گوینەی لە زیندان و سینەماوە ئەزموونی بەرەنگاریی چەپ دەكات خوێندنەوە: هەڵوێست عەبدوڵا کەریم

...... گوینەی لە زیندان و سینەماوە ئەزموونی بەرەنگاریی چەپ دەكات


خوێندنەوە: هەڵوێست عەبدوڵا کەریم

بەشی پێنجەم لە ژمارە 1185 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە 2019/8/27


فیلمی هیوا سەرەتایەك بۆ ڕیالیزمێكی تازە – 1970

فیلمی هیوا بەرهەمی دوو ساڵ ژیانی گوینەیە لە کاتی سەربازیدا لە ناوچەکانی باکووری کوردستان، بەرهەمی چەندین ساڵ کارکردنییەتی لەسەر شەقامەکانی ئەدەنە و ئەستەنبوڵ و ژیان لەگەڵ نەهامەتی جووتیاری گوند و کرێکاری شارەکان. چیرۆکی ئەم فیلمە لە ژیانی خێزانی گوینەیەوە سەرچاوەی گرتووە و ئەکتەری سەرەکی فیلمەکە کەسێکە بەناوی جەبار کە ژیانی حەمیدی باوکی گوینەی نمایش دەکات. ئەم فیلمە سەرەتای گۆڕانکارییەکی گەورەیە لە فیلمەکانی گوینەیدا کە لە فیلمی بازاڕییەوە دەبنە فیلمی ئامانجدار. هەروەها ڕۆڵی گوینەی لە کارەکتەرێکی توندوتیژ کە هەمیشە چەکی بەدەستەوە بووە دەگۆڕێت بۆ کەسێکی ناتوندوتیژ. فیلمی هیوا یەکەم شاکاری ڕاستەقینەیە کە نمایشی هەستی شۆڕشگێڕی و تیڕوانینی چەپی ئەو دەکات کە بۆ چەندان ساڵ لە ناخیدا کۆی کردبۆوە و ڕیالیزمێکی نوی بۆ سینەمای گوینەی دەهێنێت. وەک کاردۆزی ئاماژەی پێ دەدات فیلمی هیوا دەتوانرێت وەک بەردی بناغەی فیلمی ڕیالیزم لە تورکیا و لە سینەمای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەژمار بکرێت. لەم فیلمەدا ژیانی سادەترین و هەژارترین مرۆڤەکانی کۆمەڵگەی تورکیا لە کارەکتەری جەباردا بەرجەستە دەکرێت، کە بە ئومێدی کارکردن گوندەکەی خۆی جێ دەهێڵێت و ڕوودەکاتە ئەدەنە، بەڵام ژیان لەوێ ئەستەم و قورس دەبێت. گوینەی کە خۆی ڕۆڵی جەبار دەبینێت، پێشتر لە گوندەکەیدا بۆ دەرەبەگ کاری کردووە و دواتر لە شاردا کە بە ئەسپێک و عەرەبانەکەیەوە وەستاوە هیچ سەرنشینێک گالیسکەکەی بەکرێ ناگرێت، چونکە هۆکاری گواستنەوەی گشتی هەن کە سەرنشینەکان دەگوێزنەوە. لە دیمەنەکاندا گواستنەوەی توندوتیژی وەک زنجیرەیەکی دانەبڕاو نمایش دەکات کە چۆن سیستەم جەبار دەچەوسێنێتەوە، جەباریش هاوسەرەکەی و لێرەوە هاوسەرەکەی لەگەڵ منداڵەکانی و منداڵەکانیش لەگەڵ یەک و لەگەڵ منداڵانی گەڕەک توندوتیژ دەبن. جەبار توانای شیکردنەوە و تێگەشتنی ئەو واقیعەی نییە کە تێیدا دەژی و توانای تێگەیشتنی لە ڕەمز و سیمبولەکانی سەرمایەداری نییە، بۆیە متمانەی بە هێزی خۆی و هێزی کەسانی دیکەش نییە بۆ گۆڕانکاری و هیچ کاردانەوەیەکی نییە بەرانبەر ئەو دۆخەی کە بەسەریدا دێت، چونکە سیستەم ئەوی دەستەمۆ کردووە. لە بەرانبەردا جەبار تیروپشکی یانسیب دەکڕێت و دوای ماوەیەک دەست بە قومار و دزی کردن دەکات، تەنانەت پەنا دەباتە بەر دین و خورافات بۆ دۆزینەوەی ئاڵتوون لە ژێر زەویدا و دواجار جەبار تووشی شلەژانی دەروونی دەبێت.



گوینەی دامەزراوەکانی دەوڵەت وەک بەشێک لە سیستەمی سەرمایەداری دەبینێت کە ئەرکی پاراستنی کەمینەیەکی بۆرژوایە کە ئەم ڕوانینەی لەو دیمەنەدا بەرجەستە دەکات، کاتێک جەبار گالیسکەکەی لەلایەن ئۆتۆمبێلی بازرگانێکەوە دەکرێت بەژێرەوە و ئەسپەکەی دەمرێت، کەچی یاسا لێپێچینەوە لەگەڵ سەرمایەدارەکە ناکات و لەبەرانبەردا پۆلیس سوکایەتی بە جەبار دەکات. ئەم دیمەنە دوو تێگەیشتنی باو و دروستکراو نمایش دەکات کە ئەوانیش، جەبار جووتیارێکی نەخوێندەواری چڵکنە، کەسێک کە سوودی بۆ کۆمەڵگە نییە و تاوانبارە، بووە بە هێمایەک بۆ نەفامیی و دواکەوتوویی کۆمەڵگە. لە بەرانبەردا سەرمایەدارە تاوانبارەکە بەهرەمەندە، هێمای پێشکەوتن و شارستانیەتە، هەربۆیە جەبار سوکایەتی پێ دەکرێت و سەرمایەدارەکە دەپارێزرێت. گوینەی بۆ یەکەمجار لە ڕۆڵی جەباردا بەرجەستەی کەسایەتییەک دەکات کە لێدان دەخوات و دەمانچەی بەدەستەوەیە، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکی نابێت. هەموو بەرهەمهێنەران دژی ئەم ڕۆڵە دەوەستن و لە سینەمای شارە گەورەکان ئەم فیلمە نمایش ناکەن، چونکە ئەو ڕۆڵە دەستەمۆیەی گوینەی بە دڵی بینەران نابێت و ناڕۆن بۆ سەیری فیلمەکە.

دەوڵەتی تورکیاش ڕێگری لە نمایشکردنی فیلمی هیوا دەکات و بەو ئامانجە قەدەغەی دەکات کە نەڕواتە دەرەوەی وڵات، چونکە دەوڵەتی تورکیا بانگەشەی یەکسانی و دادپەروەری دەکات و گوینەی تاوانبار دەکەن کە ئەو فیلمە هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی وڵات. دوای بیست ساڵ لە کۆچی دوایی گوینەی ڕێگە بە بڵاوکردنەوەی ئەو فیلمە دەدرێت. گوینەی بە دزییەوە لە ساڵی 1971 فیلمی هیوا دەنێرێتە دەرەوە و لە بەشی دەرهێنەرانی فیستیڤاڵی کان نمایش دەکرێت. هیوا دەبێتە یەکەم فیلمی سینەمای تورکی کە بۆ چەندین ساڵ لە دەرەوەی وڵاتی تورکیا لە فیستیڤاڵە جیاوازەکاندا نمایش بکرێت. نمایشکردنی ئەم فیلمە لە دەرەوەی وڵاتی تورکیا گوینەی ڕاپێچی بەردەم دادگا دەکات و لە ساڵی 1973 چەندین جار ئامادەی بەردەم دادگا دەبێت بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە لە لایەن دەوڵەتەوە بۆی دروست کراوە


فیلمەکانی دوای دووەم جار لە زیندان....

تەنیا هەفتەیەک دوای ئازادبوونی لە زیندان، گوینەی دەست دەکات بە وێنەگرتنی فیلمی هاوڕێ لە ساڵی 1974، فیلمێک کە ئەنجامی گۆڕانی فکری و کەسایەتی ئەوە لە ماوەی دوو ساڵی زینداندا. هەروەک خۆی ئاماژەی پێدەدات و دەنووسێت: "فیلمی هاوڕێ بەرهەمی ساڵانی زیندانمە. ڕەنگدانەوەی ئەو تێڕوانینەیە کە لە زینداندا کۆمکردوونەتەوە". لەم فیلمەدا نمایشی دوو کەسایەتی جیاواز دەکات کە ئەوانیش ئازێم و جەماڵن و هەردووکیان دوو هاوڕێی خۆشەویستی یەکتری سەردەمی زانکۆ بوون. 

جەماڵ نمایشی کەسایەتی گوینەی دەکات کە منداڵی بنەماڵەیەکی هەژارە، بەڵام دوای ئەوەی کە دەوڵەمەند دەبێت، دەبێتە کەسێکی لاساییکەرەوەی بۆرژواکان، واتە نمایشی ژیانی گوینەی دەکات بەتایبەت لە ساڵانی شەستەکاندا کە ئەکتەرێکی بەناوبانگ بووە و لە ماوەیەکی زۆر کەمدا سامانێکی زۆری کۆکردۆتەوە و ئەو سامانەشی لە قومار و خواردنەوەی کحولدا بەفیڕۆ داوە. لەبەرانبەردا ئازێم نمایشی تیڕوانین و فکری گوینەی دەکات کە فکرێکی چەپانە و ناتوندوتیژە. هەر لەم فیلمەدا گوینەی دەیەوێت ئەوە نیشان بدات کە ئازێم بڕوای بە تواناکانی ژن و خۆشەویستی ژن هەیە و پشتگرییان دەکات، بەڵام جەماڵ لەگەڵ ئەوەی کە هاوسەر و کچێکیشی هەیە لە پەیوەندییەکی بەرفراواندایە لەگەڵ ژنانی دیکەدا و بەهەمان شێوە هاوسەرەکەشی پەیوەندی لەگەڵ پیاوانی دیکەدا هەیە. کۆتایی فیلمەکە بە کۆتاییهاتنی پەیوەندی نێوان دوو هاوڕێ کۆتایی دێت، چونکە ئازێم هەوڵی دا کاریگەری لەسەر ژیان و بیرکردنەوەی جەماڵ دابنێت، بەڵام ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبوو. گوینەی لە ڕۆڵی ئازێمدا کەسایەتییەکی ناتوندوتیژ نمایش دەکات کە بڕوای بە دیالۆگ و ڕێگەی ئاشتییانە هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە پیچەوانەی هەموو ئەو ڕۆڵانەی پێشووتر کە وەک چەتەیەک بە دەمانچە مافەکانی خۆی وەرگرتۆتەوە..


فیلمی (نیگەرانی ) مانیفێستێک بۆ بەرەنگاری 

فیلمی نیگەرانی 1974 لەگەڵ پێنچ چیرۆکی دیکەدا لە زیندان نووسیویەتی وەک مانیفێستێکی کۆمۆنیستی چەپانە تەماشا دەکرێت، لەم فیلمەدا ڕەخنەی توند لە سیستەمی سەرمایەداری، خێڵەکی و ئاغایەتی، کۆمەڵگەی تورکیا وەک کۆمەڵگەیەکی بەکاربەر، پروپاگەندەی میدیایی، گەشەکردنی کۆمپانیا گەورەکان، تەماحی مرۆڤەکان و خۆپەرستی، نایەکسانی چینایەتی، چەوساندنەوەی هەژاران و جووتیاران لەلایەن کۆمپانیا گەورەکان، چەوساندنەوەی ژنان، گەندەڵی کۆمەڵگە دەگرێت کە وا لە کارەکتەری سەرەکی ناو فیلمەکە دەکات هیوا لە دەست بدات. جووتیار و کرێکارەکان لە لایەن خاوەن کێڵگە و کۆمپانیاکان بە هەموو شێوەیەک دەچەوسێنرێنەوە و هەر کاتێک کە دەیانەوێت بەرانبەر بە نادادپەروەری یاسا و خاوەن کۆمپانیاکان مان بگرن سەرکەوتوو نابن، چونکە کۆچی بە لێشاوی جووتیارانی دیکە بۆ شارەکان کە ئامادەن بە پارەیەکی کەمتر کاربکەن دەبێتە هۆی شکستهێنانی هەوڵەکانی ئەوان. لە هەمان کاتدا بەهۆی هاتنی شەپۆڵی مۆدێرنەوە ئەو کرێکارانە زیاتر دەچەوسێنرێنەوە، چونکە ئامێرێک لە جیاتی دەیان کرێکار کار دەکات و جووتیاری دوێنێ و کرێکارەکەی ئەمڕۆ هیچ ڕێگایەک لەبەردەمیدا نامێنێتەوە. بەو هۆیەی زۆربەی ئەو کرێکارانەی لە کۆمپانیاکان لەم فیلمەدا کاردەکەن جووتیاری ناوچەکانی ئەناتۆلیای باکووری کوردستانن و گوینەی لە ڕێی ناوی کوردی و پۆشینی جلی کوردی، نمایشی گۆرانی فۆلکلۆری کوردی، موزیک و سەمای کوردی ئاماژە بە کوردبوونی ئەوان دەدات. ئەم فیلمە لە ئەیلوولی 1975 لە فیستیڤاڵی ئەنتالیادا نمایش دەکرێت و چەندین خەڵاتی سەرەکی فیستیڤاڵەکە وەک خەڵاتەکانی باشترین فیلم، باشترین دەرهێنەر، باشترین ئەکتەر و باشترین سیناریۆ بەدەست دەهێنێت، بەڵام گوینەی لە کاتی بەخشینی خەڵاتەکاندا لە زیندان دەبێت.


هەژاری 1975

لەو کاتەی کە گوینەی خەریکی وێنەگرتنی فیلمی نیگەرانی دەبێت، کاری وێنەگرتن و دەرهێنانی فیلمێکی دیکەش بە ناوی هەژاری، دەکات. لەم فیلمەدا گوینەی سەرنجی لەسەر ژیانی خەڵکی هەژاری ناو شارەکانە کە بەهۆی هەژارییانەوە دەخرێنە زیندان و دوای ئازادکردنیشیان هەژارتر و بێکەستر دەبن. رووداوەکانی فیلمەکە لە دەوری سێ زیندانیدایە کە هەریەکەیان بە هۆی ڕووداوێکەوە نادادپەروەرانە خراونەتە زیندانەوە کە گوینەی خۆی ڕۆڵی یەکێک لەم زیندانیانە دەبینێت. ئەو سێ زیندانییە بە پێچەوانەی هەموو زیندانییەکانی تر نایانەوێت ئازاد ببن، چونکە لە زینداندا خواردن و شوێنی خەوتنیان بۆ دابین کراوە. ئەم سێ هاوڕێیە دوای ئازادبوونیان بۆ ماوەی سێ رۆژ بە برسێتی بە شەقامەکاندا دەگەڕێن، کەسێک نییە یارمەتیان بدات یان کارێکیان پێ بدات، چونکە متمانەیان نەماوە. لەم فیلمەدا گوینەی ئەوە باس دەکات کە چۆن یاسا لە کۆمەڵگەیەکی نایەکساندا مرۆڤەکان دەکات بە تاوانبار و هۆکاری ئەو تاوانانە دەخاتە ئەستۆی کەسانی سەرمایەدار و تیڕوانینی ڕەشبینانەی خۆی بەرانبەر بە دەوڵەتی تورکیا لە ساڵانی حەفتاکان نیشان دەدات کە تیایدا مرۆڤەکان بەرەو داڕمانێکی مۆراڵی دەڕۆن. لەگەڵ ئەوەشدا کە گوینەی ناتوانێت کاری وێنەگرتن و مۆنتاژی هەردوو فیلمی هەژاری و نیگەرانی تەواو بکات و بۆ سێەم جار زیندانی دەکرێت. هەر بۆیە کاری دەرهێنانی فیلمی نیگەرانی بە شەریف گۆران و فیلمی هەژاری بە ئەتیڤ یەلماز دەسپێرێت. لە ساڵی 1975 لە کاتی نمایشکردنی فیلمی هەژاری لە سینەمایەکی شاری مەراشدا پۆلیسی شارەکە نمایشکردنی فیلمەکە قەدەغە دەکەن و دەست دەگرن بەسەریدا و دەیسووتێنن. بەهەمان شێوە لە کاتی نمایشکردنی فیلمەکە لە سینەماکانی تورکیادا ئەندامانی پارتی نەتەوەپەرستی تورکی سەر بە گرووپی گورگە ڕەساسییەکان ئینکاری لە بوونی خەڵکی هەژاری لەم شێوەیە لە تورکیادا دەکەن، تەنانەت لە بینەرەکانیش دەدەن.


 

ماویەتى ...

بەشی پێنجەم لە ژمارە 1185 هەفتەنامەی رێگای كوردستان، لە 2019/8/27 بڵاو بۆتەوە ولینکی هەفتەنامەکە لە خوارەوە بەردەستە...

 https://en.calameo.com/read/00078301865e706b0d3c8 


لینکی بابەتەکە لە ویبسایتی ریگای کوردستان لە خوارەوە بەردەستە:


 http://www.regaykurdistan.com/index.php/edeb-huner/24394-2019-08-28-07-58-43


بابەتەکان

چیتر بەنداو لە میزۆپۆتامیا دروست نەکرێت

من ناوم هەڵوێستە، ئیکۆ-فێمینیستم و بەرێوبەری ڕێکخراوی ئازادبوونم، لە باشوری کوردستانەوە بەشداریم کردووە. دوێنێ گروپێکمان دروست کرد بۆ کارکرن...