لە ساڵی ١٩٧٠ نۆرمان بۆرلاگ بەهۆی بەشدارییەکانی لە سەقامگیرکردنی ئاسایشی خۆراک لە سەر ئاستی جیهان و کارەکانی لە بواری شۆڕشی سەوز و کشتوکاڵی پیشەسازیدا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرت. کارەکانی بۆرلاگ و ئەو تۆوە پەرجووییەی کە بۆرلاگ دروستی کردبوو، وەک سەرچاوەی زۆری بەرهەمی خۆراک و ئاشتی نوێ بۆ هەموو جیهان، سەیر دەکرا.
کشتوکاڵیی پیشەسازی
وەک پڕوپاگەندەیەک بۆ لەناوبردنی برسێتی لە جیهان و مژدەبەخشێک بۆ بەرهەمێنای
خۆراکی زۆر، پشت بە زانستی میکانیکی دەبەستێت. ئەم کشتوکاڵە توانای بەرهەمهێنانی
٢٥٪ خۆراکی هەیە، لە کاتێکدا لە ٧٥٪ی سەرچاوەکانی زەویی بەکار دەهێنێت و سروشتی خاک
و ئاویش دەشێوێنێت، هەروەها لە هەمان کاتدا هەمەچەشنەی بایۆلۆژی و تۆوی ڕەسەن و
کشتوکاڵی نەریتی و ئەو ئابوورییە ناوخۆییەی لەناو بردووە کە لەسەر بنەمای ئەزموونی
کشتوکاڵی نەریتی دروست بووە.
کشتوکاڵی پیشەسازی وەک
دەرکەوتەی یان پەراوەی شۆڕشی سەوز؛ وردتر بڵێین وەک دەرکەوتەی سیستەمی سەرمایەداری، خۆراکی کرد
بە کاڵا بۆ کەڵەکەکردنی سەرمایە و بەرەیەکی گەورەشی بۆ دروست کرد، ئەمەش بۆ
کۆمەڵێک ئامانجی دیکە کرا کە لەم پێشەکییەدا هەوڵ دەدەین بە کورتی ئاماژەی پێ بدەین.
کشتوکاڵی پیشەسازیی هەمان
تەکنەلۆژیای جەنگەکانی بەکارهێنا. ئەو پەیین و قرکەرە/ژەهرەی بۆ گەشەی خێرای
بەروبووم و قڕکردنی مێرووەکان بەرهەم دەهێنریت، هەمان ماددەی کیمیاییە کە لە تاقیگەی
نازییەکاندا بەرهەم دەهێنرا. ئەم جۆرە لە کشتوکاڵ لەلایەن ئەمریکا و کۆمپانیا
کیمیاییەکانەوە سەپێندرا، ئەمەش دروستکردنی بازاڕ بوو بۆ پیشەسازی کیمیایی،
مەبەستیش لێی فرۆشتنی ماددە کیمییاییەکانی ئەو کەرەستانە بوو کە بۆ جەنگ دروست
کرابوون.
شۆڕشی سەوز لە سێ
قۆناغ پێک هاتووە:
قۆناغی یەکەم (1940-1960): لەم قۆناغەدا تۆوی بەرهەمدار و ماددە کیمیاییەکانیان داهێنا.
قۆناغی دووەم (1970-1980): داهێنان و
پراکتیکەکانیان بەجیهاندا بڵاوکردەوە؛ بەتایبەت لە وڵاتانی تازەپێگەیشتووی وەک مەکسیک و هندستان و
وڵاتانی کیشوەری ئاسیا.
قۆناغی سێیەم (1990ەکان-ئێستا): گرنگیدان بە بایۆتەکنەلۆژیا
و دەستکاریکردنی جیناتی تۆو و بەرهەمە بۆماوەییە دەستکاریکراوەکان؛ لەهەمان کاتدا جەختکردنەوە
لە بەردەوام بەکارهێنانی پەیینی کیمیایی و قڕکەرە کشتوکاڵییەکان.
قسەکردن دەربارەی
شۆڕشی سەوز فرە رەهەندە و دەکرێت لە رەهەندە ئیکۆلۆژی، ئابووری، سیاسی، کلتووری و
کۆمەڵایەتییەکانەوە گفتوگۆی بکەین. ئەم پێشەکییە تەنها تەماشای یەک ڕەهەند لەو
بوارانە ناکات، بەڵکو هەموویان بەشێوەیەکی پێکەوەگرێدراو و هاوبەش شرۆڤە دەکات،
چونکە لێکەوتە و قەیرانەکانی ئەو شۆڕشە لە رەهەندە کۆمەڵایەتی و کلتورییەکەشدا
کەمتر نەبووە لە ڕەهەندە ئیکۆلۆژییەکەی. ڕەنگە یەکێک لە جوانترین و پڕبەپێستترین
پێناسە کە بۆ ئەم شۆڕشە کرابێت، وتەکەی ئیکۆلۆژست و زانای فیزیکی هندی و چالاکوانی
سەروەریی خۆراک، دکتۆر ڤاندانا شیڤا بێت کە دەڵێت: شۆڕشی سەوز نە سەوز بوو نە شۆڕش
بوو.
ئەم شۆڕشە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر
شێوازەکانی کشتوکاڵ و بەرهەمهێنانی خۆراک دانا، لەهەمان کاتدا کاریگەریی
لەسەر بارودۆخی ئابووری کۆمەڵایەتی لە ناوچە
جیاوازەکانی جیهاندا هەبوو. دەرئەنجامە نەرێنییەکانی ئەو شۆڕشە لە سەرانسەری
وڵاتان و کیشوەرەکاندا جیاوازییەکی بەرچاویان نەبوو، چونکە کۆمەڵێک قەیرانی
هاوبەشی دروست کرد. لێرەدا تێڕوانینێکی گشتی لەسەر ئەزموونی شۆڕشی سەوز دەخەینە ڕوو:
یەکەم: لە هیندستان و مەکسیک شۆڕشی سەوز بووە
هۆی زیادکردنی بەرهەمهێنانی خۆراک بۆ ماوەیەکی کورت؛ بەتایبەت گەنم و برنج، بەڵام
نایەکسانی کۆمەڵایەتی سەری هەڵدا. بۆ نموونە ئەو جووتیارانەی خاوەنی زەوی ڕووبەر
فروان و سامان بوون، توانای کڕینی هۆیەکانی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیای نوێیان هەبوو،
هەروەها دەیانتوانی تۆو و مێرووکوژ و ئامێرەکانی سیستەمی ئاودێری دابین بکەن، بۆیە
ئەوان زۆرترین قازانجیان کرد، لەکاتێکدا جووتیارە هەژارەکان و خاوەنی کێڵگە ڕووبەر
بچوکەکەکان، کەمترین بەرهەمیان هەبوو؛ ئەمەش لە هەندێک حاڵەتدا دەبووە هۆی
لەدەستدانی کار و نایەکسانی کۆمەڵایەتی زیاتر.
لە کتێبی (توندوتیژی شۆڕشی سەوز)، ڤاندانا شیڤا
دەنووسێت: "لە سەرەتای ساڵانی قۆناغی دووەمی
شۆڕشی سەوزەوە، هەزاران کەس بوونە قوربانی. دەرکەوت بەهۆی ئەو نایەکسانییەی ئەم شۆڕشە
دروستی کرد، ژمارەیەکی زۆر جووتیار کەوتنە ژێر باری قەرزەوە و بە هەزارانی دیکەش
بەهۆی ئەوەی توانای دانەوەی قەرزەکانیان نەبوو، پەنایان بردە بەر خۆکوشتن، ئەمەش بەهۆی
ئەوەی پەنجاب لە خاکێکی بەپیتوفەڕەوە گۆرا بۆ خاکی نەخۆش و پر ئافات و زەوییەکانی
بوون بە بیابان.
دووەم/ لە ڕووە ئیکۆلۆژییەکەیەوە، بەکارهێنانی
چڕی پەیین و قڕکەری کیمیایی، بووە هۆی تێکچوونی ئەو خاکەی کە بە سیستەمی پاڵپشتی
ژیان دادەنرێت، هەروەها کاریگەری زۆر خراپی لەسەر هەمەچەشنەیی زیندەوەرانیش هەبوو.
قەیرانێکی دیکەی ئەم شۆڕشە بووە هۆی دروستکردنی کێشەی کەمئاوی لە زۆر ناوچەی
هندستان بەتایبەت پەنجاب، چونکە ئەم کشتوکاڵە ئاوێکی زۆری دەوێت.
سێییەم/ لە ئاسیا، بەتایبەتی لە وڵاتانی وەک
چین و فلیپین و ئەندەنوسیا، شۆڕشی سەوز ئاستی سەرکەوتنی کورت خایەن و جیاوازی
هەبوو، هەروەها بەرهەمهێنانی خۆراکی زیاد کرد، بەڵام ئاستەنگی ژینگەیی و ئابووریشی
دروست کرد؛ بەتایبەتی بۆ جووتیارانی هەژار و خاوەن کێڵگەی بچووک، هەر ئەم شۆڕشەش
بوو کە بووە هۆی زیاتر پەراوێزخستنی جووتیارانی هەژار.
لە لایەکی دیکەوە چەندین توێژینەوە هەن کە
ئاماژە بەوە دەدەن خۆراک وەک چەک بۆ داگیرکاری بەکار هاتووە؛ بۆ نموونە لە سەردەمی
جەنگی ڤێتنامدا، ئەمریکا بە شێوەیەکی ستراتیژی سیاسەتی خۆراک و کشتوکاڵی وەک بەشێک
لە ستراتیژی سەربازی و سیاسی بەکارهێنا و بە چەندین شێوە خۆراکی وەک
"چەک"ێک بۆ لاوازکردنی ڤێتنام بەکار هێنا. هەربۆیە ڤاندانا شیڤا دەڵێت:
"کاتێک تۆ چەک دەفرۆشیت، ئەوا سوپاکان کۆنترۆڵ دەکەیت؛ خۆراکیش چەکە و کاتێک
خۆراک کۆنتڕۆڵ دەکەیت، ئاوا کۆمەڵگە کۆنتڕۆڵ دەکەیت؛ بەڵام کاتێک تۆو کۆنتڕۆڵ دەکەیت، ژیان لەسەر زەوی
کۆنتڕۆڵ دەکەیت.
نیک کالاتەر مێژوونووسێکی ئەمریکییە، توێژینەوە
و کتێبەکانی دەربارەی مێژووی جیهانی گەشەپێدانی کشتوکاڵە و گرنگی بە پەیوەندی
شۆڕشی سەوز و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا دەدات و بەشدارییەکی بەرچاوی لە لێکۆڵینەوە
لە سیاسەتی خۆراک و زانستی کشتوکاڵ و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی کردووە. نیک لە کتێبی (جیهانی
برسی، شەڕی جەنگی ساردی ئەمریکا دژ بە هەژاریی لە
ئاسیا)، ئاماژە بەوە دەدات کە خۆراک
ڕەگەزێکی گرنگ بوو لە جەنگی سارد بەرامبەر بە ئاسیا و تواندنەوەی شۆڕشە چەپخوازەکان؛
شۆڕشی سەوز لە گوندەکاندا خەڵکیان فێری رێگەی نوێی بەرهەمهێنانی خۆراک کرد،
گوندەکانیان بۆ نۆژەنکردنەوە، تراکتۆر و ئامرازی دیکەی بەرهەمهێنانیان پێ فرۆشتن، ماددەی
کیمیایی و تۆوی دروستکراویان پێ فرۆشتن. ئەم "شۆڕشە سەوزە" شانازیی بە
ڕێگریکردن لە برسێتیەکانی ماڵتوس و ڕزگارکردنی ژیانی ملیارەها کەس و دەستپێکردنی
بوژانەوەی ئابووری ئاسیا دەکات، بەڵام ئەم چیرۆکە سەرکەوتووە زانستییە، ستراتیژی
سیاسیی نیو سەدە لە بەرزاییەکانی ئەفغانستانەوە تا دەگاتە برنجی دێڵتای میکۆنگ
دەشارێتەوە کە هەڵمەتێک بوو بۆ گۆڕینی کۆمەڵگە گوندنشینەکان، ئەمەشی لە رێگەی
گۆڕینی شێوازی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵ لە شێوازی نەریتیی و سروشتیەوە بۆ شێوازی پیشەسازی،
کرد.
لە کاتێکدا تیۆری
برسێتی ماڵتۆس پێشبینی داهاتوویەکی دەکرد کە گەشەی دانیشتووان لە بەرهەمهێنانی
خۆراک زیاتر بێت، شۆڕشی سەوز بۆ ماوەیەکی کاتی هەندێک لەو نیگەرانیانەی کەم کردەوە بەڵام قەیرانی
بەردەوامی برسێتی لە جیهانی ئەمڕۆدا ئەوە نیشان دەدات کە نیگەرانی بنەڕەتی ماڵتۆس
سەبارەت بە سنووری بەرهەمهێنانی خۆراک، هێشتا هەر ماوە. شۆڕشی سەوز نەک کێشە ئەو
کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە قووڵانەی چاەسەر نەکرد کە بوونەتە هۆی برسێتی، بەڵکو
قەیرانی قووڵتری لە کۆمەلگەکاندا خوڵقاند.
لیرەدا دەمەوێ سەرنجی ئێوە ڕابکێشم بۆ رێگە
چارەسەری ئەو شۆڕشەی کە ماڵوێرانییەکی زۆری بەسەر سروشت و کۆمەڵگەکاندا هێنا، تاوەکو
بتوانین بیر لە چارەسەر و کاری نوێ بۆ بابەتی سەروەریی خۆراک و تۆو بکەینەوە.
پێویستە زۆر بە گرنگییەوە لەوە بروانین کە تۆڕی
ژیان تۆڕێکی خۆراکییە و ئێمەش بە سیستەمی سروشتی و هەموو گیانلەبەر و زیندەوەرانەوە
گرێ دراوین. واتە سەروەریی خۆراک بە پلەی یەکەم پڕۆسەیەکی ئیکۆلۆژییە لە
هاوئافراندن لەگەڵ فۆڕمەکانی تری ژیان. سەروەریی خۆراک بریتییە لە پاراستنی مافی
هەموو و پێکهێنەر و زیندەوەرانی ناو سروشت؛ سەروەریی خۆراک واتە توانای پاراستنی
هەمەچەشنەیی زیندەوەران و تۆوی “زیندوو”ت هەبێت و ئەو تۆووەی کە خاکەوە وەرگیراوە،
بیدەیتەوە بە خاک؛ ئەو تۆوەی سروشتییانە گەشەی کردووە و بەدوورە لە هەموو ماددەیەکی
کیمییایی.
سەروەریی خۆراک واتە هێشتنەوەی تۆو لە دەستی
جووتیارەکاندا؛ ئەو تۆوەی دەتوانرێت پاشەکەوت بکرێت و لە نێوان جووتیاراندا بەبێ
پارە/بەخۆڕایی ئاڵوگۆڕی پێ بکرێت؛ ئەو تۆوەی *پاتێنت/مافی داهێنانی بۆ نەکراوە و دەستکاری
بۆماوەیی/جیناتی نەکراوە؛ ئەو تۆوەی لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی بازرگانی
کشتوکاڵییەوە دەستی بەسەردا نەگیراوە و خاوەندارێتیی لێ نەکراوە.
سەروەریی خۆراک واتە ئەوەی خۆراکی ڕەسەن و
هەمەچەشن بخۆین و خۆمان لە بەڵێنە درۆینەکانی خۆراکی دەستکرد ئازاد بکەین. ئێمە بۆ
بەدەستهێنانی ئەم سەروەرییە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ کشتوکاڵی ژینگەیی و ئۆرگانی.
کشتوکاڵی ژینگەیی واتە تێگەیشتن لەوەی چۆن خاک،
ڕووەک/نەمام و هەمەچەشنەیی زیندەوەران بەیەکەوە گرێدراون؛ واتە پاراستنی
هەسارەکەمان و دڵنیابوون لە دابینکردنی خۆراک بۆ هەمووان بەبێ جیاوازی. بۆ
دڵنیابوون لە پاراستنی تەندروستی و تەمەنی هەسارەکەمان لە سیستەمی خۆراکدا، تۆو
یەکەم بەستەرە لە نیوان ئێمە و زەوی و سروشتدا و بەبێ سەروەریی تۆو، سەروەریی
خۆراک بوونی نییە.
ئەم نامیلکەیەی بەردەستتان
هەوڵێکە بۆ خوێندنەوە و نیشاندانی لێکەوتەکانی کشتوکاڵی پیشەسازی لە جیهان و هەرێمی
کوردستان، دواتریش کارکردنە لەسەر پێشنیازکردنی کۆمەڵێک ڕێگەی چارەسەر. ئەم
نامیلکەیە پرۆژەی تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوونە لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی
هۆشیاری یەک مانگە بە ناونیشانی (ئەو
خۆراکەى تۆ دەیخۆیت بەژەهر گەورە کراوە) کە ئامانج لێی دروستکردنی گفتوگۆی زیاتر و
گۆرانکارییە لە شێوازی کشتوکاڵکردن لە هەرێمدا.
نامیلکەکە سەرەتا بابەتی لێکەوتەکانی
پەیینی لەسەر ئاو، خاک، هەوا و میرووەکان شی دەکاتەوە و پاشان کار لەسەر کۆمەڵێک رێگەچارەسەری
وەک: بەکارهێنانی پەیینی سروشتی، گەرانەوە بۆ کشتوکالی نەریتی و ئۆرگانی، كاركردن بۆ بنیادنانهوهی كهلهپووری
كشتوكاڵی سروشتی و پاراستنی تۆوی خۆماڵی دەکات.
هەڵوێست کەریم، سەرۆکی رێکخراوی ئازادبوون










