کەی دواجار تۆ کرمی سور/ کرمی زەویت بینی؟

 *زانایان ئەڵێن کرمی زەویی گرنگترین ئەندامی سەرزەوییە چونکە کوودی (پیسای)، کرمی زەوی قسڵی تێدایە کە خاک بەپیت ئەکات. کاتێک خاک بە پیت بوو بەرهەمی کشتوکاڵیی زیاد ئەکات. کشتوکاڵی سروشتی و بەرهەمی کشتوکاڵ کە پەینی کیمیایی بۆ بەکارنەهێنرێت هۆکار ئەبێت بۆ فەراهەم کردنی تەندروستی باش بۆ لایەنی دەرونی و جەستەیی مرۆڤ و لە هەمان کاتدا بە زیندوهێشتنەوەی خاک.

*کرمی زەوی گڵ شی ئەکاتەوە، لەنیوهێکتار زەویدا نزیکەی ١٦ تەن خۆڵ لەساڵێکدا هەڵئەگەڕێنێتەوە و ڕێگە ئەدات ئاو و هەوا بگەن بەڕەگ و ڕیشەی ڕووەکەکان. ماددە ڕووەکی و ئاژەڵیەکان ئەشارێتەوە، تۆوی تازە ئەچێنێت، کاتێک گەڵای دارەکان ئەباتە کونەکەیەوە، بەوەش تۆو لەدارەکان و سەرزەوییەوە ڕائەکێشێتەوە بۆ ناو خاکەکە بۆ ئەوەی لەژێر زەویدا بیان ڕووێنێت.


*کرمی زەوی چاوییان نییە. بەڵام خانەی هەستیاریان لەسەر ڕوی دەرەوەی جەستەیان هەیە و یارمەتییان ئەدات شەو و ڕۆژ لێک جیابکەنەوە، یان هەست بە بچووکترین لێک خشاندن بکەن، وەکو چۆن هەر لەڕێگەی پێستیەوە هەناسە ئەدەن.

*ئەم کرمە لە زەوی شێداردا ئەژین و ناتوانن لەناو لم و لەبەر تیشکی خۆردا بژین. لە وەرزی زستاندا خۆی گڵۆڵە ئەکات و لێی ئەنوێت. ئەگەر کرمێکی سور/کرمێکی زەویت لەسەر زەوی بینی ئەوا بزانە یان بۆ ماڵێکی نوێ ئەگەڕێت یان بۆ خۆڵێکی باشتر.

*لە فیلمی (حەوت ساڵ لە تبت)، بەشێکی فیلمەکە دەربارەی ژیانی چواردەهەمین دەلای لاما بەرێز تێنزین گیاتسۆیە کە رابەری رۆحی تبتییەکانە لە جیهاندا. لە دیمەنێکی ئەو فیلمەدا کە کرێکارە تبتییەکان خەریکی بنیاتنانی سینەمایەکن و لە کاتی هەڵکەندنی زەوییەکەدا کرمی زەوی لە خاکەکەدا ئەبینن بەڵام دروستکردنی بیناکە ڕادەگرن و پاشان دەیەها تبتی بەرێز و بە نەرمییەوە یەک بە یەک کرمەکان هەڵئەگرن و لە شوێنێکی سەلامەت و گونجاو کرمەکان ئەبەخشنەوە بە خاک. 


*تبتییەکان پێیان وایە ئەم کرمانە لەوانەیە جەستەی داپیر و باپیر یان خزمەکانی ئێمەوە دروست بووبن یان جەستەی ئەوانیان شیکردبێتەوە، ئەم وێناکردنە بۆ رێزگرتن و پاراستنی کرمی زەوی جەخت لەسەر بنەمای هزری ناتوندوتیژی تبتییەکان ئەکاتەوە.

*تبتییەکان ڕێزێکی قووڵ لە هەموو بوونەوەر، رەگەز یان ئەندامێکی سەر زەوی ئەگرن، ڕەگ و ڕیشەی ئەو رێزە لە ئانیمیزمەوە هاتووە. زۆر بە کورتی ئانیمیزم واتە: گەردوون و ئەوەی لە ناو گەردوندا بوونی هەیە زیندووە (گیاندار و بێ گیان، ئەستێرە، رووەک) و یەک رۆحە لەگەل یەکدا کە هەموو پێکەوە رۆحی گشتی پێک دەهێنن.  ئەمانە ئەگەر بشمردن لە وەرزیکی دیکەدا و لەوانەیە لە فۆرمێکی دیکەدا زیندوو ببنەوە، واتە بروایان بە دۆنای دۆن هەیە.

تێبینی/ کرمی ناو وێنەکان هی کۆمپۆستی رووەکییە لە لایەن د.شنە شەریف بەرهەم هاتووە.









بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...