چەند دیمەنێك...

 ١.پێستی تیمساح

‏‎کاتی نان خواردن بوو چەند كارمەندێك لەگەڵ یەك گفتوگۆیان بوو، کە گوێم لە وشەی تیمساح بوو سەرم هەڵبری و ویستم بزانم باسی چی ئەکەن؟ یەکێكیان وتی پێڵاوەکەم مارکەیە، بەخوا لە پێستی تیمساح دروست کراوە، كۆڵێك دڵخۆش و شاناز بوو. هاوڕێکەشی وتی پشتوێنیش هەیە لە پێستی مار و تیمساح دروست ئەکریت.



‏‎٢.راهێنان دەربارەی ژینگە

ئەو راهێنانە ئۆنلاینەیە کە پێویستە هەموومان-کارمەندان وەریبگرین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاریمان بەرامبەر بە ژینگە و ھەروەھا بۆ پەیڕەوكردنی بابەتەكانی راهێنانەکە لە شوێنی کار و لە ژیانی ڕۆژانەماندا..هەڵبەت ئەو زانیارییانە بۆ من نوێ نین و بەردەوام بەدواداچونی بۆ ئەکەم و لە ژیانی ڕۆژانەشمدا پەیڕەوی ئەکەم. لەگەڵ ئەوەشدا بەپەرۆشەوە ئەمویست راهێنانەکە وەربگرم کەچی چەند ھاوڕێیەكی كار وتیان کاتی ناوێت هەر نێكست نێكست بکە  (واتە لە بابەتێكەوە بڕۆرە سەر بابەتێكی دیکە تا هەموو بابەتەکان تەواو وەرئەگریت و بروانامەکە وەرئەگریت)، ھەروەھا وتیان تاقیکردنەوەشی نییە بۆیە كۆرسەكە زوو تەواو ئەبێت.

‏‎من: هەناسەیەکی ساردم ھەڵكێشا...


‏‎٣.ئەم سپێدەیە

‏‎لە ترافیکەکە بە خۆی و ئوتومبیلە مۆدیل بەرزەکەیەوە لە پێش ئوتومبیلەکەی منەوە چاوەڕێ بوو گلۆپی ترافیکەکە سەوز ببێت. جگەرەی ئەكێشا و زۆر بێ باکانە جگەرەکەی فڕێ دایە سەر زەوییەکە. 

‏‎ئێستە لە خۆم ئەپرسم ئەم زەوییە چەند قەیران و کارەساتی گەورەی وەک ناوچەی پیشەسازی تانجەرۆ، سوتانی دارستانەکانی ئەمازۆن، کون بونی بەرگە هەوای زەوی، سوتانی دارستان و ملیارەھا گیانلەبەر و ئاوارەبونی ھەزارەھا خەڵك لە ئوستورالیا ئەبینێت و ڕاناچڵەكێت؟!!

‏‎مرۆڤ مەخلوقیکی سەیرە ھەندێك جار زۆر بی ئومید ئەبم لەوەی لەبیری خۆی بردۆتەوە چەند بەھێزە و ئەتوانێت كاریگەری گەورەی ھەبێت.