دۆخی كەرتی كشتوكاڵ و جوتیاران لە سەردانێكی مەیدانیدا..


بەشداربوین و بەشداریش ئەبین لە پاڵپشتیكردنی بەرھەمی ناوخۆیی ...

هەڵوێست عەبدوڵڵا کەریم







بەمەبەستی بەدواداچوونی دۆخی جوتیاران ڕۆژی 24/7/2020سەردانی گوندەکانی ئاودەلۆک، هێلاوە، جەدیدە لە ناحیەی شەمامكی سەر بە هەولێر کرد. لەوی چاومان بە چەند جوتیارێک کەوت کە بەرهەمی جیاواز جیاوازیان ھەبوو هەریەک لەو جوتیارانە کێشە و ئاستەنگی تایبەت بە بەرهەمی خۆی خستە ڕوو، کە لێرەدا ئاماژەی پێدەدەین.

خانووی پلاستیکی-جۆری بەرهەم: خەیار و تەماتە:

ئەو جوتیارە خاوەنی دوو خانووی پلاستیکییە کە خەیار و تەماتەی تێدا بەرهەم هێناوە، ئەو ئاماژەی بەوەدا کە خەرجی تێچووی ئەو دووخانووە بە رێژەیی 700،000 دیناری عیراقییە. لە کۆی ئەو خەرجییە و لەو دوو خانووە پلاستیکییە تەنیا بایی 300,000 دیناری عیراقی فرۆشتووە. واتە نەتەنیا قازانجی نەكردووە بەڵكو 400,000 دیناری زەرەرمەند بووە.
جوتیارەکە باسی لەوە کرد کە رۆژی 23 ی مانگ لە عەلوەکە چوار سندوق تەماتەی بە 2000 دیناری عیراقی فرۆشتووە. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە کە ئەو جوتیارە خاکی زەوی و ئاوی بۆ پشکنین بردووە بۆ تاقیگە و لە ئەندازیارێکی ژینگەیی رێنمایی وەردەگرێت. شایەنی باسە ئاماژەی بەوەدا کە سودی لە رێنماییەکانی ئەو ئەندازیارە وەرگرتووە کە خۆبەخشی پاڵپشتی کردووە.

زەوی کشتوکاڵی-جۆری بەرهەم/پەتاتە

جوتیارێکی دیکە کە لە سالی 2005 ەوە سەرقاڵی جوتیارییە و پیشەکەی خۆی خۆش دەوێت، بە شێوەیەکی زانستی کار ئەکات و نمونەی ئەزمونی وڵاتانی هۆلەندا و ئەوروپای بینیوە. ئەو جوتیارە ئاماژەی بەوەدا کە پێش ئەوەی دەست بە چاندن بکات نمونەیەک لە خۆڵی زەوییە كشتوكاڵییەكە، نمونەیەک لە ئاو و تەنانەت نمونەیەک لەو پەیینە کیمیاییەیەی کە کڕیویەتی بردووە بۆ تاقیگە بۆ پشکنین. پاش ئەوەی لە تاقیگە پشکنینی بۆ کراوە و رەزامەندی لەسەر دراوە دەستی بە کارەکانی کردووە.

ئەو ماوەی حەوت مانگ سەرقاڵی بەرهەم هێنانی پەتاتە بووە بەم شێوەیە:

110دۆنم پەتاتەی چاندووە، بڕی هەموو تێچوونەکان بەڕێژەیی 220 ملیۆن دیناری عیراقی بووە، تا ئێستە تەنیا 100 تەنی فرۆشتووە کە بایی22 ملیۆن دیناری عێراقی بووە و 100 تەنی فڕێداوە چونکە بەراد-ساردکەرەوەی نییە کە پەتاتەکەی تێدا هەڵبگیرێت. کۆی گشتی 700 تەن پەتاتەی ماوە بیفرۆشیت کە رۆژی 23 ی مانگ کیلۆیەک پەتاتە لە دوکانەکان تەنیا بە 500 دیناربووە.

ئەو جوتیارە ئاماژەی بەوەدا کە خەڵک هەیە لەسەر ئاستی تاکە کەس زۆر گرنگی بە بەرهەمەکەی دەدەن جونکە ئەوان لەو پەتایەیان خواردووەو بۆ دروستکردن خواردنیش بەکاریان هێناوە و بەردەوام پەتاتەی لی ئەکڕن و بایکۆتی پەتاتەی هاوردەیان کردووە.

زەوی کشتوکاڵی/ جۆری بەرهەم- پیاز

ئەو جوتیارە 10 دۆنم زەوی پیازی چاندووە و وا نزیکی ساڵێک دەبێت کە لەم زەوییەیەدا رەنج دەکێشێت و ئێستە سەرقاڵی کۆکردنەوە و فرۆشتنی بەرهەمەکەیەتی. ئەو ئاماژەی بەوەدا کە نزیکی 12 ملیۆن دیناری عیراقی خەرج کردەوە بەو هۆیەی کە لە کاتی گونجاوی خۆیدا دەستی پێنەکردووە بەرهەمەکەی توشی نەخۆشی بووە و دوای راوێژکردن بە ئەندازیاری کشتوکاڵی چارەسەری کردووە. جوتیارەکەئاماژەی بەوەدا کە رۆژی 23 ی مانگ کیلۆیەک پیاز لە عەلوەکە بە 80 دیناری عیراقی بووە.



کێشە و ئاستەنگی بەردەم جوتیاران:

1.بەرهەم و خۆراکی هاوردە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستانی سەرڕێژ کردووە و لەگەل ئەوەشدا ئەو بەرهەمانە نرخیان لە بەرهەمی ناوخۆیی زیاترە.

2.یەکێتی جوتیاران هیچ رۆڵێکیان نییە.

3.وەزارەتی کشتوکاڵ پاڵپشتی جوتیاران ناکات.

4.وەزارەتی کشتوکاڵ پلانی گشتگیری بۆ جوتیاران نییە تا بڕ و جۆری بەرهەم بۆ جوتیاران دیاری بکات، بۆ ئەوەی لە رێی ئەو پلانەوە جوتیارانی هەرێم بەرچاویان رون بێت کە چی و بەچ بڕێك بەرهەم بهێنن. ئەمەش وا ئەکات کە ئەوان زەرەرمەند نەبن و لە یەك كاتدا بڕێكی زۆرلە بەرھەمێكی دیاریكراو لە لایەن جوتیاران بەرھەم نەھێنرێت.

5.حکومەت مۆڵەت بە جوتیاران نادات تا بەڕاد-ساردکەرەوە بۆ هەڵگرتن و پاراستنی بەرهەمەکانیان بکڕن.

6.حکومەت ناهێڵێت کە جوتیاران بیر لێ بدەن، لە کاتێکدا کۆمپانیایەکی نەوت کە هەر چەند سەد مەترێک لەو زەوییە جوتیاریانەوە دوورە چەندەها بیریان لێداوە و ئاوی ژێر زەوی گوندەکە بە کارئەهێنن.

7.ئاستی هۆشیاری خەڵک بەرزنییە بۆ کڕینی بەرهەمی خۆماڵی و بایکۆتی بەرهەمی بێگانە.

8.جوتیاران دلنیانین لەو تۆوەی کە تەنانەت بە نرخێکی گرانیش ئەیکڕن چونکە بەرهەمی نییە واتە دڵنیایی جۆری نییە بۆ پشکنینی ئەو تۆوانەی کە یەنە ناو هەرێمی کوردستان تا لە کوالتی و باشی تۆوەکە بکۆڵنەوە.

9.جوتیاران دڵنیا نین لەو پەیینە کیمیاییانەی کە لە بازار هەن چونکە تێکەڵی ماددەی کە ئەکرێت و بەهەمان شێوە پشکنین بۆ ئەو پەینانە ناكرێت.

10.تا ئەمڕۆش جوتیار هەیە کە زانیاری تەواوی لەسەر کارەکەی نییە و لە دوای زیانێکی زۆر ئەزمون پەیدا دەکات.

11.نەبوونی پەیوەندی لە نێوان ناوەندی ئەکادیمی کۆلیژی کشتوکاڵ و جوتیاران.

12.شێواز و چۆنیەتی گواستنەوەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بۆ بازار کە پێداویستی و ئامێری تایبەتبي دابین بۆ نەکراوە.







چارەسەر:

1.بازرگانە چاوچنۆكەكان بەرھەمی دەرەكی ھاوردە نەكەن.
2.بەرهەمی جوتیاران پێویستی بە رێگەی نوێی بە بازاڕیکردن هەیە.
3.زیاتر بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵک بۆ پاڵپشتی و خاوەنداری کردنی جوتیاران.
4.خەڵک هان بدرێت کە بەرهەمی خۆماڵی بکڕن و بایکۆتی کاڵای بیانی بکەن بە تایبەت ئێران و تورکیا. تەرکیز بخرێتە سەر بەهای خۆراکی بەرهەمی ناوخۆ و سودی بەرهەمی ناوخۆ بۆ تەندروستی کۆمەڵ و رۆڵی بەرهەمی خۆماڵیی لە کەمکردنەوەی نەخۆشی و دەرون دروستی.
5.قسەکردن لەسەر ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان و رۆڵی بەرهەمی ناوخۆیی لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی خۆراک لەهەرێمەکەمان.
6.داهاتی خەڵک و سامانی خەڵکی ئەم هەرێمە بۆ خەلکی ئەم هەرێمە بێت، واتە ئەو داهات و سامانەی کە لە هەرێم هەیە بۆ قازانجی وڵاتانی دراوسێ نەڕوات بەڵکو بۆ خەڵک و گەشەپێدانی هەرێمی خۆمان بخرێتەوە کار. واتە کاتێک خەڵک هۆشیار بێت و بەرهەمی خۆمان   
ئەکڕێت پارەکە بۆ جوتیارێکی خۆمانە ئەڕوات نەک بۆ بازرگانێکی چاوچنۆک یان وڵاتیکی دراوسێ.
7.کەرتی کشتوکاڵ ببێتە کەرتێک بۆ دروست کردنی دەرفەتی کار بەتایبەت لە ئێستەدا کە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت پەکی کەوتووە و خەڵکێکی زۆر بێ کارن بۆیە ئەکرێت کەرتی کشتوکاڵ بکرێتە دەرفەتیک کە خەڵكێکی زۆر کاری تێدا بکەن. جارێکی تر پارە و سامان لەبازنەیەکدا دەسوڕێتەوە و لە ناوخۆدا مامەڵەی پێوە دەکرێت.
8.پشتیوان و پاڵپشت بین بۆ دروستکردنی گروپی جوتیاران لەسەر ئاستی ناوچە و گوندەکان پاشان لەسەر ئاستی شارەکان بۆئەوەی جوتیاران خۆیان کۆمەڵەیەک دروست بکەن و پلانی ساڵانەی بەرهەمی خۆیان دابڕێژن. هەر ئەم گروپە بۆ زۆر کاری دیکەش پاڵپشتیان ئەبێت.‬