ئازارێکی مۆر!

 ئازارێ هەیە پێویستە بیچێژیت، حوکمی ژیانە، ناتوانیت خۆتی لێ ببوریت. ئەو ئازارەی بە ناو هەموو دەمارەکانتدا تێپەردەبیت و خانە بە خانەی جەستەت تەی دەکات. ئەوان وەختە بتەقن و لە ناو جەستەت بێنە دەرەوە بۆیە تۆ پێت وایە توانای بەرگە گرتنیت نییە. ئازارێک جەستەت لە ناو هەردوو قۆڵتدا گرمۆڵە دەکات، خۆت خۆت لە ئامێز دەگریت و لە کونجێکی بونتدا سەدەها بگرە هەزارەها پرسیار لە خۆت دەکەیت، لەگەل خۆت دەجەنگیت، تورە دەبیت، ئاشت دەبییەوە تا ئەو کاتەی ماندوو دەبیت و بێدەنگییەک ناخ و دڵ، مێشک و جەستەت دادەگرێت و بەخۆت دەڵێیت تۆ دەبێت بە پێوە بوەستیت ئەمە تەنیا سەرەتایە ئازیز گیان.




دوای تێپەرینی زەمەنێکی کورت تێدەگەی زۆر لەوە سەرسەخت تر بوویت کە بەرگەی نەگریت. تێدەگەیت هەر بەراست پێویست بوو ئەو ئازارە بچێژێت، چونکە بەشێکە لە حەقیقەتی ئەم ژیانە فانییە.
لای من ئازارەکان تام، بۆن و رەنگیان هەیە، بەڵام هەندێک ئازار بەهۆی رەگ و قوڵییەکەی هەموو رەنگەکانی دنیا تێکەڵ بە خۆی دەکات و دواجار برینێک بەشێوەی قەقنەس جێدەهێڵێت. برینێک رەگێکی درێژ و قوڵی لەم ژیانەدا بۆ چنراوە. تامی ئەو ئازارانە دوای زەمەنێک چێژێکت پێ دەبەخشێت کە وێنەی نییە. بەزەردەخەنەیەکی بێ منەتانەوە بەرامبەری وەستاویت و پێی دەلێت بۆ هەمیشە وەک بەشێک لە خۆم و خۆشەویسترین بەشی خۆم هەڵتدەگرم، لەگەل زەخم و برینەکەشدا هێزێکی لە بن نەهاتوت پێ بەخشیوم.
ئەو ئازارە تاڵ و هەم شیرینە مۆرباوە لە قوڵایی ناخمدا بۆ هەمیشە هەڵدەگرم و جار جار بۆنێکی دەکەم، یادێکی لێ دەکەم بۆ ئەوەی دەست بخەمە سەر دڵم و پێ بڵێم سوپاس بۆ هەبوونت.

هەڵوێست
وێنەکە کاک سەنگەری برام، چرکاندوێتی.