سوتانی دارستانەکان و جۆراوجۆری زیندوو...

 *جۆراوجۆری زیندوو یان هەمەچەشنەی زیندوو زۆر بەسادەیی بە واتای جۆراوجۆری هەموو بوونەوەرە زیندووەکان دێت کە لە ناو سروشتدا بوونیان هەیە. هەموو جۆرە جیاوازەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان پەیوەندیدارن بە هاوسەنگ راگرتنی سروشت. هەموو بوونەوەرێکی بچووک و ڕووەک و وردە زیندەوەر رۆڵێک یان ئەرکێکی هەیە، کە کاریگەری لەسەر بوونەوەر و زیندەوەرەکانی دەوروبەری دائەنێت، وەکو مەتەڵێک یان پارچەیەکی یاری پەزڵ وایە  کە هەر پارچەیەک پێویستە بۆ پێکهێنانی کۆی یارییەکە یان کۆی وێنە گەورەکەی کە بە پەزڵ دروستکراوە.


*سیستەمی ئابوری سیاسی و چالاکییەکانی مرۆڤ, کە پەیوەندیدارن بە پەراوەکانی ئەو سیستمەوە هاوسەنگیی سروشتی تێکداوە. ڕووەک و ئاژەڵەکان مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە لە ئەنجامی دارستانبڕین، سوتاندنی دارستانەکان، جەنگ، کشتوکاڵی پیشەسازی...هتد و هەر ئەمانەش جۆراوجۆری زیندوو یان بایۆلۆژی زۆر کەمکردووەتەوە و یان لە ناویبردووە. ئامارەکان ئاماژە بەوە ئەدەن لە سەدا ٧٠ ی جۆراوجۆری زیندوو ئەمرۆ لە جیهاندا لەناوچووە.

*ئاگر ئەو خاک و دارستانانە لە ناوئەبات کە ڕووەک و ئاژەڵەکان تێیدا ئەژین، ئەمەش جۆرەکان ناچار ئەکات کۆچ بکەن، هەندێک جۆری دەگمەن و هەستیار ناتوانن لە ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە ڕزگاریان ببێت، ئەمەش ئەبێتە هۆی لەناوچوون لە نیشتمانی خۆی و پاشان کاریگەری بۆ لەناوچون و قڕبوونی جیهانیش هەیە.

*ئێمە ناتوانین بەبێ جۆراوجۆری زیندوو تەندروست بژین! هەروەها جیهانی سروشتی لە ناوئەچێت چونکە لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندوو ئەبێتە هۆی کاریگەری وێرانکەر لە سەر ئاستی جیهان. لێرەدا چەند نموونەیەک ئەخەینەڕوو کە بۆچی لەدەستدانی جۆراوجۆری زیندوو زیانبەخشە بۆ هەموومان:

خواردن:

حەز ئەکەم ڕاهێنانێکی سادە ئەنجام بدەیت و بۆ ماوەی ڕۆژێک ناوی هەموو ئەو جۆرە جیاوازانەی خۆراک و میوە بنووسیت کە ژەمی ڕۆژانەت پێکئەهێنن. هەموو ئەو وردە زیندەوەرانە لەبیر مەکە کە یارمەتیدەرن بوون بۆ گەورەبوونی خۆراکەکەت واتە گشت وردە زیندەوەرانەی هەموو هەوڵێک ئەدەن بۆ ئەوەی خاکەکەی من و تۆ تەندروست بێت، ئەو هەنگانەی بەشدارن لە سەوزکردنی لە سەدا هەشتای زەوی، ئەو کرمە سورانەی زەویمان بۆ بەپیت ئەکەن، ئەو باڵندانەی کە یارمەتی کۆنترۆڵکردنی مێرووەکان ئەدەن.

هەوا و ئاو و ژینگەی پاک:

سروشت و جۆراوجۆری بایۆلۆژی رۆڵی بەرچاویان هەیە لە پاک ڕاگرتنی هەوا و ئاو، ئەوان یارمەتیدەرن بۆ فلتەرکردن و نەهێشتنی ژەهرەکان، بە باشترین شێوە هەم هەوا و هەم ئاو پاک ئەکەنەوە. بۆ کێ؟ بۆ ئێمە!!

تەندروستی:

جۆراوجۆری زیندوو بەشدارییەکی گەورە ئەکات لە پاراستنی تەندروستی جەستەیی و دەروونمان لە چەندین ئاستی جیاوازدا. هەرچەندە هەندێک دەرمان لەوانەیە هەمان کارت بۆ بکات، بەڵام زۆرێک لە دەرمانە ڕزگارکەرەکانی ژیان لە جۆراوجۆری زیندووەوە وەرگیراون.


*لێرەدا ئەمەوێ بپرسم، لە تەختکردنی شاخی گۆیژە، بەتاڵانفرۆشتنی سەرچنار، سوتانی ٨ رۆژەی شاخی بەمۆ، تەقاندنەوەی شاخەکانی کوردستان بۆ کانە بەردەکان رۆژانە چ جۆرێک و بەبڕی لەسەدا چەند لە جۆراوجۆری یان هەمەچەشنەی زیندوو لە دەست ئەدەین؟؟ ئایا ئێمە ئەزانین چیمان هەیە تا ئاماری لەدەستچووەکانمان هەبێت؟؟

*بۆ هەمیشە ئەو قسەیەم لەبیرە کە ئەیانوت گۆیژە چڵە گیایەکی پێوە نییە، بۆ نەیکەن بە یەکەی نیشتەجێ بوون؟؟ ئەیانووت ئەو شاخە ڕوتەنە چ سودێکی هەیە؟؟ ئەم پرسیارانە بێئاگایی ئەو بەرێزانە نیشان ئەدات دەربارەی ئەو سروشتەی جمەی دێت لە ژیان ئەگەر مرۆڤ تێکی نەدات.


بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...