د.ڤاندانا شیڤا
هەڵوێست کردویە بە کوردی
ئەمڕۆ لە سەردەمی قەیرانە زۆر و فرەلایەنەکاندا کە بەهۆی جیهانگیرییەوە چڕتر بۆتەوە، پێویستە لە پارادایمی سروشت وەک مادەی مردوو نەڕوانین. بۆ تێگەیشتن لە پارادایمی سروشت ڤاندانا شیڤا چەمکی دیموکراسی زەوی گەشەپێدەدات، بەو مانایەی ئازادی پەرەسەندنی هەموو بوونەوەر و جۆرەکانە لەناو تۆڕی ژیاندا، هەروەها ئازادی و بەرپرسیارێتی مرۆڤەکانە وەک ئەندامێکی بنەماڵەی زەوی، بۆ داننان و پاراستن و ڕێزگرتن لە مافی هەموو بوون و جۆرەکانی دیکە.
ڤاندانا ئەڵیت دیموکراسی زەوی گۆڕانکارییە لە ئەنترۆپۆسێنتریزمەوە (واتە مرۆڤ سەنتەری، مەبەست لێی مرۆڤ گرنگترین بوونە لەسەر ئەم هەسارەیە و باڵادەستی مرۆڤ لەسەروو سروشتەوە دائەنێت واتە سروشت و ئەوەی لە ناو سروشتدایە بۆ خزمەتی مرۆڤ دروستکراوە)، بۆ ئیکۆسەنتریزم.
بەو پێیەی هەموومان پشت بە زەوی و سەرچاوەکانی زەوی دەبەستین، سەرەتایترین پێداویستی و مافی مرۆڤ بەدەستهێنانی خۆراک و ئاوە، بۆ ڕزگاربوون لە برسێتی و تینوێتی، لە هەمان کاتدا فێرببین چۆن مامەڵە لەگەڵ تۆوی ڕەسەن و خاکی زیندوو و تۆڕی ژیان بکەین.
دیموکراسی زەوی، لە ڕوانگەی ڤاندانا شیڤا، چوارچێوەیەکی سیاسی، ئیکۆلۆژی و مۆڕاڵییە کە جەخت لەسەر دادپەروەری بۆ هەموو بوونەوەرەکان و مرۆڤ ئەکات بە هەمان شێوە لە ڕێگەی بەردەوامیی ئیکۆلۆژی، ئۆتۆنۆمی (سەربەخۆیی ناوخۆیی) و یەکسانی کۆمەڵایەتی بەدەست دێت.
ڤاندانا شیڤا بنەما سەرەکییەکانی دیموکراسی زەوی بەم شێوەیە دائەرێژێت:
بەرپرسیارێتی ئیکۆلۆژی: پێویستە مرۆڤ لە سنووری ئیکۆلۆژی هەسارەکەدا بژی نەک بۆ قازانج یان گەشەکردنی
بێکۆتایی، سەرچاوەکانی ناوی بقۆزێتەوە.
دادپەروەری ئابووری و سەروەری ناوخۆیی: کۆمەڵگە ناوخۆییەکان مافی ئەوەیان هەیە خۆیان سەرچاوە سروشتییەکانی خۆیان بەڕێوەببەن و خۆراک بەرهەم بهێنن و سەرچاوەی ئابووریی پەرەپێبدەن بەبێ ئەوەی کۆمپانیا فرەنەتەوە و جیهانییەکان ئیستغلالیان بکەن.
پاراستنی جۆراوجۆری زیندوو: جۆراوجۆری زیندوو بنەمایەکە بۆ مانەوەی هەموومان، بنەمای خۆراک و تەندروستی هەسارە و مرۆڤن. جینۆمۆدێرن و پاتێنتەکانی تۆو ئەم جۆراوجۆرییە لەناو ئەبەن.
سەروەری تۆو و خۆراک: پێویستە جووتیار و کۆمەڵگە رەسەنەکان تۆو و سیستەمی خۆراکی خۆیان بەڕێوەبەرن نەک لەلایەن کۆمپانیا و بازرگانی کشتوکاڵی فرەنەتەوەییەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
پەیوەندی و یەکگرتوویی: دیموکراسی زەوی لەسەر ئەو بنەمایە دامەزراوە کە ژیانی هەموو بوونەوەر و رەگەزێکی سروشت وابەستەی یەکن و پێکەوە هاوپەیوەندین، زیان و لەناوبردنی هەر بوونەوەر و رەگەزێک زیانگەیاندنە بە کۆی ئیکۆسیستەم.
بەرەنگاربوونەوەی جیهانگیری کۆمپانیاکان: ڤاندانا دژی ئەو شتەیە کە ناوی ئەنێت "ئیکۆ-ئاپارتاید"، کە کۆمپانیاکان رەگەزەکانی سروشت (ئاو، تۆو، زەوی) ئەکەن بە موڵکی تایبەت و کۆنترۆڵی ئەکەن، خەڵکی هەژار و ڕەسەن دەربەدەر ئەکەن.
