هەڵکشان و بەردەوامى لێکەوتەکانى کۆرۆنا لەسەر ئابورى جیهان... هەڵوێست عەبدوڵڵا کەریم


بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی تا ئەمرۆ 18ی نۆڤەمبەر پەنجا و پێنج ملیۆن و 64 هەزار و 128 توشبووی کۆرۆنا هەیە لە نێوانیاندا ملیۆنێک و 328 هەزار و 15 کەس گیانیان لە دەستداوە .


ڤایرۆسی کۆرۆنا جارێکی دیکە کۆمەڵگای جیهانیی رێکخستەوە بە شێوازێک کە تێکەڵاوبوونی کۆمەڵایەتی سنوردار کرد، قەیرانی گەورەیی ئابوری و داخستنی سنوری ئاسمانی و زەمینی لە نێوان شار و وڵاتان بەشێک بوو لە دەرئەنجامەکانی ئەو ڤایرۆسە.ئەو گۆڕانکارییە و ژینگەتازەیە  لە سەرەتای ئەمساڵەوە رۆژ بە رۆژ بینیمان و تێیدا دەژین هەرگیز لەمەوبەر بە بیری هیج کەسێک لە ئێمەدا نەهاتبوو. ئێمە هەموومان لەم پەتایە و قەیرانە جیهانییە دەژین و کاریگەری لە سەر ژیانی رۆژانەی ئێمە و هەر تاکێکی سەر ئەم گۆی زەوییە کردووە.




ڤایرۆسی کۆرۆنا و لێکەوتەکانی شۆکێک بوو بۆ جیهان کە لە وێنەی نەبوو و بووە هۆی سەپاندنی ئالنگارییەکی قورس بۆ ساسەتمەدار وئابوریناسان و توێژەرەوان لە جیهاندا کە نەتوانن بە ئاسانی شیکاری کاریگەرییە راستەوخۆ و ناراستەوخۆکانی ڤایرۆسە لەسەر ئابوری جیهان بکەن.


 لە دوایین راپۆرتی ئۆکسفۆرد ئیکۆنۆمی کە لە 28 ی ئۆکتۆبەر بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەدات کە هێشتا مەکسیک ئابورییەکی لاوازی هەیە و زۆرترین زیانی ئابوری بەهۆی کۆڤیدەوە بەرکەوتووە. ئیتاڵیا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شانشینی یەکگرتوو لە ریزبەندیی ئابوری زۆر لاوازدان. لە هەمان کاتدا وڵاتانی وەک نەرویج، ئوستورالیا و مەنگۆلیا کەمترین روبەڕوبونەوەیان لەگەڵ مەترسییەکاندا هەیە. ئەفریقا، فلیپین، نەرویج و چیللی بارودۆخیان زۆر باش بووە بە پێچەوانەوە کە شانشینی یەکگرتوو، بەلجیکا و فەرەنسا داڕمانی ئابوریی بەشێوەیەکی خێراتر لە مانگی ئۆکتۆبەردا بینی.

ئەوەی کە تا ئێستە ئەبینرێت ئەوەیە کە داڕوخانەکە جیهانییە و بۆ مەودایەکی دوریش بەردەوام دەبێت کە هیج وڵاتیک لێی دەرباز نابێت لەگەڵ ئەوەش کە هەندێک لە وڵاتان ستراتیژی کەمکردنەوەی داڕمانیان پەیرەو کردووە. بەڵام ئەم دۆخەی کە ئێستە هەمووجیهان تێیدایە داوای وەڵامدانەوەیەکی یەکخراوی هەمەلایەنەی وڵاتان ئەکات بەرامبەر ئەم پەتا جیهانییە.


پەتای کۆرۆنا لە یەک کاتدا گرفتی گەورەی بۆ خواست و خستنە روو لە ئابوری جیهانی پەیوەندیدار بەیەکەوە، دروست کردووە. لە لایەنی خستنەروەوە پەتاکە ژمارەی کرێکار و بەرهەمهێنەرانی لە بازاردا کەمکردەوە لە کاتێکدا کە هەنگاوی داخستنی کارگەکان، پابەند بوون بەپاراستنی مەودای کۆمەڵایەتی بووە هۆی دروست بوونی ئەم کێشەیە.


لە لایەنی داخوازی و خواست، کەمکردنەوە و دەرکردنی کرێکار و کارمەند لەسەر کارەکەی-تەقلیسات، لەدەستدانی کار بە هۆی توش بوون بەکۆرۆنا و کەرەنتین، بووە هۆی کەم بوونەوەی خواستی خەلک و دابەزینی  خواست و کەمبوونەوەی بەکارهێنانی شمەک و خزمەتگوزارییەکان. هەر بۆیە ئاستی بەرهەمهینانی کۆمپانیاکان زۆر کەمی کرد یان نەما.


ئەم دۆخەی کە ئیستە ئێمەی تێدا دەژین دۆخێکە کە بەهیج شیوەیەک ناتوانین پیشبینی ریرەو، ماوە و قەبارەکەی بکەین و کاریگەرییەکانی لەسەر متمانەی کار و بەکارهێنەر کە دۆخی دارایی بەرتەسک تر ئەکاتەوە دەرئەنجامەکەشی لە دەستدانی کار و بەرهەمهێنانە.


بێ کاری و کۆرۆنا


لە دوایین راپۆرتی ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان، باس لەوە دەکات کە لە ساڵی 2021 پەتای کرۆنا دەبێتە هۆی ئەوەی کە96 ملیۆن کەس کارەکانیان لە دەست بدەن روبەڕوی دۆخی هەژاری قورس ببنەوە و کە 47 ملیۆنی ئەو داتایە ژنان و کچانی گەنج پێکدەهێنن. ئەمەش دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی ژنان و کچان کە بە یەک دۆلار و نەوە سەنت یان کەمتر دەژین لە رۆژێکدا، بگاتە 425 ملیۆن.

هەروەها بەرزبوونەوەی ئاماری هەژاری لە بەرئەنجامی پەتاکە دەبێتە هۆی فراوانکردنی بۆشایی هەژاری لە نێوان هەر دوو رەگەزەکە. بەمانایەکی دیکە ژنان زیاتر هەژارتر دەبن بە بەراورد بە پیاوان. ئەم داتایە ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە تەمەنیان لە نێوان 25-34 ساڵیدایە، لەکاتێکدا کە ئەو تەمەنە بە تەمەنی پڕ چالاکی، بەرهەمهێنان و پێکهێنانی خێزان دادەنرێت.


ئابورى جیهان زلەیەکى گەورەى بەرکەوت


لە ئەنجامی خێرا دابەزین و کەم بونەوە یان وەستانی چالاکی ئابوری لەو وڵاتانەی کە ڕێوشوێنی توندیان گرتەبەر بۆ رێگریکردن لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە. لە هاویندا کاتێک رێوشوێنی بەرگریکردن لە بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵگیران دووەم شەپۆلی بڵاوبونەوە وتەشەنەسەندنی کۆرۆنا دەستی پێکرد کە بووە هۆی بەهێزترین داڕوخانی ئابوری جیهانی کە لە سالی 1930 ەوە تا ئێستا جیهان رووبەڕووی نەبۆتەوە. واتە لێکەوتە ئابورییەکانی کۆرۆنا لە قەیرانی داڕمانی جیهانی ساڵی 1930 گەورەتر و مەترسیدارترە.


دارمانی نرخی کاڵا سەرەکییەکان وەک نەوت و کانزاکان، داخستنی سێکتەری خزمەتگوزاری و سیکتەری گەشت و گوزار. بە تایبەت گەشتو گوزار لە مانگی سێ و چواری ئەمساڵ بەخراپترین شێوە زیانی بەرکەوت. بەپێی راپۆرتی رێکخراوی گەشت و گوزاری جیهانی سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان، بە گشتی ژمارەی گەشتیاران لە سەدا 58 بو لە سەدا 78  کەمی کردووە لە سەر ئاستی 2020.

ریکخراوەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە 100 ملیۆن بۆ 120 ملیۆن کار لە سێکتەری گەشت و گوزار بە شێوەیەکی راستەوخۆ رووبەڕووی ریسک بۆتەوە و ئەگەری لە دەستدانی هەیە.


سەرەراى لێکەوتە مەترسی دارەکانى بەڵام هەمیشە ساتی قەیران ئەو دەرفەتەی هەیە کە دەکرێت دیویکی دیکەی ببینرێت کە لە دۆخی کرۆنادا زیاتر ئەندامانی خێزانی لە یەک نزیککردەوە و دەرفەتێکی دروست کرد تا خەڵک زیاتر بگەڕێنەوە بۆ سروشت و لە هەوای ئازاد و سروشتدا وەرزش بکەن. یاخود رەنگە لە کاتی کەرەنتین دانانی کات بۆ خوێندنەوە و گەشەپێدانی خود باشترین دەرفەت بوبێت بۆ ئەو کەسانەی کە بەهۆی کارەو و سەرقاڵی ئەو هەلەیان نەبووە.

بەشێکى شارەزایانى ئابورى سیاسى دیوى شاراوەى قەیرانەکە بۆکورتهێنانى  سیستەمى سەرمایەدارى تازە دەگێرنەوە کە بۆتە هۆى ئەوەى  کەرتى تەندروستى گشتى لاوازبێت و هەمووشتێک بخرێتە گیلفانى کەرتى تایبەت، ئەمەش وامان لێدەکات لەیەک گۆشەیەکەوە تەماساى تابلۆکە نەکەین بەڵکو بەجۆرێک دەبێت هەمووى ببینین. لەمرۆدا ئەگەر پاڵپشتی و وەڵامدانەوەیەکی نێودەوڵەتی گشتگیر دروست نەبێت ئەوا قوڵی ئەم شۆکە و بەردەوامییەکەی دەستکەوت ئەوەى بەدەستیش هاتووە  دەخاتە مەترسییەوە و بەگشتیش لە سەرئاستی جیهان دەرئەنجام لیکەوتەکان قەیرانی گەورەتر و ناسەقامگیرى  و  ململانیی توندی لێ دەکەویتەوە.






رێنماییەکانى تەندروستى جیهانى و هەڵکشانى رێژەى توشبوان و گیان لە دەستدانى کۆرۆنا لە هەرێم..

بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی تا رێکەوتی 10 ی نۆڤەمبەر و لەسەر ئاستی جیھان 50,459,886 توشبووی کۆرۆنا هەیە کە لە نێوانیاندا 1,257,523 کەس گیانیان لە دەستداوە.

پێدراوەکان شکستى سیستەمى تەندروستی جیهانیمان پێ دەڵێن لە ڕووبەروونەوەی ئەم پەتایە. سروشتی ئەم ڤایرۆسە سەیر و سەمەرەیە، نیشانە و ئاستی توش بون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت. لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردودا چەندان کەیس لە لەهەرێمی کوردستان هەبوون کە هەموو نیشانەکانی کرۆنایان هەبووە کاتێک پشکنینیان ئەنجامداوە دەرئەنجامەکەی نێگەتیڤ دەرچوە. لە ڕاپۆرتەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی باس لەوە دەکرێت کە کەسانێک کرۆنایان هەیە کەچی هیچ نیشانەیەکی توشبونیان بە ڤایرۆسەکە تێدا دەرناکەوێت. واتە پشکنین پۆزەتیڤە کەچی نیشانەی نییە!!





رێکخراوی تەندروستی جیهانی دوای ڕاگەیاندنی شەپۆلی دووەمی پەتاکە کە لە هاوینەوە دەستی پێکرد و لە سەرەتای ئەم مانگەشدا هۆشدارى ئەوەی دا کە لە ئێستادا ئەم ڤایرۆسە بەهێزترین زریانی لە سەر ئاستی ئەمساڵ دروست کردووە. ئاماژەی بەوەشداوە بە نزیک بونەوە لە وەرزی زستان و باران بارین ڤایرۆسەکە چالاک تر دەبیت و لە هەموو جیهاندا زیاتر تەشەنە دەکات بۆیە گرنگترین کارێک کە ئێمە بەئەنجامی بگەیەنین ئەوەیە کە رێنماییەکانی خۆپاریزی پەیڕەو بکەین و خۆمان و خێزان و چواردەورمان بپارێزین.
لێرەدا هەوڵ دەدەین گرنگترین رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە پێبدەین:
- بۆ پاراستنی خۆت و کەسانی چواردەورت پێویستە لە هەر شوێنێک خۆت بەدور بگریت کە زیاد لە چەند کەسێکی تێدا کۆبۆتەوە. ئەگەر زۆر پێویست بوو کە لەگەڵ چەند کەسێک لە شوێنێکدا پێکەوە بن پێویستە هەمیشە مەتر و نیویک بۆ دوو مەتر لە کەسانی چواردەورى خۆت بە دوور بگریت و دەمامک بەکاربهێنیت.
- بەکارهێنانی دەمامک بە شێوەیەکی بەردەوام یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی خۆپاریزی.
- بەردەوام دەست شۆردن و بەکارهێنانی پاککەرەوە-سانیتایزەر ئەو کاتەی لە دەرەوەی ماڵیت.
- پێویستە بەردەوام پەنجەرەیەکی ئەو ژورە کراوە بێت کە تێیدا دادەنیشیت واتە لە ژورێکدا کە کراوە بێت و هەوا ئازادانە هاتوچۆی تێدا بکات.
- گرنگیدان بە وەرزشکردن و خواردنی میوە و سەوزە.


سەبارەت بە زانیارییەکان لە سەر شێواز و جۆرەکانی ئەو پشکنینانەی لە لەهەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، سەرچاوەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەدەن:

- هەر کاتێک هەستت کرد نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنات تێدایە کە ئەوانیش کۆکەیەکی نەرم، ماندوو بوونی زیاد، نەمانی تام و بۆن، ئارەقکردنەوە. پێویستە لە نەخۆشخانەی گشتی دیاریکراو بە کۆرۆنا، پشکنین ئەنجام بدەیت.
- لە تاقیگە و نەخۆشخانەی تایبەت پشکنینی خێرا ئەنجام دەدرێت کە لە ڕێی خوێنەوەیە و تەنیا لە ٪‏30 بۆ %35 جێی متمانەیە. واتە لەوانەیەکەسێک توشبووی کۆرۆنا بێت بەڵام لە پشکنینەکە نێگەتیڤ دەرچێت.

- بۆیە ئەم پشکنینە هۆکار بووە کە زۆر کەس گیان لە دەست بدەن چونکە کە ئەو کەسانەی کە پشکنینی خێرایان ئەنجام داوە نێگەتیڤ دەرچووە وا مامەڵەیانکردووە کە توشبووی کۆرۆنا نین. دواتر دۆخی تەندروستییان زۆر تێک چووە و کە براونەتە نەخۆشخانە گیانیان سپاردووە.
- ئەو کەسانەی کە سی تی سکان بۆ سییەکانیان ئەنجام دەدەن، لە ئەنجامی ئەو سکانە ئەگەر سییەکانی هەر کێشەیەکی هەبێت مانای وانییە کە کۆرۆنایەتی.
- ئەگەر ناتەوێت پشکنین ئەنجام بدەیت ئەوە پێویستە خۆت کەرەنتین بکەیت بۆ ئەوەی کەسی دیکە توش نەکەیت.
- پێویستە ئەوە ڕوون بیت کە پشکنینی کۆرۆنا کە ناوە زانستییەکەی پی سی ئاڕە متمانە پێکراوە و لە نەخۆشخانەی گشتی ئەنجام دەدرێت وتۆش لە نەخۆشخانەی گشتی پشکنینی کۆرۆنا ئەنجام بدە.
سەرباری بەرزبونەوەی خێرای ریژەی توش بوون و زۆرى ژمارەى گیان لە دەستدان لە هەرێمی کوردستان بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی سلێمانی بەرزترین ئاستی ریژەی مردنی هەیە لەسەر ئاستی عیراق. لە بەرامبەردا خەڵک ئەبینین زۆر بێباکانە تێکەڵاو دەبن، لە چێشتخانەکاننان دەخۆن، لە چایخانە و شوێنە گشتییەکان کۆمەڵ کۆمەڵ دانیشتون و خەریکی دەمەتەقێن، هێشتا خەڵک سەردانی نەخۆش دەکەن، سەردانی ماڵی مردووان دەکەن، دەعوەت و نان خواردنی بە کۆمەڵ هەر ماوە.
غیابى بەر پرسیارەتى کۆمەڵایەتى حکومەت لە لایەک و ئەم رەفتارە بە کۆمەڵانە لە لاکەى تر نیشانەی گوێ نەدان و بەهەند وەرنەگرتنی مەترسی و ئەو قەیرانانەیە کە ئەم ڤایرۆسە دروستی کردووە، بۆیە پێشبینییەکان ئەوەیە کە لە چەند مانگی داهاتودا ریژەی توش بوون و گیان لە دەستدان چەندین بارە زیاد بکات. 


ئەم بابەتە لە پێگەی نەوژین بلاوبۆتەوە، بۆ بینینی بابەتەکە تکایە کلیکی ئەم بەستەرە بکە نەوژین.

Comment

دوایین زانیاری و پێشھاتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان و عیراق

 ئەمڕۆ لە میانی كۆبونەوەیەكماندا لەگەڵ دكتۆر ئەدھەم ئیسماعیل كە نوێنەری گشتی ڕێكخراوی تەندروستی جیھانییە لە عێراق، سەبارەت بە دوایین زانیاری و پێشھاتەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە ھەرێمی كوردستان و عیراق دوا.

دكتۆر ئەدھەم داوای لێ كردین كە ئەم زانیارییانە لەگەڵ زۆرترین كەس بەش بكەین:

١.ھەر كاتێك ھەستت كرد نیشانەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنات تێدایە كە ئەوانیش كۆكەیەكی نەرم، ماندوو بوونی زیاد، نەمانی تام و بۆن، ئارەق كردنەوە.
بڕۆ لە نەخۆشخانەی گشتی دیاریكراو بە كۆرۆنا، پشكنین ئەنجام بدە.




٢.لە تاقیگە و نەخۆشخانەی تایبەت پشكنینی خێرا ئەنجام دەدرێت كە لە ڕێی خوێنەوەیە و تەنیا لە ٪‏30 بۆ %35 جێی متمانەیە. واتە لەوانەیە كەسێك كۆرۆنای ھەبێت و لە پشكنینەكە نێگەتیڤ دەرچێت.

بۆیە ئەم پشكنینە ھۆكار بووە كە زۆر كەس بمرێت چونكە كە ئەو كەسانەی كە پشكنینی خێرایان ئەنجام داوە نێگەتیڤ دەرچووە وا مامەڵەیان كردووە كە توشبووی كۆرۆنا نییە. دواتر دۆخی تەندروستییان زۆر تێك چووە و كە براونەتە نەخۆشخانە گیانیان سپاردووە.

٣.ئەو كەسانەی كە سی تی سكان بۆ سییەكانیان ئەنجام دەدەن، لە ئەنجامی ئەو سكانە ئەگەر سییەكانی ھەر كێشەیەكی ھەبێت مانای وا نییە كە كۆرۆنایەتی.

٤.ئەگەر ناتەوێت پشكنین ئەنجام بدەیت ئەوە پێویسێە خۆت كەرەنتین بكەیت بۆ ئەوەی كەسی دیكە توش نەكەیت.

پێویستە ئەوە ڕوون بیت كە پشكنینی كۆرۆنا كە ناوە زانستییەكەی پی سی ئاڕە متمانە پێكراوە و لە نەخۆشخانەی گشتی ئەنجام دەدرێت و تۆش لە نەخۆشخانەی گشتی پشكنینی كۆرۆنا ئەنجام بدە. 

بابەتەکان

چیتر بەنداو لە میزۆپۆتامیا دروست نەکرێت

من ناوم هەڵوێستە، ئیکۆ-فێمینیستم و بەرێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوونم، لە باشوری کوردستانەوە بەشداریم کردووە. دوێنێ گروپێکمان دروست کرد بۆ کارکرن...