*ژنانی دەربازبووی ئەنفال بەرگێکی رەشیان لەبەرکرد، کرێکارییان کرد، دەسکەنەی نۆک و نیسکیان کرد و بەو پەری شکۆ و شەهامەتەوە منداڵی خۆیان و نەوەکانیان گەورە کرد و کۆمەڵگەی کوردیی دوای ئەنفالیان لە هەڵوەشانەوە بە دورگرت.
*ئەو ژنانە خۆیان لە هەموو چێژ و جوانییەکانی ژیان بەخشی و پەروەردەکردن و پێگەیاندنی منداڵ و نەوەکانیان خستە پێش هەموو خۆزگە و خولیایەکی خۆیان.
*ئێمە هەموومان بە ژیانمان قەرزاری ئەوانین. پێویستە چیرۆکی شکۆ و شەهامەتی ئەوان بنوسینەوە، ئێمە و نەوەکانی داهاتووش شانازییان پێوە بکەین.
*ژنانی دەربازبووی ئەنفال لە نەبوونەوە ژیانیان خولقاندەوە، ئەوان بە دلێکی پر خوێن، بە جەرگی سوتاو چنگیان لە زەوی گیرکرد و خانووەکانیان بنیاتنایەوە، خانووی چۆڵ و پڕ لە یادەوەریی جوانی ئەندامانی خێزانەکانیان، ئەوان چەند دەیەیەک بە دیار هاتنەوەی گۆزە و بەدەمگریانەوە چاوەکانیان ڵێڵ بوون.
*ژنانی دەربازبووی ئەنفال شەڕی گەورەی ئەو ئەقڵیەتە کۆنەپارێزییەی ئەم کۆمەلگەیەیان ئەکرد کە ئەوانی تەنیا وەک ژن ئەبینی. ئەوان شەری گەورەی ئەو بەرپرس و پیاوە تەماحکارانەیان ئەکرد کە تەماحیان لە جەستەی ئەو ژنانە کردبوو چونکە ئەندامی نێری لە خێزانەکەیدا نەمابوو. چونکە ئەبوو پیاوێک هەبێت ئەو ژنە لە تەماح و چنگی پیاوێکی کە بپارێزێت..
*ئەوەی ئەمەوێت لە نوسەران و توێژەرانی ئەنفالی داوابکەم پاراستن و ئەرشیفکردنی چیرۆکی ئەو ژنانەیە دەستدرێژییان کرایە سەر و تا ئێستە نەیانتوانیووە، باسیشی بکەن.
*هەزار جار نەفرەت لەم کۆمەڵگەیە پیاوسالارە ئەکەم کە نەبوو بە ئامێزێکی ئارام بۆ ئەو ژن و کچانەی کە دەستدرێژیی سێکسیان کرایە سەر. هەرگیز ئێمە نەبووینە لانە و باوەشێکی ئارام تا ئەوان بتوانن لانی کەم قسە بکەن.. ژنێک لە دوای ئەو زەبردە دەرونیی و جەستەییە گەورەیەی بەسەریدا هاتووە رێگەی پێ نەدەی قسە بکات، گوێی لێ نەگریت؟...ئایی شەرەف و ناومووس ئاخر هیچ شتێک وەک شەرەف و نامووس ئەژنۆی پیاو ی کورد ناشکێنێت.
*سەرکردە شۆرشگێڕ و سۆشیال دیموکراتەکانیش پەردەپۆشی فرۆشتنی کچانی کورد و دەستدرێژی سێکسییان ئەکرد...نازانم چۆن روویان یەت باسی شۆرش ئەکەن؟؟ کام شۆڕش؟؟ شۆرشێک نەتوانێت گۆرانکاری لە ئەقلیەت و فکرتدا بکات کەی شۆڕشە؟؟ سەرکردەی سیاسی و سەرۆک خێڵ و عەشیرەتێک یەک بیرکردنەوەی دەربارەی ژن هەبێت و ژن تەنیا وەک جەستە و شەرەف ببینێت جۆن جورئەت ئەکات باسی شۆڕش و ئازادی بکات؟؟
*ئەگەر دادگایەکی دادپەروەرانە هەبێت ئەبێت ئەو سەرکردانە دادگایی بکرێن پێش سەرانی بەعس و پێش جاش و خۆفرۆشان..
*هاوار و قیژەیەکی خنکاو و رق ئەستور لە گەرو و رۆحمدایە، هەندێک جار خەریکە ئەمخنکێنێت کە بیر کە ژنانی دەربازبووی ئەنفال ئەکەمەوە،،،هیوادارم بتوانم زیاتری دەربارە بنووسم.
پێش ئەوەی کۆتایی بە دێڕەکانم بهێنم ئەمەوێت بە ژنانی دەربازبووی ئەنفال بڵێم پێش هەموویان ئەو ژنانەی دەستدرێژی سێکسیان کرایە سەر، پێتان ئەڵێم ئێوە گەورەترین شانازی و بەهای مرۆیی کۆمەلگەن نەک تەنیا هی کورد بەڵکو هی مرۆڤایەتی...ئێمە قەرزاری قیژە و ناڵە و لە هەمان کاتدا بێدەنگی ئێوەین....ئێوە ژنانی دەربازبووی ئەنفال گەورەترین هێز ئەبەخشن...من وەک خۆم زۆر زۆر داوای لێبوردنتان لێ ئەکەم کە قەدەر، سروشت یان خوا یان پەروەردگار ئێوەی لەم بەشەی جیهاندا دروست کرد کە پاش ٣٧ ساڵیش ئێمە هێشتا گوێمان لە گریان و ناڵەی دڵی ئێوە نەگرتووە..ئێمە بێئاگاین لەو زەبرە دەروونی و جەستەییەی توشی هاتوون...بۆیە پێویستە کۆمەلگەی کوردی داوای بەخشین و لێخۆشبوون لە ئێوە بکات، ئێوەش مافی خۆتانە هەرگیز نەمانبەخشن..
هەڵوێست
بۆ خوێندنەوەی بابەتە لە ئاژانسی ژنها: ژنها
