لە هەندێ گفتوگۆ و چالاکی تایبەت بە سروشت و ژینگە باس لەوە ئەکرێت کە پرسی ئیکۆلۆژی یان قەیرانەکانی ژینگە نوێن، پێم خۆشە بە کورتی رونکردنەوەیەک لە شێوەی پێنج خاڵدا لەو بارەیەوە بنووسم.
یەکەم/ بۆ یەکەم جار لە سالی ١٨٦٦ زاراوەی ئیکۆلۆژی ( Ecology، واتە زانستی ژینگە)، لە لایەن زانای ئەڵمانی ئیرنیست هایکڵ لە کتێبی (مێژووی دروست بوون) بەکارهاتووە. هایکڵ بەم شێوەیە پێناسەی ئیکۆلۆژی ئەکات: زانستێکە هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی توێژینەوە لە پەیوەندی ئاڵوگۆڕی نێوان خودی گیانلەبەرە زیندووەکان و نازیندووەکان، ژینگەی ئۆرگانی و نا ئۆرگانی، پەیوەندییان لەگەڵ ئەو شوێنەی تیایدان.
دووەم/ داپیران و باپیرانی ئێمە کە لە ناو گوندەکاندا ژیاون پارێزەری سروشت بوون و بە بیرکردنەوەیەکی ئانیمیزمانە مامەڵەیان لە تەک سروشت و رەگەزەکانی سروشتدا کردووە.
ئانیمیزم واتە گەردوون و ئەوەی لە ناو گەردوندا بوونی هەیە زیندووە (گیاندار و بێ گیان، ئەستێرە، رووەک) و یەک رۆحە لەگەڵ یەکدا هەموو پێکەوە رۆحی گشتی پێک دەهێنن. ئەمانە ئەگەر بشمردن لە وەرزێکی دیکەدا و لەوانەیە لە فۆرمێکی کەدا زیندووببنەوە. تێروانینی ئانیمیزمانە بەم شێوەیەیە: گەردون وەک یەکێتییەکی بون دەبینێت و بروای بە زیندوبونەوەی هەموو رەگەزێک هەیە کە ئەمرێت، مرۆڤ ئەندامێکی سەر ئەم زەوییە یان گەردونەیە، نەک سەردار و حاکم.
سێیەم/ سروشت ئامادەییەکی بەرچاوی لە ژانرەکانی ئەدەبی کوریدا هەیە سادەترین و ئاسانترین نموونە دیوانی یەکێک لە شاعیرانی کلاسیک یان زۆر بەریز لەتیف هەڵمەت، شێرکۆ بێکەس، حەمە عومەر عوسمان و زۆر شاعیری دیکە بخوێنەرەوە یان هەر کاتێک تاقەتت هەبوو لە رادیۆ یان چەناڵی یوتیوب گوێ لە گۆرانی دەیەکانی رابوردوو بگرە. ئەتوانین ئەوەش بڵێین رەگەزەکانی سروشت لە قۆناغی جیاوازدا سیمبول و واتای جیاوازی نمایندە کردووە بەتایبەت شعری رۆمانتیک و بەرەنگاریی بۆ نموونە گۆران ئەفەرموێ:
لە ژێر ئاسمانی شینا
لە پاڵ لوتکەی بەفرینا
کوردستان گەڕام
دۆڵا و دۆڵ پێوام
نە لە شار نە لە دێ
نەمدی کەس وەک تۆ
جوانبێ و تۆیت و بەس
لە بەرامبەردا عهبدوڵڵا پهشێو ئەفەرموێ: ئهمساڵ بێ چیا نهورۆز ناکهم/ بێ بۆنی گیا نهورۆز ناکهم
مهولهوی ئەفەرموێ:
وههارهن، سهوزهن، ئاوهن، سهرکاوهن
هاژهی وهفراوهن، شاخهی شهتاوهن
ساقی یهن، بادهن، نهسیمهن، بادهن
بوڵبوڵ جه دهورهی گوڵان ئازادهن
ئەم شعرانە دەلالەت و شیکردنەوەی جیاواز هەڵدەگرێ لە ڕووە ئەدەبییەکەیەوە کە من ناتوانم خۆمی لە قەرە بدەم و هیوادارم پسپۆرانی ئەو بوارە کاری لەسەر بکەن و پەیوەندیداری بکەن بە ئامادەیی سروشت لە ناو کلتور و فەرهەنگی کورددا.
چوارەم/ کۆلۆنیالیزمی مۆدێرن لە سەدەی پازدەهەم بەدواوە بە گەشتی کۆڵۆمبۆس دەستی پێکرد و تا ئێستە بە شێوەی جیاواز داگیرکاری بەردەوامە.
ئامانجی داگیرکاری بە پلەی یەکەم دهست بهسهراگرتنی سەرچاوەکانی سروشتی وڵات و هەرێمی داگیرکراو بووە، هەر لهو كاتەشەوه جەنگە گەورەکە دژ بە سروشت و ژن دهستی پێکرد کە جەنگی هەمیشەییە دژ بە دایکە زەوی و ژن. لە فۆرمی ئێستەی داگیرکاریدا ژمارەیەکی کەم لە کۆمپانیاکان دەستیان بەسەر سەرچاوەکانی زەویدا گرتووە هەسارەکەیان گۆڕیوە بۆ بازارێکی گەورە. زەوی و دارستان و ڕووبار و زەریاکان و بەرگەهەوا هەموویان داگیرکراون، دهست بۆ فەزای ناوەوەی جەستەی ژن، ڕووەک و ئاژەڵەکان براوه. سیستەم لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای نوێ و سهربازی دەستی بەسەر زەوییدا گرتووە، له ڕێگەی تەکنەلۆژیای ئەندازیاری بۆماوەییەوە و دەستی بەسەر ژیانی مرۆڤ و زیندەوەراندا گرتووە.
لەژێر هەژمونی سەرمایەداری پیاوسالاری، ئەو وڵاتانەی لە لایەن کۆلۆنیالیزمی ئەروپییەوە داگیرکراون بە هەمان شێوەی سروشت و ژن مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە، واتا وەک ”کەرەسەیەکی خاوی بەخۆڕایی” کە دەتوانرێ لە لایەن پیاوی سپییەوە بەبێ هیچ تێچوویەک بەکاربهێنرێت و بچەوسێندرێتەوە. سەرچاوە سروشتییەكان بەبێ ڕەچاوكردنی ئەگەری نوێبوونەوەیان قۆرخ دەکرێن.
پێنجەم/ نامەی سەرکردە سیاتڵ سەرکردەی دانیشتوانە ڕەسەنەکانی ئەمریکا:
سالى 1854 دا، فرانکلین پیرس، سەرۆکى هەرێمە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، پێشنیارێکی نارد بۆ سەرکردەیەکی دانیشیوانە رەسەنەکانی ئەمریکا بەناوی سەرکردە سیاتڵ. پیشنیارى کردبوو، خاکەکەیان لێبکرێت و سیاتڵ بە نامەیەک وەڵام دەداتەوە کە تەنیا چەند بەشێکی کورتی لێرە دادەنێم:
*چۆن مرۆڤ دەتوانێت ئاسمان بکڕێت، یان بیفرۆشێت؟! ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، بۆ ئێمە زۆر نامۆیە.
*ئاوى چەم و ڕووبارەکان تەنیا ئاو نین، بەڵکو خوێنى باوانمانن.
*ئیمە دەزانین پیاوە سپیەکە لەمە تێناگات! هەموو پارچە زەوییەک بۆ ئەو هەر یەکە. بۆ ئەوێک، کە بێگانە ئاسا دێت وە هەرچی بوێت لە زەوى دەدزێت و دەڕوات. دەى جا کە وابێت، زەوى دایکى ئەو نیە بەڵکو دوژمنیەتى! هەرکاتێکیش تەواو کاولى کردوو هەرچى تێدابوو بەتاڵانى برد، سووک و ئاسان جێیدێڵێت!
*ئەو لە ئاسمان و زەوی، وەک شمەک دەنواڕێت. وەک کاڵایەک چاویان لێدەکات، کە دەکرێت بیکڕیت و بیفرۆشریت!
*چاو چنۆکى ئەم پیاوە سپیە وادەکات، رۆژێک لەبری ئەم هەموو دارستانانە، تەنیا بیابانى کاکى بەکاکى بەجێبمێنێت!
*شارەکانیان لە سەر ئێشەیەک بەو لاوە، بۆ ئێمە چیدیکە نیە!
*وە لێ لەڕاستیدا هیچ ئاسوودەییەک لە شاری پیاوە سپیەکە دا نیە! لە شاری پیاوە سپیەکەدا جێگایەک شک نابەیت، کە مرۆڤ لە بەهاراندا گوێى لە هاژەى گەڵاى درەخت، یان لە سیڕەى باڵى مێروو بێت!
*ئەرئ بەهای ژیان چییە، ئەگەر مرۆڤ گوێى لەدەنگى سرووشت نەبێت؟!
*پێمناڵێیت مرۆڤ بەتەنیا و بەبێ زیندەوەرەکانى تر چییە؟!
*ئەگەر هەموو زیندەوەرەکانى دیکە نەمان، ئەوجا مرۆڤ بەتەنیا گیانى دەردەچێت! ئەى چۆن! گشتى پێکەوە پەیوەستە.
*زەوى دایکمانە و هەرچى بەسەر زەوى بێت بەسەر ئێمەى نەوەى زەویش دێت.
سەرچاوە:
*بەشێک لە دەقى وەرگێردراوی نامەکەی سەرکردە سیاتڵ کە لێرە دانراوە لە کتێبى ( ئێمە بەشێکین لە خاک) وەرگیراوە، کەریم مستەفا، کردویەتى بە کوردى.
*پرسی ئیکۆلۆژی، سورچی نادر.
