ڕیشەى ٨ى مارس و تێکۆشانى ئەمڕۆمان(بەشی کۆتایی ) پانۆرامای میژووی و ریشەی هەشتی مارس.
ڕیشەى ٨ى مارس و تێکۆشانى ئەمڕۆمان(بەشی کۆتایی )
پانۆرامای میژووی و ریشەی هەشتی مارس.
١٩١٣-١٩١٤
پێش دەستپێکردنی هەڵمەتی ئاشتی بۆ جەنگی یەکەمی جیهانی، ژنانی ڕووسیا ئاهەنگیان بۆ یەکەم ڕۆژی جیهانی ژنان لە دوایین یەکشەمەی مانگی شوباتی ١٩١٣ گێڕا. لە ساڵی ١٩١٣ و دوای چەندان گفتوگۆ ڕۆژی ٨ی مارس وەک ڕۆژی جیهانی ژنان دیاریکرا، لەوکاتەوە ٨ی مارس بووە بە ڕۆژی جیهانی ژنان. لەساڵی ١٩١٤ لە هەموو ئەوروپا ژنان کۆبوونەوە بۆ هەڵمەتی بەگژداچوونەوەی جەنگ و هاوپشتیوانی ژنان بۆ ئاشتی، ئەم ڕێپێوانانە لەسەروبەندی خۆئامادەکردنی دەوڵەتەکان و سوپاکانی سەرمایەدارانی دنیا بۆ شەڕ سازدرا، هەر بۆیە خواستی دژی جەنگ و داواکاری ئاشتی تیایدا زۆر بەرجەستە بوو. بۆ نموونە لە لەندەن لە بەریتانیا گردبوونەوەیەک بەڕێوەبردرا کە لە )بۆ( تا (مەیدانی ترافالگار) ئەنجام درا، بۆ پشتگیریکردنی مافی ژنان لە دەنگدان لە ٨ی مارسی ١٩١٤. لەم گردبوونەوەیەدا سیلڤابانکهۆرست لە بەردەم وێستگەی تشارنیگ کروس لە ڕێگەیدا بۆ قسەکردن لە مەیدانی ترافالگار دەستگیر کرا.
١٩١٧
لە دواین شەممەی مانگی شوبات، ژنانی ڕووسیا بە دروشمی (نان و ئاشتی) دەستیان بە مانگرتن کرد لە بەرانبەر مردنی زیاتر لە دوو ملیۆن سەربازی ڕووسی لە یەکەم جەنگی جیهانی. ژنان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیاندا لەگەڵ سەرکردە سیاسییەکان بەردەوام بوون لە مانگرتن. سوربوونی ژنان و مانگرتنیان بۆ ماوەی چوار ڕۆژ وای له قەیسەر کرد کە دەست لە عەرشی دەسەڵاتەکەی هەڵبگرێت و لە حکوومەتی کاتیدا ژنان مافی دەنگدانیان بەدەستهێنا، دواتر شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزنی بەدواداهات.
١٩٧٥
ڕۆژی جیهانی ژنان بۆ یەکەم جار لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٧٥ یادی کرایەوە. پاشان لە مانگی کانوونی یەکەمی ١٩٧٧ کۆمەڵەی گشتی یاسایەکی تەبەنی کرد بۆ ڕاگەیاندنی ڕۆژێک لە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافی ژنان و ئاشتی نێودەوڵەتی.
١٩٩٦
نەتەوەیەکگرتووەکان دەستی کرد بە تاوتوێکردنی ئەو بابەتانەی کە پەیوەندیدارن بە مەسەلەکانی ژنان بۆ ئەوەی بەشێوەی ساڵانە گفتوگۆی لەسەر بکرێت لە چوارچێوەی ئەو یادەی کە لە ساڵی ١٩٩٦ کرایەوە بە ناونیشانی (ئاهەنگێران بۆ ڕابردوو، و پلاندان بۆ داهاتوو). ئەم میکانیزمە پێشنیار کرا. گفتوگۆکردن لەسەر بابەتەکان بەردەوام بوو بەم شێوازە لە ساڵی ١٩٩٧ گفتوگۆ کرا لەسەر (ژنان لەسەر مێزی ئاشتی)، لە ساڵی ١٩٩٨ گفتوگۆ کرا لەسەر (ژنان و مافی مرۆڤ). لەساڵی ١٩٩٩ بابەتی (جیهانێک خاڵی لە توندوتیژی دژ بە ژنان) گفتوگۆی زۆری لەسەر کرا هەروەها هەموو ساڵێک و تا ئەمڕۆ بابەتی زۆرتر قسەی لەسەر کراوە لەوانەش، (بەهێزکردنی ژنانی گوند، کۆتاییهێنان بە برسێتی و هەژاری، ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە کە کۆتایی بە توندوتیژی دژی ژنان بهێنین(…….
٢٠٠٠
لەم هەزارە نوێیەدا، چالاکییەکان بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان لە زۆربەی وڵاتەکاندا لاوازبوو، چیدی فێمینیزم بابەتێکی ناسراو و جێی بایەخ نەبوو. ڕۆژی جیهانی ژنان پێویستی بە داگیرساندنەوە هەبوو، کاری گرنگ هەبوو کە ئەنجام بدرێت، جەنگەکان هێشتا سەرکەوتوو نەبوون و یەکسانی ڕەگەزیی بەدەست نەهاتبوو.
٢٠٠١
لە سەرتاسەری جیهانەوە هەوڵدرا بۆ چالاکردنەوەی ئەم ڕۆژە و لەو چوارچێوەیەدا پێگەیەکی ئەلیکترۆنی بە ناوی (ڕۆژی جیهانی ژنان) کە بووە پلاتفۆرمێک بۆ کۆکردنەوەی ڕێکخراو و چالاکان لە سەرانسەری جیهاندا بۆ خستنە ڕووی ئەو دەستکەوتانەی کە ژنان بەدەستیان هێناوە. ساڵ لە دوای ساڵ ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکە ژمارەی سەردانیکەرەکانی زیادی کرد و بە ملیۆنان خەڵک و دامەزراوە بەکاریان دەهێنا. ئەم پێگەیە ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان خاوەندارێتی کەمپینی گەورەی دەکرد. ئەو هەڵمەتانەی کە لەم دواییە سەرپەرشتی کردووە بریتین لە (#BalanceforBetter، #PressforProgress، #BeBoldforChange، #PledgeforParity، #MakeItHappen، #TheGenderAgenda) و هی دیکەش. ئەو هەڵمەتانەی لەم پێگەیەوە ئەنجام دەدران بەشێوەیەکی هاوبەشانە لە لایەن لایەنی هاوکاری کار بەشێوەیەکی بەفراوان و جیهانی ساڵانە گەشەی پێدراوە.
٢٠١١
یادی ڕۆژی جیهانی ژنان و یادی سەد ساڵە ڕۆژی جیهانی ژنان کرایەوە کە لە ساڵی ١٩١١ بۆ یەکەم جار لە ئوستورالیا، دانیمارک، ئەڵمانیا و سویسرا بەڕێوەبردرا. لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و لە ئازاری ٢٠١١ باراک ئۆباما ڕای گەیاند کە دەبیت ئازاری ئەمساڵ (مانگی میژوویی ژنان) بێت، داوای لە ئەمریکییەکان کرد کە لە (دەستکەوتە ناسروشتییەکانی ژنان) بڕوانن کە ڕۆڵیان هەبووە لە دروستکردنی مێژووی وڵاتەکەیاندا. لە شانشینی بەریتانیا، چالاکیی ناسراو (ئانی لێنێکس) هەستا بە سەرکردایەتی خۆپیشاندانی ژنان لە یەکێک لە پردە بەناوبانگەکانی لەندەن بەو ئامانجەی ببێتە هۆی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵک بۆ پشتگیریکردنی ڕێکخراوی جیهانی (ژنان لە پێناو ژنانی نێودەوڵەتی). ڕێکخراوەکانی دیکەی وەک ئۆکسفام هەستان بە چالاکی بەرفراوان لەم ڕۆژەدا و زۆرێک لە کەسایەتییە بەناوبانگەکان، سەرۆکەکان بەشداری و پشتگیری چالاکییەکانی ئەم ڕۆژە جیهانییەیان کرد.
ئەو ڕەنگانەی بوون بە هێما بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان؟
لەسەر ئاستی جیهان ڕەنگی مۆر بووە بە سیمبول بۆ شۆڕشی فێمینستەکان و ئەمڕۆش دەبینین کە لە یادی ٨ی مارس دا ڕەنگی مۆر لە چالاکییەکاندا، لە ڕەنگی پۆستەر و ئاڕم، جل و بەرگی چالاکەکان بەکاردەهێنرێت. لە میژوودا تێکەڵەیەک لە مۆر، سەوز و سپی بەکارهاتووە کە هێما بووە بۆ یەکسانی ژنان لە یەکێتی کۆمەڵایەتی و سیاسی ژنان لە شانشینی بەریتانیا لە ساڵی ١٩٠٨. هەڵبژاردنی ئەم ڕەنگانە مانا و بنەمای خۆی هەیە. ڕەنگی مۆر هێمایە بۆ دادپەروەری و شکۆ، ڕەنگی سەوز هێمایە بۆ هیوا و هەڵبژاردنی ڕەنگی سپی هێمایەک بووە بۆ پاکێتی، بەڵام ئێستا ڕەنگی سپی بەکارناهێنرێت بەهۆی ئەو هەموو گفتوگۆ و جەدەلەوە کە لەسەری دروست بووە.
٢٠١٩
جیهان شایەتی گۆڕانکاری گەورەیە لەو هەڵوێست و فیکرانەی کە پەیوەندییان بە ژن و کۆمەڵگەوە هەیە لە پەیوەند بە یەکسانی و ئازادی ژنان. زۆرینە لە نەوەی گەنجان هەست بەوە دەکەن کە (هەموو جەنگەکان بە سەرکەوتنی ژنان کۆتاییان هات)، لەهەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆر لە فێمینستەکانی ساڵانی حەفتاکان پێیان وایە کە بڕینی ڕێگە دوورەکە بۆ گەیشتن بە ئامانج و سڕینەوەی سیستەمی پیاوسالاری ئاڵۆز و بەردەوامە. لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ژنان لە بۆردی کارگێڕی، زیادبوونی یەکسانی لە بواری یاساداناندا، هەروەها زیادبوونی دەرکەوتنی ژنان وەک نموونەیەک بۆ ئەدا و پێگەی ژن لە هەموو بوارەکانی ژیان، ئەمە لەوانەیە هۆکارێک بێت کە بڵێن ژنان یەکسانییان بەدەستهێناوە. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە هێشتا ژنان یەکسان نین لە کرێی کاردا لەگەڵ پیاوان، هەروەها ژنان لە کاری سیاسی و بازرگانی یەکسان نین هەر وەک چۆن دۆخی ژنان لە ڕووی خوێندن، تەندروستی لە ئاستێکی باش نییە و لە هەندێ وڵاتدا لە ئاستی زۆر نزمدایە. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا ھەموو جۆرەکانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان ڕۆژ بە ڕۆژ ڕوو لە زیادبوونە.
لەگەڵ ئەوەشدا ژنان گۆڕانکاری ئەرێنی و ئامادەییەکی باشیان هەیە بۆ نموونە ڕائیدی فەزائیمان هەیە، سەرۆک وەزیران و سەرۆکی وڵاتمان هەیە، لە زانکۆکان پێشوازی لە کچان دەکرێت، ژن دەتوانێت کاربکات و خێزانیشی هەبێت هەربەم شێوەیە ساڵانە جیهان ئیلهامی خۆی لە ژنان وەردەگرێت بە دەستکەوتەکانی ئاهەنگ دەگێڕێت.
ڕۆژی جیهانی ژنان پشووی فەرمییە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان وەک ئەفغانستان، ئەرمینا، ئازەرباینجان، کۆلۆمبیا، چین، کوبا، جۆرجیا، ئەریتیریا، کازاخستان، مەنگۆلیا، ئۆکرانیا، ئۆزبەکستان، ڤیتنام، زامبیا، تاجیکستان، تورکمەنستان، ئۆگەندا، ڕووسیا، شایەنی باسە لە نیپال و مەدخشر تەنیا بۆ ژنان پشووی فەرمییە.
ئەگەر سەیری دۆخی کوردستان سەبارەت بە یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە بکەین چەند وێنەیەکی جیاواز دەبینین، دەتوانین بڵێین کە بەراورد بە دەیەکانی ڕابردوو کۆمەڵگە بە گشتی هۆشیارە کە ڕۆژێکی جیهانی بۆ ژنان هەیە. بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ژنانی ئازادیخواز، فێمینست و چالاکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕاگەیاندن و کۆمەڵگە چۆن لە ئامانجی ئەم ڕۆژە و چۆنیەتی یادکردنەوەی تیگەیشتوون؟ لەگەڵ ئەوەی کە چالاکی جدی و کاریگەر دەبنیرێت، بەڵام بەگشتی چەند ساڵێکە ڕۆژی جیهانی ژنان لەگەڵ ڕۆژی جلی کوردی تێکەڵ کراوە، ئێمە نامانەوێت هۆکاری تێکەڵکردنی ئەم دوو ڕۆژە باس بکەین، بەڵکو ئەنجامی ئەم دوو بۆنەیە لە یەک ڕۆژدا بچووکردنەوەی هەردوو بۆنەکەیە. ئەگەر من قسە لەسەر ڕۆژی ژنان بکەم، بووە بە ڕۆژێک بۆ نمایشکردنی جلی کوردی لە لایەن بەشێک لە ژنانەوە بەتایبەت مامۆستا و خوێندکارانی قوتابخانەکان و لە بەرانبەردا هیچ داواکارییەکی جدی و هیچ پلانێک نابینرێت بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان. لە فەرمانگە و ڕێکخراوەکانیشدا بووە بە ڕۆتینێک لەگەڵ لەبەرکردنی جلی کوردیدا گوڵ بە ژنان دەبەخشرێتەوە، دڵنیام زۆرینە بێ ئاگان لە ڕەگی میژوویی ئەم ڕۆژە کە چۆن دروست بووە. لەم چەند ساڵەشدا دەبینین کە پیاوان زۆر جار بە شێوازە تەقلیدییەکە ڕێز لە دایک، هاوژین و هاوڕێی کاریان دەگرن بە پێشکەشکردنی گوڵ و دیاری بچووک. ئامانە هەمووی جێی دەستخۆشییە و لەگەڵیشیدا چەند پرسیارێک دروست دەبێت؛ ئایا تا چەند قسە لەسەر مێژووی خەباتی ژنانی جیهان و کوردستان دەکرێت؟ ئایا شانازی بەو دەستکەوتانەوە دەکرێت کە هەمیشە زیاتر گلەیی دەکرێت وەک لە شانازی؟ ئایا ژنان لە هەموو ئەو دامودەزگا حکوومی، ڕێکخراوەیی و ڕاگەیاندنانە پلاتفۆرمێک پێشکەش دەکەن بۆ باشترکردنی بارودۆخی کاریان؟ ئایا خاوەنکار و حکوومەت داوا لە ژنان دەکەن ئەم هەنگاوە بنێن؟
لە کۆتاییدا ئەوەی دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە بوونی تەنیا یەک ڕۆژ هۆکار نییە بۆ ڕەتکردنەوەی ئەم ڕۆژە بەڵکو بۆ وەبیرهێنانەوەی زیاتر و سوربوونەوە لەسەر داواکاری ژنان بۆ مافەکانیان، و لەگەڵیشیدا یادکردنەوەی ئەم ڕۆژە نابێت لە ڕۆتیناتی ساڵانەدا بچووک بکرێتەوە. دەکرێت ئازادیخوازان، چالاکان، ڕێکخراوە مەدەنییەکان و ڕێکخراوەکانی ژنان ئەم ڕۆژە بکەنە دەرفەتێک بۆ خستە ڕووی داواکاری جەوهەری لەگەڵ خستنە ڕووی پلانی واقعی و ناچارکردنی دەسەڵاتداران بە گۆڕانکاری لەو یاسایانەی کە لەسەر بنەمای جیاوازی ڕەگەزی داڕێژراون لە چوارچێوەی دیدگایەک کە پلانێکی ڕوونی هەبێت بۆ خولقاندنی دەرفەتی زیاتر بۆ ژنان نەک بچووک بکرێتەوە لە چالاکی و یادکردنەوەی نمایشکاری.
سەرچاوە:
1. https://www.yesmagazine.org/people-power/where-did-international-women-s-day-come-from?fbclid=IwAR2fAPDJDOE-Yj7Ok6qwsWBdP8wBPpwFBzRNRPw-KBw-xJZWYtfvQMV9_ps
2. https://daily.jstor.org/the-socialist-origins-of-international-womens-day/?fbclid=IwAR1CsORvpwkugSlwe7QHIgNFPRk8i_uOuIv9TXYtUsFAZ3NLEB8v78q2d2c
3. https://www.internationalwomensday.com/About?fbclid=IwAR1iKPINNkUtaS1QDnTxbpJANg7LeN4BRw4rfuKlNLnTdjy4MmfZnjePQQA
لینکی رۆژنامەکە بە ئەلکترۆنی: https://en.calameo.com/read/000783018e04402ce75e0