ئێستێک!

 لەبالکۆنەکەدا بە سەرسامییەوە بە دیار جوانی ئەو دیمەنە دانیشتبووم. چاوم لە بەرینی ئاسمان، ئەو کێو و شاخانەی ناو جەنگەڵ تێرنەئەبوو کە وردە وردە رەشیی شەو باڵی بەسەردا ئەکێشان بەڵام ئەوان وەک تارماییەک وێنای خۆیان ئەبەخشییەوە.

‎ ئەو درەختانەی لە وێنەکەدا ئەیبینن و لقکانی نازدرانە خۆیان پەخش کردووە، لە رۆژیشدا لەگەڵ شنەبایەک سەمایان ئەکرد، جار جار لەگەڵ دەنگی باڵندەیەک تێکەڵ ئەبوون.

‎لە ڕۆژدا پیاسەیەکی دورو درێژی ناو دارستانم هەبوو، شەکەت و ماندوو بوبووم بەڵام ئەم دیمەنە سحری خۆی لێکردبووم.

‎خەوە نوتکەم بوو، ئەمویست سات بە ساتی ئەو شەوە لە ناو چاو و مێشکمدا هەڵبگرم. سروشتی ئەو جەنگەڵ و دارستانە بەشێوەیەک کاریان لێکردبووم لەگەڵ خۆمدا لە جەنگدا بووم نەنووم. 

‎چەند جارێک بەسەر کورسییەکەوە خەوم لێکەوت و دەنگی باڵندەکان خەبەرییان ئەکردمەوە، بەو ماندوێتییەوە بیرم لە ئاسمانی کوردستان ئەکردەوە بە خۆمم ئەوت بۆ جارێک چێژ لەو دیمەنانە وەربگرە و خەم مەخۆ، چی بە خەم چارەسەر ئەبێت کەچی لەناکاو دەنگێکی دیکە ئەیوت ناکرێ هەر بیرت لای خۆشی خۆت بێت

لەو کاتەدا قسەیەکی خۆمم بۆ ئەسەلما کە ژیان چەند نادادپەروەرە، بۆچی ئەبێت من لە جەنگەڵ و سروشتێکی ئاوا جواندا نەژیم؟

چ حوکمێکی ژیانە شاخ و کانیاوەکانی کوردستانەکەم بەردەوام تۆبباران بکرێت. سەیری ئەو درەختانەم ئەکرد و گریانم بۆ سنەوبەر و بەروەکانی باشور و زەیتونەکانی عفرین دەهات.

پەیتا پەیتا وێنەم ئەگرت، بەدەستی من بوایە کاتم ڕائەگرت. تۆش پێت وانییە نادادپەروەرییە کە کاتژمێرەکانی ژیان و تەمەنت بە دەستی خۆت نییە؟ بۆ ناکرێت ئەمشەو نەبڕاوە بێت؟ 

ئێستە و پاش چەند مانگێک هێشتا نایەتەوە یادم چۆن خەو زاڵ بووە بەسەرمدا و چومەتە سەرجێگەکەم و نوستووم بەڵام ئەزانم چێژ و ئاسمانی ئەو شەوە ئێستێکیان لە مندا دروست کردووە کاتی پێویستە ببێت بە وشە یان لەوانەیە بەو حەسرەتەوە بژیم و نەشبن بە وشە. لەوانەشە بەشێکی جوانی سروشت لەوەدایە زۆر لە وشە بەهێزترە و مرۆڤ ناتوانێت گوزارشتی لێ بکات.

رۆژی جیهانی ژنان

رۆژی جیهانی ژنان لە شەڕڤانانی تاقانەترین شۆڕشی مرۆڤایەتی پیرۆزئەکەم، پیرۆزبایی لە ژنانی باکور و رۆژئاوا ئەکەم، ئەوان مێژووی پێنج هەزار ساڵی پیاوسالارییان هەڵگەرانەوە و رایان ماڵی، رۆژی تێکۆشانی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز لە ژنانی شۆڕشی ژن ژیان ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستان پیرۆز ئەکەم.

*سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ ژن تیڤی ماوەی هەشت ساڵە لە خزمەتی پرسی ژن، سروشت و کۆمەلگەدا بوون و لەم پێناوەشدا رێگری و ئاڵنگاری زۆریان هاتەپێش و بەڵام ئەوان کۆڵیان نەدا.




*سوپاس و پێزانیم هەیە بۆ هاورێ و هاوکارانم ژنانی باشور لە ژێر دەسەڵاتی چەندنین داگیرکەر و زیهنیەتی پیاوسالاری دەسەڵاتی کوردیی تێکۆشان و خۆیان و بنەمالەکانیان رووبەرووی هەڕەشەی کوشتن و ئیهانە بوونەوە. دەنگ هەلبرینی ئێوە و تێکۆشانتان بەرز ئەنرخێنم و بۆ هەمیشە مایەی شانازیمن.
*سەری رێز و نەوازش دائەنەوێنم بۆ ژنانی ناو رێکخستنی هەموو حزبەکان لە ناو زیندانەکانی بەعسدا رووبەرووی هەموو جۆرە توندوتویژییەک بوونەوە و تا ئێستەش حزبەکانیان مێژووی ئەوانی نادیدە کردووە.
*سەری رێز و نەوازش بۆ ژنانی دوای ئەنفال و کیمیاباران دائەنەوێنم، ئەوان کۆمەلگەی کوردی دوای راپەرینیان بە هێزی بازووی خۆیان راگرت و بە جلە رەشەکانیان، لە ناو ئۆردوگاکان و ناو شارەکان بەبێ هیچ ئەندامێکی نێری خێزان منداڵ و نەوەکانیان پەروەردە کرد و تا ئێستەش چیرۆکی ژیانی زۆرینەیان نەنوسراوەتەوە.
*سوپاس و پێزانینی زۆرم هەیە بۆ داپیرانمان لە ناو گوند و گیڵگە کشتوکاڵییەکاندا بە دەستەکانی خۆیان هەمەچەشنەی زیندەوەریان ئەپاراست، ئەوان بوون سروشت و دایکە زەوییان بە هاوسەنگی راگرتبوو.
*دواجار سوپاس و پێزانین بۆ دایکم کە جەور و ستەمی زۆری لە ناو شار و لە شاخەکانی کوردستان بینی، بە رێکەوت لە ئەنفال رزگاری بوو و ئیستەش چەندین نەوە فێری کتێب خوێندنەوە ئەکات.


#ژن#ژیان#ئازادی

پەیامی ڤاندانا شیڤا لە رۆژی جیهانی ژناندا!

 ئایندەی خۆراک و داهاتووی ژیان لەسەر زەوی، هەروەها چارەسەرەیی قەیرانەکانی ئیکۆلۆژی لە لۆژیک و دەستی ئەو کەسانەدا نییە کە هۆکاری ئەو قەیرانانەن. بەڵکو چارەسەرەکان لە دەستی ژنان، جووتیارانی کشتوکاڵی ئیکۆلۆژی، بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و تۆڕەکاندان کە بەرەنگاری تێکدانی سروشت و کۆمەڵگا دەبنەوە.



چارەسەر بۆ قەیرانە جیهانییەکان لە بنیاتنانی کولتووریی پەیوەندیکردن و دووبارە بنیاتنانەوەی پەیوەندی ئێمە لەگەڵ سروشت و کۆمەڵگادا سەرچاوە دەگرن. پێویستە ئاگاداری ئەو پەیوەندیانە بین کە دەرفەتمان پێدەبەخشن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی زەوی و تەندروستیمان، دروستکردنی ئابووری خۆراک و گەرانەوە بۆ کلتوریی خۆجێی خۆراک لە ڕێگەی کشتوکاڵێکی ژینگەییەوە گرنگی بە دایکە زەوی و تەندروستی مرۆڤەکان دەدات.

 

ئەم ژنانە کێن، کە ژیانی خۆیان بۆ پاراستنی ئەم زەوییە تەرخان کردووە؟ بۆچی دەنگیان هەڵبریووە؟ ئایا ئەوان لەبری هەموومان قسە دەکەن؟

 

لەم کورتە ترەیلەرەدا دەنگی هەمەچەشنی ئەو کەسانە دەبیستین کە کار لەسەر دووبارە دامەزراندنەوەی هاوسەنگی لەگەڵ زەوی دەکەن. داپیران و باپیرانی ئێمە شێوازێکی ژیانیان بەڕێوەبردووە کە هەمەچەشنەی زیندوویی بۆ ئیکۆسیستەم پەروەردە کردووە.

 

زیاتر لە ٣٠ ساڵە بزووتنەوەی ناڤدانیا کاردەکات بۆ بەستنەوەی ئەم دەنگە ناوخۆییانە بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی گوتاری جیهانی لەسەر ئەو واقیعە دەمێنێتەوە کە زۆرینەی ژنان و دانیشتوانە رەسەنەکان ئەزموونی دەکەن. هەر ئەمەش ناوەندی بنیاتنانی بزووتنەوەکەمان بووە. بزووتنەوەیەک کە تایبەتە بە بەرەنگاربوونەوەی دیدگای کەمینەیەک، زەوی وەک مردوو دەبینن و پێیان وایە ئاسان ئەتوانن هەیمەنەی بەسەردا بکەن.

 

ئێمە لە ڕێگەی کورتە فیلمێکەوە ڕێز لەم دەنگانە دەگرین (بەم زووانە بڵاودەکرێتەوە!) کە قسە لەسەر ئەو قەیرانانە دەکەن کە ئێمە شاهیدین و بەرپرسیارێتی ئێمە وەک هاوڵاتی ئەم هەسارەیە نیشان دەدات لەوەی کە دەتوانین چی بکەین.

 


لە کاتێکدا یاسادانەرانی جیهان بە دوای تەکنەلۆژیای نوێوەن کە تەنیا دەرئەنجامەکانی پارادایمی پیشەسازی زیاتر چەسپاندووە، زۆر گرنگە گوێ لە هەمەچەشنەی دەنگەکان بگرین، ئەوان شێوازێکی ژیانی ئیکۆلۆژی پراکتیزە دەکەن. ئەو دەنگانەی خۆیان لە بەرەکانی پێشەوەی ئەو وێرانکارییەدان و بەرکەوتە و زەرەرمەندی یەکەمی کشتوکاڵی پیشەسازیین. دەنگی ژنان و دانیشتوانی ڕەسەن  و جووتیارانی پەراوێزخراو.

 

لەگەڵمان بن لەم بزووتنەوەیە جیهانییە بۆ ئەوەی دەنگمان ببیسترێت- بۆ زانینی زیاتر بینەری ئەو تۆمارە بە کە لێرە دامناوە.

بزووتنەوەی جیهانی ناڤدانیا

بابەتەکان

چیتر بەنداو لە میزۆپۆتامیا دروست نەکرێت

من ناوم هەڵوێستە، ئیکۆ-فێمینیستم و بەرێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوونم، لە باشوری کوردستانەوە بەشداریم کردووە. دوێنێ گروپێکمان دروست کرد بۆ کارکرن...