سەنتەری نانسن بۆ ئاشتی و گفتوگۆ (The Nansen Center for Peace and Dialogue)، ناوەندێکی بە ئەزموونە لە بواری ئاشتی و دیالۆگدا کارئەکات. پرۆژە و چالاکییەکانی ئەم ناوەندە لە بواری پەروەردەی ئاشتی بۆ گروپەکانی ڕەوەند، پەنابەران لە نەرویج و هەروەها تۆڕێکی گفتوگۆ لە باڵکان دەگرێتەوە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئارەزووی زیاتر بووە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی ڕەوەند و چۆن هەم تاک و هەم گروپەکانی ڕەوەند دەتوانن بەشێک بن لە پرۆسەی بنیاتنانی ئاشتی لە وڵات و زێدی خۆیاندا. ڕەوەندی دانیشتووی نەرویج نوێنەرایەتی پەیوەندییەکی بەردەوام دەکات بەو ناوچەی ململانێیەی کە نەرویج تێیدا سەرقاڵی کاری ئاشتی و گەشەپێدانە. زۆرجار ئەم کەسانە هەم سەرچاوە و هەم پاڵنەرێکی پێویستیان هەیە بۆ کارکردن لە وڵات و زێدی خۆیان، بەڵام زۆرجار ئەو تۆڕ و زانیارییانەیان نییە کە بتوانن بەشداری بکەن. بە پەیوەندیکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە کار دەربارەی بنیاتنانی ئاشتی دەکەن لە ئەفغانستان، کوردستانی عێراق، بۆسنە هێرزێگۆڤینا، و ئەوانەی لە ڕەوەند کە لە نەرویج دەژین لە خولی ڕاهێنانی هاوبەشدا، ناوەندی نانسن ویستی بزانێت ئایا ئەمە دەتوانێت کەناڵە بنیاتنەرەکان بۆ پەیوەندیکردن گەشەپێبدات؟ ئایا ئەم پرۆسەیە ئەببێتە هۆی لێکتێگەیشتنێکی باشتر لە نێوان رەوەندی نەرویج و زێدی خۆیاندا.
ئامانجی خولەکە تەنها گواستنەوەی زانیاری لە ناوەندەکەوە نەبوو بۆ بەشداربووان، بەڵکو دروستکردنی شوێنی کۆبوونەوە و گفتوگۆ بوو لە نێوان نوێنەرانی ڕەوەندەکان و نوێنەرانی وڵاتانی ناوخۆیی. خولی ڕاهێنانەکە لە ئەکادیمیای نانسن لە شاری لیلهامەر بەڕێوەچوو و لە مانگی ئازاری ٢٠١٢ بۆ ماوەی چوار هەفتە بەردەوام بوو، یازدە بەشداربووەکە لە کوردستانی عێراق و عێراق/نەرویج، ئەفغانستان و ئەفغانستان/نەرویجەوە هاتبوون، هەروەها لە بۆسنە هێرسێگۆڤینا و بۆسنە هێرسێگۆڤینا/ نەرویجەوە هاتبوون . ئامانجی سەرەکی ڕاهێنانەکە بەهێزکردنی لێهاتوویی پراکتیکی بەشداربووان و تێگەیشتنی تیۆری بوو لە کاری ئاشتی و گفتوگۆ و ئاشتەوایی. بە تایبەتیتر ئامانج ئەوە بوو کە:
*ئەزموونی ئاشتی و پەرەپێدانی لێهاتوویی لە کاری گفتوگۆدا هاوبەشی پێبکرێت.
*بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ڕەوەند و وڵاتی زێد/ڕەسەن
*کۆکردنەوەی زانیاری و ئەزموون کە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ زیاتر پەرەپێدانی خولێکی ڕاهێنانی پراکتیکی و تیۆری/واتە پێگەیاندنی راهێنەر.
بۆ من ئەزموونێکی ناوازە و پر بەرهەم بوو، بۆ ماوەی مانگێک لەگەل نەتەوە و زمانی جیاواز جیاواز باسمان لە ئاشتی و رێگەکانی بنیاتنانی ئاشتی کرد. گفتوگۆکردن دەربارەی ئەزموونەکانی جەنگ و ئاشتی زیاتر مرۆڤ پەلکێشی بیرکردنەوەی فروانتر ئەکات بۆ ئەوەی هەموو هەوڵەکانت یەک بخەیت لە پێناو بەدەستهێنانی ئاشتی.


