پێشمەرگەی دابڕا و پێشمەرگەی دانەبڕاو....

بۆ ئەو پێشمەرگە خۆنەویست و لە خۆبوردوانەی کە ئێستە لە ناو بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان مانیان گرتووە, لە دژی ئەوانەی کە زاراوەی پێشمەرگەی دابڕا و پێشمەرگەی دانەبڕاویان دروست کردووە.


بەداخەوە کە لە سلێمانی نیم تا وەک مناڵی پێشمەرگەیەک لەگەلتان بم، منی و سەنگەری برام وەک کوڕ و کچەکانی ئیوە مناڵیمان لە ناو خانوی لایلۆن، کونە تەیارە (شوێنی خۆحەشاردان بۆ ئەوەی بەر بۆردومانی فرۆکە نەکەوین)، لە ناو بەفر و دەنگی تۆپ باران  بەسەربرد. ئەو کاتەی دایکم بە ناچاری و بەهۆی بەردەوام نەخۆشی منەوە لە کۆتایی هەشتاکاندا ئەهاتەوە ناوشار لە ترسی جاش و خۆفرۆشەکاندا نەیئەزانی لە کوێ خۆی حەشار بدات. کاتێکیش لە نەخۆشخانە بۆ چارەسەر داخل ئەکرام ئەبوو پور، مام یان دراوسێ خۆی بکات بە دایک و باوکم، چونکە دایکم ئەگیرا. سالی ١٩٨٦ کاتیک کە ڕەنجی برام لە دایک بوو ئەوەندە دۆخی تەندروستی خراپ بوو بە ژنێکی دراوسێدا نێردرایەوە ناو شار بۆ مالی باپیرم. رەنج تا گەورە بوو ئەیوت من دوو دایک و دوو باوکم هەیە، دایە ئەختەر (پورم) باوە کەریم (باپیرم)، باوە عەبدوللا (باوکم)، دایە مهاباد (دایکم).




ئەو پێشمەرگانەی کە ئیوە پێیان ئەڵێن پێشمەرگەی دابڕاو لە سالی ١٩٨٨ بە ناو دۆڵی بەفردا لەو گوندانەی کە نەکەوتبوونە بەر شاڵای ئەنفال، بە فەرمانی سەرکردایەتی ئەو کاتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێگەی ئێرانیان گرتە بەر. هەموو جارێک دایکم بە هەناسەیەکی پر ئاهەوە ئەڵیت: سەنگەری برات کە تەمەنی ٧ ساڵ بوو بەپێ لە مێرگەپانەوە بۆ ئیران لەگەل خۆمانا ئەڕۆشت. دایکم ئەڵێت جار جار لە پێشمەرگە و خەلک ئەپاڕامەوە تا کوڕەکەم بکەنە باوەش چونکە مناڵ بوو. بەڵام پێشمەرگەی برسی و ماندووی شەڕ، خەلک مندال و ژنی خۆی بەجیئەهێشت هەر بۆ چەند هەنگاوێک ئەیانتوانی سەنگەر بکەنە باوەش. من (هەڵوێست) لەسەر کۆڵ و شانی باوکم بووم ، دایکم زۆر نەخۆش بوو، چەندین جار بە باوکمی وتبوو تۆ برۆ سەنگەر و هەڵوێست بگەیەنە ئیران من بەجێبهێلە چونکە من توانای ڕۆشتنم نەماوە. بەڵام باوکم هەموو جارێک بەم شێوەیە وەڵامی دایکم ئەیاتەوە: یان هەموومان پێکەوە دەربازئەبین یان هەمووان بەیەکەوە ئەمرین. دایکم بەردەوامە لە قسەکانی و ئەڵێت لەسەر سنوری عیراق ئیران بوین، کاتەکەی  ئێورە بوو گه‌یشتینه‌ که‌لاوه‌ روخاوه‌کانی گوندی گه‌ڵاله‌، سەنگەر هەموو گیانی تەر بوو، ویستم جلەکانی بگۆڕم بەڵام له‌ شاخی گۆجاره‌وه‌ به‌ره‌تڵی راجیمه‌ دایان گرتینه‌وه‌. شۆفڵی پاسدارانی ئیران هاتن بە هانامانەوە وئێمەیان بە دەمە شۆفڵ بردە سنوری ئێران.

لە ئیران بەرگەی برسێتی، بێ پارەیی و نەخۆشیمان گرت، ئەو کاتەش مال و ژن و منداڵی هەندێ لە بەرپرسان لە خۆشترن گەرەکەکانی شارەکانی ئیراندا ئەژیان، هەندێکیان ڕویان کردە ئەوروپا یان ژن و منداڵەکانیان ناردە ئەوروپا. پاش ماوەیەک سەرکردایەتی یەکێتی بە هەموو خیزانە پێشمەرگەکانی ڕاگەیاند کە ئەتوانن بگەرێنەوە بۆ عیراق چونکە شۆڕش و یەکێتی هیج توانایەکی ماددی و مەعنەوی نییە بۆ هیچ خیزانێک. 

خیزانی ئیمە لەگەک چەندین خێزانی پێشمەرگەدا، پێش راپەرینە مەزنەکەی بەهاری ١٩٩١ و لە سالی ١٩٨٩  لە ئێرانەوە گەراینەوە بۆ کوردستان، ئەمە بەشێکە لە مێژوی شۆڕشی بنەماڵەی ئێمە و بەشانازییەوە باسی ئەکەم.  هەر لە دوای گەڕانەوەی ئێمە لە سالی ١٩٨٩ باوکم لە شوعبەی پێنج لە ئیستخباراتی گشتی لە كازمیە لە بەغداد زیندانی كرا, دواتر گوێزرایەوە بۆ بەشی تایبەت لە زیندانی ئەبوغرێب. لەوێ كە لە لە زیندانی ئەبوغرێب بوو تەحەددای جەللادەكانی بەعسی ئەكرد, لەگەل ٧٠٠ زیندانی كەدا چاوەرێی ئیعدام بوون. بەلام بە رێكەوت بەر لێبوردن كەوت و ئازادركرا. 

بۆ ئەو بەرێزانەی کە خۆیان بە دڵسۆزی یەکێتی ئەزانن  واز لە دروستکردنی دوبەرەکی بهێنن لە ناو یەکێتیدا، بەڕێزان وەک وتم ئەم مێژووە بە شانازییەوە باس ئەکەم. ئەو کاتەی باوکم و پێشمەرگەکانی هاوڕێی لە زیندانا بوون کەس هەواڵی ئەوانی نەئەزانی، بەڵام بەشێک لە بەرپرسەکان و بنەماڵەکانیان لە وڵاتانی ئەوروپا خۆشترین ژیان ئەژیان. ئەو کاتەی پێشمەرگە دابڕاوەکان لە زیندانەکانی بەعسدا قورسترین ئەشکەنجە ئەدران بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەسەر یەکێتی و هاوڕێکانیان نەدرکان، ئیوە لە شەقامەکانی ئەوروپا کوردایەتیان ئەفرۆشتەوە.

بابەتەکان

چیتر بەنداو لە میزۆپۆتامیا دروست نەکرێت

من ناوم هەڵوێستە، ئیکۆ-فێمینیستم و بەرێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوونم، لە باشوری کوردستانەوە بەشداریم کردووە. دوێنێ گروپێکمان دروست کرد بۆ کارکرن...