرمێکی دووەمدا، ژنانی چینی ناوەراستن کە هەندی جار وەک ژنانی سەربەخۆ دەرئەکەون و بە توانای خۆیان پیگەیەکیان لە کۆمەلگەدا بۆ خۆیان دروست کردووە. لە نمونەی ئەو ژنانە کە خواستی شۆرشگێری و خزمەتکردنی کۆمەڵگەیان هەیە و بێ باکانە بۆ برواکانیان ئەجەنگن لە کارەکتەری پزیشکێکی ژن لە فیلمی لاواندنەوەدا بەرجەستە ئەبێت. لە فۆرمی سیێەمدا رۆلێکی دیکەی ژن بەرجەستەیە کە پێچەوانەی ئەو رۆڵە کۆمەڵایەتیەیە کە لە کۆمەلگەی تورکیا بۆ ژن دروست کراوە. ژنانێک کە بەهێز و توندوتیژن و توانای وەرگرتنەوەی مافی خۆیان و کەسانی دیکەشیان هەیە وەک رۆڵی ئالیک لە فیلمی ئەسپ و ئافرەت و چەک کە لە سالی 1966 بەرهەم هێنراوە. فۆرمی جوارەم ژنانی چینی بۆرژوان کە لەژێر کاریگەری سەرمایەداریدان و خولیایان تەنیا گەیشتنە بە ئامانجی مەتریالی و خۆیان ون کردووە و پیاوانیش وەک سەرچاوەیەکی چێژ مامەڵەیان لەگەڵ ئەکەن. نمونەی کارەکتەری ئەم ژنە لە کەسایەتی نەجیبەی فیلمی هاورێدا ئەبینرێت. پێنجەم فۆرم ئەو ژنانەن کە پیاوان وەک مەتریالێک مامەڵەیان لەگەڵ ئەکەن و هیچ بەهایەکیان بۆ دانانێن. ئەم ژنانە لە فیلمی چەتەیی شارەکاندا و لە زۆربەی کاتدا ئەو ژنانەن کە رۆڵی سۆزانی ئەبینن و بەهۆی هەژارییەوە ناچارکراون ئەم پیشەیە هەڵبژێرن.
ماویەتى ...
بەشى دووةم/لە ژمارە 1182 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە 2019/7/30 بڵاو بۆتەوە و لینکی هەفتەنامەکە لە خوارەوە بەردەستە...
https://en.calameo.com/read/000783018a970f33f8c9b
لینکی بابەتەکە لە ویبسایتی ریگای کوردستان لە خوارەوە بەردەستە:
http://www.regaykurdistan.com/index.php/edeb-huner/24211-2019-08-07-16-30-28



