دوێنێ ٢٠٢٤/١٠/١٦، ڕۆژی جیهانی خۆراک بوو، حەزم کرد ئەم پەیامەی ڤاندانا شیڤا کە تایبەتە بەو رۆژە، بە کورتی لەگەل ئێوە بەشی بکەم.
لە سیستەمی پیشەسازی خۆراکی ئەمرۆدا کە رێگەی بەرهەمێنانی مۆنۆکەڵچەر(مۆنۆکەڵچەر واتە بەرهەمێنانی تەنیا یەک جۆر لە کشتوکاڵ لەسەر روبەرێکی دیاریکراو لە زەوی)، بەکارهێنانی پەینی کیمیایی و قڕکەرە کشتوکاڵییە ژەهراوییەکان زاڵن. ئەم سیستەمە سووتەمەنی دەدات بە بەردەوام بوونی قەیرانی کەشوهەوا و لێرەشەوە تەندروستی هەسارەکەمان و هەموومان دەخاتە مەترسییەوە. ئەم سیستەمە کە تەنیا ئامانجی قازانجە و لە پێش بەهای ژیانی هەسارەکە و ئێمە دایناوە، هەر بۆیە و جۆراوجۆری/هەمەچەشنەی زیندووی بۆ گرنگ نییە و لەناوی دەبات، خاک بێ پیت دەکات، ئاو و هەوامان پیس دەکات.
کشتوکاڵی پیشەسازی کە بەشداری سەرەکییە لە دەردانی گازی گەرم، هۆکارە بۆ زیاتر بوونی دیاردەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، لە هەمان کاتدا ماددە کیمیاییە ژەهراوییەکان کە لە ناو قڕکەرە کشتوکاڵییەکاندا بوونی هەیە، کۆی ئیکۆسیستەم و کۆمەڵگاکان ژەهراوی دەکەن. یەک جۆر کشتوکاڵ هۆکارە بۆ نەهێشتنی بەپیتی زەوی و لە هەمان کاتدا جووتیاری خاوەن زەوی یان کێلگەی بچووک لە زەویەکانیان بێبەش دەکات، ئەمەش وامان لێدەکات بۆ مشتێک خۆراک وابەستەی بەزەیی کۆمپانیاکانی بەرهەمێنانی تۆو، پەیینی کیمیایی و قڕکەرەکان ببین.
بەڵام ڕێگایەکی تر هەیە، ئەویش پاراستنی هەمەچەشنەی زیندوو و گەڕانەوەیە بۆ کشتوکاڵی نەریتی یان کشتوکاڵی ژینگەیی/ئیکۆلۆژیی، بەو شێوەیە دەتوانین سیستەمی خۆراکی خۆڕاگر دروست بکەین بۆ ئەوەی خۆراک بدات بە مرۆڤ و هەسارەکەشمان بپارێزێت.
هەمەچەشنەی زیندوو خاوەنداری هاوبەشی نێوان کۆمەلگەکانە و پیویستە خاوەندارێتی لێ بکەین، میراتی هاوبەشی ژیانە لەسەر زەوی، و بنەمای تەندروستی خۆراک و خۆڕاگری کەشوهەوایە.
لە ڕۆژی جیهانی خۆراکدا، لەگەڵ جووتیاران، کۆمەڵگە جیاوازەکان و بزووتنەوەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەنگ هەڵدەبڕین و داوای سەروەری خۆراک و دوورکەوتنەوە لە کشتوکاڵی پیشەسازی دەکەین. با هەمەچەشنەی زیندوو بپارێزین، خاکەکانمان لە چنگی کۆمپاناکان دەربکەین، و سیستەمێکی خۆراک دروست بکەین کە ڕەگ و ڕیشەی لە خزمەت چاودێریکردن و پاراستنی خاک، پاراستنی تەندروستی زەوی و ژیانێکی دادپەروانە بێت بۆ هەمووان.
پێکەوە ئەتوانین هەسارەکەمان بپارێزین، تۆ ئەو بەرپرسیارییەت لەسەر شانە لە لای خۆتەوە دەست پێ بکەیت و تۆوی ڕەسەنی ناوچە/گوند/لادێکەی خۆت بپارێزیت. تۆوێک بە بێ بەرامبەر لە زەوی وەرتگرت و بە بێ پەیین و قڕکەر بیبەخشەرەوە بە زەوی.
هەڵوێست کردوویە بە کوردی
بەستەری تۆماری پەیامەکە لە خوارەوە دانراوە:
