گوڵە سورەكەی حامیە
ئامادەكردن: هەڵوێست عەبدوڵڵا كەریم
بەکر عەلی گەنجێکی تیکۆشەر بە دەیەها فرسەخ لە پێش هۆشیاری کۆمەلگەکەی بوو ئەو لە سەردەمێکدا داوای مافی هەژار و ئاوارەی ئەکرد خەڵک تەنیا لە خەمی پەیداکردنی پارویەک ناندا بوو بۆ هاوسەر و مندالەکانی. بەکر عەلی شاعیرێکی مرۆڤدۆست بوو، هۆشیاری و تیگەیشتنی بەرزی ئەو و لەگەڵ ئەو ویژدانە زیندووەیدا کە لە خراپترین و قورسترین دۆخی ژیانیدا دەستبەرداری ئەو زیندویتییە نەبوو. ئەو کاتیک شعری خۆشەویستی ئەنوسی کە برسی بوو. بەکر عەلی خۆی هەژاربووە و ئەزمونی هەژاری کردووە بەلام ئەم هەژارییە نەبووە هۆی هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی پارە بەڵکو رۆحی خۆشی لە پێناو هەژراراندا بەخشی .ئەو ئەدەبی ڕیالیزمی سۆسیالیستیی هەڵبژارد و بوە خاوەنی مەبدەئو فکرێکی بەهێز بوو کە تەسلیمی ئەو واقیعە تاڵە نەبوو کە تییدا قەڵەم و رۆشنبیرەکان ئەکردران بەڵکو ئەو کاریگەری خۆی دانا و تا دوا هەناسە بۆ فکر و بەهاکانی و بۆ بەدەستهینانی مافی هەژاران خەباتی کرد و هەر لەو پیناوەشدا تیرۆر کرا.
ئەبوبەکر عەلی ناسراو بە گوڵە سورەکەی حامییە لە 1968/06/19 لە گەرەکی کانیسکانی شاری سلێمانی لە دایک بووە و تا پۆلی دوومی ناوەندی ئەخوێنیت و بەهۆی هەژاریی خیزانەکەیەوە دەستبەرداری خۆیندن ئەبێت. ئەبوبەکر عەلی بڕوای بە خۆ پەروەردەکردن هەبووە و تەنانەت لە ناخۆشترین کاتەکانی ژیانیشیدا سەرقاڵی خوێندنەوە ئەبێت. ئەو کەسایەتییەکی هێمن و لەسەر خۆی هەبووە و لەگەڵیشدا هەمیشە سەرسەخت و چاونەترس و یاخی بووە.
بەکر عەلی تیروانینێکی مرۆییانەی بەرامبەر بە ژن هەبووە لە گەلیشیدا تورە بووە لەو رۆڵەی کە گەنجان و ژنان بە گشتی لەو سەردەمە گیراویانە و کەسایەتی و بونیان لەسەر بنەمای تیروانین و چاوەروانییەکانی کۆمەڵگە دارشتووە. هەربۆیە لە یەکێک لە چاوپێکەوتنیکدا ئەڵیت: ئیستا من کچی ناو دارستانم لە کچی سەماگەیەک پی جوانترە. ئەو تورەییەی بەکر عەلی بۆ بە ئاگاهێنانەوەی ژنان خۆیان بووە و لە خۆشەویستییەکی قوڵەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەڵێت رواڵەت وەها گیژ و کەری کردوون کە نایانەویت وەک پیویست ناوەوەیان بخەنە سەر زمانیان.
خانەوادەی بەکر عەلی ئینتمایان بۆ یەکێتی هەبووە و لە سالی 1986 باوکی بۆ ماوەی ساَلێک و سێ مانگ لە زیندانەکانی سلێمانی و موسڵ زیندانی ئەکرێت و حەلیمە خانی دایکیشی بۆ ماوەی چەند رۆژیک لە ئەمنە سورەکەی سلێمانی دەست بەسەر ئەکریت، کوێستانی خوشکە تاقانەشی بۆ ماوەی چەند مانگێک لە زیندانی موسڵ دەستبەسەر ئەکرێت. تەنانەت براژنەکەشی بۆ ماوەیەک ئەگیرێت بۆ ئەوەی هاوسەرەکەی واتە براکەی بەکر ئیعتراف بکات. دوو برای بەکر بە ناوەکانی (ئاکۆ و عومەر) لە ساڵی 1989 لە لایەن رژیمی بەعسەوە لەسەر کوردایەتی و ئەندامیتییان لە ریزەکانی یەکێتیدا گولە باران ئەکرێن. پاش تیرۆرکردنی بەکر، برایەکی کە پێشمەرگەی دیرێن و خانەنشین ئەبێت لە شاری بانەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە کاتی ئیشکردندا لەسەر باڵەخانەیەکی بەرزەوە بە بیستنی هەواڵەکە ئەکەۆیتە خوارەوە و دواتر توشی نەخۆشی دەرونی ئەبێت و هەر بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە ساڵی 2006 کۆچی دوایی ئەکات. حەلیمە خانیش دوای دوو ساڵ لە تیرۆرکردنی بەکر بە ناسۆر و حەسرەتەوە کۆچی دوایی ئەکات.
بەکر لە ساڵی 1987 لە لایەن بەکری فاتەوە کە یەکیک بووە لە جەللادەکانی سەردەمی رژیمی بەعس لە سلیمانی. بە تۆمەتی یارمەتیدان و هێنانی پیشمەرگە بۆ ناو شار و پاش چوار مانگ لە ئازار و ئەشکەنجەدان ئازاد ئەکرێت. دوبارە لە سالی 1989 کەسێک بە ناوی شیروان ئاغا هەوڵی کرینی قەلەمەکەی بەکر عەلی ئەدات بۆ قادسیە بەڵام بەکر عەلی رەتی ئەکاتەوە هەر بۆیە پاش چەند رۆژیک دەستگیر ئەکرێت و ئەیبەن بۆ ئەمنی عامەی بەغداد و تۆمەتی بۆ دروست ئەکرێت کە گوایە کۆرێکی دژی رژیمی بەعس گیراوە بەڵام بەکر دان بە تۆمەتەکەدا نانێت و پاش چەند مانگێک ئازاد ئەکرێت. پاشان لە هەمان ساڵدا لەلایەن ئەمنی سلێمانییەوە دەستگیر ئەکرێت و ئەشکەنجەیەکی زۆر ئەدرێت بەڵام هیچ ئیعترافێک ناکات و ئازاد ئەکرێت. بەکر عەلی لە ناو ریکخستنەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا چەندین چالاکی گرنگ و مەترسیداری ئەنجام داوە تەنانەت لە یەکێک لە چالاکییەکاندا لە حوزەیرانی 1993 فیشەکیک بەر رانی ئەکەوێت و بریندار ئەبێت.
بەکرعەلی داکۆکیکار و خەمخۆری هەژاران بوو
لە دوای راپەرین هەر زۆر زوو بەکر عەلی درکی بە نەبوونی عەدالەتی کۆمەلایەتی و شکستەکانی حکومرانی دەسەڵات کردبوو بۆیە لە بەشیکی یادەوەرییەکەیدا باس لە نا ئومیدی و رەشبینی خۆی بەرامبەر بەو سەردەمە ئەکات و تەنانەت ئەگاتە دۆخێک خۆزگە بە یاسای دارستان ئەخوازێت. بەکر عەلی لە کاتی شەری براکوژیدا خەباتی خۆی بۆ پشتگیری خەڵکی هەژار و برسی و بۆ ئاوارە و کرێکار دەست پی ئەکات.
ئەوەی تا ئێستە باس ئەکرێت ئەوەیە کە لە پاڵ هەموو ئەو چالاکی و پشتگیرییانەی کە بەکر عەلی بۆ هەژاران و کرێکاران و ئاوارەکانی حامییە هەیبووە و دەسەڵاتدارانی ئەو کاتەی سلێمانی تورە کردووە. لەگەڵ ئەوەشدا بەکر عەلی زیاتر لە دوای مەراسیمی یەکی ئایاری 1994 رق و تورەیی ئەو دەسەڵاتدارانەی ئەو کاتەی سلێمانی زیاتر ئەکات. لەو مەراسیمەدا بەکر عەلی وتارێک بە ناوی هەژاران و ئاوارەکانی حامییە لە ستادیۆمی سلێمانی پیشکەش ئەکات و قسە لەسەر بریاری تێکدانی خانووەکانی حامییە و کردنی بە پارک ئەکات. بەکر عەلی لە بەشێکی وتارەکەیدا بە دەسەلاتدارانی ئەو کاتەی سلیمانی ئەڵێت:
"گەر باس لە گیرانەوەی مومتەلەکاتی دەوڵەتە، ئیوەش مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی چۆلکەن و بیدەنەوە بە حکومەتی هەرێم، لقی چواریش با چۆلی بکات و بیداتەوە بە دەوڵەت، ئیزاعەکەی کاکە حەمەش با چۆڵی کات و ببیتەوە بە زراعەکەی جاران و زۆر جیی تریش، ئەو کاتە ئیمەش حامییە چۆڵ ئەکەین"
ئەو جەماوەرەی کە ئامادەی مەراسیمەکە بوون بە چەپلە رێزانەوە داوای دووبارە کردنەوەی وتارەکەی لێ ئەکەن. هەر ئەم وتارەش هۆکار بوو کە بە بەردەوامی بخریتە ژیر چاودێری و دوچاری هەرەشە ببێتەوە. پاشان لەلایەن بەرپرسێکی باڵای یەکێتییەوە دەستگیر ئەکرێت و دواتر بەهەولی مامۆستا شاهۆ ئازاد ئەکرێت. دەستگیرکردنی بەکر عەلی ئەبێتە هۆی دڵ رەنجاندنی لە یەکێتی و بۆ ماوەی دوو مانگ لە سلێمانی دور ئەکەوێتەوە و لە هەڵەبجەی شەهید نیشتەجی ئەبێت.
تیرۆرکردنی گولە سورەکەی حامییە
14 رۆژ بەر لە تیرۆرکردنی لەلایەن ئاسایشی سلیمانییەوە دەستگیر ئەکرێت، پاش شەش رۆژ لە ئازار و ئەشکەنجەدان ئازاد ئەکرێت و 8 رۆژ بەسەر ئازادکردنیدا تیناپەرێت تیرۆری ئەکەن.
پاش گەراندنەوەی لە هەڵەبجە و بە ماوەیەکی کورت لە 17ی 8ی 1994 لە لایەن ئاسایشی سلێمانییەوە لە نیوەرۆیەکدا و لە ماڵە قورینەکەی خۆیاندا دەستگیر ئەکرێت و بۆ ماوەی شەش رۆژ لە ئاسایشی سلێمانی بەند ئەکرێت و بەشیوەیەکی زۆر وەحشییانە ئەشکەنجە ئەدرێت. بەکر عەلی بەردەوام ژیانی لە مەترسیدا بووە و بەتایبەت دوای دەستگیرکردنی و کۆتا جار و لەو ماوەیەدا چەندین جار هەرەشەی کوشتنی لی ئەکریت بەلام ئەو هەرەشە و ئەشکەنجانە ئەو لەسەر ئامانجەکانی، رق ئەستوتر ئەکەن. لەو رۆژەی کە بەکر تیرۆر ئەکرێت هاورێکانی زۆر داوای لێ ئەکەن کە نەچێت بۆ خۆپیشاندانەکە بەڵام هەوڵ و داواکانیان بی سود ئەبێت چونکە بەکر راستگۆ بوو لەگەڵ پەیام و شعرەکانی و لەگەڵ ئەو شۆرشەی کە بۆ هەژاران و کریکاران هەڵیگیرساندبوو.
یەکێک لە هاورێکانی بەکر عەلی بەم شیوەیە روداوەکە ئەگیرێتەوە: بەپیی بریاری پاریزگاری ئەو کاتەی سلێمانی و لە 20-8-1994 بی دانانی هیچ رێگە چارەیەک بۆ ئەو خەلکە هەژارە، بە نوسراوێک ئەو دووسەد ماڵە ئاگادر ئەکاتەوە کە (لە یەکی ئەیلولدا، ئەو خانووانە تەخت ئەکرین، بۆیە چی زوترە دەبیت چۆڵ بکریت). بەڵام ئیمە بریارماندا کە خۆپیشاندانێکی هیمنانە بۆ بەردەم پاریزگای سلێمانی ساز بکەین و لە رێی نوینەرەکانمانەوە کە سەرەکیترینیان بەکر عەلی بوو یاداشتی نارەزایی بەرز بکەینەوە و داوای هاوکاری لە پاریزگای سلیمانی بکەین. بەڵام بە گەیشتنمان بۆ بەردەم بینای پاریزگار پاسەوانەکان بە زەبری چەک و هیز ناچاریان کردین کە بچنە بەری باخی گشتی. هەر لەو کاتەدا چەکدارەکانی پاریزگار ویستیان بە پاڵنان و بە زۆر بەکر عەلی ببەنە ناو بینای پاریزگاوە بەڵام پاریزگار خۆی لە وئ نەبوو. بەکر خۆ ی نەیا بەدەستەوە و لەگەڵ ئیمەدا کە من و شیرکۆی برای بەکر و دوو کەسی تربوین دورکەوتینەوە و هەوڵی راکردنماندا. بەڵام چەکدارەکان کە مەبەستیان بوو بەهەر جۆرێک شتیک لە (بەکر) بکەن بەداوای کەوتن. لەو کاتەدا بە شیرکۆی برای ئەلێت: ئاگات لە من بێت، دەستنیشان کراوم. مەبەستی بەکر ئەوەبوو کە یەکیک لە ناو ئاپۆرای خۆپیشاندەرانەوە بەردێکی بچوک هەڵئەدات و بەر سەری (بەکر) ئەکەوێت ئەمەش لای ئەو وەک نیشانەکردنیتی و خۆشی دڵنیابوو کە پلان بۆ کوشتنی داریژراوە چەنکە پێشتر چەند جارێک هەرەشەی کوشتنی لی کرابوو. بەکر زوو تی ئەگات و هەوڵی دەرباز بوون ئەدات بەڵام چەکدارەکان تەقەیان لی کردوو و فیشەکێک کە بەر پشتی ئەکەۆیت بریندار ئەبێت. بەکر بە برینداری ئەکەوێت هاورێکانی لەگەڵ ئەو ژنانەی کە بەشداری خۆپیشاندانەکەیان کردووە عەبا رەشەکانیان ئەکەن بە دیوارَیک تا لە پشتیانەوە بەکر بەبرینداری بخەنە ناو باخی گشتی و لەوێیەوە هەوڵی رزگارکردنی بدەن. بەڵام یەکێک لە پاسەوانەکەن کە پلەی لەوانی تر بەرزتر ئەبێت و بەرپرسی پاسەوانەکانی پاریزگارە ئەگاتە سەر بەکر و فیشەکێک ئەنێت بە ناودەمییەوە.
روداوی تیرۆرکردنەکە دەرخستنی ئەو راستیەیە کە تیرۆرکردنی بەکر عەلی پلانێکی پێش وەختە و داریژراو بووە سەرارەی ئەوەش تەرمەکەی نادەنەوە بە خێزانەکەی تا بەڵێن نەدەن بە بیدەنگی ئەینیژن. پاش ماوەیەکیش شێرکۆی برای بەکر دەستگیر ئەکرَیت بەو بیانووەی کە ئەیەوێت تۆلەی براکەی بکاتەوە بەلام حاکم قوبادی جەلیل زادە زوو فریای ئەکەوێت و ئازادی ئەکات. لە پاش تیرۆرکردنی بەکر عەلی دانیشتوانی حامییە بۆ ماوەی 40 رۆژ بە بەرگی رەشەوە پرسەی بۆ ئەگێرن، لەسەر هەر ماڵێک پەرچەمێکی رەش بەرزئەکرێتەوە وەک شیوەن و پرسەیەکی بەردەوام بۆ مەرگی نوینەرە تێکۆشەرەکەیان
دوای 28 ساڵ و تا ئێستە تاوانبارانی تیرۆرکردنی بەکر عەلی پەردەپۆش کراوە و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوە و بە سزا گەیاندنی تاوانباران بێ ئاکام بووە. بەڵام ئەوەی ئاشکرایە کە دوای مەراسیمی یەکی ئایار و دورکەوتنەوەی بەکر لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە بۆ نزیکەی دە ساڵ لە ناو ریکخستنەکانی ئەو حزبەداچالاکانە کاری کردبوو، بەڵام زیندانی و ئەشکەنجەدانی بەکر لە زیندانەکانی یەکێتیدا، بە تەواوی بەکر لە یەکێتی دور ئەخاتەوە. لە مانگی 12 ی 1992 دەست لە کارکیشانەوەی خۆی لە یەکێتی نوسیوە لەگەڵ ئەوەشدا بەکر بەردەوام لە ژێر چاودێری و هەرەشەدا بووە بۆیە سلێمانی بەجێ ئەهێلێت و ئەروات بۆ هەڵەبجە. بەو هۆیەی ئەو کاتە هەلەبجە بەهۆی شەری براکوژییەوە لە ژیر دەسەلاتی پارتیدا بووە. ئەو کاتەی لە هەڵەبجە ئەبێت لەگەڵ چەند نوسەر وهونەرمەندێکدا کارێکی شانۆیی پیشکەش ئەکەن بەناوی قریشکەکان کە دەقەکەی لەلایەن بەکرەوە ئەنوسرێت و بەرزان عومەر کاری دەرهێنانی بۆ ئەکات. دەرکەوتن و چالاکی بەکر عەلی لە هەڵەبجە گومانی بوون بە پارتی لە لایەن یەکێتییەوە ئەخرێتە سەری، هەرچەندە دوای دوو مانگ بەکر ئەگەرێتەوە سلێمانی و بەردەوام ئەبێت لە نوینەرایەتیکردنی هەژارانی حامییە. بەو هۆیەی کە بەردەوام ریکخراوی یەکێتی بێکاران و حزبی کۆمۆنیستی کریکاری بەردەوام پشتگیری لە دانیشتوانی هەژارنشینی حامییە ئەکەن، جۆرێک لە نزیک بونەوە لە نیوان نوینەرانی خەلکی حامییە و یەکێتی بێکاران و حزبی کۆمۆنیست دروست ئەبێت. بەرادەیەک کە زۆر کەس بەکر وەک ئەندامی یەکێتی بێکاران و لایەنگری حزبی کۆمۆنیست ناودەهێنن، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە لەگەڵ ئەوەی بەکر عەلی هەڵگری بیرورای چەپ بووە، بەڵام هیچ دۆکیۆمینتیک لە بەردەستدا نییە ئەندام بونی ئەو لەو حزب و ریکخراوانە بسەلمێنێت.
سەرچاوە/ کاسکیتەکەم بسپیرن بە پاییز، ژیان و بەرهەمی شاعیری شەهید ئەبوبەکر عەلی، ئامادەکردنی فەرەیدون عارف. چاپی یەکەم 2010
لینکی بلاوکردنەوەی بابەتەکە لە مالپەر و پەیجەکان: