لەبالکۆنەکەدا بە سەرسامییەوە بە دیار جوانی ئەو دیمەنە دانیشتبووم. چاوم لە بەرینی ئاسمان، ئەو کێو و شاخانەی ناو جەنگەڵ تێرنەئەبوو کە وردە وردە رەشیی شەو باڵی بەسەردا ئەکێشان بەڵام ئەوان وەک تارماییەک وێنای خۆیان ئەبەخشییەوە.
ئەو درەختانەی لە وێنەکەدا ئەیبینن و لقکانی نازدرانە خۆیان پەخش کردووە، لە رۆژیشدا لەگەڵ شنەبایەک سەمایان ئەکرد، جار جار لەگەڵ دەنگی باڵندەیەک تێکەڵ ئەبوون.
لە ڕۆژدا پیاسەیەکی دورو درێژی ناو دارستانم هەبوو، شەکەت و ماندوو بوبووم بەڵام ئەم دیمەنە سحری خۆی لێکردبووم.
خەوە نوتکەم بوو، ئەمویست سات بە ساتی ئەو شەوە لە ناو چاو و مێشکمدا هەڵبگرم. سروشتی ئەو جەنگەڵ و دارستانە بەشێوەیەک کاریان لێکردبووم لەگەڵ خۆمدا لە جەنگدا بووم نەنووم.
چەند جارێک بەسەر کورسییەکەوە خەوم لێکەوت و دەنگی باڵندەکان خەبەرییان ئەکردمەوە، بەو ماندوێتییەوە بیرم لە ئاسمانی کوردستان ئەکردەوە بە خۆمم ئەوت بۆ جارێک چێژ لەو دیمەنانە وەربگرە و خەم مەخۆ، چی بە خەم چارەسەر ئەبێت کەچی لەناکاو دەنگێکی دیکە ئەیوت ناکرێ هەر بیرت لای خۆشی خۆت بێت
لەو کاتەدا قسەیەکی خۆمم بۆ ئەسەلما کە ژیان چەند نادادپەروەرە، بۆچی ئەبێت من لە جەنگەڵ و سروشتێکی ئاوا جواندا نەژیم؟
چ حوکمێکی ژیانە شاخ و کانیاوەکانی کوردستانەکەم بەردەوام تۆبباران بکرێت. سەیری ئەو درەختانەم ئەکرد و گریانم بۆ سنەوبەر و بەروەکانی باشور و زەیتونەکانی عفرین دەهات.
پەیتا پەیتا وێنەم ئەگرت، بەدەستی من بوایە کاتم ڕائەگرت. تۆش پێت وانییە نادادپەروەرییە کە کاتژمێرەکانی ژیان و تەمەنت بە دەستی خۆت نییە؟ بۆ ناکرێت ئەمشەو نەبڕاوە بێت؟
ئێستە و پاش چەند مانگێک هێشتا نایەتەوە یادم چۆن خەو زاڵ بووە بەسەرمدا و چومەتە سەرجێگەکەم و نوستووم بەڵام ئەزانم چێژ و ئاسمانی ئەو شەوە ئێستێکیان لە مندا دروست کردووە کاتی پێویستە ببێت بە وشە یان لەوانەیە بەو حەسرەتەوە بژیم و نەشبن بە وشە. لەوانەشە بەشێکی جوانی سروشت لەوەدایە زۆر لە وشە بەهێزترە و مرۆڤ ناتوانێت گوزارشتی لێ بکات.

