لەناوبردنی ئیکۆلۆژی وەک چەکی جەنگ لە سەر ئاستی هەر چوار بەشی کوردستان

رۆژی ١٢ ی تشرینی یەکەم بابەتێکمان بە ناونیشانی (لەناوبردنی ئیکۆلۆژی وەک چەکی جەنگ) بۆ هاوڕێیانمان لە تیمی سی پی تی و شاندی هاوەڵیان کە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەشداربوون، پێشکەش کرد. 



بەشێکی کورت لە بابەتەکە لێرە دادەنێم:

*ئەزموونی کورد لە سەرەتاکانی سەدەی بیستدا بە کۆلۆنیالیزم و دابەشبوونی زۆرەملێ لە دوای جەنگی جیهانی یەکەمەوە دەست پێدەکات، پەیمانی لۆزان (١٩٢٣) دابەشکردنی کوردستانی بۆ چوار دەوڵەتی تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا چەسپاند و کورد بێ نیشتمان و سەروەری بەجێهێشت. ئەم پارچەپارچەبوونە یەکگرتوویی نەتەوەیی لاواز کرد. دەوڵەتان سیاسەتی ئاسمیلەکردنیان (پاکتاوکردن)، لە دژی کورد سەپاند.

*لە هەژموونی سیاسییەوە بۆ لەناوبردنی خودی خاک، کۆلۆنیالیزم لە سنوورەکاندا نەوەستا بەڵکو  خاک و ئاو و دارستانەکانیشی داگیرکرد و رەتاندنی\ئیستغلالی کردن. هەر بۆیە لەناوبردنی ئیکۆلۆژی لە سەرانسەری هەر چوار پارچە بوو بە چەکی سەرکوتکردن.

*بۆ تێگەیشتن لەم بابەتە، ڕوو لە سێ بیرمەند دەکەین کە ئازادی و خاک و ئیکۆلۆژیایان بەیەکەوە گرێداوە ئەوانیش:

بیرمەندی یەکەم: فرانز فانۆن

فانۆن دەڵێت توندوتیژی داگیرکەر واتە توندوتیژی دژی بە خاکی داگیرکراو. لە کوردستان سوتاندنی گوندکان، بەکارهێنانی کیمیایی، ژێر ئاوکەوتنی  میراتە مێژوویی کورد ئەو تێڕوانینە پشتڕاست دەکەنەوە کە لەناوبردنی ژینگە ڕێگایەکە بۆ لەناوبردنی ئەو خاکەی خەڵک لەسەری دەژین و  پشتی پێدەبەستن.

بیرمەندی دووەم: ڤاندانا شیڤا

 شیڤا تیشک دەخاتە سەر ‘گەشەپێدان’ کە زۆرجار ئیستغلالکردن (رەتاندن) دەمامکدار دەکرێت لە رێی پرۆژەکانی گەشەپێدان و پێشکەوتن. لەکوردستان مێگاپرۆژەی وەک بەنداو و پرۆژە پیشەسازیەکان گوندەکان دەسڕنەوە و فرەچەشنی بایۆلۆژی لە ناو دەبەن و خەڵک ئاوارە دەکەن، ئەمەش بەناوی پێشکەوتنەوە ئەنجام دەدرێت.

بیرمەندی سێیەم: عەبدوڵڵا ئۆجەلان

 ئۆجەلان دیدگایەکی بەرخۆدان پێشکەش دەکات، دیدگایەک کە ئازادی بە ئیکۆلۆژیاوە دەبەستێتەوە. ئەو دەڵێت ئازادی پێویستی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سروشت و دەسەڵاتی بنەمادار بە کۆمەڵگا هەیە. لە ڕۆژاڤا ئەم بیرۆکانە ئیلهامبەخشن بۆ دەستپێشخەرییە ئیکۆلۆژییە ناوخۆییەکان و پێکهاتە دیموکراسیەکان کە پاراستنی ژینگە دەگۆڕن بۆ خودی فۆرمێک لە ئازادی.

*بۆ شیکارییەکانیش ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە لە باشور، وشکردنی دەریاچەی ورمێ لە لایەن رژێمی ئێران، حەسەنکێف و بەنداوی ئیلیسۆ لە باکور و بڕینەوە و دزینی دارزەیتوونەکانی عفرینم وەک نموونە باس کرد و لە رێی تیۆرەکانی ئەو سێ بیرمەندەوە شیکاریم بۆ لە ناوبردنی ئیکۆلۆژی کرد.

*سوپاس و پێزانینی زۆر بۆ هاورێیانمان لە سی پی تی، بەردەوام ئامارەکانی پێشێلکاری و لەناوبردنی ژینگە بڵاودەکەنەوە.

*لەم بەستەرەوە بینەر و بیسەری تەواوی بابەتەکە بە: لەناوبردنی ئیکۆلۆژی وەک چەکی جەنگ




 

بابەتەکان

جۆراوجۆری زیندوو واتە سروشت و ژیان (ئەمڕۆ رۆژی جیهانی جۆراوجۆری زیندووە).!

جۆراوجۆری زیندوو ئاماژەیە بۆ جۆراوجۆری شێوازەکانی ژیان لەسەر زەوی، لەوانەش هەموو ڕووەک و ئاژەڵ و وردە زیندەوەران، ئەو ئیکۆسیستەمانەی دروستی ...