دارستان پێرلیس

 *لەگەڵ هاوڕێکەم رۆژێکمان دانا بۆ گەشتکردن بۆ ولایەتی پێرلیس لە مالیزیا کەدەکەوێتە باکووری وڵاتەکە و هاوسنووری تایلەندە. ئەو هەر لە سەر شەقامەکەوە سنوری نێوان تایلەند و مالیزیای نیشاندام کە شەقامێکی یەکتربڕ جیای کردبوونەوە.




ئەو پێشنیاری کرد سەردانی ‎ئەشکەوتی گواکەلام لە شاری کانگار لە باکووری ویلایەتی پێرلیس بکەین، بە پێشنیارەکەی رازی بووم. گواکەلام یەکێکە لە ناوازەترین ئەشکەوتەکان لە مالیزیا و لە ناو هەناوی زەویدایە. بە ئەشکەوتی تاریکیش ناسراوە، بە ستالاگمیت و ستالاکتایت ڕازاوەتەوە، لە ناوجەرگەی قەشەنگترین دارستانی دنیادایە، دارستانی پێرلیس.

*لەبەر ئەوەی چەند ساڵێک لەمەوبەر سەردانی چیای بێستوونم کردبوو لە دامێنی چیای برادۆست زۆر زۆر غەمگین بووم بۆ چیای بێستوون کە گرنگی پێنادرێت . ئێمە نزیکەی یەک کاتژمێر لە ناو ئەشکەوتەکەدا بە پیادە رۆشتین و لە شوێنیکدا ئیتر قەتیس ماین چونکە ئەبوو بە سنگە خشکێ بڕۆین و ئێمەش ئەو ریسکەمان نەکرد. لە ناو ئەشکەوتی بێستون خۆم چەندین خار خلیسکاوم، زۆر تاریک بوو تەنانەت پاسەوانەکانی نزیک بە چیای برادۆست ئەیانوت خەڵک یەن بەردەکانی ناو ئەشکەوتەکە ئەشکێنن و ئەیبەن من بۆخۆم پارچەی شکاوی چەندەها بەردم بینی.
*بەیانی پرۆسەی هەڵبژاردنە، گوێم لە یەک کاندید نەبوو باسی چیا و شوێنەوارێکی کوردستان بکات، هەڵبەت
چاوەڕێش نیم لێیان.

*کە لە ئەشکەوتی گواکەلام هاتمە دەرەوە بەرە و دارستانی پێرلیس رۆشتم، رێگەی تەواوبوونی ئەشکەوتەکە دەستپێکردنی یەکێک لە قەشەنگترین دارستانی دنیایە (لە چاوی مندا)....کە گەیشتمە ناو دارستانەکە لە شوێنی خۆم دانیشتم چونکە هەستم ئەکرد مێشک و هەستەکەنم بەرگەی ئەو هەموو جوانییە ناگرن، دەمارەخانەکانی مێشکم پێوویستی بە کات بوو تا ئەو هەموو جوانییە بکاتەوە بە داتا و بە خانەکاندا بیبات..تا جوانی حەز بکات درەختەکان باڵایان کردبوو لای ئێمەش هەموو ساڵێک درەختەکان هەڵئەپاچن و داماویان ئەکەن..وازم لەم بەراوردکارییە هێناو و ویستم بە هەموو بوونمەوە لە ناو جوانی و سەوزی ئەو
دارستانەدا نوقووم ببم.
*هاوڕێکم هەر سەیری ئەکردم، منیش پێم وت، گیانە تۆ لێرە لە ناو ئەم جەنگەڵدا دایک بوویت بۆیە لات سەیر نەبێت کە من ئاوا بە دیار ئەم قەشەنگییەوە مەست بووم. ئەوەم بۆ باس کرد ساڵی ٢٠١٧ سەردانی دارستانی سەمام کرد لە کالینینگراد لە ڕوسیا کە بە ناوازەترین دارستان لە جیهان دادەنرێی چونکە دارسنەوبەرەکانی بە شێوەیەکی نائاسایی پێچاوپێچ و خولگەیی گەشە دەکەن، وایان لێدەکات وەک ئەوەی سەما بکەن یان دەجووڵێن. شێوەی درەختەکانی ئەم دارستانە مشتومرێکی زۆری دروست کردووە و لە رابوردا چیرۆکی ئەفسوناوی لەسەر بووە. بەڵام بۆ من لەگەل خەمی چیای بێستوون دوو قەشەنگترین دارستان لە یادەوەریمدایە.

.بە یادی دارستانی پێرلیس چەند وێنەیەکتان لەگەل بەش ئەکەم، سەرنجی باڵا و قەد و شێوەی لقی درەختەکان بدەن، لای من بێوێنەیە.






















بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...