لە پەراوێزی کۆڕەکەی لە دەربەندیخان د.مەریوان ئەڵێت: مرۆڤی کورد ناتوانێت روبەروی سەرمایەداری ببێتەوە، کورد ناتوانێت لە گوندەکانی تورکیاوە روبەروی سەرمایەداری ببێتەوە بەڵکو ئەبێت لە نیۆرک و بەرلین و ئەمستەردامەوە روبەروی سەرمایەداری ببنەوە.
*سەرەتا ئەو گوندانەی بەرێزت باسیان ئەکەیت هی کوردستان و کوردە نەک تورکیای داگیرکەر، تورکیا وڵاتێکی فاشستە و بەرهەمی دەوڵەت نەتەوەیە کە تۆ بە گونجاوی دائەنێیت. تورکیا لە رێی دروستکردنی بەنداوەکانەوە سەدەها گوندی خاپورکرد و خەڵکەکەی بێلانەکرد دیارترین حەسەنکێفە کە شارۆچکەیەکی شوێنەواری دێرینە و زیاتر لە ١٢ هەزار ساڵ مێژووی مرۆڤایەتی هەیە. لە ڕووی کولتووری و ئیکۆلۆژییەوە یەکێک بوو لە شوێنە گرنگەکانی باکوری کوردستان. شارۆچکەکە بە شێوەیەکی کارەساتبار ژێرئاوکەوت لە چوارچێوەی پڕۆژەی مشتومڕاوی بەنداوی ئیلیسو لە تورکیا. ئەم نموونەیەم بۆیە باس کرد وتم نەوەک ئاگادار نەبیت چونکە هێشتا بەرێزت ئەڵێیت گوندەکانی تورکیا..
*سیستەمی سەرمایەداری لە هەموو کونجێکی ئەم دنیایە کارئەکات و هەموو جومگەیەکی ژیانی تاک و خێزانی لەسەر ئەم زەوییە داگیر کردووە لە حەفتاکانیشەوە لەگەڵ دەرکەوتنی نیولیبرالیزم پرۆژەکانی سیستەم گەیشتە ترۆپک و هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ، ژن و ژینگە نەهێشتۆتەوە..ئەوەی زانستی ئەمرۆ پێی ئەڵێت پێشکەوتنی بایۆتەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا بەتایبەت لە شۆڕشی چوارەم و پێنجەمی پیشەسازی وێرانکاریی زەوی و قڕبوونی مرۆڤ لەسەر زەوی لە روی کاتەوە خێراتر ئەکات.
هەربۆیە د.مەریوان ئەرکی هەموو تاکێکە لەسەر ئەم زەوییە لەبەرامبەر سیستەمی سەرمایەداریی بوەستێتەوە و ئەوەی زیاتر ئەرکدارە کوردە و لە ناو کوردیشدا ژنە.
*لام سەیرە کە بەریزتان ئەڵین لە ناوەندی نیۆرک، بەرلین و ئەمستەردامەوە ئەبێت روبەروی سەرمایەداری ببنەوە، لە کاتێکدا لە خوێندنەوەی مێژوی کاولکردنی ئەمریکا و قڕکردنی دانیشتوانە رەسەنەکانی ئەمریکا، لەناوبردنی گیانلەبەر و ژینگەکەیان و دزین و بەتاڵانبردنی سەرچاوەکانی سروشت لە لایەن کۆڵۆنیاڵی ئەوروپی بنیاتنانی ئەمریکا لەسەر خوێن و بە کۆیلەکردنی دانیشتوانە رەسەنەکانی و ئێستەش شانازی بە ئازادی و دیموکراسییەوە ئەکەن. هەر بەوەشەوە نەوەستان هۆڵیۆد و پیشەسازی فیلمیان خستەگەڕ بۆ نیشاندانی وێنای دانیشتووانە رەسەنەکانی ئەمریکا وەک وەحشی و مرۆڤ کوژ و مرۆڤخۆر.
ئەو هۆڵەندایەی بەرێزت بە شانازییەوە باسی ئەکەیت بۆ سێ سەدە داگیرکەر بووە واتە سەدەی ١٧ بۆ ٢٠ لە مالیزیا، لە ئەفریکا، سریلانکا و زۆر شوێنی دیکە. هەیمەنەیان بەسەر هێڵی بازرگانی ئاسیاداکرد، کۆمپانیای هۆڵەندی هیندستانی ڕۆژئاوا بازرگانی کۆیلەیان لە زەریای ئەتڵەسیدا دەکرد.
نازانم بۆ لەگەڵ ئەو هەموو شەرمەزاریەی ئەووڵاتە داگیرکەرە هەیەتی تەنیا باسی چەمکی هاوڵاتی بوون ئەکەیت؟
*دوا قسەم بۆ بەرێزت زۆر بە سادەیی: لە گوندەکانەوە ئەتوانین بەرەنگاری سەرمایەداری بکەین چونکە زۆر زۆر بە سادەیی گوند مرۆڤێکی خۆبژێوو بەرەنگار دروست ئەکات و سەرمایەداری شاری پر لە مرۆڤی بەرخۆر، بێئیرادە و تەمەڵ دروست ئەکات..
تێبینی/سەرنج و رەخنەی دیکەشم هەبوو بەڵام بەهۆی کەمی کاتەوە هەرئەوەندە دەرفەتم هەبوو بو نووسین.
