بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی تا رێکەوتی 10 ی نۆڤەمبەر و لەسەر ئاستی جیھان 50,459,886 توشبووی کۆرۆنا هەیە کە لە نێوانیاندا 1,257,523 کەس گیانیان لە دەستداوە.
پێدراوەکان شکستى سیستەمى تەندروستی جیهانیمان پێ دەڵێن لە ڕووبەروونەوەی ئەم پەتایە. سروشتی ئەم ڤایرۆسە سەیر و سەمەرەیە، نیشانە و ئاستی توش بون لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە دەگۆڕێت. لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابوردودا چەندان کەیس لە لەهەرێمی کوردستان هەبوون کە هەموو نیشانەکانی کرۆنایان هەبووە کاتێک پشکنینیان ئەنجامداوە دەرئەنجامەکەی نێگەتیڤ دەرچوە. لە ڕاپۆرتەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی باس لەوە دەکرێت کە کەسانێک کرۆنایان هەیە کەچی هیچ نیشانەیەکی توشبونیان بە ڤایرۆسەکە تێدا دەرناکەوێت. واتە پشکنین پۆزەتیڤە کەچی نیشانەی نییە!!
رێکخراوی تەندروستی جیهانی دوای ڕاگەیاندنی شەپۆلی دووەمی پەتاکە کە لە هاوینەوە دەستی پێکرد و لە سەرەتای ئەم مانگەشدا هۆشدارى ئەوەی دا کە لە ئێستادا ئەم ڤایرۆسە بەهێزترین زریانی لە سەر ئاستی ئەمساڵ دروست کردووە. ئاماژەی بەوەشداوە بە نزیک بونەوە لە وەرزی زستان و باران بارین ڤایرۆسەکە چالاک تر دەبیت و لە هەموو جیهاندا زیاتر تەشەنە دەکات بۆیە گرنگترین کارێک کە ئێمە بەئەنجامی بگەیەنین ئەوەیە کە رێنماییەکانی خۆپاریزی پەیڕەو بکەین و خۆمان و خێزان و چواردەورمان بپارێزین.
لێرەدا هەوڵ دەدەین گرنگترین رێنماییەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە پێبدەین:
- بۆ پاراستنی خۆت و کەسانی چواردەورت پێویستە لە هەر شوێنێک خۆت بەدور بگریت کە زیاد لە چەند کەسێکی تێدا کۆبۆتەوە. ئەگەر زۆر پێویست بوو کە لەگەڵ چەند کەسێک لە شوێنێکدا پێکەوە بن پێویستە هەمیشە مەتر و نیویک بۆ دوو مەتر لە کەسانی چواردەورى خۆت بە دوور بگریت و دەمامک بەکاربهێنیت.
- بەکارهێنانی دەمامک بە شێوەیەکی بەردەوام یەکێکە لە هۆکارە گرنگەکانی خۆپاریزی.
- بەردەوام دەست شۆردن و بەکارهێنانی پاککەرەوە-سانیتایزەر ئەو کاتەی لە دەرەوەی ماڵیت.
- پێویستە بەردەوام پەنجەرەیەکی ئەو ژورە کراوە بێت کە تێیدا دادەنیشیت واتە لە ژورێکدا کە کراوە بێت و هەوا ئازادانە هاتوچۆی تێدا بکات.
- گرنگیدان بە وەرزشکردن و خواردنی میوە و سەوزە.
سەبارەت بە زانیارییەکان لە سەر شێواز و جۆرەکانی ئەو پشکنینانەی لە لەهەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، سەرچاوەکانی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەدەن:
- هەر کاتێک هەستت کرد نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنات تێدایە کە ئەوانیش کۆکەیەکی نەرم، ماندوو بوونی زیاد، نەمانی تام و بۆن، ئارەقکردنەوە. پێویستە لە نەخۆشخانەی گشتی دیاریکراو بە کۆرۆنا، پشکنین ئەنجام بدەیت.
- لە تاقیگە و نەخۆشخانەی تایبەت پشکنینی خێرا ئەنجام دەدرێت کە لە ڕێی خوێنەوەیە و تەنیا لە ٪30 بۆ %35 جێی متمانەیە. واتە لەوانەیەکەسێک توشبووی کۆرۆنا بێت بەڵام لە پشکنینەکە نێگەتیڤ دەرچێت.
- بۆیە ئەم پشکنینە هۆکار بووە کە زۆر کەس گیان لە دەست بدەن چونکە کە ئەو کەسانەی کە پشکنینی خێرایان ئەنجام داوە نێگەتیڤ دەرچووە وا مامەڵەیانکردووە کە توشبووی کۆرۆنا نین. دواتر دۆخی تەندروستییان زۆر تێک چووە و کە براونەتە نەخۆشخانە گیانیان سپاردووە.
- ئەو کەسانەی کە سی تی سکان بۆ سییەکانیان ئەنجام دەدەن، لە ئەنجامی ئەو سکانە ئەگەر سییەکانی هەر کێشەیەکی هەبێت مانای وانییە کە کۆرۆنایەتی.
- ئەگەر ناتەوێت پشکنین ئەنجام بدەیت ئەوە پێویستە خۆت کەرەنتین بکەیت بۆ ئەوەی کەسی دیکە توش نەکەیت.
- پێویستە ئەوە ڕوون بیت کە پشکنینی کۆرۆنا کە ناوە زانستییەکەی پی سی ئاڕە متمانە پێکراوە و لە نەخۆشخانەی گشتی ئەنجام دەدرێت وتۆش لە نەخۆشخانەی گشتی پشکنینی کۆرۆنا ئەنجام بدە.
سەرباری بەرزبونەوەی خێرای ریژەی توش بوون و زۆرى ژمارەى گیان لە دەستدان لە هەرێمی کوردستان بەپێی راپۆرتی رێکخراوی تەندروستی جیهانی سلێمانی بەرزترین ئاستی ریژەی مردنی هەیە لەسەر ئاستی عیراق. لە بەرامبەردا خەڵک ئەبینین زۆر بێباکانە تێکەڵاو دەبن، لە چێشتخانەکاننان دەخۆن، لە چایخانە و شوێنە گشتییەکان کۆمەڵ کۆمەڵ دانیشتون و خەریکی دەمەتەقێن، هێشتا خەڵک سەردانی نەخۆش دەکەن، سەردانی ماڵی مردووان دەکەن، دەعوەت و نان خواردنی بە کۆمەڵ هەر ماوە.
غیابى بەر پرسیارەتى کۆمەڵایەتى حکومەت لە لایەک و ئەم رەفتارە بە کۆمەڵانە لە لاکەى تر نیشانەی گوێ نەدان و بەهەند وەرنەگرتنی مەترسی و ئەو قەیرانانەیە کە ئەم ڤایرۆسە دروستی کردووە، بۆیە پێشبینییەکان ئەوەیە کە لە چەند مانگی داهاتودا ریژەی توش بوون و گیان لە دەستدان چەندین بارە زیاد بکات.
ئەم بابەتە لە پێگەی نەوژین بلاوبۆتەوە، بۆ بینینی بابەتەکە تکایە کلیکی ئەم بەستەرە بکە نەوژین.
