ئاشتی لە هەموو هەنگاوێکدا !
دوای ٤ ساڵ کارکردن لەگەڵ ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان، بڕیام دا پشویەک بدەم.
هەمیشە کارکردن لەگەڵ ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان خەونی زۆر کەسە لە جیهاندا و کارمەندی ناو رێکخراوەکانی دیکە هەوڵی بۆ ئەیەن لە یەکێک لەو ئاژانسانە کارێکیان دەست بکەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا من هەرگیز بیرم لەوە نەکردبۆوە لەگەڵ ئەو ئاژانسانە کاربکەم.
بەڵام
چوارساڵ لەمەوبەر هەلی کارێک بە ناونیشانی بەڕێوبەری پرۆژە لە ئاژانسی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ناردم، دوو جار بانگەشەی بۆ کرابوو وە دوو جار چاوپێکەوتن لەگەڵ خەڵک کرابوو بەڵام کەس وەرنەگیرابوو. من لە بانگەشەی سێیەم ئاگادارکرام و سیڤی خۆم و فۆرمی داواکاریم پێشکەش کرد. ئەوەی شایەنی باسە ناوی من کۆتا ناو بوو لە لیستەکەدا بۆ چاوپێکەوتن. ئەوەبوو چاوپێکەوتنم لەگەڵ کرا و وەرگیرام.
ئەو کات بەرێوبەرەکەم خانمێکی فەڵەستینی بوو بروای بە واستە نەبوو. لێتان ناشارمەوە کاتێک فۆرمەکەم پر کردەوە بروام نەبو وەرئەگیرێم چونکە زۆر روئەدات پێشکەشکردنی سی ڤی و چاوپێکەوتن وەک ئامرازێک بەکارئەهێنرێت بۆ وەرگرتنی ئەو کەسانەی پێش وەختە دیاریکراون وەربگیرێن، جا ئەو کەسە لە ناوخۆی هەرێم بێت یان بیانی جیاوازی نییە. ئەزمونی من پێچەوانە بوو، بە رێگەکانی پێشکەشکردن و چاوپێکەوتن دەستی پێکرد و وەرگیرام.
کاری من بەڕێوبردنی پرۆژە بوو بۆ ژنان و گەنجانی ئەو ناوچانەی بە دۆخی جەنگ و ململانێدا تێپەریبوون و یەکێک لە ئامانجەکانمان جێگیركردنی كۆمەڵگە بوو لە ڕووی ئابورییەوە. پرۆژەکانمان لە موسڵ، کەرکوک، حەویجە، شەنگال، سنونی ...جێبەجێدەکران.
کارکردن لەگەل نەتەوەیەکگرتووەکان ئەزمونێکی جیاوازتربوو لە پۆست و کارەکانی پێشوترم، لە دەرفەتێکی دیکەدا باسی ئەکەم.
ئەمەوێ بڵێم کارکردن لەگەل ڕێکخراو بۆ من پیشە نییە بەڵکو ئامانج و خولیایە، بەخۆبەخشی دەستم پێکرد و هەمیشە بەشێکی زۆری کاتەکانم بۆ کاری خۆبەخش داناوە. لە ماوەی ١٦ ساڵ کارکردن لەگەل رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، هەرگیز بۆم گرنگ نەبووە پلەم چییە و موچەکەم چەندە بەڵکو ئەو بابەتەی زۆر گرنگ بووە لام ئەو خزمەتە بووە پێشکەشی ئەکەم لە هەمان کاتدا فێربوون و گەشەپێدانی تواناکانم و بەدەستهێنانی ئەزمونیش زۆر بۆم گرنگ بوون. هەربۆیە هەنگاو بە هەنگاو بە پلیکانەکاندا سەرکەوتم هەروەک ئەوەی خۆم بڕوام پێییەتی هەر کارێک هەنگاو بە هەنگاو ئەنجامت دا ئەتوانیت سەرکەوتوبیت تێیدا.
نامەوێ باسی ئەو پرۆژەو کارانە بکەم بەڕێوەم بردون بەڵام هەندێ بابەت هەیە بۆم گرنگن و حەزئەکەم لە گەلتان بەشی بکەم:
١.لە ماوەی ١٦ ساڵ کارکردن ئیتیکی کارکردن و ئامانجی سەرەکی رێکخراوەکەم پاراستووە.
٢.لە قورسترین دۆخێکدا روبەروی ئالنگارییەکان بومەتەوە ئەو مەبدەئو بەهایانەم پاراست کە لەسەر پەروەردە کرابووم بۆ ئەمەش بە پلەی یەکەم سوپاسی پەروەردەی دایک و باوکم ئەکەم.
٣.هەمیشە سەربەخۆ و سەر بە خۆم بووم، هەرگیز لەگەڵ هیچ گروپ، کوتلە، بەرێوبەر و کارمەندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی نەبوم بە هاوبەشە بەش.
٤.خەڵکی زۆر دڵسۆز و بەتوانام ناسی و لێیوەیان فێر بووم لەهەمان کاتدا کەسانی خۆپەرست، بەرژەوەندیخواز و هەلپەرستیشم ناسی و لێیان دورکەوتمەوە.
٥.شاناز و دلخۆشم لە گەڵ کەسە دڵسۆز و بەتواناکاندا هاوڕێیەتیمان دروست کرد و بەشێک لە دلسۆزترین هاوڕێکانم لە میانی کاری رێکخراوەیی ناسیووە.
٦.لە ماوەی ئەو ١٦ ساڵەدا هەندێک دۆخ هاتونەتە پێش زۆر بێ ئەخلاقانە مامەڵەم لەگەڵ کراوە، لە بەرامبەردا زۆر شاناز و بەختەوەرم من زۆر بە ئەخلاقەوە مامەلەم کردووە.
٧.خاڵێکی دیکەش زۆر شانازی پێوە ئەکەم ئەوەیە کە هەرگیز رێزم لە بەڕێوبەر، هاوڕێ و هاوپیشە نەگرتووە لەبەر پلەکەی بەلکو بەهۆی مرۆڤبونی بووە.
٨.بەهۆی جدی بوون و توانامەوە هەمیشە دەرفەتی گەورەترم لە پێش بووە بەڵام من کەسایەتی خۆم و ناوبانگی پیشەیی خۆمم لا گرنگتر بووە.
٩. هەمیشە لە نێوان بوون بە زاڵم یان زوڵم لێکراودا، بژاردەی دووەمم هەڵبژاردووە نەک لە بەرئەوەی چێژ لە ئازاردانی خۆم ئەبینم،(ماسۆشی نیم)، بەڵکو توانای ئازاردانی کەسم نەبووە و نییە.
١٠.رێکخراوەکانی کۆمەلگەی مەدەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، رێکخراوە مرۆییەکان دەرگیری کۆمەڵێک قەیرانن لە توانای خۆیاندا نییە چارەسەری بکەن. هیوادارم دەرفەتم هەبێت و لە داهاتویەکی نزیکدا تیشک بخەمە سەر ئەو قەیرانانە.
لە کۆتاییدا ئەمەوێ بڵێم رێگەکانی خزمەتکردن زۆر و بێکۆتان لە ئێستەدا لەگەڵ هاوڕێیانم لە ڕێکخراوی ئازادبون و ڕێکخراوی بیمە لەو ڕێگەیە بەردەوامین.
وزەی گەنجێکی خۆبەخش!
رۆژێکی گەرمی ناخۆش بوو، ئەو بیری لەوە ئەکردەوە بۆ ئەم بەیانییە ئەوەندە ناخۆشە، ئەو هەموو نەخۆشە لە کوێوە دێن؟ ناکرێت کاتژمێرێک بروات و نەخۆشێکی شێرپەنجە نەبینیت؟
لەناکاو پیاوێکی تەمەنی ٥٦ ساڵی بینی لەسەر عەرەبانەیەک دانیشتبوو، دوو دارشەقیشی بە دەستەوەبوو بۆ ئەوەی هاوکاری بێت لەسەر قاچەکانی بوەستێت. کورێکی گەنجی لەگەل بوو و ئەنجامی پشکنینەکانی لە پەنجەرەی ژورەکەوە دایە دەست ئەو بۆ ئەوەی فایلی بۆ دروست بکات. کارمەندەکە داوای ناسنامە و هەندێ بەڵگەنامەی پیاوەکە/نەخۆشەکەی لە گەنجەکە کرد. گەنجەکە لە نەخۆشەکەی پرسی داخۆ بەلگەنامەکانی پێیە، (نەخۆشەکە بۆ ئەوەی هەتاو لێی نەدات چەند مەترێک دور لە کارمەندەکە وەستابوو)، وەلامەکەی نەخێر بوو. کارمەندەکە هەندێ پرسیار دیکەی لە کوڕە گەنجەکە کرد بەڵام ئەو وتی با بانگی بکەم چونکە من نایناسم و ئەویش کەسی لەگەل نییە بۆیە من وەک خۆبەخش لەگەل ئەو پیاوە هاتووەم بۆ ئەوەی هاوکاری بکەم. ئەو بەردەوام بوو وتی من براکەم لێرەیە و نەخۆشی شێرپەنجەیەتی و لەگەڵ ئەو هاتووم ئەو پیاوەم بینی بە تەنیایە، خاوەن پێداویستی تایبەتە و شێرپەنجەشی هەیە بۆیە هاتوم کارەکانی بۆ ڕاپەرێنم.
کارمەندەکە لەگەڵ ئەو نائومێدییەی هەیبوو بەهۆی شکستی سیستەمی تەندروستی، بێدەربەستی حکومەتەکان بەرامبەر ئەو ژمارە زۆرەی توش بوی شێرپەنجە لە جیهاندا، دیمەنی ئەو هەموو نەخۆشە، توش بوون بە شیرپەنجە وەک توش بون بە درم و هەڵامەتی لێهاتووە، تەماحی کۆمپانیاکان بۆ دروستکردنی زۆرترین دەرمان و بەدەست هێنانی زۆرترین قازانج ئەو کاتەی جەستەی مرۆڤەکان بە دەرمانی کیمیای دەرزی ئاژن ئەکرێت، بازرگانیکردن بە خۆراک و دەستکاریکردنی جیناتی خواردن و نەبونی ئاسایشی خۆراک. بەڵام بوونی ئەو رۆحیەتی هاوکاری و یارمەتییەی لەو گەنجەدا بوو هێزێکی دیکە پێ بەخشی، جارێکی دیکەش دلنیا بۆوە ئێمە خەلک و گەنجی زۆر دلسۆزمان هەیە لە خۆبوردووانە و خۆبەخشانە هاوکاری خەلکانی دیکە ئەکەن.
کارمەندەکە دەستی بە کارەکانی کرد، داوای لە نەخۆشەکە کرد هەر لە سەر کورسییەکەی خۆی بە ئارامی دانیشێت و تەنیا وەڵامی پرسیارەکان بداتەوە. یەکێک لە پرسیارەکان ناو و ژمارە مۆبایلی هاوەڵی نەخۆشە، کاتێک لە نەخۆشەکەیان پرسی ناو و ژمارە مۆبایلی دایکی وت.
هەر ئەو ساتە کارمەندێکی دیکە لەبەر خۆیەوە پرسیارێکی کرد کاتێک گوێت لێی ئەبێت هەست بە ئازارێکی تیژ ئەکەیت بە دڵتا تێپەر ئەبێت. ئەو وتی: ئەبێت چەند کوڕ و کچی هەبێت و ئەویش بە تەنیا هاتووە؟ ئەبێت چەند منداڵی هەبێت و لەگەل دایکی ئەژی؟ کارمەندەکە ئاوڕی لە هاوڕێکەی دایەوە و وتی بەڵام لەوانەیە هاوسەرگیری نەکردبێت!
تێبینی/ تۆ تەنھا نیت ناوی ئەو تابلۆیەیە لێرە دامناوە، لە لایەن خاتو شیلان جەباری ئەزیز لە سالی ٢٠١٢ کێشراوە. ئەم تابلۆیە باس لە شێرپەنجە ئەکات، خەمی دو هاوڕێی وای لێ کردووە ئەم تابلۆیە بکێشێت.
رۆژووی تەندروستی، چارەسەری نەخۆشییەکان بە ڕۆژووی ئاو!
بابەتەکان
چیتر بەنداو لە میزۆپۆتامیا دروست نەکرێت
من ناوم هەڵوێستە، ئیکۆ-فێمینیستم و بەرێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوونم، لە باشوری کوردستانەوە بەشداریم کردووە. دوێنێ گروپێکمان دروست کرد بۆ کارکرن...







