توندوتیژی دژ بە ژنان و دایکە زەوی

توندوتیژی دژ بە ژنان لەسەر بنەمای ڕەگەز، ڕەگ و ڕیشەی لە جیاوازی دینامیکی دەسەڵاتی نێوان ژن و پیاو دروست بووە، بەهۆی زیهنیەتی پیاوسالاری سەرمایەدارییەوە بەردەوامە و هەمیشە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر ژن و ژینگە. هەر بۆیە بنەمانی شیکارییەکانی ئەم بابەتەمان لە روانگەی فیمینزمی ژینگەیی-ئیکۆ فیمینیزم دەبێت و لێرەوە خوێندنەوەیەک بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان و هۆکارەکانی هەڵکشانی توندوتیژی دەکەین.

فێمینیزمی ژینگەیی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا سەریهەڵدا، لێکۆڵینەوە لە پەیوەندیی هەڕەمیی نێوان پیاو و سروشت، پیاو و ژن دەکات. دوای چه‌ندین سه‌ده‌ له‌ هه‌ژمونی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری پیاوسالاری، له‌ هه‌نگاوی یه‌كه‌میدا به‌ داگیرکاری/كۆلۆنیالیزم ده‌ستی پێكرد به‌ ئامانجی ده‌ست بەسەراگرتنی سەرچاوەکانی سروشت، واتە داگیرکردن و کۆنترۆڵکردنی سروشت. هەر هەمان سیستەم، بوون و رۆڵی ژنی لە ناو ماڵدا لە قاڵب داو ئەرکی ژنی وەک سەرچاوەی بەرهەمهێنانی دەستی کار دیاریکرد. پرۆسه‌ی داگیرکردنی سروشت و ژن وه‌همێكی دروست كرد زه‌وی، سروشت و ژن نا چالاكن-پاسیڤن و ته‌نیا ئه‌ركیان بەخشین و به‌رهه‌مهێنانه‌. هه‌ر ئه‌مه‌یه‌ كه‌ پێی ده‌ڵێن داگیركردنی ژن و دایکە زەوی و له‌و كاته‌وه‌ جه‌نگ دژی سروشت و ژن ده‌ستی پێكرد. ئەم جەنگە ڕەگ و ڕیشەی لەو سیستەمه‌ ئابوریەدایە کە شکستی هێنا لە پاراستن و رێزگرتن لە سنورە ئیکۆلۆژی و  ئەخلاقییەکان، شكستی هێنا له‌ سنووردارکردنی نایەکسانی، سەقامگیرکردنی دادپەروەیی، سنووردارکردنی چاوچنۆکی و چڕبوونەوەی ئابووری لە دەستی کەمینەیەکی قۆرخکاری پیاواندا.



فێمینیزمی ژینگه‌یی وه‌ك  ئایدۆلۆژیا و بزووتنەوەیەك هات و به‌شێوه‌یه‌كی بەرفراوانتر له‌و قەیرانانه‌ی کۆڵییەوە كه‌ ڕووبەڕووی مرۆڤایەتی دەبنەوە، وەک هەژاری، برسێتی، نایەکسانی لە سامان و داهات، گۆڕانی كەشوهەوا، نایەكسانی رەگەزیی، نادادپەروەری كۆمەڵایەتی، كۆلۆنیالیزم و جەنگی ئیمپریالیستەکان، داڕمانی ئابووری. ئەم بزووتنەوەیە ئەو قەیرانانە وەک  زنجیرەیەکی پێکەوەگرێدراو سەیردەکات و ریشەی هەمووشیان بە باڵادەستی سیسته‌می سه‌رمایه‌داری پیاوسالاری، گرێ دەدات.

ڤاندانا شیڤا، بەڕێوبەری دامەزراوەی توێژینەوەی ئیکۆلۆژی، زانست و تەکنەلۆژیا، ئێکۆلۆژست و فیمینستی ژینگەیی دەڵێت: سەرمایەداری هەم لە گریمانە کولتوورییەکەیدا و هەم لە ئامڕازە ئابوورییەکەیدا ڕەگەزدار، ڕەگەزپەرست و دژەسروشتە.

ئاریێل سالە نووسەر و فێمنستی ژینگەیی پێی وایە ئەم رەوتە لە فیمینیزم تەنیا بزووتنەوەیەک نییە بۆ ڕزگارکردنی ژنان، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی هەموو مرۆڤەکانە، لە ڕاستیدا ڕزگارکردنی ژینگە و هەموو بوونەوەرەکانیشە. هەر بۆیە ئێمە پێمان وایە رزگارکردنی هەر گروپێکی چەوساوە، لاوازکراو/پەراوێزخراوی کۆمەلگە بەندە بە رزگارکردنی سروشت و ژنەوە. چونکە داگیرکردن و پەراوەکردنی هەژموونی پیاوسالاریی کە لەسەر هۆکارە ئابووریی،  کۆمەڵایەتی و دیمۆگرافییەکان دامەزراوە، بنەماکانی دەگەرێتەوە بۆ هەمان ئایدۆلۆژیا کە تێروانینێکی زۆر نزمی هەیە بۆ سروشت، تێروانینێکی زۆر نزمی هەیە بۆ ئەو جۆر و رەگەزانەی لە سروشتدان بەتایبەت ژن. واتە ئەو سیستەمە هەرەمێکی دروست کردووە و پیاوی لە سەر نووکی هەرەمەکە داناوە و سروشت و ئەوانەی لە سروشتدا دەژین، چین و توێژەکانی دیکەی لە پلەکانی خوارەوەی ئەو هەرەمەدا، جێگیر کردووە.

لە هەمان کاتیشدا دام و دەزگا و پێکهاتە پاتریارکیەکان و سەرمایەداری نیولیبراڵ، هەمیشە کار بۆ ئەوە دەکەن  سیستەمی ئابووری و سیاسی لەلایەن پیاوانەوە بۆ بەرژەوەندی پیاوان کۆنترۆڵ بکرێن. لەناو ئەم سیستەمدا، پیاوان دەتوانن بە پشتبەستن بە پێگەی بێبەهاکراو و لاوازکراوی ژنان، لەناو بەها ئەخلاقی و ئەخلاقییە بنیات نراوەکان کە هەر لە لایەن پیاوسالارییەوە دارێژراون، ڕەوایەتی بە ژێردەستەیی ژنان بدەن.

هه‌ر له‌م دیده‌وه‌ ئێمه‌ی فیمینستی ژینگه‌یی پێمان وایه‌ ئەمرۆ بوونی ژن لە بەردەم هەڕەشەی بێ ئەژماردایە ئەوانیش هەرەشەی جەنگ، کۆچ کردن بەهۆی گۆرانی کەش و هەوا، بازرگانی و لەشفرۆشی کردن به جەستەی‌ ژن، هه‌ژمونی هاورێ، هاوسەر و دۆست بەسەر ژندا، هەژاری، بێکاری و لە هەمان کاتدا دەزگاکانی پیاوسالاریی کە پاوانی سیستەمی پەروەردە، تەندروستی و سه‌رجه‌ دام و ده‌زگاكانی ده‌وڵه‌ت و كایه‌كانی دیکەی كۆمه‌لگەی کردووە‌.

 سیستەمی هەژمونگەرای پیاوسالاریی سەرمایەداری دەیەوێت هەبونی ژن لە روی جەستەیی و ئایدۆلۆژییەوە لە ناوبەرێت و به‌هێزترین ئامراز به‌ده‌ستییه‌وه‌ پەراوەکردنی هەموو شێوازەکانی توندوتیژییه‌.

گۆڕانی کەشوهەوا بە بەرجەستەترین لێکەوتەکانی سیستەمی سەرمایەداریی دادەنرێت، کاریگەری سیاسی و ئابووری قووڵی لەسەر دادپەروەری کۆمەڵایەتی و یەکسانی رەگەزی هەیە و زۆر جار هۆکارە بۆ بڕیاردان دەربارەی لایەنی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی ژن. بۆ نموونە بەرزبونەوەی پلەی گەرمی و زیادبوونی کارەساتی سروشتی دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی مافی ئابووری و کۆمەڵایەتی تاکەکان بە گشتی و ژنان بە تایبەتی. هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا پەیوەست بووە بە چەندین دەرئەنجامی مرۆیی نەرێنی بۆ نموونە:

١.         زیادبوون و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی، هەژاری، کەم بونەوەی سەرچاوە سروشتییەکان واتە زیادبوونی نایەکسانی ئابووری، نادادپەروەری کۆمەڵایەتی لە سەرانسەری جیهاندا.

٢.         گۆڕانی خێرای کەشوهەوای جیهان بەشدارە لە كه‌م بونه‌وه‌ی ئاستی ئاسایشی خۆراک، بەتایبەتی لە باشووری جیهان، چونکە گۆڕانکاری لە بارانبارین و پلەی گەرمی و بەرزبوونەوەی ئاستی CO2 کاریگەری خراپ لەسەر بەرهەمی کشتوکاڵ هەیە، کەم بوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنای کشتوکاڵ واتە بەرزبوونەوەی ئاستی برسێتی و ژن لە سەدا دە زیاتر مەترسی برسێتی لەسەرە بە بەراورد بە پیاو، بەو هۆیەی ژنان کەمتر خاوەنی پارەی نەختینەن و خاوەنی زەوی و سەرچاوەکانی بەرهەمهێنان نین.

٣.         توێژینەوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەو ناوچە جوگرافیایانەی زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، وەک باشووری جیهان، ئەگەری ئەوەی زیاترە بەهۆی کێشەی لاوازی حوکمڕانی، گەندەڵی، نەبونی ئاسایشی ئابووری و خۆراک گرفتار ببن. لە ئاستی جیهانیدا، سەرەڕای ئەوەش، ژمارەیەکی بەرچاو لە کارەساتی سروشتی و ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا هۆکاربوون بۆ کۆچی زۆرەملێ بۆ زیاتر لە ١٨ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠١٩دا ئەو ئامارە لە ساڵی ٢٠٢٠دا زیاتر بووە و نزیکەی نیوەی کۆچبەرە نێودەوڵەتییەکانی جیهان ژن بوون.

٤.         زیادبوونی کارەساتی سروشتی هۆکارە بۆ زیادبوونی ڕێژەی ململانێی کۆمەڵایەتی و توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان و کچان لە سەرانسەری جیهاندا. هەندێک لە باوترین جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان و کچان لە ئاستی جیهانیدا بریتین لە ژنکوژی، توندوتیژی سێکسی و هاوسەرگیری منداڵان.

هەرچەندە شێوازەکانی توندوتیژی لەسەر بنەمای ڕەگەز زۆرە، بەڵام بابەتەکەی ئێمه‌ تیشک دەخاتە سەر ژنکوژی-فێمیساید و  هاوسەرگیری منداڵان.

یەکەم: ژنکوژی یان فێمیساید، مەبەست لە کوشتنی ڕەگەزی مێینەیە، بە مەبەستی خاوەندارێتی کردن لە ژنان لە لایەن ئەندامێکی نێری خێزانەکەی یان کۆمەلگەکەی، یان بە ئامانجی کۆنترۆڵکردن، سەپاندنی دەسەڵات و باڵادەستی بەسەر ژندا. ڕێژەی بەرزی ژنکوژی لە هەر شار، هەرێم وڵاتێکدا ئاماژەیە بۆ ڕێژەی بەرزی نایەکسانی رەگەزی، زیهنیەتی پیاوسالاریی و بیری کۆنەپەرستانە، لە هەمان کاتدا ڕەنگدانەوەی کەمی بەشداری ژنانە لە کایەکانی سیاسەت، ئابوری و یاسادانان و پاوانکردنی ئەو کایانە لە لایەن پیاوانی ئەو کۆمەلگەیەوە.

لە توێژینەوەیەکدا لە لایەن ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان و  نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ماددە هۆشبەرەکان و تاوان  ئەنجامدراوە، دەڵێت لە ساڵی ٢٠٢٢،  نزیکەی ٨٩ هەزار ژن و کچ بە ئەنقەست لە سەرانسەری جیهاندا کوژراون. لە ساڵی ٢٠٢١دا  و بە مەزەندەکراویی ٨١ هەزار و ١٠٠ ژن و کچ بە ئەنقەست کوژراون. لە هەمان ساڵدا نزیکەی ٤٥ هەزار ژن و کچ لەلایەن هاوبەشەکانیان یان ئەندامێکی نێری خێزانەکەیانەوە کوژراون. ئەمەش بەو مانایەیە کە بە تێکڕا لە هەر کاتژمێرێکدا زیاتر لە پێنج ژن یان کچ لەلایەن کەسێکەوە لە خێزانەکەی خۆی دەکوژرێت. لە ساڵی ٢٠٢٣ شدا ڕۆژانە زیاتر لە ١٤٠ ژن و کچ لەلایەن ئەندامێکی خێزانەکەی خۆیەوە کوژراوە.

لە هەرێمی کوردستان له‌ ساڵی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه‌ هه‌مو جۆره‌كانی توندوتیژی له‌سه‌ر ژن په‌راوه‌ كراو، ژنان بە جۆرەها بیانوو دەکوژرێن و بکوژانیش له‌ لایه‌ن سەرکردەی حزب، یاسا، كۆمه‌لگه‌، خێڵ و عه‌شیره‌ته‌وه‌ پارێزگارییان لێ دەکرێت و داڵدە دەدرێن. لە ئێستەدا ئامارێکی فەرمیی نییە دەربارەی رێژەی کوشتنی ژنان لە سەرەتایی نەوەدەکانەوە تا رۆژی ئەمڕۆ بەڵام گومانی تێدا نییە ساڵانە هەزاران ژن بە بیانووی شەرەف کوژراون یان سوتێنراون. ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان لە سالی ٢٠٢١ بڵاو کروەتەوە ئاماژە بەوە دەدات لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوو لە هەرێمی کوردستان (٢٠٥٧) ژن بە کوشتن و خۆکوشتن و سوتان کۆتایی بە ژیانیان هاتوە.‏ هەرچەندە مەزەندە دەکرێت ئەو ئامارە لە واقیعدا زۆر لەوە زیاتر بێت چونکە زۆر جار کوشتنی ژنان دەشاردرێتەوە. پێویستە ئاماژە بەوە بدەین لە سالی ٢٠٢٢ ەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماری فەرمیی کوشتن و توندوتیژی دژ بە ژنانی بڵاو نەکردۆتەوە

دووەم: هاوسەرگیری منداڵ: واتە ئەنجامدانی پرۆسەی هاوسەرگیری لە نێوان هەردوو رەگەز کە تەمەنیان لە ژێر تەمەنی ١٨ ساڵە. ئەم جۆرە لە هاوسەرگیری بە جۆرێک لە کۆیلایەتی نوێ ناودەبرێت و  کاریگەری لەسەر هەردوو ڕەگەز دادەنێت، بەڵام مێینەکان بە شێوەیەکی زیاتر دەبنە قوربانی. ئامارەکانی یونیسێف دەڵێت ساڵانە نزیکەی ١٢ ملیۆن کچ لە جیهاندا پێش تەمەنی ١٥ ساڵی هاوسەرگیری دەکەن. ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان لە ئەفریقا و باشووری ئاسیا زۆرترینە، کە ٣٠% و بۆ لە ٣٥%ی کچان پێش تەمەنی ١٨ ساڵ هاوسەرگیری دەکەن. سەرەڕای ئەوەی لە هەندێک کولتووردا پراکتیزەیەکی قبوڵکراو و باو بووە، بەڵام هاوسەرگیری منداڵان بە شێوەیەکی بەرفراوان لەلایەن ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان و مافی مرۆڤ بە جۆرێک لە جۆرەکانی توندوتیژی دژی منداڵ، ژن و پێشێلکردنی مافەکانی منداڵ و مرۆڤ دادەنرێت. هەرچەندە هەژاری و نایەکسانی رەگەزی وەک هۆکاری پاڵنەر بۆ هاوسەرگیری منداڵان دەستنیشانکراون، بەڵام توێژینەوە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە گۆڕانی کەشوهەوا پەیوەندییەکی راستەوانەی لەگەڵ زیادبوونی ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان لە سەرانسەری جیهان هەیە.

گۆڤاری تەندروستی گشتی جیهانی کە گۆڤارێکی نێودەوڵەتییە بۆ توێژینەوە و سیاسەت ئاماژە بەوە دەدات کارەساتە ژینگەییەکان کاریگەرن بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی هاوسەرگیری منداڵان، بۆ نموونە لە ٥ ساڵ دوای رودانی زریانی سیدر لە ساڵی ٢٠٠٧ لە بەنگلادیش، ٦٢%ی هاوسەرگیری منداڵان لە ماوەی ١٢ مانگی یەکەمی دوای زریانەکە ڕوویداوە.

تەنیا زیادبوونی یەک پلە و نیو لە پلەی گەرمی  زەوی دەتوانێت ملیۆنان کەس ناچار بکات بۆ گیرۆدە بوون بە هەژارییەکی زۆر و دەرئەنجامەکانی لە ئەفریقا و باشووری ئاسیا، زیاتر دەبینین. ئەو دوو ناوچەیەی بەرزترین ڕێژەی هاوسەرگیری منداڵان و خەتەنەکردنی لە ٢٠٢١ دا تۆمارکرد.  

قەیرانەکانی ژینگە کاریگەریی بەرچاویان لەسەر ژنان هەیە، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان نایەکسانی رەگەزیی و لێکەوتەکانی ئەو قەیرانانەدا هەیە کە دیاریترینیان گۆڕانی کەش و هەوایە. ئیکۆفێمینیزم چوارچێوەیەک پێشکەش دەکات بۆ داڕشتنی یاسا و سیاسەتی تایبەت بە پرسی ژنان و ژینگە و چەند پێشنیارێک وەک چارەسەر دەخاتە ڕوو:

یەکەم/ بەشداری ژنان لە داڕشتن و نوسینی رێسا و سیاسەتی تایبەت بە قەیرانەکانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان و رێگەی چارەسەری ئەو کاریگەرییانە لەسەر ژن و ژینگە. ئەم سیاسەتە بۆ ژنانی هەموو کۆمەڵگەکان پێویستە بەتایبەت ئەوانەی لە کۆمەڵگە پەراوێزخراوەکاندا دەژین، زیاتر پێویستە.

دووەم/  بەهێزکردنی ژنان و بوونی ژنان وەک پێشەنگ لە  چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا زۆر گرنگە. بەشداریی ژنان لە هەوڵەکانی خۆ گونجاندن و ستراتیژی کەمکردنەوەوەی گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت ئامادەییان بەرامبەر بە توندوتیژی کەم بکاتەوە و خۆڕاگرییان بەرامبەر بە فشارە ژینگەییەکان زیاد بکات.

سێیەم/ دووبارە داڕشتنەوەی پەیوەندییە رەگەزییەکان و کارکردن بۆ سەقامگیرکردنی دادپەروەری ئیکۆلۆژی. ئیکۆفێمینیزم ئاڵنگاریی پێکهاتە پیاوسالارییەکان دەکات کە بەردەوامن لە ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان. ئیکۆفێمینیزم بە داکۆکیکردن لە ڕێبازێکی یەکسانیخوازانە بە ئامانجی پاراستنی سروشت، هەوڵدەدات ڕێگری لە ژنکوژی بکات و ژنان لە خراپترین کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بپارێزێت.


*باتەکە لە ئاژانسی هەواڵی ژن بڵاوکراوەتەوە : ئاژانسی هەواڵی ژن

*بابەتەکە لە پێگەی رێکخراوی ئازادبوون بڵاوکراوەتەوە: 

لە ناو هەناوی دایکە زەویدا

 ‎ئەشکەوتی گواکەلام لە شاری کانگار لە باکووری ویلایەتی پێرلیس، یەکێکە لە ناوازەترین ئەشکەوتەکان لە مالیزیا. هەروەها بە ئەشکەوتی تاریکی ناسراوە، کە بە ستالاگمیت و ستالاکتایت ڕازاوەتەوە، لە ناوجەرگەی قەشەنگترین دارستانی دنیادا، دارستانی پێرلیس.
















دارستان پێرلیس

 *لەگەڵ هاوڕێکەم رۆژێکمان دانا بۆ گەشتکردن بۆ ولایەتی پێرلیس لە مالیزیا کەدەکەوێتە باکووری وڵاتەکە و هاوسنووری تایلەندە. ئەو هەر لە سەر شەقامەکەوە سنوری نێوان تایلەند و مالیزیای نیشاندام کە شەقامێکی یەکتربڕ جیای کردبوونەوە.




ئەو پێشنیاری کرد سەردانی ‎ئەشکەوتی گواکەلام لە شاری کانگار لە باکووری ویلایەتی پێرلیس بکەین، بە پێشنیارەکەی رازی بووم. گواکەلام یەکێکە لە ناوازەترین ئەشکەوتەکان لە مالیزیا و لە ناو هەناوی زەویدایە. بە ئەشکەوتی تاریکیش ناسراوە، بە ستالاگمیت و ستالاکتایت ڕازاوەتەوە، لە ناوجەرگەی قەشەنگترین دارستانی دنیادایە، دارستانی پێرلیس.

*لەبەر ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر سەردانی چیای بێستوونم کردبوو لە دامێنی چیای برادۆست زۆر زۆر غەمگین بووم بۆ چیای بێستوون کە گرنگی پێنادرێت . ئێمە نزیکەی یەک کاتژمێر لە ناو ئەشکەوتەکەدا بە پیادە رۆشتین و لە شوێنیکدا ئیتر قەتیس ماین چونکە ئەبوو بە سنگە خشکێ بڕۆین و ئێمەش ئەو ریسکەمان نەکرد. لە ناو ئەشکەوتی بێستون خۆم چەندین خار خلیسکاوم، زۆر تاریک بوو تەنانەت پاسەوانەکانی نزیک بە چیای برادۆست ئەیانوت خەڵک یەن بەردەکانی ناو ئەشکەوتەکە ئەشکێنن و ئەیبەن من بۆخۆم پارچەی شکاوی چەندەها بەردم بینی.
*بەیانی پرۆسەی هەڵبژاردنە، گوێم لە یەک کاندید نەبوو باسی چیا و شوێنەوارێکی کوردستان بکات، هەڵبەت
چاوەڕێش نیم لێیان.

*کە لە ئەشکەوتی گواکەلام هاتمە دەرەوە بەرە و دارستانی پێرلیس رۆشتم، رێگەی تەواوبوونی ئەشکەوتەکە دەستپێکردنی یەکێک لە قەشەنگترین دارستانی دنیایە (لە چاوی مندا)....کە گەیشتمە ناو دارستانەکە لە شوێنی خۆم دانیشتم چونکە هەستم ئەکرد مێشک و هەستەکەنم بەرگەی ئەو هەموو جوانییە ناگرن، دەمارەخانەکانی مێشکم پێوویستی بە کات بوو تا ئەو هەموو جوانییە بکاتەوە بە داتا و بە خانەکاندا بیبات..تا جوانی حەز بکات درەختەکان باڵایان کردبوو لای ئێمەش هەموو ساڵێک درەختەکان هەڵئەپاچن و داماویان ئەکەن..وازم لەم بەراوردکارییە هێناو و ویستم بە هەموو بوونمەوە لە ناو جوانی و سەوزی ئەو
دارستانەدا نوقووم ببم.
*هاوڕێکم هەر سەیری ئەکردم، منیش پێم وت، گیانە تۆ لێرە لە ناو ئەم جەنگەڵدا دایک بوویت بۆیە لات سەیر نەبێت کە من ئاوا بە دیار ئەم قەشەنگییەوە مەست بووم. ئەوەم بۆ باس کرد ساڵی ٢٠١٧ سەردانی دارستانی سەمام کرد لە کالینینگراد لە ڕوسیا کە بە ناوازەترین دارستان لە جیهان دادەنرێی چونکە دارسنەوبەرەکانی بە شێوەیەکی نائاسایی پێچاوپێچ و خولگەیی گەشە دەکەن، وایان لێدەکات وەک ئەوەی سەما بکەن یان دەجووڵێن. شێوەی درەختەکانی ئەم دارستانە مشتومرێکی زۆری دروست کردووە و لە رابوردا چیرۆکی ئەفسوناوی لەسەر بووە. بەڵام بۆ من لەگەل خەمی چیای بێستوون دوو قەشەنگترین دارستان لە یادەوەریمدایە.

.بە یادی دارستانی پێرلیس چەند وێنەیەکتان لەگەل بەش ئەکەم، سەرنجی باڵا و قەد و شێوەی لقی درەختەکان بدەن، لای من بێوێنەیە.






















سروشت و گەردوون سوپاسگوزاریی بوونی تۆیە!

 ئەمرۆ یادی لە دایک بوونی یەکێک لە جوامێرترین، بە جەربەزە و بەخشندەترین، بەئاگاترین، زیرەکترین ئەندامی سەر ئەم زەوییە، پیرۆزبێت. سروشت و گەردوون سوپاسگوزاریی بوونی تۆ ئەکات. بەم بۆنەیەوە هەندێک لە وتەکانی لێرە دائەنێم، هەر یەکێک لەو وتانە هێندەی یەک کتێب قسە هەڵئەگرێت.



*شەڕکردن بۆ حەقیقەت، تەنها مافی ئێمە نییە وەک هاوڵاتی ئازادی کۆمەڵگە ئازادەکان، بەڵکو ئەرکی ئێمەیە وەک هاووڵاتیانی سەر ئەم زەوییە.
*سەرمایەداری هەم لە گریمانە کولتوورییەکان و هەم لە ئامڕازە ئابوورییەکاندا ڕەگەزدار و ڕەگەزپەرست و دژەسروشتە.
*ئەو کەسانەی کەمترین بەرپرسیارێتییان هەیە لە دروستبوونی گۆرانکاری کەشوهەوا، زۆرترین کاریگەری ئەو گۆرانکارییەیان لەسەرە.
*کشتوکاڵی ژینگەیی/نەریتی پاراستنی هەمەچەشنەیی زیندوو، سەروەری خۆراک و ژینگەیە.
*کاتێک تۆ چەک دەفرۆشیت، ئەوا سوپاکان کۆنتڕۆڵ دەکەیت. خۆراکیش چەکە، کاتێک خۆراک کۆنتڕۆڵ دەکەیت، ئاوا کۆمەڵگا کۆنتڕۆڵ دەکەیت. بەڵام کاتێک تۆو کۆنتڕۆڵ دەکەیت، ژیان لەسەر زەوی کۆنتڕۆڵ دەکەیت.
*بە درێژایی مێژوو، لە هەموو کولتوورەکاندا، ژنان تۆوی ڕەسەنیان پاراستووە.
*دزیکردنی بایۆلۆژی یان دزی بایۆلۆژی واتە بە نایاسایی ڕووەکی ڕەسەن لەلایەن کۆمپانیاکانەوە قۆرخ بکرێت، ( پاتێنت) یان بۆ دەکەن بۆ ئەوەی خۆیان کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکەن.


ڤاندانا شیڤا

ئازارێکی مۆر!

 ئازارێ هەیە پێویستە بیچێژیت، حوکمی ژیانە، ناتوانیت خۆتی لێ ببوریت. ئەو ئازارەی بە ناو هەموو دەمارەکانتدا تێپەردەبیت و خانە بە خانەی جەستەت تەی دەکات. ئەوان وەختە بتەقن و لە ناو جەستەت بێنە دەرەوە بۆیە تۆ پێت وایە توانای بەرگە گرتنیت نییە. ئازارێک جەستەت لە ناو هەردوو قۆڵتدا گرمۆڵە دەکات، خۆت خۆت لە ئامێز دەگریت و لە کونجێکی بونتدا سەدەها بگرە هەزارەها پرسیار لە خۆت دەکەیت، لەگەل خۆت دەجەنگیت، تورە دەبیت، ئاشت دەبییەوە تا ئەو کاتەی ماندوو دەبیت و بێدەنگییەک ناخ و دڵ، مێشک و جەستەت دادەگرێت و بەخۆت دەڵێیت تۆ دەبێت بە پێوە بوەستیت ئەمە تەنیا سەرەتایە ئازیز گیان.




دوای تێپەرینی زەمەنێکی کورت تێدەگەی زۆر لەوە سەرسەخت تر بوویت کە بەرگەی نەگریت. تێدەگەیت هەر بەراست پێویست بوو ئەو ئازارە بچێژێت، چونکە بەشێکە لە حەقیقەتی ئەم ژیانە فانییە.
لای من ئازارەکان تام، بۆن و رەنگیان هەیە، بەڵام هەندێک ئازار بەهۆی رەگ و قوڵییەکەی هەموو رەنگەکانی دنیا تێکەڵ بە خۆی دەکات و دواجار برینێک بەشێوەی قەقنەس جێدەهێڵێت. برینێک رەگێکی درێژ و قوڵی لەم ژیانەدا بۆ چنراوە. تامی ئەو ئازارانە دوای زەمەنێک چێژێکت پێ دەبەخشێت کە وێنەی نییە. بەزەردەخەنەیەکی بێ منەتانەوە بەرامبەری وەستاویت و پێی دەلێت بۆ هەمیشە وەک بەشێک لە خۆم و خۆشەویسترین بەشی خۆم هەڵتدەگرم، لەگەل زەخم و برینەکەشدا هێزێکی لە بن نەهاتوت پێ بەخشیوم.
ئەو ئازارە تاڵ و هەم شیرینە مۆرباوە لە قوڵایی ناخمدا بۆ هەمیشە هەڵدەگرم و جار جار بۆنێکی دەکەم، یادێکی لێ دەکەم بۆ ئەوەی دەست بخەمە سەر دڵم و پێ بڵێم سوپاس بۆ هەبوونت.

هەڵوێست
وێنەکە کاک سەنگەری برام، چرکاندوێتی.

بابەتەکان

چیتر بەنداو لە میزۆپۆتامیا دروست نەکرێت

من ناوم هەڵوێستە، ئیکۆ-فێمینیستم و بەرێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوونم، لە باشوری کوردستانەوە بەشداریم کردووە. دوێنێ گروپێکمان دروست کرد بۆ کارکرن...