*دەم و چاوی لەبەر هەتاو رەش هەڵگەرابوو، چاوەکانی بێئومێدییان لێ ئەچۆڕا. برژانگەکانی لە خۆڵدا سپی ببون، جلەکانی لە خۆڵ هەڵکێشرابوون و رەنگیان پێوە نەمابوو. زەردەیەک لەسەر لێوەکانی بوو وەک ئەوەی گاڵتەی بە هەموو دنیا بێت. هەردوو دەستی بردبۆ پشتەوە و لەسەر کەلەکەی داینابوو، جار جار لەگەل قسەکانیدا شانەکانی ئەجوڵاند.
هاوڕێیەکی لە تەنیشتییەوە وەستا بوو، دەستێکی خستە سەرشانی و وتی ئەم پیاوە لەم خۆڵ و خاشاکەدا گەورە بوو، ئەم پیاوە لە ٤ ساڵییەوە لێرە ژیاوە و گەورە بووە.
منیش بەسەر سورمانەوە روم تێکرد و وتم چەند ساڵە لێرە کار ئەکەیت لە وەڵامدا وتی من لە ناو ئەم خۆڵ و خاشاکەدا گەورە بووم.....من تەمەنم چوار ساڵ بوو دایکم لێرە كارتۆن و پلاستیکی لە ناو ئەم خۆڵ و خاشاکەدا کۆدەکردەوە و دواتر ئەیفرۆشتەوە...ئەو درێژەی بە قسەکانی داو وتی مەبەستم لە سالی ٢٠٠٣ یە، باوکم مردبوو، کەس نەبوو کارمان بۆ بکات، تەنانەت کەس نەبو لە مالەوە ئاگای لە من بێت بۆیە دایکم منی ئەخستە ناو کارتۆنێکی مقەبا و منی لە نزیکی خۆی دائەنا ئەیوت با چاوم لێی بێت و خۆشی خەریکی جیاکردنەوەی خۆڵ و خاشاک بوو.
*ئەو چەند دێڕەی سەرەوەی چیرۆکی مناڵێکە لەو سەدان مناڵەی لە ناو خۆڵ و خاشاکی ناوچەی پیشەسازی تانجەرۆ گەورە بووە پار لە سەردانیکماندا (تیمی ژینگەیی رێکخراوی ئازادبوون لە مانگی ٨ ی ٢٠٢٤)، لە رۆژێکی گەرمی مانگی هەشتدا دواندم..جا هەر لەو کاتەدا لە بیری هەندێک نوسەر و رۆشنبیر بووم کە باسی جادە جوانەکانی توی مەلیک و سەهۆڵەکە ئەکەن و ئاورێک لەو ناشرینی و قەباحەتانەی تانجەرۆ، کارگەکانی بازیان، کانی قرژاڵەی هەولێر، کانە بەردەکانی دەربەندیخان و پینجوین نادەنەوە هەر ئەڵێی چاوی ئەوان تەنیا جوانییەکانی دەسەڵات ئەبینێت.
*دایک و باوکی بەرێز حەز ئەکەم ئەمشەو چەند پرسیارێک لە خۆت بکەیت لەوانە:
١-ئایا دەساڵ یان پانزە ساڵی دیکە ئاوی خواردنەوەی پاکت دەست ئەکەوێت بۆ منداڵەکانت؟
٢-ئایا ٥ ساڵی کە منداڵەکانت هەوای پاکژ هەڵئەمژن؟
٣-ئایا ئێستە خواردنی سروشتی و ئۆرگانیکت بۆ منداڵەکانت دەست ئەکەوێت؟
٤-چۆن ئەتوانی زامنی تەندروستی مێشک و دەرونی منداڵەکەت بکەیت لەگەل ئەوەی ئاوی پاک، خواردنی تەندروست و هەوای پاکت نییە هەلیمژیت؟
*پێوویستە دایکان و باوکان بیرکردنەوەیان دەربارەی دابینکردنی ژیانێکی باش بۆ منداڵەکانیان بگۆڕن، لە پاڵ خەمی خوێندنگەی باش بیر لە ژینگەیەکی تەندروست و ئاو و هەوایەکی پاکژ و خواردنێکی تەندروست بکەنەوە بۆ منداڵەکانیان.
تێبینی/
یەکەم: ناوچەی پیشەسازی تانجەرۆ زەوی کشتوکاڵی بووە، پێشتر نزیک بە ١٠٠٠ ماڵ تێیدا ژیاوە، ئەم ناوچەیە کۆمپانیا و پاڵاوتگەی نایاسایی هەیە و حکومەت و هەموو لایەکی پەیوەندیدار ئاگادارن.
دووەم: ئەو وێنانەی لێرە دامناوە لە ٢٠١٦/٨/٢٥ لە سەردانێکی مەیدانیدا بۆ تانجەرۆ چرکاندوومن.