زەوییەکی نوێ
ناونیشانی پەرتوک: زەوییەکی نوێ
نوسەر: ئێکهارت تۆلی, هەڵوێست کردویە بە کوردی
*دو چاپتەری کورت لە پەرتوکی (زەوییەکی نوێ)، ١٠ جار چاپ کراوەتەوە و زیاد لە ٦ ملیۆن کۆپی لێ فرۆشراوە.
بازرگانان و کارمەندانی پیشەسازی ڕیکلام زۆر باش دەزانن چۆن بازاری ئەو شمەک/کەرەستانە گەرم بکەن کە خەلک بەڕاستی پێویستیان پێی نییە، بۆیە پێویستە باوەڕ بە خەلک بهێنن کە ئەو شمەک و کەرەستانە بەهایەک زیاد دەکاتە سەر ئەو بینینەی ئەوان بۆ خۆیان هەیانە یان ئەو بینینەی کەسانی دیکە بۆ ئەوانی هەیە. بە واتایەکی دی ئەو کەرەستە و کەل و پەلانە بەهایەک بۆ ئەو وێنایە زیاد دەکات کە بۆ خۆیان دروستیان کردووە یان خەلک بۆ ئەوانی دروست کردووە. ئەگەر سەرنج لە ریکلامەکانی ئەمرۆ بدەین پێت دەڵێن تۆ بە بەکارهێنانی ئەم شمەکە جیاوازتر دەبیت لە خەڵک و بە واتایەکی تر خۆت بە تەواوی بە جیاوازتر دەبینیت. لەوانەیە ئەوان لە زیهنی تۆدا پەیوەندییەک دروست بکەن لە نێوان شمەکەکە و کەسێکی بەناوبانگ، یان کەسێکی گەنج، سەرنجڕاکێش، یان دڵخۆش. تەنانەت وێنەی کەسایەتییە ناودارە کۆنەکان یان مردووەکان بەهەمان شێوە و بۆ هەمان مەبەست بەکاردەهێنرێن. گریمانە نەوتراوەکە ئەوەیە کە بە کڕینی ئەم شمەکە و لە ڕێگەی هەندێک کردەی ئەفسوناوی خۆبەدەستەوەدان، تۆ وەک ئەوان دەبیت، یان باشتر بڵێین تۆ دەبیتە وێنەی ڕووکەشی ئەوان. و بۆیە لە زۆر حاڵەتدا تۆ شمەکێک ناکڕیت بەڵکو "بەرزکەرەوەی ناسنامە" دەکڕیت. لەیبڵی دیزاینەرەکان بە پلەی یەکەم ناسنامەی بەکۆمەڵن کە تۆ دەیکڕیت، ئەو لەیبڵانە گرانن و هەربۆیە “تایبەتمەندن”. ئەگەر هەمووان بتوانن بیانکڕن، ئەوا بەهای دەروونی خۆیان لەدەست دەدەن و تەنه بەهای ماددییان بۆ دەمێنێتەوە.
بە شێوەیەکی پارادۆکسیکال، ئەوەی بەردەوامی بە کۆمەڵگەی بەکاربەر دەدات، ئەو ڕاستییەیە هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی خۆت لە ڕێگەی کاڵا/شمەك ئەنجامێکی دلخۆشکەرانەی نابێت چونکە ڕەزامەندی ئیگۆ تەمەنی کورتە. هەربۆیە تۆ بەردەوام بەدوای زیاتردا دەگەڕێیت، بەردەوام دەبیت لە کڕین، بەردەوام دەبیت لە بەکارهێنان. بێگومان لەم ڕەهەندە فیزیکییەدا کە خودی ڕووکەشمان تێیدا نیشتەجێیە، شمەکەکان بەشێکی پێویستن لە ژیانماندا. پێویستمان بە خانووبەرە، جل و بەرگ، مۆبیلیات، ئامێر و هۆیەکانی گواستنەوە هەیە. هەروەها لەوانەیە لە ژیانماندا شتێک هەبن کە بەهۆی جوانی یان کوالیتی سروشتییەوە بەهایان پێبدەین. پێویستە ڕێز لە جیهانی شتەکان بگرین نەک سووکایەتی پێ بکەین. هەر شتێک بوونی هەیە، فۆرمێکی کاتییە سەرچاوەی خۆی لەناو ئەو بێ فۆرمەدا هەیە کە ژیانە و سەرچاوەی هەموو شتەکان، هەموو جەستەکان، هەموو فۆرمەکانە. لە زۆربەی کولتوورە کۆنەکاندا خەڵک پێیان وابوو هەموو شتێک، تەنانەت شتە بێ گیانەکانیش خالی نییە لە رۆح. کاتێک لە جیهانێکدا دەژیت کە بەهۆی ئەبستراکتکردنی دەروونییەوە مردووە، ئیتر هەست بە زیندوویی گەردوون ناکەیت. زۆربەی خەڵک لە ژیانێکی واقیعی زیندوودا ناژین بەڵام ناتوانین ڕێز لە شتەکان بگرین ئەگەر وەک ئامرازێک بۆ خۆبەرزکردنەوە بەکاریان بهێنین، واتە ئەگەر هەوڵبدەین لە ڕێگەی شمەک/شت خۆمان بدۆزینەوە. ئەمەش ڕێک ئەوەیە کە ئیگۆ دەیکات. خۆناساندن لەڕێگەی شتەکان وابەستەبوون بە شتەکانەوە دروست دەکات و لەوێوە کۆمەڵگەی بەکاربەر دروست دەکات. هەوڵدانی بێ کۆنترۆڵ بۆ زیاتر، بۆ گەشەکردنی بێکۆتایی، تێکچوونی کارکردن/ئەرکەکان و دروست بوونی نەخۆشییە. هەمان ئەو تێکچوونەیە خانەی شێرپەنجەیی دروستی دەکات و تاکە ئامانجی زۆرکردنی خۆیەتی، بێ ئاگا لەوەی کە بە لەناوبردنی ئەو ئۆرگانەی کە بەشێکە لێی، لەناوبردنی خۆی دەهێنێتە ئاراوە.