ئێوە دەتانەوێت لە پێناوی ژیانی ئێمەدا بمرن، بەڵام ئێمە ژیانی ئێوەمان دەوێت نەک مردن

وتاری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی بۆ پشتیوانی مانگرتووان مانگرتنی مامۆستایان و فەرمانبەران ئەمڕۆ پێی نایە رۆژی پانزەهەمینەوە، داواكارییەكانیان کە لە چوار خاڵدا خۆی دەنوێنێ، سەرەتایی و یاسایین، کە لەلایەن دەسەلاتەوە لە خەڵكی كوردستان زەوت كراون و ئەوان بە مەدەنیانەترین شێوازی سەردەم داوای گێڕانەوەیان دەكەن، سور بوونیان لەسەر داواکانیان بە جۆرێک کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستیان هەیە لە لێواری مەرگ نزیکی کردوونەتەوە، کە بەپێی راپۆرتی لیژنە پزیشکییەکان هێز و توانایان لێبڕاوەو لە ئەگەری بەردەوامبوونیاندا گیان لەدەست دەدەن، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی هەرێم كە هۆكاری ئەو نەهامەتیانەن، نەك هەر گوێیان لێ نەگرتن و لە خەمی تەندروستیاندا نەبوون، بەڵكو كەوتنە سوكایەتی و ناو و ناتۆرە نانەوەش، تەنانەت بەشێوازێکی نامەدەنیانە و بە توندوتیژترین شێواز کەوتنە گیانی هاوڕێکانیان لە بازگەی دێگەڵە کە بەشێوەیەکی هێمنانە بە قەڵەمێکەوە بۆپشتیوانی ئەوان بەرەو بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێری پایتەخت بەڕێ کەوتبوون. لەبەرامبەردا، ئێمەی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، وێڕای ئەوەی داواكارییەكان بە ڕەوا دەزان...