بێ ئازادیی ژن ژینگە ناگات بە ئازادیی....
بێ ئازادیی ژن ژینگە ناگات بە ئازادیی
هەڵوێست عەبدوڵڵا – ئیکۆفیمێنیست
ئیکۆفیمینیزم ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەیەکە، پرسەکانی گۆڕانەکانی کەشوهەوا، نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی، جیاوازیی ڕەگەزیی، نادادپەروەریی ژینگە، جەنگی وزە لە دونیادا، سپیهەڵگەڕانی دوورگە مەرجانەییەکان، بایۆتەکنۆلۆژیا کە ئەمڕۆ قازانجی زۆر لەو پێشکەوتنەی دەکات کە بەدەستی هێناوە دەکات، ئەمانە بە گرێدراویی و وەک وێنەیەکی گەورە سەیر دەکات. ئەم پرسانە وەک دەرهاویشتە یان قەیرانی سیستەمێک دەبینێ، کە سیستمی سەرمایەداریی، پیاوسالارییە. ئەم ئایدۆلۆژیایە نایەوێت وەک ڕۆشنبیریی هاوچەرخ یان زانستی سەردەم، قەیرانەکان یان کێشەکانی ناو کۆمەڵگە “ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی”، بەش بەش سەیربکات. بەڵکو یەکانگیری دەکات، پێی وایە هەموو ئەمانە هاوپەیوەند و گرێدراو و کاریگەرن لەسەر یەکتری.
ئیکۆفیمینیزم یان فیمینیزمی ژینگەیی، بزووتنەوەیەکە کە لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا سەری هەڵداوە. لەوکاتەدا چەمکەکە جێگەی خۆی گرت و لە ئەدەبیاتی فیمینیزمیدا قسەی لەسەر کرا. چونکە بە تایبەت لەو کاتەدا گفتوگۆی نێوان ژن و ژینگە بە شێوازێک بوو کە مشتومڕێکی گەرمتری دا بەو گفتوگۆیانەی کە لەو کاتەدا بۆ پرسی ژینگە و پرسی ژن دەکرا. مێژووی سەرهەڵدانی ئەم بزووتنەوەیە، ڤاندانا شیڤا(١) پێی وایە؛ ٣٠٠ ساڵ لەمەوبەر کاتێک کە بزووتنەوەی چیپکۆ یان بزووتنەوەی باوەشپێداکردن(٢)، ئەوکاتەی ژنانی گوندەکان باوەشیان بە دارەکاندا دەکرد، کاتێک پیاوەکان دەیانویست ئەو دارانە ببڕنەوە، بۆ فرۆشتن یان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ناوماڵ. ژنانی ناو گوندەکان پارێزگارییان لە داری ناو دارستانەکان دەکرد. ئەمە هۆکارێک بوو بۆ دابینکردنی خۆراک و گوزەرانی ئەندامانی ناو خێزانەکان. لە ئەدەبیاتی فیمینیستیدا بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٧٤ فیمینیستی فەرەنسی (فرانسوا دی ئۆبۆن(٣))، کە فیمینیستێکی ڕادیکاڵ بوو، لە کتێبێکی خۆیدا بەناوی “فیمینیزم یان مردن” ئەم چەمکە “ئیکۆفیمینیزم یان فیمینیزمی ژینگەیی” بەکاردەهێنێت. لەو کتێبەدا کە وەک مانیفێستۆیەکی فیمینیزمی سەیردەکرێت، لێکۆڵینەوەی لەسەر پێگەی ژن لە ئاستی دونیادا کردووە و پرسی چارەسەریی بۆ ژنان لەوکاتەدا دادەنێت. بانگەوازیی لە ژنان و ژینگەپارێزان دەکات، کە بەم دیدگایە سەیری کێشەکانی ژن و ژینگە بکرێت. لەوێدا سیاسەتی ئیکۆفیمینیزم پێشنیار دەکات بۆ چارەسەریی. پێی وایە ئەم ڕێگایە هۆکارە بۆ ئەوەی خودی دەسەڵاتی پیاوسالاریی لەناوببرێت، لە هەمانکاتدا ڕەخنەی توندیش لە دەسەڵاتی سیاسیی دەگرێت. هەر لە کتێبەکەدا ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە گۆڕانکاریی نوێ بهێنرێتەپێش.
سادەترین پێناسە بۆ ئیکۆ- فیمینیزم؛ یەکانگیرکردن یان پەیوەندیدارکردنی ئەو دوو پرسەیە. لەمێژووی پێنج هەزار ساڵەی پیاوسالاریدا، کاتێک کە دوالیزمێکی هەڕەمی درووستکرد، مرۆڤی بە سەنتەر دانا بەرانبەر هەموو بوونەوەرەکانی تر، کە لەناو ژینگەدان وەک گیانلەبەر و ڕووەک و سەرچاوەکانی تری ناو سرووشت، پیاویشی کرد بە باڵادەست بەسەر ژنەوە. ئەم دوالیزمە هەڕەمییە جیاوازیی چینایەتی و ڕەگەزی درووستکرد. خەمی یەکەمی ئیکۆفیمینیستەکان کارکردنە بۆ نەهێشتنی ئەم دوالیزمە.
ئەو کەسانەی پێشەنگایەتی ئەم بزووتنەوەیان کردووە لە ڕابردوو و ئێستادا، (فرانسوا دی ئۆبۆن) کە یەکەمجار چەمکەکەی بەکارهێنا. دواتر ماریا میس، ڤاندانا شیڤا، ئارێل و کەسانی دیکەن.
ماریا میس(٤) ئیکۆفیمینیستێکی ئەڵمانییە، پرۆفیسیۆری کۆمەڵناسی بووە لە زانکۆی کۆڵن لە ئەڵمانیا، نزیکەی هەشت ساڵیش لە زانکۆی گۆتە لە هیندستان مامۆستا بووە و تێزی دکتۆراکەی لەسەر ژنانی هیندستان بووە. یەکێک لە تیۆرەکانی ماریا میس ئەوەیە قسە لەسەر هاوپەیوەندیی نێوان سیستمی سەرمایەداری و پیاوسالاریی دەکات. پێی وایە دوو ڕووی یەک دراون. لە کتێبێکیدا بەناوی (لاست کۆڵۆنی) واتە دوایین داگیرکراو، باس لەوە دەکات، کە چۆن پیاوسالاریی بە سیستەماتیک ژنی داگیرکرد. ماریا میس لە کۆتایی هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکاندا، لەگەڵ ڤاندانا شیڤا یەکتری دەناسن. لە ساڵی ١٩٩٣دا پێکەوە کتێبێک دەنووسن بەناوی “ئیکۆفیمینیزم” و هەر لەو ساڵەدا چاپ دەکرێت. لە دوای ئەوەی ماریا میس لە ساڵی ٢٠٢٣دا ماڵئاوایی لە ژیان کرد، ئەوەی لە ئێستادا گڕوتینێکی گەورەی بەم بزووتنەوەیە داوە، ڤاندانا شیڤایە. ژنێکی خەڵکی هیندستانە. نزیکەی نیو سەدەیە لەناو ئەم بزووتنەوەیەدا خەباتی خۆی بەرانبەر بە کۆمپانیاکان و وڵاتە سەرمایەدارەکان دەستپێکردووە. لە ساڵی ١٩٨٧ کاتێک بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک دەکرێت سەبارەت بە بایۆتەکنۆلۆژی، لەوێدا کێبکڕێی کۆمپانیاکان دەبینێ کاتێک لە هەوڵی بەتایبەتکردنی سەرچاوە و ماددەکانی ناو سرووشت یان پێداویستییەکانی مرۆڤدان. لەوەوە کاتێک دەگەڕێتەوە بۆ هیندستان بزووتنەوەی پاشەکەوتکردنی تۆو دادەمەزرێنێت و تا ئێستا نزیکەی ١٥٠ بانکی پاشەکەوتکردنی تۆویان لە هیندستان هەیە و خەڵکانێکی زۆر لەسەر ئاستی جیهاندا کاری تێدادەکەن.
ئەو قەیرانانەی کە ئەمڕۆ لەسەر ئاستی دونیا و هەرێمی کوردستانیشدا هەن، بەبۆنەی ئەو تایبەتمەندییەی کە ژینگە هەیەتی، قەیرانی هاوبەشن. واتە لە هەر شوێنێک هاوسەنگی ژینگە تێکچوو، هەموو دونیا تێکدەچێت. ئەگەر ئێمە سەیری قەیرانەکانی ژینگە لە دیدی ئیکۆفیمینیزمەوە، بکەین، یان سەیری ئەو پەیوەندییە بکەین کە لە نێوان ژن و ژینگەدا هەیە، کاتێک کە گۆڕانی کەشوهەوا ڕوودەدات، یان کاتێک بەتایبەت پلەی گەرمیی گۆی زەوی بەرزدەبێتەوە، قەیرانەکان یان ئەو کێشانەی کە لە ڕووە کۆمەڵایەتییەکە و سیاسیی و ئابوورییەکەوە سەرهەڵدەدات، ئەمە واتا ئاسایشی خۆراک جێگیر نابێت، بەمەش ئاسایشی کۆمەڵایەتی و دەروونی سیاسیی و ئابووریش دەکەوێتەوە مەترسییەوە و کاریگەریی لەسەر مافەکانی ژن دادەنێت. کاتێک برسێتی لەناو کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوە، بۆ نموونە داتاکانی پێش ساڵی ٢٠٢٠ واتە پێش بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، نەتەوەیەکگرتووەکان بڵاویان کردەوە؛ لە سەدا ٧٠ی داتاکانی هەژاریی ژنن. هەر بەپێی داتاکان لە کاتی هەژاریدا ژنان بە ڕێژەی لەسەدا ١٠ زیاتر لە پیاوان ڕووبەڕووی برسێتی دەبنەوە. واتا هەر کاتێک قەیرانێک بەتایبەت ئەو قەیرانانەی سیستەم درووستی دەکات، ئەو کارەساتانەشی کە پێی دەڵێن کارەساتی سرووشتی؛ لە کاتێکدا سرووشتی نین و دەرهاویشتەی سیستەمەکەن، کاریگەریی لەسەر ژن دادەنێت و دۆخە ئابووری، سیاسیی، کۆمەڵایەتییەکەی ژن دەکەوێتەژێر کاریگەرییەوە. چونکە ژن بەهۆکاری ئەو ڕۆڵە ڕەگەزیی و نەریتییەی کە هەیەتی، کە بە پلەی یەکەم ڕۆڵی دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکەیەتی، درووستکردنی خۆراکە بۆ خێزانەکەی، بۆیە زیاتر کاریگەرتر دەبێت بەو قەیرانانە. بەپێی داتایەکی ساڵی ٢٠١٨ کە باس دەکرێت، ١٨ ملیۆن کەس لەسەر ئاستی دونیا بەهۆکاری قەیرانەکانی ژینگە، ناچاربوون شوێنی نیشتەجێبوون و نیشتمانی خۆیان بەجێبهێڵن، ئاماژە بەوەش دەکرێت سێ لەسەر یەکی ئەم داتایانە ژنانن. لە کاتی جەنگ و ئاوارەبووندا ژنان ڕووبەڕووی برسێتی و گێچەڵ و دەستدرێژی سێکسی و دابڕانیان لە خوێندن، دەستنەگەیشتن بە لایەنی تەندروستی و ئەو پێداویستییانەی کە تایبەتن بە ژن، دەبنەوە.
ئێمە وەک کورد، وەک ژن، هەموو ئەو قەیرانانەی ئەمڕۆ لە دونیادا هەن، لەسەر ئێمەش لە هەرێمی کوردستان و هەر چوار پارچەی کوردستانیش هەیە. بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان ئێمە لەژێر دەسەڵاتێکی پیاوسالارانەی سەرمایەدارین، لە هەمانکاتیشدا لەژێر دەسەڵاتی وڵاتانی سەردەستداین، لەگەڵ ئەوەشدا هێرش و پەلامارەکانی وڵاتانی دراوسێ، ئیتر ئایا بە شێوازی تۆپباران یان بە شێوازی قڕکردنی دارستانەکان، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، ئەمانە لەسەر ژینگە و گوندەکان، پەیڕەودەکرێت. ئەو کێشە گەورانەی کە پەیوەندییان بە خۆراک، بەکارهێنانی سەرچاوەکان بەشێوازێکی زۆر چاوچنۆکانە، داگیرکردنی ئەو بلۆکانەی کە لە هەرێمی کوردستاندان، بلۆکی نەوتیین. ئەمانەش لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهاندا، یەکیانگرتووە و هۆکارن بۆ ئەوەی ژن کۆمەڵکوژ بکرێ و ژینگە لەناوببرێت.
لە هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی نەوەدەکانەوە، پێویست بوو گوندەکان زۆر بەباشی ئاوەدان بکرێنەوە، کار لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵی بکرێت، بەڵام بەناوی شۆڕشی سەوز، کە ئەمە یەکێکە لە قەیرانەکان لەسەر ئاستی دونیادا، کاتێک هاتە هەرێمی کوردستان، بەناوی تەکنەلۆژیای کشتوکاڵی، کشتوکاڵی نەریتی و خۆماڵی لەناوبرا. ئێستا ئەو کشتوکاڵەی لێرە دەکرێت، بەناو کشتوکاڵی پیشەسازی و پێشکەوتوو، بەڵام جگە لە بەکارهێنانی تۆوێک، کە جیناتی دەستکاریکراوە، تۆوێکە کە ناوکەکەی لێدەرکراوە، بەکارهێنانی ئەو هەموو پەینە کیمیاییەی لە جەنگی جیهانیدا بەکارهێنرا و دواتر وڵاتانی سەرمایەدار، بۆ ئەوەی بازاڕێکی بۆ بدۆزنەوە، تەنکتریان کردەوە و بەناوی شۆڕشی پیشەسازی و پێشکەوتنی کشتوکاڵ بە ئێمەیان فرۆشت. ئەمەش کشتوکاڵی لەلای ئێمە لەناوبرد.
ڕۆڵی بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی لە هەرێمی کوردستاندا، کە دەتوانین بڵێین لە ساڵانی نەوەدەکانەوە دەستیپێکردووە، ڕێکخراو و ژینگەدۆست، تاکەکەس وەک خۆبەخش و گرووپ بەشدارییان تێداکردووە. ئەو بزووتنەوەیە بزووتنەوەیەکی زۆر دڵسۆزانە و خەمخۆرانە و خۆبەخشانە بووە. بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستییان بە پشتگیریی ناوخۆیی لە خەڵک و دامودەزگا و ڕێکخراوە ناوخۆییەکان، لە بزووتنەوەی ژنان، دامودەزگا حکومییەکانیش هەبووە. لە بەرانبەردا پێشێلکارییەکانی ژینگە خۆی لە چەند پێشێلکارییەکی زۆر دیاردا دەبینێتەوە؛ لەوانە بەنداوەکانی وڵاتانی سەردەست، تۆپبارانکردنی سنوورەکان، بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو و کۆمەڵکوژ و کیمیایی، بڕینەوەی داری دارستانەکان. بۆ ئەمەش بزووتنەوەی ژینگەپارێزیی لە هەرێمی کوردستاندا پێویستی بەوە هەبووە هاودەنگیی گەورەتر بەدەستبهێنێت، بەتایبەت لەسەر ئاستی ئەو ڕێکخراوانەی بەم دیدگایە کار بۆ ژینگە دەکەن. یەکێک لەو خاڵانەی، کە ئەم بزووتنەوەیە نەیتوانیوە کۆمەڵێک هەنگاوی گرنگ بنێت، ئەوەیە بەشێک لە کێشەکە دەگرنەدەست و لە ئاستی هزریی قووڵدا خوێندنەوەیەکی قووڵیان بۆ پرسی ئیکۆلۆژی، ژن و ژینگە نەبووە و ئەم خاڵە بۆ ڕێکخراوەکانی ژنانیش درووستە.
هەر تێڕامانێک لە سرووشت بۆ خۆی، سرووشبەخشە بۆ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ ژینگە. چونکە ئازادیی ژن و ژینگە هاوپەیوەندە. ژن ناتوانێت ئازاد بێت بەبێ ئازادکردنی ژینگە. بەبێ ئازادیی ژنیش ژینگە ناگات بە ئازادیی دڵنیایی.
پەراوێزەکان:
١ـ ڤاندانا شیڤا (لەدایکبووی ٥ی تشرینی دووەمی ١٩٥٢) زانا و چالاکوانی ژینگەیی هیندییە، داکۆکیکاری سەروەریی خۆراکە، ئیکۆفێمینیستە و نووسەری دژە جیهانگیرییە.
٢ـ (بزووتنەوەی چیپکۆ - بزووتنەوەی باوەشکردن) بزووتنەوەیەکی پاراستنی دارستانەکانی هیندستانە، لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا. لەبەرانبەر بڕینەوەی هەلپەرستانەی بازرگانی و سیاسەتەکانی حکومەت سەبارەت بە دارستانبڕین دەوەستایەوە. ژنان قۆڵیان لە دارەکانەوە دەئاڵاند و بەو شێوەیە ڕێگرییان لە بڕینەوەی دارەکان دەگرت.
٣ـ فرانسوا دی ئۆبۆن (Françoise d’Eaubonne)، ١٢ی ئازاری ١٩٢٠ لەدایکبووە، لە ٣ی ئابی ٢٠٠٥ کۆچی دوایی کردووە.) نووسەرێکی فەرەنسی، چالاکوانی مافی کرێکاری، ژینگەپارێز و فێمینیست بوو. کتێبەکەی لە ساڵی ١٩٧٤دا بە ناوی فێمینیزم یان مردن، بۆ یەکەمجار زاراوەی ئیکۆفێمینیزمی ناساند.
٤ـ ماریا میس کە بە تێزەکانی تایبەت بە ئیکۆفێمینیزم بەشدارییەکی گرنگی لە دیدگای خەباتی ژنان لە سەرانسەری جیهاندا کرد، بەم تێزەی بە دیاریکردنی ئەوەی کە کۆلۆنیکردنی ژن و کۆلۆنیکردنی سرووشت لە هەمانکاتدا دەستیپێکردووە، تیۆرێکی فیکری و کردەیی گرنگی لە هەموو بزووتنەوە ئیکۆلۆژی و فێمینیست و کۆمەڵایەتییەکاندا هێنایەگۆڕێ.