دەقی چاوپێکەوتنمان لە رۆژنیوز:
هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست سەبارەت بە کۆنگرەی هاوپەیمانیی نەدا دەڵێت: ئەندام و ڕێکخراوەکان بۆ ئەنجامدانی ڕاسپاردەکانی کۆنگرەی هاوپەیمانیی ژنان بەرپرسیارن، کۆنگرەی هاوپەیمانیی ژنان واتە بەرەنگاربوونەوە دژ بە کەلتووری پیاوسالاری.
لە ١٥ـی تا ١٧ـی ئایاری ئەمساڵ لە شاری سلێمانی کۆنگرەی ژنانی هاوپەیمانی دیموکراتیکی هەرێمی (هاوپەیمانیی نەدا) بە ئامادەبوونی زیاتر لە ٢٠٠ ڕێکخراو لە ١٨ وڵاتی جیاواز بەڕێوەچوو، لەو چوارچێوەیەشدا هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست و یەکێک لە بەشداربووانی کۆنگرەکە، لە ڕووی گرنگی ئەنجامدانی کۆنگرەکە و یەکڕیزی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.
هەڵوێست کەریم لە سەرەتای قسەکانیدا تیشکی خستەسەر ئەنجامدانی کۆنگرەی ژنانی هاوپەیمانی دیموکراتیکی هەرێمی و وتی: لە کۆنگرەکەدا ژنان گفتوگۆی جیاوازیان ئەنجامدا، لە کاتێکدا جیهان بە قەیرانی جیاواز تێدەپەڕێت، لەم کاتەدا کۆبوونەوەی ژنان و گفتۆگۆکردنیان ڕۆڵێکی گەورەیان دەبێت لەو هاوکێشە سیاسییە و قەیرانانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە.
لەبارەی کارکردن لەسەر دەرەئەنجامەکانی کۆنگرەکە دەڵێت: بە مێژوویەکی کەم هاوپەیمانیی نەدا (هاوپەیمانیی ژنانی دیموکراتیکی هەرێمی) توانی ژنان کۆ بکاتەوە و گفتوگۆی جدی و بنەمایی لەسەر قەیرانەکان بکرێت، هەر ئەندام و ڕێکخراوێک ئەو بەرپرسیاریەتیی هەیە ڕاسپاردەکانی کۆنگرەکە ئەنجام بدات، هەروەها گفتوگۆکردنی هەموو توێژێک گرنگی خۆی هەیە و ژنان کە کۆ دەبنەوە چەند ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە.
هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ڕۆژنیوز وتیشی: ژنان زیاتر لەوە تێدەگەن کە قەیران و گرفتەکان هاوبەشن، ئەوەش لەیەک نزیکبوونەوەی زیاتر درووست دەکات و باشتر پێکەوە دەست دەخەنە سەر کێشە و قەیرانەکان بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر، ئەمەش سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ کۆنگرەی ژنان، سەرەڕای هەبوونی سیستەمی پیاوسالاری، سیستەمی سەرمایەداری و سنوورە دەستکردەکان کە ڕێگرە لە بەردەم کاری پێکەوەیی ژنان.
سەبارەت بە گرنگی هاوپەیمانیی ژنان دژ بە کەلتووری پیاوسالاری جەختی لەوە کردەوە، بوونی کۆنگرەیەکی لەو شێوەیە و بەردەوامی گفتوگۆی ژنان واتە بەرنگاربوونەوەی ئەو سیستەمە دەگەیەنێت، بەردەوامبوون و هەوڵ و تێکۆشان دەبێتە هۆی زیادبوونی هۆشیاری ژنان لە بەرامبەر ئەو سیستەمە و داگیرکردنی بیری ژنان.
هەڵوێست کەریم ئیکۆفێمینیست لەبارەی ڕۆڵی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە خەباتی ژنان و پرسی ژناندا ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر ئاستی جیهان ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵی باشیان گێڕاوە لە بەرزکردنەوەی دەنگی ئەو ژنانەی توندوتیژییان بەرامبەر دەکرێت، ئەوەش وا دەکات ژنان پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە ڕێکخراوەکان پێداچوونەوە بۆ کارەکانی خۆیان بکەن بۆ باشترکردنی کارەکانیان لەسەر پرسی ژنان، خوێندنەوەی توێژینەوە زۆر گرنگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی پیاوسالاری و ڕێکخستنی هێزی ژنان.
لە کۆتایی قسەکانیدا ڕەخنەی لە کۆنگرەکە گرت و بۆ ڕۆژنیوز وتی: دوو بابەتی گرنگ هەبوو کە قسەی لەسەر نەکرا کە بریتی بوون لە بابەتی پیشەسازی جوانکاریی کە پەیوەندیدارە بە داگیرکاری کە بیری ژنی داگیر کردووە و بە پێی خواستی پیاو بڕیار دەدرێت جەستەی ژن چۆن بیت، هەروەها شۆڕشی پێنجەمی پیشەسازی کە بەردەوامە لە درووستکردنی ڕۆبۆت، ئەمەش هۆکارێکە بۆ زیادبوونی ڕێژەی بێکاری، سیستەمێکە کە هیچ بەهایەکی بۆ مرۆڤ نەهێشتووەتەوە.
بەستەری چاوپێکەوتنەکە لە رۆژنیوز، بەردەستە.
بەستەری چاوپێکەوتنەکە لە فەیسبوکی رۆژنیوز، بەردەستە
