هێزی ئازادی ناگیهان لە هەر چوارپارچەی کوردستانەوە بە گەردوندا تێدەپەرێت و بە نەزمێکی شعر ئاسا بانگەوازی خودناسینی ژن دەکات.

دەقی چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ خەجێ شەن لە رۆژنامەی خۆبوون، لەگەڵ ئێوە بەش ئەکەم:

خەجێ شەن: سەرەتا ڕێزدار هەڵوێست، دەمەوێت ئێوە بناسم، هەڵوێست کێیە و کاری چییە؟

هەڵوێست کەریم: ئیکۆفیمینست و بەڕێوەبەری ڕێکخراوی ئازادبوونم لە باشووری کوردستان. هەڵگری بڕوانامەی ماستەرم لە ئابووریدا و خوێندکاری دکتۆرام لە بواری ئیکۆلۆژی و ئیکۆنۆمیدا. پرۆژەی ژیانی من وەبیرهێنانەوەی مرۆڤی کوردە، بەتایبەت ژن، بۆ ئەو ڕۆڵە چالاک و ژینگەدۆستانەی کە لە مێژووی ڕابردووی ئێمەدا گێڕاویەتی. شیکردنەوە و نیشاندانی سیاسەت و ڕۆڵی دەوڵەتانی داگیرکەرە لە ئیکۆسایدکردنی خاک و سروشتی کوردستان. هاوکات تیشک خستنە سەر ئەو ستراتیژیانەی دەوڵەت-نەتەوە بۆ پەراوێزخستن و قڕکردنی ژنی کورد بەکاریان دەهێنێت.



خەجێ شەن: ٤ی ئۆکتۆبەر ساڵیادی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووس و ئەندامی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ژنۆلۆژی، ناگیهان ئاکارسەلە. بەو بۆنەیەوە دەتانەوێت چی بڵێن؟

هەڵوێست کەریم: دەوڵەتی داگیرکەر لە ئاست وزە و هێزی ئازادیی ناگیهاندا ترسنۆکانە و لاوازانە بە ١١ فیشەک لە ناوجەرگەی شاری سلێمانی، ناگیهانی تیرۆر کرد. ژیانی شەهید ناگیهان هەڵگری خەون و پەیامی گەورە بوو، هەر بۆیە شەهیدبوونیشی بووە هۆی زیاتر ناساندنی دیدگا و خەباتی ئەو. شەهید ناگیهان بە جەستە لەناو ئێمەدا نییە، بەڵام تێکۆشان و پەیامی ئەو، پرۆژە و خەونی ئەو، شیعر و وتارەکانی ڕۆژ بە ڕۆژ دەخوێندرێنەوە و کاروانی شەهید ناگیهان پڕ رێبوار دەبێت.

شەهید ناگیهان گرنگیی بە ڕۆڵی یادەوەریی مرۆڤی کورد دەدا و ڕۆڵی سیستەمی شیدەکردەوە کە چۆن دەیەوێت تاکی ئەمڕۆ و مرۆڤی کورد بێ یادەوەری بکات. ئەم بابەتە جێگەی تێڕامان و بیرکردنەوە بوو لای من و تێگەیشتم شەهید ناگیهان زۆر قووڵ بیر دەکاتەوە و دەنووسێت. لەگەڵ ئەوەی شەهید ناگیهان ماوەیەکی زۆر کەم لە باشووری کوردستان بوو، بەڵام بۆ هەمیشە لە یادەوەریی ئێمەدا دەمێنێتەوە و یاد و ژیانی بەرز ڕادەگرین. 

خەجێ شەن: ئاشنایتان لەگەڵ ناگیهان لەکوێوە دروست بوو؟

هەڵوێست کەریم: لەوانەیە بۆ یەکەمجار شەهید ناگیهانم لە پێشانگای خۆبوون لە ساڵی ٢٠٢١ بینیبێت، دواتر لە مانگی سێی ساڵی ٢٠٢٢، لە هۆڵی ڕۆشنبیری سلێمانی لە کۆڕێکدا بابەتێکم دەربارەی (ژنی کورد لە ڕوانگەی ئیکۆفیمینیزمەوە) پێشکەش کرد و شەهید ناگیهان لەو کۆڕەدا ئامادە بوو. لە کۆتاییدا دەستخۆشی لێ کردم، ئەمە منی زۆر خۆشحاڵ کرد. دواتر بەهۆی نووسینەکانی لە کتێبی (سەدەی بیست و یەک سەدەی ژنە) و کتێبی (ژنۆلۆژی)، زیاتر ئاشنای فکر و دیدی شەهید ناگیهان بووم، کە بەداخەوە من ئەو کاتە لە سلێمانی نەدەژیام، بۆیە چەند جارێکی زۆر کەم و ماوە کورت بە دیداری شاد بووم و گفتوگۆی کەم لە نێوانماندا هەبوو. پاشان دوای تیرۆرکردنی زیاتر هەوڵمدا بیناسم و کتێبی (گەڕیدەی حەقیقەت و گوڵە پاییزە)م خوێندەوە. گەڕیدەی حەقیقەت و گوڵە پاییزە گوزارشتێکی تەواو لە ژیان و تێکۆشانی ناگیهان دەکات، ڕاستگۆیی ئەو لەگەڵ پەیامەکەی، بەخشینی هەموو ژیانی بە خەونەکانی، ژیانی بە چەشنی ژنە شاعیرێکی تێکۆشەر، خەباتکردن بۆ ئەوەی ژن خۆدی خۆی بناسێت، تێڕامان لە سروشت و میتۆلۆژیای کورد هانی دام بەردەوام بە دوای ئەو نوسین و کتێبانە بخوێنمەوە کە ئەو بەشداربووە لە نوسینیدا.

خەجێ شەن: ناگیهان ئاکارسەل لە کار و بە تایبەتی لە بواری ژنۆلۆژیدا ڕۆڵێکی چۆنی دەگێڕا؟

هەڵوێست کەریم: ناگیهان ژیانی خۆی بۆ دامەزراندن و بەرەوپێشبردنی ناوەندی ئەرشیف و پەرتووکخانەی ژنی کورد تەرخان کردبوو. لە هەمان کاتدا لە ڕێی خولەکانی پەروەردەی تایبەت بە زانستی ژن - ژنۆلۆژی خزمەتێکی گەورەی کرد بۆ بڵاوکردنەوە و گەیاندنی ئەو زانستە لە باشووری کوردستان. بازنەی پەروەردەکانی ناگیهان تەنیا بۆ ژن نەبوو، بەڵکو پیاوانیشی بانگهێشت کردە ناو ئەو گفتوگۆ و پەروەردانەی لە بواری ژنۆلۆژیدا دەوترانەوە.

خەجێ شەن: لە کۆتاییدا دەمەوێت لەسەر ناگیهان ئاکارسەل بە تایبەتی شتێک بۆ فێرخوازانی ئێمە بڵێی، چییە؟

هەڵوێست کەریم: گەڕیدەی حەقیقەت و تێکۆشەری خەباتی ژن ژیان ئازادی، شەهید ناگیهان، نزیک بە دەیەیەک لە زیندانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیادا زیندانی بوو، بەڵام ئەو زیندانەی کرد بە فێرگەی خودناسین و ژن ناسین. دووەم زلهێزی سوپای ناتۆ لە هەیبەتی هەڤاڵ ناگیهان تۆقیبوو. دەوڵەتی تورکیا فۆبیای خۆی نەشاردەوە لە ژنێک کە لە ئەکادیمیایەکی تایبەت بە ژن بۆ هەر چوارپارچەی کوردستان خزمەت دەکات، بۆیە ترسنۆکانە بە ١١ فیشەک تیرۆری کرد، بەڵام وزە و هێزی ئازادی هەڤاڵ ناگیهان لە هەر چوارپارچەی کوردستانەوە بە گەردوندا تێدەپەرێت و بە نەزمێکی شعر ئاسا بانگەوازی خودناسینی ژن دەکات.

لە کۆتاییدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ خەبات و تێکۆشانی هەڤاڵ ناگیهان دادەنەوێنم، یادی ئەو بۆ هەمیشە بەرز و زیندووە..

بەستەری چاوپێکەوتنەکە بە زمانی کرمانجی لە رۆژنامەی خۆبوون لێرە بەردەستە: رۆژنامەی خۆبوون

بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...