سێ مانگی رابووردوو یان وردتر بڵێم لە کۆتا رۆژەکانی مانگی ١٢ ی ساڵی رابووردو و تا کۆتایی مانگی مارس توشی درم و پەتا (ئەنفلۆزا)، یەکی قورس هاتبووم. لەو ماوەیەدا دوو جار و لە دوو کاتی جیاوازدا بۆ ماوەی هەفتەیەک لە ناو جێدا مامەوە و وزەی جوڵەم نەبوو. تەنیا چەند دەنکە حەبێکی کەمم خوارد و سەردانی پزیشکم نەکرد بەڵکو هەوڵمدا لە رێی خۆراک، چایی گیا و گوڵ دۆخەکە تێیپەرێنم وەلێ قورس بوو چونکە درمەکە درەنگ بەجێیهێشتم. لەو سێ مانگەدا بەردەوام سەرئێشەیەکی قورسم هەبوو کە توشی کەم خەوی پاشان کەم خۆراکی کردبووم، لەگەڵ ئەوەشدا ئازاری ئێسک تەواو بێزاری کردبووم، بەجۆرێک هەندێ جار توانای رۆشتنم نەئەما..یان هەندێک جار ئەموسیت لە شوێنی خۆم بەرز ببمەوە و بجوڵێم قاچەکانم لەگەڵم نەئەهاتن و توانای رۆشتنم نەبوو. لەگەڵ بوونی سەرمایەکی وشک و بێزارکەر و ناجێگیریی دۆخی تەندروستیم هەوڵمئەدا کاریگەری لەسەر کار و بەرپرسیارێتیم دانەنێت و بە پاڵپشتی هاوکارانم بەردەوام بووم لە ئەرکەکانم.
وێنەکە باخچەی ڤیگلاندە لە نەرویج، ساڵی٢٠١٢
لەو چەند مانگەی رابووردوودا بە هۆی دۆخی جیاوازی ناوخۆیی و دەرەکیی هەندێ کات لەگەڵ هاوڕێ و هاوکارانم لە ئازادبوون دەرفەتی پشوومان نەبوو یان کاتێکی زۆر کەممان هەبوو پشوویەکی کورت وەربگرین لەگەڵ ئەوەشدا وزەی بەردەواممی و باشمان لە یەک وەرئەگرت.
ئەو رۆژانەی تەواو شەکەت دەبووم تەلەفونم بۆ هاورێیەکم ئەکرد و بە پیاسەیەکی کورتخایەن کاتێکی خۆشمان دروست ئەکرد. هەندێک جار ئاڤی هاوڕێم تەلەفوونی ئەکرد هەڵە گیان برۆین پیاسەیەک بکەین؟، لە وەڵامدا ئەمووت ببورە هاوری گیان زۆر سەرقاڵم ئەویش بە پێکەنینەوە ئەیووت ماڵئاوابێت ئیشی تۆ هەرگیز تەواو نابێت. لە بەرامبەردا هەرکات تەلەفونم بۆ کردووە ئەو ئامادەبووە.
رۆژێکی دیکە سەرقاڵی کارکردن بووم هاورێیەکی دیکە هات بۆ لام وتی هەڵوێست هەر تۆم بینی هەستم کرد بێتاقەتیت، لە ئامێزی گرتم و بەشی یەک هەفتە وزەی جوان و باشی یامێ..ئەگەر باسی ئەو هاوڕێ نازدارەم بۆ ئێوە بکەم خۆی تەندروستی باش نییە، ئەرک و بەرپرسیارێتی زۆری لەسەرە، زۆر هەستیار و خۆشەویستە...لەگەل هەموو خەم و ئەرکەکانی خۆیدا و بە بێ ئەوەی وشەیەک بڵێم هەستی پێکردم.
هاورێیەکی دیکەم هەیە بەردەوام باسی ئەزموونی چەندین ساڵەی خۆیم بۆ ئەکات، زۆر ئارام و لێبڕاوانە لەم رۆژگارە پر لە نا ئومێدییەدا هیوا ئەبەخشێتەوە و کاری خۆی ئەکات بێ ئەوەی چاوەڕێی سوپاس و باسکردن بێت.
کەسانی دیکە هەن بەردەوام رەخنەی روخێنەر ئەگرن بەڵام باسیان ناکەم، چونکە حەز ئەکەم کات بە مرۆڤ و وزەی جوان ببەخشم.
لە کۆتاییدا ئەمەوێ بڵێم: هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیارێتییانەی رۆژانە هەر یەکێک لە ئێمە بە ئەنجامی ئەگەیەنین بریتییە لە کاری پێکەوەیی، رۆحی هاوڕێیەتی و پاڵپشتی یەکدی هۆکارە بۆ بەدەستهێنانی ئامانج..ئەگەر لە هەموو کار و پرۆژەیەکدا بەدیهێنانی ئامانجی سەرەکی لە پێش هەموو شتەکانی دیکەوە دابنێین و دروستکردنی پەیوەندییەکی باش یان بوونی هاوڕێیەتییەکی باش بخەینە خزمەت بەدەست هێنانی ئامانج ئەوا هەنگاونان بۆ بەدیهێنانی ئامانجی گەورەتر ئاسان ئەبێت.
