*بیرەوەریی ژنێکە لە دەورانی کۆماری کوردستاندا، بیرەوەریی یای کوبرای عەزیمی بە زمانێکی پاراوی کوردی، ورد و پڕ پڕ وردەکاریی دەربارەی جل و بەرگ، مامەڵە و گفتوگۆ، بەرپەرچ و کاردانەوەی کۆمەڵگە دەربارەی هەندێ دیاردەی کۆمەڵایەتی، بەرەنگاریی و هەڵوێستی جوامێرانەی کوردانی رۆژهەڵات لە دەورانی شا، راگەیاندنی کۆماری کوردستان و شکست پێهێنانی.
هەڵوێست و جێگیری بیرورای یای کوبرا هەر لە سەرەتایی ژیانی و نوسینی یادەوەریی و تا کۆتایی ژیانی ئەم خاتوونە تێکۆشەرە جێی شانازیی و بەهێزی کەسایەتی ئەوە.
*یای کوبرا لە بەشێک لە یادەوەرییەکانیدا ئەنوسێت من کەسێکی سیاسی نیم و لە سیاسەت نازانم، لێرەدا من هاوڕانیم لەگەڵ ئەم تێگەیشتنەی یای کوبرا چونکە:
-وەک مامۆستایەک منداڵی کوردی فێری نوسین و خوێندەواری کردووە و وەک کوردێک گۆشی کردوون.
-لە بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکاندا بیروبۆچونی تایبەت بە خۆی هەبووە و لێکدانەوەی خۆی هەبووە سەبارەت بە سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەرو دیفاکتۆی کورد لە پشت بەستن بە وڵاتی داگیرکەر .
-یادەوەریی بەهێزی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەبووە، روداوەکانی ئێستەی لەگەڵ ڕابوردو گرێداوە.
-ڕەخنەی توندی لە شەڕی براکوژی و کوردکوژی گرتووە.
-وەک دایکێک تێکۆشەر پشتگیری منداڵەکانی کردوە کە بەشداری خەباتی نهێنی و چەکدارییان کردووە و کوڕە گەورەکەی و هاوژینی کورەکەی لە سێدارە ئەدرێن.
*زۆر بابەتی دیکە هەیە ئاماژەی پێبدەم یەکێک لەوانە ئەوەیە دوای ئەوەی یای کوبرا بە ناچاری و بەهۆی ستەمکاریی رژێمی ئاخوندەی ئێران دەرواتە سوید و لەوێ ئەژی دەم و دەست تێکەڵی ژیانی ئەوێ ئەبێت و زۆر هەوڵی فێربوونی زمان ئەدات.
*کۆتا خاڵ ئەم خاتوونە نەبەرد و جوامێرە شعری زۆری ئەزبەربوە و لە بارودۆخی تایبەتدا و لەنێو دێرەکانی یادەوەرییکانیدا نوسوێتی.
خوێندنەوەیەکی زۆر کورت بۆ کتێبی کوبرای عەزیمی
- ئامادەکردنی: سیمینی ئیفتخاری
- کتێبەکە چاپکراوی ماڵی وەفاییە و بە سوپاسەوە وێنەکەشم هەر لە ماڵی وەفایی وەرگرتووە.
