زنجیرە چیاکانی قاترۆلی!
ئەمڕۆ لە مێرگەپان وێنەیەکم لەگەڵ زنجیرە چیاکانی قاترۆلی گرت. کە ئەم زنجیرە چیایە تێئەپەڕێنێت لە دیوی ئەودیوەوە ئەگەیت بە گوندەکانی یاخسەمەر و چۆخماخ. هەموو جارێ دایک و باوکم باسی ئەکەن ئەڵێن: لە کاتی هەڵمەتی ئەنفالدا لە ١٩٨٨/٣/٣ دا لە مێرگەپانەوە کە ئەو کاتە بە ئێمەوە ٤ ماڵی پێشمەرگەی لێ ژیاوە، ئەم ڕێگەيه و زنجیرە شاخەمان بە پیادە بڕیوە و بەرەو سنوری ئێران بەڕێ کەوتین. لەهەمان ڕۆژدا گوندەکانی قزلەر و شەدەڵەوە لەلایەن سوپای عیراق و جاشەکانەوە داگیرکران.
جا ئەو کات من تەمەنم هەر چوار ساڵ ئەبوو و هەر لەباوەش و لەسەر ملی باوکم بووم، بەڵام کاک سەنگەری برام (کە تەمەنی ٧ ساڵ ئەبوو)، لەگەڵ دایک و باوکم بەپی ڕۆشتوون.
دایکم ئەڵێت؛ زستانی ئەو کاتی مێرگەپان زۆر سەخت بووە و لەو کاتەدا کە بەرەو سنوری ئێران بەرێکەوتووين بەفرێکی زۆر باریوە و بەئاستەم توانیومانە کە بتوانين بڕۆن.