دوای تەواوکردنی کۆرسی ماستەرەکەم لە زانکۆی هودرسفیلد لە شاری هودرسفیلد ساڵی ٢٠١٥ بریارمدا سەردانێکی کورت بۆ شاری لەندەن بکەم. تارا خانی ئەزیز پێشوازییەکی گەرمی لێ کردم و ماوەی هەفتەیەک لە ماڵە ئارامەکەی ئەودا حەوامەوە.
لە ماوەی خوێندنەکەمدا جگە لە ئەرکی خوێندن سەرۆکی فێرخوازان/خوێندکارانی کورد بوم لە ناو زانکۆی نابراودا و لەگەل هاوڕێکانم و هەندێ خێزانی نمونەیی دانیشتووی شارەکە سەرقاڵی بەڕێوبردنی چالاکییەکانی ئەو کۆمەلەیە بوین. چالاکییەکان منیان ماندوو نەئەکرد بەلکو کاریگەری پەلاماری داعش بۆ سەر شەنگال، هەرێمی کوردستان و عێراق هێشتا کاری خۆیان ئەکرد و بیرم لەوە ئەکردەوە کارێک بۆ ژنانی ئێزدی بکەین.
با بگەڕێینەوە بۆ لەندەن، ڕۆژانە بەشێکی کاتەکەم لەگەل خاتو تارا بۆ گفتوگۆ تەرخان کردبوو دەربارەی مێژوی کارکردنی ئەو/کوردایەتی لە بەریتانیا، بەشداریکردنی لە چالاکی و خۆپیشاندانەکان، موزیک، یۆگا و تێڕامان، رەوەندی کوردی لە بەریتانیا. خاتوو تارا ئارامیی و میهرەبانییەکی زۆری پێبەخشیم و هەستم بە حەوانەوەیەکی باش کرد. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پەرتوکی دانسقەشی پێبەخشیم بێ ئەندازە بەختەوەری کردم. یەکێک لەو پەرتوکانە چەندین جار خوێندومەتەوە و لە داهاتوشدا دەیخوێنمەوە کتێبی (ئاشتی لە هەموو هەنگاوێکدا) ی ڕاهیبی بودی ڤێتنامی تیچ نهات هانه.
ئەم پەرتوکە لەو ئەدەبیاتەیە ئێمە پێی نامۆین و جارێ زۆرینەی کۆمەلگەی ئێمە دەرکی بە گرنگی ئەم بابەتانە نەکردووە و بەشێکی زۆر کەمیش لە وەرگێڕ، میدیا گرنگی پێئەدەن. لە کاتێکدا لەم ژیانە پر جەنجاڵەی ئەمرۆدا لەوانەیە خوێندنەوەی ئەم پەرتوکە کۆمەک بە ناخمان ئەکات.
هانە لەم پەرتوکەدا باس لە شێواز و ڕێگەی دروستکردنی ژیانێکی لێوڕێژ لە ئاشتیی لەگەل خودی خۆمان، خێزان، کۆمەڵگە، ژینگە و سروشت و کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ئەکات. ئەو ژیانە پردێکی ئاشتی بۆ گرێدانی خودی مرۆڤ لەگەل دەرەوەی خود، جیهانی واقعی گرێ ئەدات. هانه نمونەی زۆر دەهێنێتەوە بەتایبەت باس لەو سەربازە ڤێتنامی و ئەمریکییانە ئەکات لە کاتی جەنگدا ئەزمونی چ ترسێکی قولیان کردوو و دوای کوشتنی سەرباز، ژن و منداڵی نەتەوەی بەرامبەر بۆ هەتاهەتایە ئاشتی ناوەکییان لە دەست داوە.
هانە نمونەیەکی دیکەمان لەگەڵ بەشی ئەکات و ئەڵێت،
کاتێک بەشێکی زۆری گوندەکانی ڤێتنام بە فرۆکەکانی ئەمریکا بۆمباران ئەکران ئێمەی راهیب پرسیارێکی جدیمان لە خۆمان ئەکرد ئایا لە ناو خەڵوەتی خۆماندا بمێنینەوە و تێڕامان/میدیتەیشتن بکەین یاخود برۆین بە هانای ئەو خەلکەی بریندار و بێ لانە بوون. ئەو لە قسەکانی بەردەوام ئەبێت و ئەڵێت دواجار بریارماندا هەردوکی بکەین.
ئەم ئەزمونە نیشاندەری ئەوەیە مرۆڤ لە هەر پێگە و رۆلێکدا بێت ناتوانێت خۆی لە کۆمەلگەکەی و کۆمەلگەی مرۆڤایەتی داببڕێت ئەوە هەڵوێست و ئاکتی ئێمەیە دواجار بریار ئەیات ئێمە خۆپەرستانە و بۆ خۆمان ئەژین یان خۆمان خۆش دەوێت و بەشداریشین لە خەمی گشتی و خزمەتکردنی کۆمەلگە. بەڵکو ئەو ڕێگە، ئاین، ئایدۆلۆژیا یەی بروامان پێیەتی بۆ خزمەتی خۆمان و کۆمەلگەکەمان بەکاریئەهێنین.
گەورە راهیبی ڤێتنامی تیچ نهات هانه، ١١ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٦ لە دایک بووە و لە ٢٢ ی مانگی یەکی ٢٠٢٢ ئەم ژیانەی بەجێهێشت. ئەو شاعیر و مامۆستای زین، نووسەر و چالاکوانی ئاشتیی بوو لە جیهاندا. بە ئیلهامبەخشترین و کاریگەرترین کەس لە مێژودا دادەنرێت چونکە کاریگەری هەبوو لە سەر رۆژئاوا بۆ ئەوەی پەیڕەوی بودییەت بکەن.


